هەواڵ

هیشتازووە بۆ مردن/ چنار بوداغی

هیشتا زووە بۆ مردن

“هێشتا زووه بۆ مردن”

چنار بوداغی

 

هاتن له کێوەکه ئاوەژوو بنەوه دەنگی گوللەی تۆپێکیان بیست ڕاست له حەساری ئەو ماڵه کەوت وا چەند ساتێک لەوەپێش لەوێ هاتبوونه دەرێ.

چەند ساتێک لەوەپێش کەژاڵ به هەڵەداوان بەرەوپیری هاتبوو و تا گەیشتبوویه، پشتێنەکەی کردبۆوە و لۆیەکی لێ داقڵیشاندبوو و بە چاوی پڕ لە فرمێسک و هەنیسک دانەوه، جیگایی گوللەکەی توند بۆ بەستبوو و ئەویش لە بەر ئێشی لاقی پڕ بەو دێیه هاواری کردبوو.

هەناسەی نەدەهات، لەگەڵ هەر لێدانێکی دڵی، تەواوی دونیا تەکانی لێ دەدرا. لاقی ئیتر هێزی ڕاوستانی نەبوو، بە سەر هەر دوو چۆکیدا وه عەرزی کەوت…

بەیادی دوێنێ تاریک و ڕوونی بەیانی کەوتەوه کاتێک چەکەکەی لە شانی کردبوو، کەژاڵ لە پشتەوه پاتۆڵەکەی بۆ ڕاست دەکرد بیری لەوە کردبۆوه فەرماندەیەکی وەکوو ئەو، وا لە دەیان شەردا گیانی سەدان کەسی نەجات دابوو و گیانی سەدان کەسیشی گرتبوو و تەنانەت گنجی بە نێوچاواندا نە هاتبوو، لە لای ئەو ژنه هێزی منداڵێکی نییه.

هێشتا باوەڕی نەدەکرد هەموو جەستەی دەلەرزی. هەر دوو چاوی قەتیس مابوو، دووکەڵ و تەپ و تۆز تا تەشقی ئاسمان چووبوو، گۆی نە لە دەنگی گوللەباران دەبوو نە لە دەنگی سۆران کە هەر دوو شانی گرتبوو و ڕایدەوەشاند و بانگی دەکرد. گەرویی توند توند ببو دەتکوت بە هەزار دست گرتویانەو دەیانەوی بیخنکێنن، دەیویست لە قڵپەی گریانی دا بەڵام نەیدەتوانی، نەیدەزانی هەناسە هەڵدەکێشێ یان نا! هەر وا چاوی لەو ماڵە بڕیبوو وا خەریک بوو لە ئاور دا دەسووتا. لە هەر چرکەیکدا هەزاران بیرەوەری دەهاتەوە یاد و لە بەر چاوی ون دەبوون. نە کزەکز و برژانەوەی جێ بریندارەکەی و نە تونیایەتی و ماندویەتی هەست پی نەدەکرد. بوغزی وەک تیغێکی شەش سەر لە گەروییدا دەهات و دەچوو و ونجڕ بە ونجڕی دەکرد. لە پڕیکدا شتێک لە ناو دڵی گەڕا، ڕەنگه زیندوو بێ! ئەو رستەیە وەکوو ورەیەک لە خوێنی گەڕا و لە ڕەگەکانیدا بڵاو بۆوه، هەر دوو دەستی دادا. دەیەویست هەستێتەوە سەر پی نەیدەزانی دەتوانێ یا نا.

– دەبێ بیگەمێ، زیندووه! دەبێ بگەڕێمەوه!

ئاگایی لێ نەبوو ئەو قسانە بە دەنگی بەرز دەڵێ یان هەر لە دڵی خۆیدا.  بڵێی بتوانێ تەکانێک لە خۆی دا؟ هەر ئەوەندە هەستێتە سەر پێ. لەو کاتەوە گۆی لە دەنگی تەقینەوەکە ببو بۆ یەکەم جار گۆی لە دەنگی سۆران بوو قۆڵی گرتبوو و لە بەری دەپاراوە هەستێتەوه. دەستی بە تاشە بەردێک گرت، خۆیدا سەر لاقە ساغەکەی و هەر چۆنێک بوو هەستا سەر پێ. بڵێی بیگاتێ؟ لەو گوللەبارانە چۆن ڕەد بێ؟ ئەوان لە خوار ماڵانەوه هەر نزیک دەبوونەوه. سۆران چاویی لە سەری هەڵنەدەبڕی، دەتگوت دەزانێ ئەو دەیەوێ چی بکا، قۆڵی توند گرت و کوتی:

–         شاهۆ! نەکەی! دەبێ بڕۆین، تۆ فەرماندەی، ئەگەر نەبی ئێمە نازانین چی بکەین!

خۆمپارەیەک لە بناری کێوەکە لە عەرزی درا و تەپ و تۆز و ورکەبەرد بە سەریاندا باری، دەبێ بگەڕێتەوە. بە چاوی سۆرانی تێگەیاند کە ناتوانێ پێشی پێ بگرێ و گەڕاوه. خوێنێکی زۆری لە بەر ڕۆیشتبوو، دەستی بە گابەردەکان دەگرت و لاقە ساغەکەی وەپێش دەدا، بڵێی بیگاتێ؟ دڵی لە نێو سینگیدا زرمەی دەهات.

–         بڵێی زیندوو بێ؟ ئەرێ، ئەرێ! هێشتا زووه بۆ مردن!

گوێی له دەنگی سۆران دەبوو لە سەر کێوەکەوه فەرماندەیی گرتبۆ ئەستۆ و دەیگوڕاند و دەیویست لەو سەرەوە ئەوان بخافڵێنن تاکوو شاهۆ نەبینن. دەهاتەوە یادی سەدان جار لەو سەرەوه بە هەڵاتن گەیشتبوە بەر دەرکی ماڵێ و دوو دەقەشی پێ نەچووبوو بەڵام ئێستا دەتکوت سێ شەو و رۆژە بە ڕێگاوەیە. هێز! هێز! خۆزگه هێز مێشەنگوینێک بوایە و هاتبایە و پێوەی دابا! خۆزگە لە نووکی ئەو درک و داڵانە دابایە وا لە دەستی ڕۆ دەچوون. سەراولێژی تەواو بوو و گەیشتبوە پشت ماڵان لە پڕ کەوتە زەویی. گەرویی ویشک ویشک، تونیایەتی دەستی لە ملی توند کردبوو و دەیخنکاند. سەری هەڵێنا، کەمێکی مابوو بگاتێ. ئاور و دوکەڵ لە سەربانی ماڵەکەوه وەک سەگی هار بە ئاسمان دەوەڕین. چاوی بە دارە قایسێکە کەوت. هاتەوە یادی نیوەڕەیەکی گەرمی مانگی جۆزەردان لە ماڵێ بۆ قایسی خواردن وەدەر کەوتبو، کەس لە کۆڵان نەبوو، لە بن دارە قایسێکە تەماعی چوار پێنج قایسی گەیوی زەردی مەیلەو نارنجی گرتبوی، به سەر چلوکی دارکەوە مابوونەوه. چو بوە سەر دارە قایسی و لەو کاتەدا کەژاڵ بە دوو گۆزەی پر لە ئاوەوە لە کانی گەڕابۆوه و لە بن داره قایسێکه وچانێکی دابوو. ئەویش لەو سەرەوە قایسێکی تێهەڵکردبوو، قایسی ڕاست کەوتبوه نێو گۆزەکە و دەنگی قڵپەی ئاوەکه و نارنجۆکێک هێنایەوە سەر خۆ، چاوی به لەتی پشتێنەکەی کەژاڵ کەوت وا برینەکەی پی بەستبوو، لە بن لێوێوە کوتی:

–         گەیشتمێ کەژال!

بە چنگه کرکه کەمێکی خۆی بە سەر عەرزی دا ڕاکێشا، دەیویست هەستێتە سەر پێ، نەیتوانی. چۆن بگاتێ؟ چۆن ئاوا کەژاڵی بۆ لەو ئاوره دێتەوە دەرێ؟ دیسان تیغی شەش سەر لە گەرویی ڕۆچوو. کەوتە سەر پشت، وەکوو باڵندەیەکی مندارەوەبوو لە سەر زەوی کەوتبوو. لە نیو دوکەڵ و تەپ و تۆزدا جار جار شینایی ئاسمان خۆی نیشان دەدا. چاوی رەشکه و پێشکەی دەکرد. سەری وەرسوڕاند و چاویی لەو ڕێگایە کرد وا ئێستا پێی دا هاتبوو. سۆران و هاوڕێکانی ئێستاش لەو سەرەوه گوللەیان لەوبەری  هەڵدەکرد. لە پشت گابەردێکی نزیک خۆی کەسێکی دیت کەلاشیکۆفێکی پی بوو و گوللەی لەو بەری  هەڵدەکرد! زوو زوو پڕێ دەکردەوه و دیسان سیلەی دەگرت و دەی هاویشت. لەپڕێکدا لە پشت گابەردەکه هاتە دەرێ، شاهۆ لێی ورد بۆوه، لە نێو دوکەڵ دا بە حاڵ پرچەکانی دیت تا سەر پشتێنی هاتبون. پشتێنەکەی سەوزێکی توند بوو. بە هەڵاتن بۆسەر کێوەکە ڕۆیشت و لە پشت سەنگەرێک خۆی مات دا، شاهۆ تماشایی لەتە پشتێنەکەی کرد وا برینەکەی پی بستوو و هاتەوه یادی دوێنێ بەیانی پێش ئەوەی کواپاتۆڵەکەی لە بەر کاتەوه، کەژاڵ داوایی لێ کردبوو پرچی بۆ بهۆنێتەوه.

فرمیسکێک لە گۆشەی چاوی جیا بۆوه و بە سەر ڕومەتیدا تێکەڵاوی خاک و خوین بوو و هاتە خوارێ.

 

۲۵/۲/۱۳۹۴

انتشار توسط 8 تم

2 بۆچوون

  1. هەر هەبی چنار گیان دەستەکانت هەروا رەنگین.

  2. دەستخۆش چنار.
    چیرۆکێکی هەژێنەر بوو. قڵپەی دەنکە قەیسییەکە و دەنگی نارنجۆکەکە هێنامییە سەر ئەوەی کە بەراستی لە ئافراندنی وێنەکان و لێکدانیان دیارە زۆر تەڕدەستی هەڵبەت بە لای منەوە زۆر خۆش بوو و منیش ئەگەرچی ئەو کەسە نیم لەسەر چیرۆک قسە بکەم بەڵام تێبیینیەکم هەیە ئەویش ئەوەیە کە پێم نادروست و ناڕەوایە روداوێکی ناشیرین کە مرۆڤ دروستی کردووە وەک ماڵ ئاورتێبەردان بە وەڕینی سەگی بشوبهێنی دڵنیام ئەگە سەگ زمانی خوێندن و نوسینی بوایە پێی ناخۆش دەبوو. با وشەی لەم چەشنە کە مرۆڤە ناحەزەکان و ئاکارەکانیان بە گورگ و شەمشەمەکوێرە و کوند و سەگ و … دەشوبهێندرێ لە ئەدەبیاتەکەمان بسڕێنەوە من رام وایە. دەست خۆش بەردەوام بیت.

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>