هەواڵ

ڕاپۆرتێک لە سێهەمین پانێلی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان

IMG_6170

شکست و سازبوونی سووژەی ترانسێندێنتاڵ لە شیعری کوردی

ڕاپۆرتێک لە سێهەمین پانێلی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە ۲۰ی پووشپەڕ، سێهەمین زنجیرە دانیشتنی ئەنجومەنی ئەدەبیی لە ژێر ناوی “شیعری کوردی: ئەزموونی شکست” بە ئامادەبوونی تاقمێکی زۆر لە نووسەران و شاعێران و ئەدەبدۆستانی بۆکان و شارەکانی هاوێری، بە وتاربێژی ئەمجەد غوڵامی لە ژووری ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان ئاراستە کرا.

لە سەرەتای دانیشتنەکە ئەمجەد غوڵامی دوای ئاماژە بە ماناکانی شکست لە ڕوانگەی دیاردەناسییەوە، ڕوونی کردەوە: نابێ شکست بە مانای نەرێنی و نیگاتیڤ لێێ بڕوانن، بەڵکوو مەبەستی من دابڕان لەو پێگەیە کە ئەزموونی بە کۆمەڵ و ئەزموونی ئەدەبی لە ناو ئەزموونێکی دەروونی و گشتیدا چڕ بووەتەوە و بە چەشنێک کە ئەزموونی ژیندراو و دەروونی لە ئەزموونی دەرەوەیی و رۆژانە جیا نییە و تێکرای کۆمەڵگا لە شێواز و فۆڕمێکی یەکینەدا بە سەر دەبن، بەو پێیە مەبەست لە شکست لێرەدا بە جۆرێک هەژارکردنەوەی ئەو ئەزموونە دەروونییە لە رێگای هەوڵێکی خۆجیاوازکارانە کە بەرهەمی سووژەی ترانسێندێنتاڵی شاعێری کوردە.

غوڵامی وەک نموونەیەک بۆ باسەکانی ئەزموونی حەوت سەدەیی ئەدەبی گۆڕان و ئەو شتەی پێی دەوترێت فەهلەویاتی خستە بەر باس و وتی: نموونە مێژووییەکان سەبارەت بەو ئەدەبە باس لە جۆرێک هاوسەنگی هزر و بیری کۆمەڵایەتی لە ناسین و داهێنانی ئەدەبی دەکەن و بۆ وێنە، قەیس بن رازی لە کتێبی “المعجم فی المعابر اشعار العجم”، سەبارەت بە دەرکەوتە ئەدەبییەکانی عێراقی عەجەم (کە بە دڵنیاییەوە ناوچە کوردنشینەکانی ئەودیوی زاگرۆسی مەبەستە) دەڵێت: “دانیشتوانی عەجەمی عێراق لە زانا و کەسی ئاسایی و پلەبەرز و هەژار بە نووسین و وێژە و ئەدەب، تێکرا شارەزای فەهلەوی بوون و بە سەر بەرزی و نزمی و شێوەکانی گۆرانیبێژییدا تەواو زاڵ بوون”. هەر چەند قیس بن رازی لای وایە، ئەم جەماوەرە تووشی هەڵەیەکی فۆڕمی لە کێش و سەروا هاتوون و هەوڵ دەدات لە گەڵ پێگە باوەکانی فۆڕمی شیعری ئەودەمی فارس و عەرەب ئاشنایان بکات، لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات کە “ئەوان هیچ چێژێکیان لە وتە و هۆنراوە و غەزەڵی فارسی و بەستە و حەقایەتەکانی فارس و عەرەب نەدەبرد و پێی ڕانەدەچلەکین”.

وتەبێژی دانیشتەنەکە دوای هێنانە بەرباسی ئەو نموونە وەک نموونەیەکی شاز بۆ دەست‌نیشانکردنی گشتتیەتی لە ناوچوو، وتیشی: ئەوەی کە لەم دەقە مێژووییە و دەقی “سەفینەی تەورێز”ی “ئەبوومەجد محەمەد بنی مەسعوودی تەورێزی” دەردەکەوێت، جیاوازبوون و هاوکات هەمووانی بوونی فۆڕمێکی باوە لەو ناوچەیە کە بە وتەی ئەمان بە “هەورامە” ناسراوە و شێوەی هۆنراوەکان تەواو لە کێشێکی ۱۰ بڕگەییدا هۆنراونەتەوە و بەو پێیە دەکرێت لە ڕوانگەیەکی هۆسێرلییەوە، ئەو دەسکەوتە وەک چەشنێک بەرهەمی ئەزموونی دەروونی کراوە لە پێناو گەیشتن بە جەوهەرەی مانا پێناسە بکەین و لامان وابێت کە هێشتا ئەویتر وەک بەردەنگ لە بەرامبەر ئەو فۆڕمە ساز نەبووە کە خۆی لە گشتییەتی کۆمەڵایەتی داببڕێت و ماناکانی ناچار لە نزمبوونەوە تا ئاستی فەنکشناڵ و کارکردەکانی زمانی- مانایی بکاتەوە.

لێرەدا ناوبراو دوای هێنانە بەرباسی جیاوازییەکانی زمانێک کە بە شێوەی جەوهەری تەنیا هەوڵی گەیاندنی مانا دەدات و زمانێک کە تێیدا مانای بە شێوەی هەواڵ بارگاوی سەر وشەکان کراوە و لەو ڕووەوە تایبەتمەندیی وشە و تەکنیک بە سەر مانادا سوار دەبێت، زیادیشی کرد: دەتوانین بە پێی ئەو پۆلێن‌بەندییە لامان وابێت کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شکەست، دابڕان و گەیشتن بە فۆڕمێکە کە بە ڕادەیەک گیرۆدەی کارکردەکانی مانایە کە هەر جارێک لە گەڵ کەمبوونەوەی پشکێکی مانایی، کەلێن دەکەوێتە ناو ئەزموونی گشتی و دەروونی و ئەزموونێک کە لە پێگەی سەرەتا وەک بەیان، بە شێوەی مەسنەوی و هەورامەبێژی، لە ناو کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی هاوسان کەڵکی لێ وەرگیراوە و هاوکات لە دەروەی بازنەی زەمانی بۆ چەندین سەدە فۆڕمی یەکانە بووە.

دانیشتوانی سێهەمین زنجیرە کۆڕی ئەنجومەنی ئەدەبی لە درێژەدا گوێبیستی خوێندنەوەی چەند نموونەیەکی شیعری لە ئەدەبی گۆران لە دەقە دەستنووسەکان تا شاعێرانی وەک بێسارانی و مەولەوی بوون و غوڵامی لە درێژەدا ڕایگەیاند: ئەوەی کە ئاشکرایە، لە کۆی ئەو شیعرانە زەمان جیا لە هەوڵێکی جێگرەوەیی لە بواری جێگر کردنی وشە، کەمترین کاریگەریی لە سەر فۆڕمەکان بووە، بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەکانی ۱۶ و ١٧ بە تایبەت لای کرمانجی ژوورو و شاعێرانی وەک مەلای جەزیری شایەدی یەکەم هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بەو فۆڕمە گشتییەن، بە تایبەت کاتێک شاعێر پەنا دەباتە بەر فۆڕمی عەرووزی شیعر و هۆندنەوەی غەزەل، کەچی ئەو ترازانە به هۆی پێڕەو نەکران لە لایەن میراتبەرانی جەزیری و لەوان ئەحمەد خانی و فەقێ تەیران و کەڵک وەرگرتنەوەی دووبارە لە فۆڕمی سێ خشتەکی و چوارخشتەکی و پێنج خشتەکی و مەسنەوی هەمدیسان شایەدی بووژانەوەی ئەو ئەزموونە گشتییەین کە لەو ڕیگایەوە ئەدەبی کوردی خۆی لە ئەدەبی دراوسێکان دادەبڕی و ئەزموونی گشتی خۆی دەبووژێنێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی لیدوانەکەی “نالی” وەک گرینگترین و بەرچاوترین ئەندامی ئەدەبی کوردی لە پڕۆژەی شکست هەڵسەنگاند کە لە ڕێگەی سازدانی منێکی جیاواز و هاوکات بە قەرزکردنی فۆڕمی شیعری لە ئەدەبی درواسێ، کەلێن دەخاتە ناو ئەو ئەزموونە گشتییە و بۆ یەکەمجار خێڵی بەردەنگ لە کۆمەڵگا جیا دەکاتەوە و وەک “زانایان” ناویان لێ دەبات و بەمجۆرە بە سەریان دەکاتەوە کە “کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆ کردییە/ هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکا”. ئەم هەوڵە کە بە گوێرەی گوتاربێژی کۆڕەکە هەمان سازبوونی منی ترانسێندنتاڵە، گرینگترین تایبەتمەندییەکانی بریتین لە دابڕان لە ئەزموونێکی چەمکی و مرۆڤ تەوەرانە و هەوڵ بۆ بە شتکردنی لایەنی چەمکی و ستایش و پەسنی شت‌ئاسایی ئەزموون و چەمکە گشتییەکان (لە بەرامبەر ئەو ئەزموونە گشتییە کە شتەکان لە ڕواڵەتێکی چەمکی بەرهەم دێنێتەوە)، لە رێگای هێنانە بەرکاری فۆڕمی غەزەل و بە پێڕەوکردنی کێشی عەرووزی و بەهادان بە تەکنیکەکانی شیعری وەک کارکردی مانایی و دابەش کردنی کۆمەڵگای یەکدەست بە کۆمەڵگای بەردەنگ و کۆمەڵگای نادان. بەو پێیە دەکرێت شێوەیەک ئەزموونی تاکەکەسانە لەو ڕەوتەدا وێنا بکرێت کە وەک پێکهاتەی پێشینی عەقڵ دەردەکەوێت و تێیدا هەوڵی ئەوە دەدرێت کە هەم زەینییەتی تاک، یەکپارچە بکرێتەوە و هەمیش ئەزموونی گشتی لە بەریەک هەڵوەشێندرێتەوە. کەواتە دەکرێت باوەڕ بێنین کە ئەم زەینییەتە ترانسێندێنتاڵە تەنیا بە شاردنەوەی دژوازییەکانی زەینی ئەزموونگەرانەی خۆی دەتوانێ درێژە بە ڕەوتی خۆی بدات و لەو ڕووەوە پرسە راستەقینەکانی تاکی راستەقینە بە شێوەی چارەسەر نەکراوی بارگاوی ئەویترێک دەکرێت کە بڕیارە یەکگرتوویی دەروونی لە نێوان خۆی و منی ترانسێندێنتاڵی شاعێر بەرهەم بێنێتەوە. منێک کە پێشتر جەماوەری یەکپارچەی، ئەتۆمیزە کردووە و ئێستا لە پێناو دەرباز بوون لە تەلیسمی گشتییەتی هەوڵ دەدات خۆی وەک تاکێکی گشتی و یەکپارچە ئاراستە بکات.

ئەم مەستەری کۆمەڵناسییە دوای هێنانە بەرباسی شیعری “خەم ئەخۆم”ی نالی وەک نموونەیەک بۆ بە گشتی کردنەوە و ئابسترەکردنی ئەزموونی تاک، ئاماژەی بە پۆلێن‌بەندییەک لە پێکهاتەی شکست وەک پۆختەی دەرئەنجامی باسەکەی، لە نێوان تەوەرەکانی: فۆڕم و بەیان؛ کۆمەڵگا و بەردەنگ؛ و سیاسەت و دامودەزگا کرد و لە دریژەدا ڕوانییە هەرکام لەو تەوەرانە و سەبارەت بە پاژی یەکەم وتی: ئەزموونی ئابسترە و هەژار لە باری دەروونی، کاتێک دەست دەداتە فۆڕمی غەزەل لە بەرامبەر مەسنەوی، وەک جۆرجۆ ئاگامبێن لە وتاری “کۆتایی شیعر” دەڵیت: “کەلێن و دژوازییەک لە نێوان دەنگ و مانا ساز دەکات. ئەمە بەو واتایە کە لە دێرێکی شیعری غەزەل کاتێک دەنگ لە سەروادا دەوستێت، هێشتا مانا لە کەمایەسیدایە و هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مانا هانت دەدا بچیتە دێری دووهەم و بە گەیشتن بە سەروای هاوچەشن و هاوکات لە پێناو دەربازبوون لە دژوازیی مانا و دەنگ بۆ دێرەکانی خوارەوەت دەبا و لە ئەنجامدا کاتێک دەگەیتە بەر دێڕی کۆتایی دەبینی دەنگ کۆتایی پێهاتووە، کەچی مانا هەر لە کەمایەسییە، هەر بۆیە ئاگامبن لای وایە کە لە شیعری کلاسیک (و لێرەدا لە غەزەل) بەردەوام خیانەتێک بە جەوهەرەی فۆڕمی ئامادەیە کە زمانی شیعر تا ئاستی کارکردەکانی مانایی سەروا، کێش و تەکنیکەکان دادەبەزێنێتە خوارێ. هەر بۆیە ئەو جۆرە لە شیعر بەردەوام پێویستی بە بەردەنگێکی تایبەت بۆ چڕکردنەوە و پڕکردنەوەی لایەنی بۆشی ماناییە و ڕەنگە هەر ئەم بێ‌دەرەتانییەیە کە شیعری کلاسیکی فارسی بە تایبەت لە قۆناغەکانی دوای شێوازی فەننی و عێراقی چەندین جار تووشی کۆتایی و گەڕانەوە دەکا و کاتێک نالی ئاگادارنە دەست دەداتە ئەو دابڕانە و بەرهەم هێنانی ئەو فۆڕمە، هەست دەکەی ئەویش ئاگادارە لە کۆتاییەکان و دەروەستبوونی شیعر بەو چینە نوێیە کە ئەو بەرهەمی هێناوە و لێرە وەک “بەردەنگ” ناوی لێ‌دەبرێت.

سەبارەت بە تەوەرەی دووهەمی شکست، غوڵامی ئاماژەی بە لێکدانەوەی ئادرنۆیی لە وتاری “وتەیەک لەبارەی شیعری لیریکیا و کۆمەڵگا” کرد و ڕوونی کردەوە: ئەوەی لەم وتارەدا زۆر بەرچاوە شێوەکانی دەروەست بوونی شاعێر بە بەردەنگ و وەڵامدانەوەی شاعێر بە ئارەزوو و ویستی بەردەنگە، بۆ وێنە ئادرنۆ دەڵێت: “کاتێک کەلێن دەکەوێتە نێوان شیعر و کۆمەڵگا (یان لە نێوان ئەزموونی گشتیی کۆمەڵگا وەک چەشن)، وتەی شیعر تەنیا لە دابڕان و تەریک کەوتنەوەی دەنگی مرۆڤانەی شاعێر مانامەند دەبێ. هەر بۆیە لێرەدا کۆمەڵگای تاکخواز (و ئەو کۆمەڵگای کە لە باری ئەزموونی دەروونییەوە هەژار کەوتووە) بە دردونگییەوە لە شیعر وەک شتێکی دژی کۆمەڵگا و بابەتێکی تەواو تاکەکەسیانە دەڕوانێت، چونکا ئارەزووی ئەو بەردەنگە ئەوەیە کە وێنە و مانای دەرکەوتەی شیعر، شتێکی تەواو دابڕاوە و جیاواز لە پراکسیسی زاڵ و بەرژەوەندخوازی و گوشاری کوێری ژیان بێت”. ئەوەی لە وتەکانی ئادرنۆ لەو وتارەدا دەردەکەوێت، سەرهەڵدانی کۆمەڵێک چاوەروانی لە لایەن بەردەنگ دوای هاتنی بۆ ناو بەستێنی ئەدەبە، تا ئەو ڕادە کە شاعێر پاش ئەو ناچارە لە رێگای سەرخستنی ئارەزووەکانی بەردەنگ کە ئادرنۆ پێی دەڵێت “ئایدیالۆژیای شیعر”  پەرە بە شیعر بدات و دەکرێت لەو ڕوانگەوە بڕوانینە دەرئەنجامی سازبوونی خێڵی زانیاران لای نالی کە دوای هاتنیان، چاوەروانی بۆ تاقیکاریی سەیر و سەمەرە و جیاواز لە شیعریان لە گەڵ خۆیاندا هێنا و تەنانەت دوای نالیش شاعێران بۆ ڕازی ڕاگرتنی دڵی بەردەنگ، تا چ ڕادە گیرۆدەی تاقیکاریی سەیر و سەمەرە لە بواری کارکردەکانی مانایی و تەکنیکەکانی شیعری و لەوان نێوان دەقایەتی لە گەڵ دەقە ئایینی و فەلسەفییەکان بوون. بە رادەیەک هەست دەکەی کە شاعێر دەیەوێ لە رێگای خۆ بە گشتی کردنی ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی، کەمایەسی و هەژاریی ئەزموونی دەروونی خۆی بشارێتەوە.

ئەو وتیشی: هەوڵ بۆ جیاکردنەوەی بەردەنگ، دوای ئەو دۆخە ڕەنگە پێناسەیەکی باش بێت بۆ شیعری دوای نالی تا بەر لە پیرەمێرد، واتە دەبینن کە هەر هەمووی شاعێران خەریکن دووکانێک لە جوانییەکانی خۆیان ئاراستە دەکەن تا بتوانن بەردەنگی زیاتر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، ئەم کارە کە دەرئەنجامەکەی جۆرێک ئەتۆمیزەکردنی کۆمەڵگای بەردەنگ و هاوکات فۆڕمەکانی شیعرییە، بە ڕادەیەک خێرایی بە شکستەکان دەبەخشێت کە لە ماوەی کەمتر لە یەک سەدە ئێمە شایەدی تاقیکاریی سەیر و سەمەرە و تاکەخوازنە و ئابستریەکی لە تاقەت بەدەر لە لایەن شاعێرانی کوردین کە بەردەوام لە رێگەی ئاوێتە کردنی ئەزموونی هەژاری دەروونیی خۆیان لە گەڵ ئەزموونی دیترانی ناو کەلان دەقە ئایینی و ئەدەبییەکانی دراوسێ، پاساوێک بۆ کرداری مانایی خۆی دەدۆزنەوە و لێرەدایە کە نالی باس لە “بە دەفتەرکردنی کورد و فارس و عەرەب” دەکات.

لە درێژەدا گوتاربێژی ئەم کۆڕە دوای تیشک خستنە سەر تەورەی سێهەم چۆنیەتی قەبەبوونی بەردەنگ و پێگەی دەسەڵاتخوازانەی بەردەنگ لە ناو کۆمەڵگا و ناچاربوونی شاعێر لە هەڵسەنگاندنی ئەو چینە وەک تاقمی زانایان و خەملاندنی شکۆ و پێگەیان ئەو بخەملێنێت، وتی: ئەوەی لێرەدا بەرچاوە، ئەوەیە کە هێشتا نەتەوە و سیاسەت بە مانای کردارێکی کۆمەڵایەتی لای شاعێران ساز نەبووە و شاعێر ئەو کاتەی کە خەریکە وەسفی نیشتمان دەکات بەجۆرێک خەریکە وەڵامی ئارەزووەی ئەو سیستەمە دەسەڵاتخوازە (کە زۆرتر چینی دەربەگن) وەک تاقە کڕیاری دەقی ئەدەبی دەداتەوە و لە رێگەی بە یۆتۆپیایی کردنی سەرزەوینێک کە لە بەردەنگ زەوت کراوە، بە بێ ئەوەی هیچ وێنەیەکی ڕوون لە نەتەوە، نیشتمان و دوژمنانی نەتەوە ئاراستە کرابێت، دەینی خۆی ئەدا دەکا. تەنانەت کاتێک حاجی قادریش دەیەوێ خۆی لەو داوە دەرباز بکات، تازە تێ‌دەگات کە چەمکی نەتەوە هێشتا گیرۆدەی زێدەگا و شوێنی حەوانەوەی بەردەنگ و سیستەمێکی دەربەگییە. هەربۆیە حاجی هەوڵ دەدات شیعر بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی مەسنەوی بێژی و هاوکات گشتییەتێکی نوێ لە بەردەنگ لە قەوارەی چەمکی کورد بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوە هاوکاتە لە گەڵ وەدەرکەوتنی کەلێنێکی ناسوور و تا رادەیەک ترۆماتیک لە نێوان ئەزموونی ترانسێندێنتاڵ و ئەزموونی دەروەیی کۆمەڵگا، یان بە واتایەکی دیکە سازبوونی کەلێنێکی دووقاتە لە نێوان شاعێر و بەردەنگ، هەر بۆیە زمانحاڵی حاجی لە قەوارەی لۆمە و هوشداری “خراپ ئەزموون کردن”ی ژیان وەک ژیانێکی سیاسی لە لایەن بەردەنگی گشتی‌کراوە خۆی دەردەخاتەوە.

ئەم مەستەری کۆمەڵناسییە دوای بیرهێنانەوەی هەوڵی پیرەمێرد بۆ پەڕینەوە لەو دۆخە و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئەو لە گەڵ شیعر و هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ لای ئەدەبی گۆڕان و گواستنەوەی ئەو ئەدەبە بە تایبەت لە وەرگێرانی شیعری بێسارانی و مەولەوی تاوەگۆزی و هاوکات ئیش کردن لە رۆژنامە لە پێناو بەرهەم هێنانی گشتییەتێکی هێمایی لە نەتەوە و ڕووخاندنی بینای “بەردەنگی زانیار” و دژایەتیی ئەو لە بەرامبەر بەردەنگی ئاریستۆکراتیک و “ماخولیای سەرتەل‌خوازی”، جەختی لەوە کردەوە: ئەوەی پیرەمێرد هەوڵی بۆ دەدات سازکردنی بەستێنێکە بۆ دانوستانێکی هاوسەنگ و لۆژیکی لە نێوان ئەدەب و بەردەنگ، یان بە واتایەکی دیکە جۆڕێک پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەدەب و سەربەخۆیی ئەدەبە و بۆ ئەمکارە لە سێ قۆناغدا هەوڵ دەدات: ۱) گۆڕینی نۆرمی باوی ئەدەبی و وەک وتمان پەنابردنە بەر ئەدەبی مەسنەوی و بووژاندنەوەی فۆڕمی ئەدەبی گۆران؛ ۲) هەوڵ بۆ دەرهاویشتنی وشە و کەرەسە زمانییەکانی بیانی و لەوان فارسی و عەرەبی، وەک هەوڵ بۆ سازدانەوەی پێگەی بەیانمەندی شیعر و گەیشتنەوە بە هەمان ئەزموونی دەروونی و هەمووانی و هاوکات سازدانەوەی پردێکی دووئەستوونە لە نێوان کۆمەڵگای ئەدەبی و کۆمەڵگای بەردەنگ و؛ ۳)  سازدانی دیالۆگ لە گەڵ بەردەنگ و بانگەشەی دووبارە بۆ بەشداریی بەردەنگ لە ناو جیهانی ئەدەبی و لەو رێگاوە دەستەبەندی کردنی داخوازیی نوێ و چاوەروانیی نوێی بەردەنگە فەرامۆش کراوەکان (بە تایبەت چینەکانی خوارێ) و لەوە گرینگتر بارگاوی کردن و بەرسازەکردنی چاوەروانی بۆ خوێنەر لە رێگای پەروەردەی بەردەنگ، و بۆ ئەم مەبەستە پیرەمێرد رۆژنامەی ژین دەکاتە باشترین هەلێک بۆ جێگرکردنی ئەو خولیایە.

پرسی گواستنەوەی ئەزموونی بەردەنگ سازی و پاشان سازبوونی دامودەزگای ئەدەبی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، لەم پانێلە وەک دەرفەتێک ناوی لێ برا کە لە ئانوساتی خۆیدا دەیتوانی تەگەرە بخاتە بەردەم خێرایی شکستەکان بە تایبەت لە سەردەمی عەبدوڵڵا گۆران و هەوڵی ئەو بۆ بەردەنگ سازی لە رێگای سازکردنی پەیوەستارێک لە ئەزموونی دەروونی، هێمایی و دەرەوەیی. دەرفەتێک کە هەوڵی ئەوەی دەدا بە بەشدارکردنی بەردەنگ لە گەڵ ڕەوتێکی کەڵەکەکراوی ئەزموونی مرۆیی لۆکاڵی- جیهانی، لە میانەی یادداشتە بەربڵاوەکانی گۆران وەک باس لە ڕەوتەکانی شیعری رۆژئاوایی، شێوەکانی ژیانی رۆژئاوایی، ژیان لە ناوچە و جوگرافیای کوردستان، ئەزموونی ڕاپەرین، سورریالیزم، بۆتیقاناسیی شیعر لە کۆلێژی بەغدا، ڕۆڵی شاعێرانی کورد، چۆنیەتی هەڵسوکەوتی بەردەنگ لە گەڵ شیعر و … بە جۆرێک سازێنەری دەرفەتێکی کارگایی بۆ بەرسازەکردن و ئامادەکردنی خوێنەری چالاکە کە بتوانێ هاوکاتی پاراستنی سەربەخۆیی فیلدی ئەدەبی ئەزموونی خۆی و کۆمەڵگا و شاعێر هاوتەریب کاتەوە و لەم پێناوە ئامادە بوونی فەزا و شێوەدامودەزگایەکی ئەدەبی وەک کۆڕی زانیاری و هەوڵی هەمەلایەنەی کەسانی وەک حسێن حوزنی موکوریانی، عەلائەدین سەجادی و … و ئەزموونی کۆمار و ڕاپەرینە سیاسییەکان بە جۆرێک ئەو هیوای لێ دەکەوتەوە کە ئەزموونە پەرتەوازەکان لە گشتییەتێکی نوێ و لە ناو فەزا و دامودەزگایەکی ئەدەبی گونجاودا جێگر بن و هەر ئەو فەزایە دەیتوانی لە رێگای یەکپارچەکردنەوەی مەبەستەکان، رەهەندێکی نوێ بە ئەزموونی ترانسێندێنتاڵ ببەخشێت و خێرایی شکستەکان لە پێناو سازبوونی ڕێسایەکی تایبەتی و دانوستان پێ‌کراوەی ناو دامودەزگای ئەدەبی خاوتر بکاتەوە.

غوڵامی لە کۆتاییدا ئاماژەی بە شکستە مێژوویی و سیاسییەکانی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم و زاڵبوونی ئایدیای شکست لە ژیانی جەماوەری کورد کرد و وتی: ئەو شکستە مێژووییە، گەورەترین دەرفەتی مێژوویی بۆ سازبوونی دامودەزگای ئەدەبی لە کورد زەوت کرد و لەوساوە ئێمە شایەدی لێک‌هەڵوەشانەوە و هەوڵی ئەتۆمیزەبوونی شاعێران و وەێژەرانی کوردین و دەبینین کە چۆن هەر تاکێکی ئەدەبی خۆی لە یەکپارچەیی دەدزێتەوە و هەوڵی ئەوە دەدات ئەزموونی خۆی چ لە باری فۆڕمی و چ لە باری داهێنانەوە، شازتر لەوانی دیکە نیشان بدات، بەڵکوو بتوانێ لە ماراتۆنی بەردەنگ‌دۆزی پشکی زیاتری بەر کەوێت و ئەوەی لێرەدا زیاتر لە هەموان فەرامۆش کراوە، ئەو ئەزموونە کرچ و نیوەچڵانەیە کە لە رێگەی ئەو شتەی لە ئەدەبی مۆدێرن و لای گای کۆک پێی دەوترێت کارگایی کردنەوەی ئەدەب، پەیوەستارێک لە ئەزموونی جیهانی – لۆکاڵی بکاتە مەرجی سازبوونی بەردەنگی چالاک و مامناوەند.

بۆ بینینی وێنەی دانیشتنەکه له سەر ئێرە کرته بکەن.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>