هەواڵ

چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ئەدەبی خۆمان / کاوە محەمەدزادە


كاوه‌ محه‌مه‌دزاده‌

چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ئەدەبی خۆمان 

كاوه‌ محه‌مه‌زاده‌

ئەو بیرۆکەیە وا کەسێتی ئێمەی کورد، وەکوو دیاردەیەکی سەربەخۆ پێناسە دەکات، هەڵەیەکی گەورەیە. کەسایەتی کورد جۆرێک ئیمکانە (possibility). ئەگەری ئەوە هەیە چوارچێوەی کەسێتیی ئێمە لە گۆڕانێکی سەیردا، کوردێکی‏تر بگوورێنێ. بەرهەمی ئەو گۆڕانە خەیاڵیە، دیالێکتیکی مانامەندی پێوەندیی ئێمە و ئەوانیدیە. بەپێچەوانەی بۆچوونی رەفێق سابیر(٢٠٠٨) لەسەر ئەو بۆچوونە نیم، دروستبوونی ناسیۆناڵیزم، لە دڵی کولتوردا، بە دابەشبوونی دەقاودەقی سنوورەکانی نێوان ئێمە و ئەویدی دێتە دی. ئەگەرچی بڕوا بەوەی کەلتوور هەوڵ دەدات بە داکۆکی‏کردن لە سەر “جیاوازی”، هەستی نەتەوەخوازی ئێمەی کورد بەرجەستە بکاتەوە، شتێکی هەڵە نیە، بەڵام دەبێ لە بەرچاومان بێت چۆنیەتی و ئیستراتێژیی جیاوازی، په‌یوەندییەکی زۆری هەیە بە ئەوانیدیی زاڵ بە سەر ئێمەدا.

سەبارەت بە رۆمانی کوردی، دەبێ لە سەر ئەو خاڵە راوەستین، کە داڕشتنەوەی کڕۆنۆلۆژیکی رۆمانی کوردی [ئەو کارەی وا بە لێشاو دەبیندرێ] نابێ وەکوو هەنگاوێکی بەرەوپێشڤەچوون لە خوێندنەوەی رۆمانی کورد‏ی‏دا چاوی لێ بکرێ. گرنگی‏دان بە کرۆنۆلۆژی زیاتر لەبەر ئەوەیە زەمینەی خولقاندنی گوتارێکی ئەدەبی فەراهەم بکات کە وێژەی کوردی وەکوو ئەدەبێکی سەربەخۆ و رەسەن نیشان بدات وا هیچ شتێکی دەرەکی کاری لێ نەکردووە. زۆربەی ئەو رۆمانانه سەرەتایی‏ترین رێساکانی وێژه‌وانی و بوتیقای نووسینیان لەبەرچاو نەگرتووە. نابێ هەر شتێک وا نووسەرەکەی وەکوو رۆمان ناوی لێ دەبا، لای رەخنەگر وەکوو رۆمان بێتە بەرچاو. پاشان ناکرێ بە تەمای سەرهەڵدانی تیۆرییەکی ئەدەبی بین رۆمانی رەسەن و بۆر بخاتە نێو سنووری لێکۆڵینەوەی خۆی. رەخنەگری ئەدەبی بەڵێنی بە هیچ نووسەرێک نەداوە ئەوی لە بیر نەچێت. لەوانە زیاتر، رەخنەگر دەتوانێ لە رێگەی هەڵبژاردنی دەستەیەک رۆمانی بژاردە بۆ شڕۆڤەی ئەدەبی-کۆمەڵناسانە، سنوور و رێچکەی بەدیهاتنی هەستی نەتەوە، بگۆڕێنێ بۆ سەر نەریتێکی نوێی فیکری لە نووسینی وێژەیی‏دا. کەواتە رەخنەگر کرێکاری فیکریی نووسەر نیە، قەت لە هێڵە سوورەکانەوە نەپەڕێتەوە. ئەرکی رەخنەگر خولقاندنی مەودایەکی دەرەکیە(the outside)، تاکوو په‌یوەندییەکی رەخنەگرانە لە نێوان دوو یان چەند نەریتی نووسین‏دا بهێنێتە بەرهەم. ئەو مەودا دەرەکیە وەکوو جمگەیەک وایە، دوو یان چەند ئەندێشە پێکەوە دەلکێنێ. مەودای دەرەکی بەرهەمی دیالێکتیکی ئەدەبی کوردی و نەتەوەخوازی نیە، بەڵکوو شوێنی ئاخاوتن و شرۆڤەی هاوبەشی ئەم دوانەیە. رەخنەگری ئەدەبی کوردی دەبێ هەوڵ بدات ئەم مەودایە، بەرین‏تر، خاوێن‏تر و رەخنەگرانەتر بکات.

هەر رۆمانێکی کوردی بە شێوازێک سەرقاڵی کێشەی مرۆڤی کورد و مێژووە. بەر لە دەیەی هەشتای زایینی، رۆمانی کوردی بە زمانێکی ئایدۆلۆژیک و رئالیستی لەسەر کێشەی مرۆڤی کوردی [لادێ نشین] دەدوا. لە راستی‏دا بە شێوازێک دەدوا، کە کێشەی گەلانی لا پەسەند نەبوو. باسی لە گشتایەتیەک دەکرد بە نێوی چینی پرۆلتاریا. بە هۆی نەبوونی چینی کرێکار لە کۆمەڵگای کوردەواری‏دا، لاڕێی گرت بۆ لای وەرزێر و گوندنشین و هەژاران. بە جۆرێک، که کێشەی “وشیاربوونەوەی کۆمەڵایەتی”، که مەبەستی مارکس بوو[و بە بڕوای ئەو لە کرێکاردا دەهاتەدی]، گۆڕدرا بۆ “تۆڵەسەندنەوە”ی کۆمەڵایەتی، کە توێژاڵێکی شۆڕشگێڕانە و بیرمەندانەشی گرتبوو. لە نێو نووسەرانی لایەنگری رئالیسمی سۆسیالیستی ئەو سەردەمە، کەسێک وا بەم دژوازی و پارادۆکسەی زانیبوو و لە بڕێک لە چیرۆکەکانی‏دا رەنگی دابووەوە، “حەسەنی قزڵجی” بوو. پارتە سیاسیەکان، دوای چەواشەکاری ئێپیستمۆلۆژیکی مارکس، لە سەروەتی رقی جەماوەر بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک کەڵکیان وەرگرت کە پاساودەری نەتەوەخوازیش بێت. ئەم دژاودژیە لە چیرۆکەکانی قزڵجی‏دا دەبیندرێن. بەگشتی ناوەرۆکی وڵات لە چیرۆکی رئالیستی‏دا تا ئاستی نواندنەوەیەکی (representation) کۆلۆنیالیستی دادەبەزێ. چیرۆک و رۆمانە رئالیستیەکان، وڵاتی کوردان، هەر بەو جۆرە نیشان دەدەن وا نووسراوە کوردۆلۆژییەکانی رۆژئاوا دەست‏نیشانی دەکەن. وڵاتێکی گوندی و دواکەوتوو و دڵ‏بڵاو و ساویلکە، غەریزی و دڵ‏بوێر و لە هەمان کات‏دا کەللەرەق. خەڵکێک کە توانای بیرکردنەوەیان کەمە، لە کاتێک‏دا گیانیان دەدەن بۆ ئامانجەکانیان. خەڵکانێک کە، ئەگەر “رۆسۆ” زیندوو بایەتەوە و بیدیبایەن، بە دڵنیاییەوە دەیکوت مەبەستی من لە “وەحشیی نەجیب” مرۆڤێکە هاوشێوەی کوردان. ژنەشاعیری ئەمریکایی “ئاودرێ لۆردێ”(١٩٩٢-١٩٣٤) شێعرێکی جوانی هەیە، که به هۆی گرینگیەکەیەوە پێگەی خۆی لە دونیای کۆمەڵناسیی رەخنەگرانەدا کردووەتەوە: “بە كه‌ره‌سه‌ و ئامرازی ئەرباب ناکرێ ماڵی ئەرباب تێک بدەی”. ئەم رەستەیە بەو مانایەیە که دەبێ کەمینە بە شوێن زمانی خۆی‏دا بگەڕێ، نەک ئەوەی بە [ئامرازی] زمانی ئەویدیی زاڵ، سەبارەت بە خۆی و تراژیدیای مێژووی خۆی بدوێ. ژێردەست نابێ بەو زمانە خۆی پێناسە بکات، کە بۆ ساڵانێکی درێژ، ئەوی لە دونیای زمان وەدەرناوە.

دوای شەپۆلی زمانی رئالیستی، کە خۆی وەکوو سیمایەکی شۆڕشگێڕانە دەرخستبوو و زۆر نزیک بوو لە زمانی پەتیی حیزبەکانەوە، دۆخێکی نوێی زمانی دێتە ئاراوە. ئیدی رۆمان لە جیاتی ئەوەی پاڵەوانێک نیشان بدات وا ئامادەی مەرگێکی هەرمانە، کەسایەتیەکی شکست‏خواردوو نیشان دەدات، که هێندە سست و نەتوانکارە ناتوانێ ئەرکێک بە جێ بێنێ چ بگات بەوەی لەخۆبوردەیی بکات بۆ “گەل” و “نیشتمان” یان “مرۆڤایەتی”. تەنانەت ناتوانێ ئەرکێکی رۆتین لە مەزرێنگەیەک به جێ بێنێ. پاڵەوان دەبووە مرۆڤێکی ئاسایی، کە لە بەرانبەر تەوژمی رووداوە کۆمەڵایەتیەکان‏دا، هزر و مێشکی لێک دەپرژا و وڕینەی دەکرد. لە راستی‏دا پاڵەوانی شەپۆلی دووهەمی نووسینی ئەدەبی کوردی، مرۆڤێک بوو لەپەستا لە ژیانی راستەقینە دادەبڕدرا. ئەگەرچی ئەم دابڕانە بە دوو بەرەدا دابەش بوو؛ بەرەیەک وا بە زمان و شێوازی وێژه‌وانی، ئەوەیان دەردەخست سەرکوتی سیاسی ئەویدیی زاڵ زمانی لە گێڕانەوەی چەرمەسەری داشۆردووەتەوە. دەکرێ کۆڕی چیرۆکنووسی “خۆر” وەکوو وێنایەک بۆ ئەم ئێستراتیژییە لەبەرچاو بگرین. بەرەی دووهەم ئەو چیرۆكانە لەخۆ دەگرێ کە بێ‏پەیڕەوکردنی رێسایەکی تایبەت دەستەیەک رووداوی یه‌ک ‏بە دوای یەک‏دا دەگێڕنەوە کە په‌یوەندییەکی بە لۆژیکی گێڕانەوەوە نیە. بۆ وێنە کتێبی “لەسەر باران دەنووسم”(٢٠٠٦) و “پێنجەمین کتێب”(٢٠٠٩)جەبار جەماڵ غەریب، سێ بەرهەمی ئاخری بەختیار عەلی(شاری مۆسیقارە سپیەکان، غەزەڵنووس و باخەکانی خەیاڵ و کەشتی فریشتەکان). رەنگە ئەم نووسەرانە به شوێن زمانێکی تایبەت بە ژێردەست‏دا بگەڕێن کە هێشتا نەیاندۆزیبێتەوە. ئەگەریش وا فەڕز بکەین کە زمانی ئەم چەند بەرهەمە، زمانی ستانداردی کوردی ژێردەستە، تووشی پرسیارێکی تر دەبین. ئایا ئەم زمانە دەرخەری دەرکەوتنی رزگارییە لە داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی زمانی ئەویدیی زاڵ، یان گەوزانە لە بازنەی خواستی ئەویدیی زاڵ‏دا؟ بێ‏گومان وەڵامی دووهەم دروست‏ترە. له‌م به‌رهه‌مانه‌دا زمان لە بەستێنێکی ئابستراکت‏دا پەنگ دەخواتەوە و هیچ رێسایەکی نڤیساریی لەبەرچاو ناگرێ. دوای نسکۆی سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات و نسکۆی فانتاسمی سیاسی کوردستانی باشوور، توانای کردەوەی سیاسی تا ئاستی شڵەژانی مێشکی پاڵەوان دابەزی. بۆ وێنە رۆمانی “وێنەیەک بەسەر ئاوەوە” نووسینی سەلاح عومەر(٢٠١٠). گەڕان بۆ زمانێک وا زمانی ئەرباب نەبێ، ئەرکی سەرەکیی شەپۆلی ئەدەبیی پاش رئالیسم بوو. دەسپێکی گوورانی توخمەکانی زمانی ژێردەست لە رۆمانی کوردی‏دا، لە نووسینەکانی “شێرزاد حەسەن”دا بەدی دەکرێ. بۆ وێنە شێرزاد لە حەساردا، لە زمانێکی شڵەژاو و ترسنۆک و هیستریایی ژێردەستی کورد زۆر نزیک دەبێتەوە و، لە زۆر شوێن‏دا بەوردی نیشانی دەدا. دوودڵی و قەیرانی باوەڕی ژێردەست بەر لەوەی پەیوەست بێ بە چۆنیەتی سۆبژێکتیویتەی خودی ژێردەست، پەیوەستە بە خواستی باوکەوە [یان ئەویدیی زاڵ]. بەپێچەوانەی ئەو رەخنانەی وا رێچکەیەکی فڕۆیدی لە خوێندنەوەی حەساردا هەڵدەبژێرن، پێم‏وایە دەبێ رەوتێکی لاکانی بگرینە بەر. رۆمانی حەسار گێڕانەوەی پێناسەی ژێردەستە سەبارەت بە ئەو واقعە کۆمەڵایەتیەی وا ئەوی تێدا دەژی. کەواتە شرۆڤەی زمانی وێژه‌ر، دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێ. ژێردەست تووشی قەیرانی کەسایەتیە، یانی ناتوانێ بە شێوازێکی سەربەخۆ خۆی بناسێ مەگەر لە رێگەی بڕیاردان لە شکست یان سەرکەوتنی بەسەر ئەو شەقڵەدا کە لە نێوان خۆی و باوکی‏دا هەیە. ئەدەبی وێژەیی کوردی بۆ بەدیهاتنی ئەم ئەرکە پێویستی بە شی‏کردنەوەی وردترە. هەوڵی وێژەی کوردی بۆ گووراندنی سووژەیەکی هاوئاست لەگەڵ سووژەی گشتگیری فارس، عەرەب یان تورک تا هەنووکەش بەردەوامە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەڵکەڵەی سەرەکیی دام‏ودەزگای (institute) کولتووری ئێمە، پەیوەندە بە ئابوورییەوە، هیچ سنوور یان یاسایەکی نووسین هەبوونی نیە. تەنیا یاسای زاڵ ئەوەیە کە “هەموو شتێک چاپ و بڵاو دەکرێتەوە”، “هەر نووسینێک رۆمانە”. لە راستی‏دا مەنتقی کاپیتالیستی هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەرهەمی ئەدەبی و بەرهەمێکی مادی‏دا نابینێ.

بەپێچەوانەوە، دامەزراوەی ئەدەبی دەرهاویشتەی بیرەڤانی و شرۆڤە و رەخنەی دەستەیەک بیرمەندە، کە لە مەودایەکی چەندساڵەدا، پێکه‌وه‌ له‌ بیرکردنه‌وه‌دان. هەمووی ئەو بەرهەمە هونەری و رەخنەگرانە دەتوانن دامەزراوەیەکی ئەدەبی[یان نەریتێکی ئەدەبی] دامەزرێنن. یاساکانی دامەزراوەی ئەدەبی لە هەناوی کۆی نووسین و بەرهەمەکانی دەستەیەک نووسەر و رەخنەگردا جێیان خۆش کردووه‌ و ئه‌رکی ره‌خنه‌گر پشکنین و شرۆڤه‌ی ئه‌و نووسراوانه‌یه‌. ئەم دامەزراوانە دەتوانن یاسایەکی تا رادەیەک گشتگیر بۆ وێژەی کوردی دابمەزرێنن. ئەرکی ئەم یاسایانە پارێزگاری کردنی قەڵای کلاسیسیسم و دووپاتەکردنەوە نیە، بەڵکوو ئەگەر ورد بڕوانین دانانی یاساکان، بۆ روون‏کردنەوەی رەوتی گۆڕان و داهێنان لە داهاتووی وێژەی کوردی‏دا زۆر گرینگن. بە وتەیەکی لاکانی، یاساکان سەربازی دۆخی بەرچاو نین، بەڵکو نیشاندەری رێگاکانی داهێنانن لە داهاتوودا. بە بێ هەبوونی یاسای وێژەیی، وێژەی کوردی بەگشتی و رۆمانی کوردی بەتایبەتی، تووشی قەیرانی دەروونی بووە. بێجگە لە یەک یان دوو رۆمان، بەرهەمێکی وەها بەدی ناکرێ کە توانیبێتی کەسایەتی بە شێوازی پوخت دابڕێژێ. وێژیاری لە زۆربەی رۆمانەکان‏دا، کۆگایەکە لە دەستەیەک رووداوی هەڵکەوت، کە هیچ مەنتقێکی وێژەیی لە پشتەوە نیە. کەسایەتیەکان تووشی زمانێکی تایبەتی(ویتگێنشتاین) بوون، کە تەواوی پێوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگادا پساوە. بە پێی مەنتقی کاپیتالیستیی زاڵ بە سەر دونیای کتێب‏دا دەستەیەک بەرهەم لەپڕ هەڵدەکشن و دەستەیەک پەراوێز دەخرێن. ئەم ئاڵوگۆڕە پێوەندییەکی زۆری بە شارچیەتی و کێشەی سیاسیی نەکوتراو و نەبیستراوەوە هەیە. کەواتە لۆژیکی زاڵ بەسەر بونیادەکانی ئەدەبی وێژەیی کوردی ئێستادا[بەتایبەت باشوور و رۆژهەڵات] نەک هونەری نیە، بەڵکو لە دەرەوەی دونیای وێژەدا بەسەری‏دا سەپاوە. ناسینی ئەم ئاڵۆزییانە دەتوانن شێوازی خوێندنەوەی ئەدەبی ئێمە لە لایەن خۆمانەوە بگۆڕن بۆ خوێندنەوەیەکی رچەشکێن، کە هەم یاسای ئەدەبی بونیاد دەنێ و هەم رێبازی گۆڕان و داهێنانەکان نیشان دەدا. له هەمان کات‏دا لە زمانی ئەرباب دوورمان دەخاتەوە

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>