هەواڵ

ئەوبەری فەنەر / خەبات رەسووڵی

 

11774545_10200761126347241_1220123929_n

ئەوبەری فەنەر (١)

خەبات رەسووڵی

چاوم له‌ باوكمه‌ له‌ گه‌ڵ ئیره‌جه‌ سوورى خاوه‌ن كوره‌خانه‌ قسه‌ ده‌كات .ده‌یه‌وێ ده‌هه‌زارتمه‌نى لێ وه‌ربگرێ وبیدا به‌ من .به‌ ته‌مام بچمه‌وه‌ ئیمتحانى بیركارى وه‌رزى دووه‌مى هاوینێ بده‌مه‌وه‌.به‌ لاچاوێكیش ئاگام له‌ مه‌یدانى ماڵى كومپوته‌.به‌وجومعه‌یه‌ كارده‌كه‌ن.ژنێكى خرِوخۆڵى هه‌یه‌ . خه‌ڵك ده‌ڵێن ئیره‌ج به‌ده‌وریدادێ.تا خێزانى نه‌هاتبوو كه‌س مه‌رحه‌باشى نه‌ده‌كرد.كابرایه‌كى ته‌نیا .له‌ بێ كابانى ناچار بوو خواردن و میوه ى قوتوو بخوات .خه‌ڵكیش به‌وه‌یان زانیبوو ناویان نابوو كومپوت.پاشان كه‌ خێزان و منداڵه‌كانى هاتن ورده‌ ورده‌ خه‌ڵك لێى نزیك بوونه‌وه‌ و زانیان كابرا مامۆستاى قوتابخانه‌ بووه‌ و به‌ هۆى چالاكى سیاسیه‌وه‌ ده‌ركراوه‌. ئێستا زۆرى رێز لێده‌گرن ،به‌ڵام تا نه‌ڵێى كومپوت كه‌س نایناسێته‌وه‌.ده‌بێ لانى كه‌م حه‌وتوویه‌ك له‌ بۆكان بم.شایی له‌ دڵمدا ده‌گه‌رِێ.ئیره‌ج نایه‌وێ پوڵ بدا.باوكم ده‌نگى هه‌ڵدێنێ .ئیره‌جیش ده‌نگى هه‌ڵدێنێ. ئیره‌ج ئازه‌رییه‌ و كورِى بنه‌ماڵه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌نده‌.به‌شێك له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌ته‌ورێزن و به‌شێكیان له‌ ئازه‌ربایجانن .باوكیان به‌ ئاره‌قه‌ى نێو چاوانى ئه‌و سامانه‌ى كۆ كردووه‌ته‌وه‌،بێجگه‌ له‌و كوره‌خانه‌یه‌ وه‌ك ده‌ڵێن زۆریان كارخانه‌ و دوكان و شت هه‌یه‌ .ئیره‌ج پشت له‌ باوكم ده‌كات و ده‌رِوات .باوكم ملیوانه‌ى كراسه‌كه‌ى ده‌گرێ و ده‌یكێشێ .ئیره‌ج قه‌ت چاوه‌روانى ئه‌وه‌ى نه‌ده‌كرد.پشته‌ و قوون كه‌وت. قه‌ڵه‌و و به‌ خۆوه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێ رِمبه‌ى دێ.زۆر به‌ خێرایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و باوكم وه‌به‌ر مست و پێلاقه‌ ده‌دات. باوكم ده‌كه‌وێ و ئیره‌جیش وه‌به‌ر شه‌قى ده‌دات. تا من خۆم ده‌گه‌یه‌نمه‌ ئه‌وێ،كومپوت و ژنه‌كه‌شى دێن . چه‌ند جحێڵى توركیش كه‌ هه‌ركرێكارى كوره‌خانه‌كه‌ن گه‌یشتنێ .ورده‌ ورده‌ خه‌ڵك كۆ بۆوه‌ .من پرِم به‌ ئیره‌جدا كرد .ئیره‌ج وه‌ك به‌چكه‌ پشیله‌یه‌ك پشت ملمى گرت و فرِێى دام.خه‌ڵك كه‌وتنه‌ نێوانمان و لێكیان كردینه‌وه‌.نازانم كێ بوو ده‌ستى باوكمى گرت و هه‌ڵیستانده‌وه‌. هه‌ستم كرد باوكم كه‌ هه‌ستاوه‌ پێ ئیدى ئه‌و باوكه‌ى جاران نه‌بوو.به‌ زه‌حمه‌ت راوه‌ستا.پشتى ته‌واو راست نه‌كرده‌وه‌.كورِه‌ كورِ به‌ره‌و مه‌نزڵه‌كان وه‌رِێ كه‌وت.وه‌دواى كه‌وتم.كومپوت به‌ په‌له‌ خۆى گه‌یانده‌ باوكم.گۆیم لێ بوو گوتى ده‌بێ شكایه‌تى لێ بكه‌ى.باوكم راوه‌ستا و چاوى برِیه‌ چاوى كومپوت وگوتى من پوڵى ئه‌وه‌م نییه‌ كوره‌كه‌م بنێرمه‌وه‌ بۆكان كوا پوڵى شكایه‌ت و شكایه‌تكاریم هه‌یه‌ .ده‌نگى باوكم ده‌له‌رزى .پاشان رِۆیشته‌ ژوورێ.كومپوت هه‌روا راوه‌ستا بوو و چاوى له‌ ئه‌رزه‌كه‌ ده‌كرد. به‌ ته‌نیشتیدا تێپه‌ریم.ویستم بچمه‌ ژوورێ په‌شیمان بوومه‌وه‌.باشتره‌ باوكم جارێ نه‌مبینێ ده‌نا تۆڵه‌ى ئیره‌جیش له‌ من ده‌كاته‌وه‌.به‌ره‌و بیابانه‌كه‌ى پشته‌وه‌ى سورمه‌كان (٢)وه‌رێ كه‌وتم. له‌ سه‌ر به‌ردێك نزیك رێى قه‌تاره‌كه‌ دانیشتم.بیرى لێده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌مووى تاوانى منه‌.من نه‌ده‌بوایه‌ ئێستا ئیمتحانم هه‌بێ.پاش ماوه‌یه‌ك قه‌تارێك به‌ گرمه‌گرم تێده‌په‌رێ.مسافیره‌كان باى بایم لێده‌كه‌ن تاقه‌تم نییه‌ جوابیان ده‌مه‌وه‌.سه‌یرى ئه‌رزه‌كه‌ ده‌كه‌م مێرووله‌ عه‌جه‌مانه‌یه‌كى زۆر دێن و ده‌چن .هه‌ڵده‌ستمه‌ سه‌ر پێ وده‌چم مێرووله‌یه‌كى دیكه‌ دینم ئه‌وه‌یان له‌وان نییه‌.له‌ گه‌ڵ یه‌ك دانه‌ له‌و مێرووله‌ عه‌جه‌مانه‌ به‌ شه‌رِى ده‌ده‌م.مێرووله‌ عه‌جه‌مه‌كه‌ زۆر درِه‌.ئه‌وه‌ی دیكه‌ هه‌ڵدێ ده‌یگرمه‌وه‌ .دیسان مێرووله‌كه‌ی دیكه‌ كه‌وته‌ بنه‌وه‌. به‌ پێ مێرووله‌ عه‌جه‌مانه‌كه‌ پان ده‌كه‌مه‌وه‌.مێرووله‌كه‌ى دیكه‌ش پان ده‌كه‌مه‌وه‌.رقم له‌ویشه‌.هه‌ڵده‌ستم ده‌ست ده‌كه‌م به‌ مێرووله‌ كوشتن.شاره‌كه‌یان ده‌بینمه‌وه‌ و تێكى ده‌ده‌م. پاشان له‌ سه‌ر ئه‌رزه‌كه‌ راده‌كشێم.و چاو له‌ ئاسمان ده‌كه‌م.ئاسمانى ئێره‌ش وه‌ك ئاسمانى بۆكان شینه‌.هه‌ست ده‌كه‌م ورده‌ ورده‌ مێرووله‌ عه‌جه‌مانه‌ ده‌ورم ده‌ده‌ن .به‌ په‌له‌ راسته‌وه‌ ده‌بم و داده‌نیشم.ئه‌رزه‌كه‌ ره‌ش ده‌چێته‌وه‌.تا چاو هه‌ته‌ر ده‌كات مێرووله‌یه‌.یه‌ك به‌ خۆم ده‌قیژێنم و له‌ خه‌ودارا‌چڵه‌كم.رۆژبه‌ره‌و ئاوا بوون ده‌رِوات و مێشووله‌یه‌كى زۆر هازه‌ هازیانه‌.قه‌تارێكى دیكه‌ له‌ دووره‌وه‌ به‌ گرمه‌ گرمه‌وه‌ وه‌دیار كه‌وتووه‌ و به‌ره‌و لاى من دێ. به‌ره‌و قه‌تاره‌كه‌ ده‌چم ده‌مه‌وێ باى باى له‌ مسافیره‌كانى بكه‌م.

١. له‌ كوره‌خانه‌كان كاتێك كه‌رپوچه‌كان ویشك بوونه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌ سه‌ر یه‌كتر هه‌ڵى ده‌چنن ، فه‌نه‌ری پێى ده‌ڵێن .

٢. ئه‌وگڵه‌ى له‌ كوره‌خانه‌كان هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌ و كرێكاره‌كان كارى له‌ سه‌ر ده‌كه‌ن،سورمه‌ى پێ ده‌ڵێن.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>