هەواڵ

غەزەلێکی ئاوارە وڵات

ئاوارە وڵات
بۆ جەلال نەجاڕی و غەزەلی “کاتێ لە شەڕ گەڕامەوە”

“بیۆگرافیی بنارێک”

سەیری بناری خۆم کە دەکەم هەر شەڵاڵی ئاڵ

رێگە و بواری تەرم و برین، کەیلی قۆرت و چاڵ

جەستەم هەلاهەلایە وەکوو بسکی ئەو کچەی

سیرەی دەگرت و من لە ئەوێش مەحوی چاوی کاڵ

دەستم دەنێمە دەستی .. مچوڕکێکی مەیلەژان

چیرۆکی ئێمە شینە بە چێژێکی تفت و تاڵ

ئاوڕدەوە لە خۆم و لە سووتماکی خەونەکان

ئاور لە خۆت کە بەردەدەی، ئاسۆم هەموو زوخاڵ

ئەی کیژی شاخ و بەندەنی بەر بۆمب و بەر غەدر!

کوا بووکەڵەت، کە پڕ بوو لە ئاواتی ئاڵ و واڵ؟

رەش هەڵگەڕاوە دارەبەڕووی بێبەری لەشت

ئەی زامی کۆنی ئێستە لە نەوتا قوم و شەڵاڵ!

ماندووم و هەستی من دەڵێ؛ دەستێکی لۆکەیی

دەبڕێتەوە لقی بنەوەم، دەستی ناهەڤاڵ

خللۆۆۆۆر دەبمەوە لە سەر ئەو کەپکی زامەوە

بۆ ناو شار و زاری شەقامێ کە چەندە ساڵ↓

چاوی لە رێیە بێتەوە تابووتی تاسەکەم

شانێ بنێتە ژێری و دەستێ بخاتە پاڵ↓

ئەو دەستە.. “دەستی چێوییە”، هەر “باوی رێوییە”

شێری زەلیل هاتەوە خەڵکینە، کوانێ ماڵ؟!

هۆ دۆڵە نزمەکانی هەوەس! وا هەڵۆ کەوت

بۆ ورکەنانێ چاوی لە دەست کەمتیار و داڵ

دەخولێتەوە لە قاوەیەکا مێش و مێشکی من

٥٠ دۆلاری هیچ و بڵێ؛ چۆنە فیلمی فاڵ؟

: “دەفڕی بە باڵی کڵپەوە تا کەشکەڵانی خوێن

تا عەرشی غەززەبێکی خودا..  کوێر و کاس و لاڵ

دەفڕی هەتاکو زەردەپەڕی کۆچ و توێشەکەت

سەوڵی شکاو و لۆتکەیەکی پڕ لە خڵت و خاڵ”

قوربانی رەنگی بزگوڕەکەت نیشتمانی کۆن!

“هەرررر ماوە قەومی” شانەدەری تا نێئاندێرتااااڵ

گوێم پڕ بووە لە هۆڕنی تووڕەی کەناڵی راست

دڵ، مەستی حیلەکانی چەپ و مۆدی سوورە- یاڵ

بۆمبی هەواڵی گەرمە هەموو رۆژێ.. رمب و گمب؛

“نەوتمان گەیاندە بەندەرەکان، مێرسی کاپیتاڵ!”

چەند.. چەند هەزار شەڕکەری “نان و شەڕاب”.. نها!!

بەر ئەو پڕیشکە… سووژەیەکی باشە بۆ هەواڵ

دەخوشێم هەتاکو مایکێ کە هاتۆتە بەر دەمم:

“تۆ بۆچی سەنگەری شەڕەفت کردووە بەتاڵ؟”

من مردم و لەوێ دەمودەست رووح .. فڕکەفڕک

تەیرێکی ئاوەڕووتی غەریبی شکستەباڵ

گرمەی هەنیسک و وەختە کە باران بزێتە دڵ

ئاسمانی ساو و ناخی کڕ و چاوی کرچ و کاڵ

ئەی هاوقەتاری رێی هەڵەتی بێ بڕانەوە!

بڕوانە کەو-بوار و لە مینڕێژی دڕک و داڵ

سەیری فڕینی من بکە لەو بانی دەردەوە

سیڕەم ببیسە، قوڕگی گەیشتۆتە ناڵەناڵ

سەیری بناری من بکە، خەڵتانی هیچ و پووچ

سەیری وتاری من بکە، هەر خەون و هەر خەیاڵ!

                                              ئاوارە وڵات – ١/٨/٢٠١٥
انتشار توسط 8 تم

2 بۆچوون

  1. موحسین مستەفازاده

    بژی بەرێز ئاوارە وڵات…به راستی بەهێزو بەچێژه…

  2. ئاوارەی ئازیز هەزار جار بژی ، هەر بمێنی بۆمان

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>