هەواڵ

چەند تایبەتمەندی چیرۆکی ئێستای کوردی

ئه‌حمه‌د چاك

چەند تایبەتمەندی چیرۆکی ئێستای کوردی

ئەحمەد چاک

 

کاتێک کۆمەڵێک بەرهەمی هەمەچەشن و جۆراوجۆرت لەبەر دەست دایە و پێوەی ئەو فەزایەی کە ئەم بەرهەمانە سازیان داوە پێناسەی بکەی؛ تووشی گرفتگەلی زۆر دێیت. لەلایەکەوە هێندێک بەرهەم هەن کە شیاوی پەسن و پێداهەڵکوتنن، لەو لاوەش تاقمێکت بەرهەم لەبەر دەست دایە کە لاوازن، شتێکی ئەوتۆیان پێ نییە ئاڕاستەی کەن، دیسانەوەش هەمووی بەرهەمەکانت بۆ کۆ نابێتەوە؛ کە بتوانی بە کەیفی دڵی خۆت شەن و کەویان بکەی و پێناسەی ئەو فەزا گشتی و تایبەتییە بکەی کە ئەو بەرهەمانەی تێدا خوڵقاوە.

هەمووی ئەوانە لە لایەک، لەلایەکی دیکەشەوە هیچ کەس دەرفەت و توانایی ئەوەی نییە دانە دانەی ئەو بەرهەمانە پێناسە بکات؛ چوون کاتێکی زۆری دەوەی و سەرچاوەیەکی بێکۆتایی لەم بەرهەم و ئاسەوارانە پێویستە.

لە وەها هەلومەرجێکدا پێویستیمان بە مێتۆدێکە کە بتوانێ لەلایەکەوە گرفتی کەمیی سەرچاوەمان بۆ قەرەبوو بکاتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بتوانێ هەر بەو سەرچاوانەی لەبەر دەستی دایە دەروویەکی ڕوون بکاتەوە بۆ ناسین و پێناسە کردنی نیزامێکی تایبەت.

پێکهاتەخوازی دەتوانێ شێوازێکی باش بێ بۆ دەستەبەر کردنی ئەم ئامانجە. چوون لەم شێوازەدا نیزام گرینگە نەک تاک تاکی بەشەکانی نیزامەکە؛ لەلایەکی دیکەشەوە بۆ تاووتوێ کردنی بەرهەمەکان لە سیستەمی هاوکاتی کەڵک وەردەگرێ؛ واتە ئەو بەرهەمانەی کە حازرن لەبەر چاو دەگرێ و گوێ بۆ غیاب شل ناکات. هەر بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی سەردەم بەم شێوازە هەڵسەنگێنین. ئێمە هەوڵ دەدەین تایبەتمەندی ئەو چیرۆکانە بخەینەڕوو و لەبەر تیشکی ئەو تایبەتمەندییانەوە گرفت و خاڵە باشەکانی چیرۆکی سەردەم پێناسە دەکەین.

یەکێک لە گریمانەکانی پێکهاتەخوازی ئەوەیە کە بۆ تاووتوێ کردنی هەموو دیاردەیەکی فەرهەنگی تایبەت، باشتر وایە ئەو نیزامەی کە ئەو دیاردانەی لەخۆوە گرتووە بێتە سەر خوانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە؛ نەک تاک تاکی بەشەکانی. هەر لە سەر ئەو ڕێوشوێنە ئێمەش کۆی ئەو چیرۆکانەی کە لەم دوایەدا نووسراون لەبەر چاو دەگرین و هەوڵ دەدەین تایبەتمەندییەکانی گشتی چیرۆکی کووردی بە خوێنەرانی خۆمان بناسێنین.[۱]

چیرۆکی کوردی ئەم دوایانەی کوردستانی ئێران دەتوانێ خاوەنی هێندێک خاڵی ئەرێنی یان نەرێنی بێ کە بە گشتی بە هەموویانەوە دەتوانن نەخشە و فەزای ئەم دیاردە فەرهەنگییەمان بۆ وێنا بکەنەوە. ئەو خاڵانەی کە دەتوانین ئاماژەیان پێبکەین ئەمانەن:

کەسایەتی (character): لەم بەشەدا دەتوانین بڵێین ئەم چیرۆکانە خاوەنی کەمایەسییەکی گەورەن. لە کەمتر چیرۆکدا کەسایەتییەکی وا دەبینین کە بە شێوەیەکی باش کارتێکەری لەسەر زەین و ڕەوانی خوێنەر جێهێشتبێ. ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سرنجی شاکارە گەورەکانی جیهانیی بدەین دەبینین کە کەسایەتی لەواندا ڕۆڵێکی حاشا هەڵنەگری هەیە هەتا ئەو ڕادەیەی کە تەنانەت ناوی ئەو چێرۆکانە لە ناوی کەسایەتییەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە. (بۆنموونە مادام بواری و حەمە دۆک و ئانا کارنینا و…) لە زۆربەی ئەم شاکارانەدا کردە و ڕەوشتی کەسایەتییەکان لە زەینی خوێنەردا تەتەڵە دەکرێن و دەبنە ‌هێمای خەون و ژیانی. بۆ نموونە کێ هەیە (جینایەت و سزای) داستایوسکی نەخوێندبێتەوە و بیری لە خولیاکانی (راسکۆلنیکۆف) نکردبێتەوە. یان کەسایەتییەکانی (موحاکەمە و دیوار و کۆشک و تاعوون و…) دەیان شاکاری دیکە دنیا.

ئەمە لەکاتێک دایە کە کەمتر رۆمان و چیرۆکی کوردی دەبینین کە کەسایەتییەکەی لە زەینی جەماوەردا تەتەڵە کرابێ یان تەنانەت درەنگ لە بیر چووبێتنەوە. جگە لە چەند نموونەی دەگمەنی وەکوو (هەڵاڵە یان میرزا). کەسایەتی ئەو کەسەیە کە نووسەر دەتوانێ ئەرکی بەرەوپێش چوون و بزاڤی چیرۆکەکەی بخاتە ئەستۆی بەڵام لە زۆربەی ئەم چیرۆکانەدا فەزای چیرۆکەکە هێندە لێڵە و ڕێگای گێڕانەوە هێندە ناهەموارە کە کەسایەتی تێیدا ون دەبێ و خوێنەریش سەری لێدەشێوێ. هەڵبەت با ئاماژە بەوەش بکەم کە ئەمە جیا لە فەننی نووسین و تکنیکی چیرۆکە. خاسییەتی تکنیک وایە کە فەزای بەرهەمەکە لێڵ دەکات بەڵام دواتر کە خوێنەر توانی ڕاڤەی بکات چێژی جوانیناسانە لە ئامێزی دەگرێ؛ بارت گوتەنی پێی کەیف خۆش دەبێ.

هۆکارێکی دیکەی ئەم دیاردەیە دەتوانێ ماناتەوەری ئەم دەقانە بێ کاتێک تۆ بیر لە مانا دەکەیتەوە و بەردەوام پێوەی تەنیا پەیام و ڕازی دڵی خۆت لە بەرهەمەکەدا بگەیەنی ناتوانی کەسایەتییەکی هەرمان بخوڵقێنی؛ ئەگەر گێڕانەوە و تکنیکەکانی نەیەنە یارمەتیت ناتوانی کەسایەتییەکی بێ وێنە بەدی بێنی.

ئاڵۆزی(ambiguity): لەم چەند ساڵەی دوواییدا کۆمەڵێک چیرۆک هاتنە کایەوە کە خاوەنی فەزایەکی ئاڵۆز و دونیایەکی فانتازیا و تژی لە خەون  و خەیاڵ بوون ئەمە دەتوانێ چەن هۆکاری هەبێ:

۱- یەکێک لەم هۆکارانە ئەوەیە کە شوێن لەم چیرۆکانەدا جێگایەکی دیاریکراوی نییە و تەنانەت لە زۆر چیرۆکدا لەگەڵ ناشوێن سەروکارمان هەیە؛ لەم چیرۆکانەدا ڕووداوەکان لە شار و گوندەکاندا ڕوودەدن بەڵام ڕوون نییە ئەو شار و گوندانە لە کوێن.

۲- هۆکارێکی دیکەی ئەم دیاردەیە دەتوانێ ئەوە بێ کە چیرۆکی بەرەی ئێمە بە شێوەیەکی گشتی لە ژێر کاریگەری چیرۆکەکانی سادیقی هیدایەت و کافکا و… دابووە و دەشزانین لەم چیرۆکانەدا لایەنی دەروونناسی زۆر بە هێزە و زمانی ئالۆز و پڕ گرێ و گۆڵ باشتر دەتوانێ لەگەڵ لایەنە شاراوەکانی ڕەوان و زەینی نووسەر و خوێنەردا یەک بگرێتەوە.

۳- هۆکارێکی دیکە دەتوانی پاڕادایمی جیهانی سەردەم بێ؛ لەم جیهانەدا بەرهەمە ئەدەبییەکان تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ دیاردەی ئاڵۆزی و ئیبهام ئاوێتەن؛ بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هونەری مودێڕن ئاڵۆزییە.

کێشەی دیالۆگ(dialogue): دیالۆگ یەکێکە لە ئاشکراترین تایبەتمەندییەکانی چیرۆک، ئەم توخمە دەتوانی پێوەندی کەسایەتییەکان وێنا بکات و ڕۆڵ و شوێن و پێگەی هەرکامیان ئاشکراتر بکات. دەتوانێ بیروڕای کەسایەتییەکان ئاشکرا بکات. ئەگەر ئەم دیاردەیە بە باشی لە چیرۆکدا ئاڕاستە کرابێ، دەتوانێ ئێمە لە قەڵافەت و ڕەوانی کەسایەتییەکانی چیرۆک ئاگادار بکاتەوە و لایەنی کۆمەڵایەتی قارەمانەکانمان بۆ دیاریی بکات.

کاتێک سرنج دەدەینە سەر زمانی کووردی و دەوڵەمەندی ئەو زمانەمان بە هەموو دیالێکتەکانییەوە بەر چاو دەکەوێ و کاتێک گوێ لە بەربڵاوی زمانی شەقام و کۆڵانی شار و دێهاتەکانی ئاخێوەرانی ئەو زمانە دەگرین، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە چیرۆکەکانی ئەو زمانە خاوەنی دیالۆگێکی دەوڵەماند و هەمە چەشنییەکی باش بن؛ بەڵام بەداخەوە زۆربەی جاران ئەو چاوەڕوانییە بەدی نایە. زۆر جار دەبینین شوان و سەپان و ڕنجبەر و ئاغا و نۆکەر و بەزاز و مامۆستا وەک یەک دەدوێن. زمانی پیرێژن و فەیلەسووف لێک ناکەیتەوە؛ لە جیاتی هێڵێکی مارودووی بەرز و نەوی هێڵێکی ڕاستی بێ گرێ دەبینین کە بەڕاستی خوێنەر ماندوو دەکات.

هەمووی ئەوانە ڕەنگە لە کۆتاییدا بگەڕێنەوە سەر ڕاوێژ (لحن) وەک چۆن لە ناو کۆمەڵگادا هەر کەسەی خاوەنی ڕاوێژی تایبەتی خۆیەتی و بە پێی ئەو پێگەیەی کە لە کۆمەڵگادا هەیەتی خاوەنی ڕاوێژی تایبەتی خۆیەتی؛ کەسایەتییەکانی چیرۆکیش دەبێ خاوەنی لەحن و ڕاوێژ و گفتی خۆیان بن.

نووسەر دەبێ گوێ بەزەنگ بێ و لە ناو ئاپۆرەی خەڵکدا هەست ڕاگرێ و تەماڵچی ئەو ڕاوێژانە بێ کە خەڵکی بە کاری دێنن و لە کۆتاییدا پەلاپیتکەی سەرنجی بجووڵێنێ و باشترین نێچر بخاتە هەمبانەی ئەزموونییەوە.

یەکێکیتر لە هۆکارەکانی ئەم خەسارە دەتوانێ جیاوازی نێوان زمانی ئیستاندارد و زمانی ناوچە جۆراوجۆرەکان بێ؛ کە ئەوەش هیچ گرفتێک بەدی ناهێنێ چوون لەلایەکەوە لە زمانی داهێنەرانەدا ئەو زمانە ئەگەر لەکاریش نەکرێ زۆر کێشە نانێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە تەنیا لە دیالۆگ و ئاخاوتنەکاندا زۆرمان پێویستی بەم چەشنە ڕاوێژە ناوچەییانە هەیە.

زمانی پەتی: ئەگەر سەرنج بدینە سەر زمانی کووردی وبمانهەوێ دوو قۆڵی مەزنی ئەدەبی ئەو زمانە لە بواری پەتی بوونی زمانەوە هەڵسەنگێنین؛ دەبینین کە بە پێچەوانەی شێعر، چیرۆک هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە خاوەنی زمانێکی پەتی و بێ خەوش و جوان بووە.

هەر وەکوو دەزانین شێعری کوردی (جگە لە شێوەزاری هەورامی) لە ژێر کاریگەری خەستی ئەدەبیی دراوسێکانی خۆیدا بووە؛ ئەم کاریگەرییانەش زیاتر وای کردووە کە وشەی ڕەسەنی کووردی کەمتر لە شێعردا ببینین. لە قۆناخی یەکەمی شێعری کلاسیکی کووردیدا بە ڕێژەیەکی زۆر کەڵک لە وشەی عەڕەبی و فارسی و تا ڕادەیەکیش تورکی وەرگیراوە. ئەم کارتێکەرییە تا ڕادەیەک بووە کە زۆربەی شاعیرانی ئەم قۆناخە لە پاڵ شێعری کووردی خاوەنی شێعری فارسیش هەن.

بەڵام بە سێ هۆکار چیرۆکی کووردی لەم کارتێکەرییانە دوور بووە:

 یەکەم: ئەوەی کە مێژووی دەسپێکی نووسینی چیرۆک لەم زمانانەشدا ڕەنگە هاوشانی چیرۆکی کووردی بێ. دەشزانین کە زمانی چیرۆکی دراوسێکانیشمان لە قۆناخی پاش کلاسیکی ئەدەبی خۆیاندا هاتوونەتە ئاراوە و زیاتر بایەخیان بە زمانی ساکار داوە. ئەوان لە چیرۆکدا کەمتر لە ژێر کاریگەری زمانی عەڕبیدا ماونەتەوە.

دووهەم: ئەوەی کە دەسپێکی نووسینی چیرۆک لە کوردستاندا لەگەڵ سەرهەڵدانی نوێگەری لە شێعردا هاوئاهەنگە و دەشزانین کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شێعری نوێی کووردی زمانی ساکار و دوور لە کارتێکەری وشەی لاوەکییە.

سێهەم: زمانی پەخشان و شێعر جیاوازییان پێکەوە هەیە و لە پەخشاندا تەنگنای وشە بوونی نییە و بگێڕەوە دەتوانێ لە زمانێکی ساکار بۆ نووسین کەڵک وەربگرێ.

ئەم دیاردەیە لە چیرۆکی ئێستای کوردیشدا هەر ماوەتەوە. کاتێک سەرنج دەدەینە چیرۆکی ئەم سەردەمانەی خۆمان کوردییەکی ساکاری بێ خەوش و گرێ و گۆڵ دەبینین. هاوارەبەرە و میرزای فەتاحی ئەمیری، باقەبێنی ئەحمەدی قازی، چیرۆکەکانی جەلالی مەلەکشا، بریا کاکەسوری، تۆقی عەزازیلی سەید قادری هیدایەتی و… دەیان نموونەی دیکە. کە دەتوانین وەکوو خاڵێکی ئەرێنی باسی لێوە بکەین.

هەتا ئێرە بە گشتی هەوڵم دا بە پێی دەرفەت و توانایی خۆم چەند لایەنێک لە تایبەتمەندییەکانی چێرۆکی کوردی ئێستای خۆمان باس بکەم. جا چەند توانیبێتم خاڵەکان بە باشی بپێکم ئەوە دەمێنێتەوە و خوێنەری بەڕێز بڕیاری لەسەر دەدات. من وەکوو زۆر کەس ناکەم کە یەکسەر ڕەفزی هەموو شتێک و هەموو کارێک و هەموو بەرهەمێک دەکەنەوە و پێیان وایە چیرۆکی کووردی هیچی نەکردووە. من وام پێ باشە ئاسۆ ڕوون ببینم و ئەو فەزایە بە فەزایەکی باش دابنێم کە کەموکوورتیشی تێدا هەیە.

[۱] – درآمدی بر نظریەها و روشهای نقد ادبی- چارلز برسلر صفحە ۱۳۱

سەرچاوەکان:

۱- درآمدی بر نظریەها و روشهای نقد ادبی- چارلز برسلر- ترجمەی مصطفی عابدینی فرد و ویراستاری دکتر حسین پایندە- انتشارات نیلوفر- چاپ اول پاییز۱۳۸۶

۲- واژە نامە هنر داستان نویسی- جمال میرصادقی و میممنت میر صادقی- چاپ کتاب مهناز- چاپ دوم نوروز۱۳۸۸

۳- لە باسی کەسایەتیدا کەڵکم لە وتەکانی کاک ڕەحیمی عەبدوڕڕەحێم زادە وەرگرتووە.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>