هەواڵ

راپۆرتێک له یەکەمین پانێلی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان

3

“رەوتەکانی شێعری کلاسیکی کوردی”

راپۆرتێک له یەکەمین پانێلی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممه ۶ی پووشپەڕی ۱۳۹۴ یەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان له ژێر ناوی “رەوتەکانی شێعری کلاسیکی کوردی” به بەشداری کۆمەڵێک له نووسەران و شاعیرانی بۆکان ،مەهاباد و سەقز بەڕێوە چوو.نووسراوەی خوارەوە کورتەیەکه لەو باسانەی وتاربێژی بەرنامەکه رێزدار سەعید نەجاری(ئاسۆ) ئاراستەی ئامادەبووانی کرد.

ئێمه بۆ ئەوەی که دەرکێکی دروستمان لە رەوتەکانی ئەدەبیاتی کوردی و بە تایبەت شێعر هەبێ سەرەتا دەبێ ئاوڕێک له زمانی کوردی بدەینەوە و دۆخی ئەو زمانه لە دەورە مێژووییه جیاوازەکاندا بخەینه بەرباس.زمانی کوردی لە پۆلینبەندییەکی گشتیدا بەسەرسێ زاراوەی سەرەکی :کرمانجی ژووروو،کرمانجی ناوین و کرمانجی خواروو،دابەش دەبێ.زمانی کوردی بە هۆی ئەوەی که هیچ کات دەسەڵات و دەوڵەتێکی خۆجێیی پشتیوانی نەکردووه،هەمیشه لە پەڕاوێزدا بووه وئەگەر هەوڵێکی ئەدەبیش لە چوارچێوەی ئەو زمانەدا درابێ ئەوە لە ئاستی ئەدەبی زارەکیدا قەتیس ماوەتەوە و ئەمرۆکه ئێمه ئەو شێوە دەربڕینه له دووتوێی بەرهەمه فۆلکلۆرەکاندا دەبینینەوە.کەوایه ئەگەرچی رەنگه کارکردی ئەدەبیی زمانی کوردی خاوەن مێژیینەیەکی زۆر بێ بەڵام ئەو شتەی که ئەمڕۆ دەتوانین وەک مڵکی راستەقینەی خۆمان چاوی لێ بکەین ئەو بەرهەمانەن که نووسراوەن.مێژووی ئەو دەقه نووسراوانه به گوێرەی ئاماژەیەک که له شێعرێکی “مامۆستا ئەحمەد خانی”دا کراوە میژوویەکی چوارسەدساڵەیه.ئەو رووداوە بەرامبەرە لەگەڵ سەردەمی سەبکی هێندی لە ئەدەبیاتی فارسدا.بەو ئاماژەیه دوو شتمان بۆ دیار دەکەوی.یەک ئەوەی که مێژینەی نووسراوەیی ئێمه چەندەیه و دواتر بۆمان دەردەکەوێ کە یەکەم بیرۆکەی نووسین به زمانی کوردی لەو بەشەی کوردستان دێته ئاراوە که به زاراوەی کرمانجی ژووروو ئاخاڤتن دەکەن.ئەوان سەردەمان ئەو بەشه له کوردستان(میرنشینی جزیر و بۆتان) خاوەن دەسەڵاتێکی خۆجێی بووه و هەر ئەوەش بۆته دەراوێکی روون بۆ ئەم بیره ئاوانگاردە.کەوایه ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری یەکەم کەسانێکن که کاری نووسراوەییان لێ بڵاو دەبێتەوە و بەم جۆره زمانی کوردی دێته ریزی ئەدەبیاتی رۆژهەڵاتی ناوینەوە.شاعیر و ئەدیبی ناوداری فارس،محەممەد تەقی بەهار،بۆ پۆلێن بەندی سەبکه شێعرییەکان چەندین خانه باس دەکا.بۆ وێنه سەبک به پێی دەورەی مێژوویی،بە پێی حکوومەت و دەوڵەتەکان و بە پێی وەزنه قورسە ئەدەبییەکان[کەسایەتییه سەرەکەییەکان].لێرەدا بۆ ئەدەبیاتی کوردی که خاوەن مێژوویەکی نووسراوە نییه و هەروەها خاوەن کیان و دەسەڵات نەبووە رەنگه چەشنی سێهەم شیاوترین شێوەی پۆلێن‌بەندی کردنی شێعری کوردی بێ.کەوایه یەکەم دەورە دەتوانین وەکوو دەورانی “خانی و جزیری” چون دەنگی سەرەکی و دەسەڵاتدار بوون،نێودێر بکەین.ئەو گەشەیه لە ئەدەبیاتی کوردی و به تایبەت شێعردا له دوای خانی و جزیری نزم دەبێتەوە ئەو ئەزموونه رادەستی ناوچەی سۆران که ئەوکات بابانەکان وەک دەسەڵاتێکی کوردی حکوومەت دەکەن،دەکرێ.لەم سەردەمەدا “نالی” سەرهەڵدەدا و دەبێته دەنگی سەرەکی شێعری کوردی.شتیک که لێرەدا جێی ئاماژەیه ئەوەیه که شاعیرانی رابردووی ئێمه له دەورانێکدا ژیاون که زمانی عەرەبی و فارسی له چاو زمانی کوردی دەسەڵاتدارتر بوون و بەو پێیه شێعره فارسییەکانی کەسانێکی وەک مامۆستا مەحوی و نالی به شێوەیەکی بەرچاو له شێعرە کوردییەکانیان بە هێزترن و ئەوە نکۆڵی لێ ناکرێ.بەڵام هەست و بیری نەتەوەیی،ئەوانی له ژێر ئەم رکێفانه هێنایه دەر و دەستیان به نووسین به زمانی زگماکی خۆیان کرد و لەم رێگەیەدا دەسەڵاتی سیاسیش به شێوەیەکی ئاگاهانه لەگەڵ نووسەران تەریب دەبێ.لەو دەورەیەدایه که کەسێکی وەک نالی له مەقامی نووسەرێکدا دەبێته یەکێک له کەسایەتییە خاوەن دەسەڵاتەکان له چوارچێوەی حکوومەتی باباندا.هەڵبەت لێرەدا ئەو نزیکییه واتایەکی نیگاتیڤی نییه و ناتوانین به نالی بڵێین شاعیری دەرباری.لەم سەردەمەدا ئەدەبیاتی کوردی به نیسبەتی دەورەکانی دیکه هیز و توانستێکی زێدەتر دەنوێنی.سێ کوچکەی نالی و سالم و کوردی لە دەڤەری سۆراندا وەک بازنەیەکی ئەدەبی بەشێکی بەرچاو له مێژووی ئەدەبی کلاسیکی ئێمه لەخۆ دەگرن.به شێوەیەک که تا ئێستا هیچ یەک له زاراوەکانی دیکه نەیانتوانیوە بەو رادەیه ئەدەبیاتی کوردی بەرەوپێش ببەن.

بەشیکی دیکەی ئەدەبیاتی نووسراوەیی کوردی لە هەورامان و خوارەوەی کوردستان که زاراوەگەلی وەک لەکی و لوڕی و گۆرانی لە خۆ دەگرێ،تۆمار دەبێ. زاراوەی هەورامی زاراوەی دیوەخان و دەرباری دەسەڵاتداران بووە و کتێبی ئاییبی زەردەشت واته ئاوێستا بەو زاراوەیه نوسراوە و له سەردەمی پاشایەتی ساسانییەکاندا کاری پێکراوە.بەڵام دواتر که ئەو دەسەڵاته به هاتنی ئیسلام لە ناو دەچێ هەمدیسان چونکه تەنیا زمانی ئاخاڤتنی تاقمێکی تایبەت دەبێ و پەل ناهاوێته چینەکانی کۆمەڵگا و له نەهاد و مەیدانێکی ئەدەبیدا بەو شێوەیه کەڵکی لێ‌وەرناگێری،زاراوەی هەورامی دەخرێته پەڕاوێزەوە.لە دەورانی ئیسلامیدا لە هەورامان هاوکات لەگەڵ نالی به پاڵپشتی تەکییه و خانەقاکانی ئەو دەڤەرە(کە وەک بەستێنیکی دەسەڵات دەتوانین بیهێنینه ئەژمار) کەسێکی وەک “مەولەوی” سەرهەڵدەدا و نووسین به دیالکتی هەورامی دەگەیێنێته ئەوپەڕی خۆی.هەڵبەت کەسانێکی دیکه وەکوو مامۆستا بێسارانیش لەو پرۆسەیەدا بەشدار دەبن و وەکوو “وەزنەیەکی ئەدەبی” بڕگەیەکی گرینگ له شێعری کوردی تۆمار دەکەن.

بۆ باس کردن لەسەر ئەدەبیاتی ناوچەی گۆران وا باشتره روونکردنەوەیەک لەسەر مێژووی ئەو ناوچەیە بدەین.ئەوەی که ئاشکرایه ئەوەیه که کورد له دوو قۆناغی میژوویی واته “ئەفشارییە و زەندییه” دەسەڵاتداربووە و ئەو دەسەڵاته بۆته هەوێنی داهێنانی ئەدەبی و نووسەران و شاعیرانێکی زۆری لێهەڵکەوتووە.بۆ وینه شاکه و خان مەنسوور لە شەڕی قەندەهاردا لەگەڵ کەریم خان دەبن و تەنانەت شێعری بۆ دەنووسن و ئەوە بەڵگەیەکه بۆ کورد بوونی کەریم خان.لەو سەردەمەدایه که گەورە پیاوێکی وەک خانای قوبادی بار و دۆخەکە زۆر پسپۆرانه لێک دەداتەوە و بیرێکی بەرهەقی نەتەوەیی دەخاته گەڕ(هەرچەن مەواچان فارسی شەکەرەن،کوردی جە لای من بەس شیرینتەرەن).بەم شێوەیه بەشێکی دیکه له مێژووی ئەدەبی ئیمه لەو بەشە له کوردستان تۆمار دەبێ.دەروێش قولی کەرەندی،مەلا پەرێشان،ئەڵماس خانی کەنوولەیی،شاکه و خان مەنسوور به ئاڵا هەڵگری خانای قوبادی لەو کەسانەن که لە سەردەمی زەندییەدا چالاکی ئەدەبییان دەبێ.بەڵام بەداخەوە حکوومەتی زەندییه دەڕووخێ و قاجارەکان دەسەڵاتدار دەبن و هەواری ئەدەبی کوردیش تێکەوە دەپێچرێ و تا ئیشتاش لەو دەڤەرە گەشەیەکی ئەوتۆ به خۆیەوە نابینێ.لەو سەردەمەدا بەرهەمگەلێکی زۆر بۆ وێنه چەندین شانامەی کوردی نووسران و هەروەها نووسراوەگەلێک که ناوەرۆکێکی نەتەوەیی و حیماسییان لە خۆ دەگرت.

له لایەکی دیکەوە ئەزموونه ناوازەکەی نالی لە لایەن شاعیرانێکی وەک “وەفایی”یەوە ئاودیوی ناوچەی موکریان دەبێ و له راستیدا ئەو ئەزموونه دەچێته قۆناغێکی نوێ له ژیانی خۆیەوە.وەفایی و میسباح الدیوان لەو شاعیرانەن کەسەر به قوتابخانەی نالی خەریکی نووسین دەبن.لەو سەردەمەدایه که بڵێسەی شەڕی جیهانی دووهەم دەگاته کوردستان و وێڕای گۆڕانی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی،ئەدەبیاتیش دەچێته ‌قۆناغێکی دیکەوە.لەو بڕگەیه لە مێژوودا کورد ئەمجارەیان به شێوەیەکی نوێ دەبێته خاوەن دەسەڵات و ئەو دەسەڵاته دیسانەوە گوڕ و تین دەبەخشێتەوە به ئەدەبیات.لەم بەشە له مێژووی ئەدەبی کوردەواریدا شاعیرانێکی وەک هێمن و هەژار و هێدی سەرهەڵدەدەن.بەڵام ئەمجارەیان ئەدەبی کوردی و به تایبەت شێعری کوردی خۆی له داڵده و سووژه ئایینیەکان دادەماڵێ و روو لە ناوەڕٶکێکی نەتەوەیی و میللی دەکا.ئەو شێوە بیره ئەدەبییه سەرەتا لە لایەن شاعیرانێکی وەک حاجی قادر کۆیی و قانعەوە چێ دەبێ و به نێوی “ئەدەبیاتی بەرەنگاری”  نێودێر دەکرێ. شاعیرانی سەردەمی کۆماری کوردستان به گشتی لەو رێچکەیه بێ بەری نین. سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەمیش جوولەیەکی ئەوتۆ دەکەوێته کوردستانەوە.بەڵام شۆڕشەکان پتررەنگ و بۆنێکی ئایینی هەیه بەڵام وا دەنوێنێ دوای شەڕی دووهەم مرۆڤی کورد به گشتی و شاعیری کورد به تایبەتی قووڵتر به رەگاژۆی ویستەکانی خۆیدا دەچێتەوە و له ناخی ئەو ویستانەدا چەمکی نەتەوەگەری بەرز دەکاتەوە.

ئێمه لە سەرەتادا باسمان لەوە کرد که باشترین شێوە بۆ پۆلێن‌بەندی ئەدەبی کوردی،پۆلین کردن به پێی “دەنگه سەرەکییەکان” له سەردەمە جیاوەزەکان دایه.کەوایه رەوتێک لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا بوونی هەیه.

١-سەردەمی خانی و مەلای جزیری

٢-سەردەمی نالی و سێ کوچکەی بابان

٣-سەردەمی ئەدەبی هەورامی(مەولەوی-بێسارانی و …)

٤-سەردەمی خانای قوبادی و ئەدەبی ناوچەی گۆران

٥-سەردەمی ئەدەبی بەرگری(که شاعیرانێکی زۆر وەک حاجی قادر،قانع،هێمن هەژار،پیرەمێرد،هێدی و،،،،لە خۆ دەگرێ)

ئەو رەوته واتا رەوتی شێعری کلاسیک له ناوچەی موکریان دریژەی پێدەدرێ وهەرمانییەت به ئەدەبیات لە دەڤەری موکریان دەبەخشن.دەتوانین رازی ئەم هەرمانییەته له تایبەتمەندییەکانی ئەم زاراوەیەدا بدۆزینەوە.زاراوەیەک که به نیسبەت زاراوەکانی دیکه پیکهاتەمەندتر و خۆش راوێژتره.هۆیەکی دیکه بۆ ئەوەی که زاراوەی ناوچەی موکریان توانیویەتی سەرەڕای ئەوەی که خاوەن هیج کیانێکی سیاسی  نییه،خۆی رابگرێ و درێژه به کاری خۆی له بواری ئەدەبیاتدا بدا ئەوەیه که به نیسبەتی بەشەکانی دیکه زیاترین کاری هزرین و پەیڤینی نوێ و مۆدێرنی پێکراوە و ئەو بانگەشەیه به رێژەی بەرهەمه چاپکراوەکاندا پشتڕاست دەبێتەوە.

شتێکی دیکه که پێویسته باسی بکەین ئەوەیه ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی به هۆی ئەوەی که به شێوەیەکی زانستی و ئاکادمیک تاوتوێ نەکراوە و هەمیشه له رووی نوسخەی کۆپی کراوەوە خوێندراوەتەوە و بەداخەوە رەهەندێکی باش و به پرانسیپی بۆ نەوەی نوێ بەرهەم نەهیناوە.بەڵام ئەوه نابێ ببێته هۆی ئەوەی که ئێمه ئەو پاشخانه گەورەیه له یاد بکەین و تەنیا وەکوو چەند هیڵی مێژوویی ئەسپاردەی بەشی نائاگای زەینمانی کەین.چون بێگومان داهێنانی راستەقینه له گرەوی خوێندنەوەی دروستی ئەو سامانه به نرخەدایه که بەرهەرمی سەدان ساڵ رەنج و ئێش و تیکۆشانن.

بۆ بینینی وێنەی دانیشتنەکه له سەر ئێرە کرته بکەن.

انتشار توسط 8 تم

یەک بۆچوون

  1. که ڵکم لێ وە ر گرت به ڵام بۆ هه ڵسنگدان کردن جێگه ی باسه ، باسێکی بێ به هرە که شتێک قە رە بووی نابیته وە

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>