هەواڵ

ئاڵا/رزگار لوتفی

11201939_134619283537525_5884502481872889773_n

ئاڵا

رزگار لوتفی

هاتبوون تەرمەکەم دەربێننەوە و لە گەڵ خۆیان بیبەن. هەر لە دوورەوە رەختە تازەکەی خۆم ناسییەوە و گووتم:

” کاکە! هۆ کاکە! دەزانی ئەو رەختەی منت لێ‌ دەکاڵێتەوە؟!”

کاکەم وەڵامی نەدامەوە، پێموابوو لە بەر ژاوەژاوی هاوڕێکانی لێم تێنەگەییوە.

کەمێک دەنگم هەڵبڕی و هاوارم کرد:

” کاکە! هۆ کاکە! دەزانی ئەو رەختەی منت لێ‌ دەکاڵێتەوە؟!”

نەء، مێشێکیش میوانی نەبوو. پێمەڕەکەی لە کۆگا گڵە کەمباڕستەکەی گۆڕەکەم رۆکرد و بە یارمەتی لاقیی دڕی و گوازتیەوە بۆ مەترێک ئەولاتر.

لە کاتی دانەوەی گۆڕەکەمدا جاروبار چەکەکەی ئەخزایە خوار و بە گوڕمێک هەڵی ‌ئەداشتەوە ناوپشتی و نرکەی ئەهات.

یەکێک لە هاوڕێکانی کە لەولاترەوە راوەستابوو و دەستێکی خستبووە سەر دەمانچەی لا کەلەکەی، رووی‌ کردە کاکەم و ووتی:

“باشە گۆران! ناکرێ ئەم تەرمە تا دوای ئەم شەڕە لێرە بمێنێتەوە و دواتر رایگوازین بۆ گۆرستانی گوندەکەتان؟”

کاکەم بەدەم ئارەق سڕینەوە مۆڕەیەکی هاویشتێ و ووتی:

” دمت تێک نێ بەکر! بەسیکە بەس! بەس بەو پۆستاڵانەوە بە سەر مێشکمدا بڕۆ ناجسن!”

هێشتا دوا وشەکان لە زاری کاکم نەهاتبوونەدەر لێی چوومە پێش و دوو مستم کوتایە سەر سنگی و ووتم:

” کاکە! کاکە!  خۆ برایەتی من و تۆ زۆر خۆش بوو .. بۆ وەڵامم نادەیتەوە ناپیاو! .. راستە ئەمن کوژراوم و سنگم  پڕ بووە لە فیشەکی تۆ، بەڵام ئەوە نییە لێرەم .. ئەوە نییە لە پەناتدام .. سەیرکە .. ئەها لاقە شەلەکەشم چاک بۆتەوە، ئەها .. ئەها ئیتر ناشەلم .. ئەها ئیتر لاقم کورت نییە و ئەتوانم وەک ئێوە پێی هەڵپەڕم و گەڕەکەی پێ گەرم بکەم .. ئیتر شەل نیم کاکە، شەل نیم!”

کەمێک لێیان کشامەوە و لەولاترەوە بە تەنها کەوتمە هەڵپەڕین. هیچکام لە لاقەکانم لەوی دی کورتتر نەبوون. وەک یەک دەهاتنەوە و زۆر باشیش لە یەکتری ئەکاڵانەوە. شاگەشکە گرتبوومی و وەک مزراق ئەخولامەوە و عیوم ئەکێشا. سەیرێکی گۆڕهەڵکەنەکانم کرد و عیوەکەم درێژتر کێشا؛ کەچی تاقە کەسێک چییە نە ئاوڕی لێ دامەوە و نە بە پیاویان زانیم!

کارەبائاسا پەڕیمەوە سەر جێی یەکەمی خۆم. سێبەری دیواری سەنگەری چەکدارە ناخۆجێیەکانی ئەودیو سنوور گەرمای تەمووزی دەشتی کۆیە و بارگرانی بێڵاسن‌گێڕانی گۆڕهەڵکەنەکانی سووکتر ئەکرد. هەوا نێرینەیی ئەدەڵاند و بۆنی ئارەقی بن باڵیان پەستاپەستا هورووژمی دێنا. سەرێک بە سەرەکانی بان سەنگەرەکە زیاد بوو. سێبەرەکەیان لە چوار قامکی دەستێکی ئەکرد بێ ئەسپێ کوژە.

دەنگێک لەو بانەوە سەرنجی پێکام:

” دوێنێ پێم‌گووتن کەمێک قووڵتر بینێژن .. ئەگەر ئێمە نەبووینایە دوێشەو پۆلە سەگێکی برسی گۆڕەوشاریان دەدا و تەرمەکەیان دەشەمزاند .. تا کازێوەی بەیان لەم ناوە نەبڕان و هەر راوێچکەیان بوو .. دەتووت بە زنجیرێکی درێژ بەستووتنەوە و بە گۆڕەکەدا دادکوتاون و، بۆیان نییە لە کەوانەکەی بەردەمیان بترازێن!”

یەکێک لە گۆڕکەنەکان بە جامانەکەی دەماخی‌ کرد و ووتی:

“هێواش! کاکە هێواشتر! لە وانەیە دەم و چاوی بڕووشێنن!”

سووڕێکی‌تر بە دەوری کاکەمدا خولامەوە و دەستم لە رەختەکەی گیر کرد. رامتڵەکاند و ووتم:

” كاکە! هۆ کاکە! منم نووری، برا بچووکەکەت؟!”

دەبوا بەو راتڵەکانانە هۆشیار وەبا کەچی خۆی خستە سەر تەرمەکەم و دای لە پڕمەی گریان. بە ئەسپایی قامکەکانی لە سەر روخسارم دەبزواند و خۆڵەپەتەی روومەتمی دەسڕیی. دەتگووت خەوێکی قووڵ بردوومیەوە و تەنها پەڵەیەک خوێن نەبێ کە لە سووچێکی لێوەکانم سەرڕێژی کردبوو و لە خۆڵەوە گلابوو، ئاسەوارێکی‌ ئەوتۆ بە روخسارمەوە نەدەبینرا؛ کەچی لە چەناگەم بەرەوخوار کانیلەیەکی تازە تەقیوی خوێنت دەبینی بە جلوبەرگ و جەستەمدا تەشەنەی کردبوو و قەتماغەیەکی خۆڵینی بە خۆی گرتبوو.

کاتێک دمی خستە ناو دمم و کوڵی گریانی گرت، وەک برێشکەی سەرساج هەڵبەزییەوە و قوڵتا. بەدەم گریان و هەنیسکەوە دمی پژا و لاواندمیەوە:

“مەگەر نەمگوتبوو تا ئاڵای کەسک بە سەر دارتەلە بەرزەکەوە نەبینی نەخەڵەتابی بێیتە دەرێ؟! .. خۆ من عیلمی غەیبم نەبوو بزانم تۆی حیزباب وەک جندۆکان لە بەر چاوما سەوز دەبی و ناتناسمەوە .. خۆ من کەراماتم نەبوو حەوت برا .. نەدەکرا تا  ئاگربارانەکە دەخەوت و دەهاتمەوە لاتان لە ماڵ دەرنەچووبای و دایکە کوێر و زەلیلەکەمانت جێ نەهێشتبا؟ .. دەک پشتم شكێ، دەک ملم شکێ حەوت برا .. شەرت بێ بە شەرتی خودا ئەوەی زەرد بێ لەم ناوچەیان نەهێڵم و لە هەوڵێریش ئەو دیویانکەم و بیانکەمەوە بە ئەشکەوتەکەی خۆیاندا .. بەڵێنیت دەدەمێ چێتر ئاڵای کەسک لەم دەڤەرە عەرز نەکەوێ و بەردەوام بشەکێتەوە .. بەڵێنیت دەدەمێ حەوت برا، بەڵێنی !”

لە مێژ بوو گریانی بە کوڵی کاکەم نەدیتبوو. تا رادەیەکیش لە یادم چووبووەوە. بەم شینەی، دووبارە منی بردەوە سەردەمی منداڵیمان و ئەو کاتانەی هێنامەوە بیر هێشتا هۆگری رەنگی کەسک نەبووبوو. ئەو ساتانەی بەیانیان زوو پێکەوە رانە مەڕەکەمان پێش خۆمان دەدا و بە بوخچەیەک نان و کتریەکی رەشەوە روومان دەکردەوە سەحرا. باسک و لاپاڵ و شیوەکان خۆیان بۆ نەدەگرتین و شانمان بە چیاکاندا دەکرد. لە بیرمە کاکەم هەمیشە دەیگووت ئەگەر گەورە بووم دەبمە ئامرهێز. ئامرهێزێکی بە تواناو کارامە. سەرتاسەری ئەم ناوچەیە لە بەعسییەکان و چڵکاوخۆرەکانیان پاقژ دەکەمەوە. پاشان بە واژووی راستەوخۆی خۆم دەتنێرمە دەرەوەی وڵات و لاقە شەلەکەت چاک دەکەمەوە. دەیگووت دەبێ عەمەلیاتێکت بۆ بکەن شای عەمەلیاتەکان. هەرە باشترینیان، وابێ کەس نەتوانێت لەوەدوا هەست بە بچوکترین لەرەی نائاسایی لاقەکانت بکات.

داخ و هەزاران داخ! ئێستە زانیومە کاکەم گوێی لە قسەکانم نییە و دەنگم پێی ناگات. گەر بمتوانیبا و تێمگەیاندبا، لێی دەچوومە پێشێ و تەنها دوو شتم  پێ دەگووت، دوو شتی خۆمانە و بەس:

“یەکەمیان دەمگووت تۆ هەڵەیت کاکە گیان هەڵە! من قەت بێ قسەیی تۆم نەکردووە و قەتیش نایکەم .. بە خودا هێشتا ئێوە لە لۆڤەکانی هەیبەت سوڵتان ئەم دیو نەکەوتبوون، زەردەکان لە دەشتی تەق تەق دەخولانەوە و پاسەوانی ئێزگەی کارەباکەش ئاڵای کەسکی خستە جێی ئاڵای زەرد و دەڤەرەکە لە ناکاو کەسک بووەوە”

“دووهەمیان دەمگووت هۆ کاکەی بەماڵم! زۆر بەداخم لەوەی ئێستاکە ناتوانی بمبینی و بە چاوە جوانەکانت دیهاتنی ئاواتە لەمێژینەکەت بەدی بکەی .. کاتێک فیشەکەکانت دەرگای سنگمیان کوتا و لە حوکمی واژۆتدا وەستانەوە؛ لێرە، لەم مەملەکەتە نامۆیە، لەم دونیا عەنتیکە نەبینەدا نەشتەرگەرییان بۆ کردم و ساغیان کردمەوە .. نامبینی ئیتر ناشەلم و، ئەها  شاییان پێ دەگێڕم و لە خۆشحاڵیشدا چەقەنە دەکوتم .. نامبینی کاکە؟!”

 

 

 

 

 

 

 

 

 

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>