هەواڵ

کۆڕی خوێندنه‌وە و لێکدانه‌وەی به‌رهه‌مه‌کانی عه‌زیز مه‌حموودپوور به‌ڕێوە چوو

بریا کاکەسووری - ئەحمەد چاک

بریا کاکەسووری – ئەحمەد چاک

لە درێژەی زنجیرە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە پاییزی ٩٤دا رێکەوتی ٣٠ی رەزبەر کۆڕی خوێندنەوە و لێکدانەوەی بەرهەمەکانی چیرۆکنووسی بۆکانی عەزیز مەحموودپوور بە ئامادەبوونی رێژەیەکی بەرچاو لە هۆگرانی ئەدەبیات بەڕێوە چوو.لەم دانیشتنەدا سەرەتا پێشکەشکاری کۆڕەکه “مەحموود محەمەدیان” لە لایەن ئەنجومەنەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و هەواڵی کۆڕی پەردەلادان لە بەرهەمی تازەی چیرۆکنووسان “عەلی غوڵامعەلی”،سەید قادر هیدایەتی” و “عەزیز مەحموودپوور” کە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێ،راگەیاند.لە پاش وتەکانی پێشکەشکار ، عەزیز مەحموودپوور دوو کورته چیرۆکی خۆی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.

پاشان بەڕێزان بریا کاکەسووری و ئەحمەد چاک وتاربێژانی کٶڕەکه ڕاوبۆچوونی خۆیان لە سەر بەرهەمەکان دەربڕی.سەرەتا رێزدار کاکەسووری باسێکی کورتی لە بابەت چۆنیەتی زەق بوونەوەی ژانری چیرۆک لە شاری بۆکان هەروەها هەوراز و نشێوێک کە به خۆیەوە بینیوە، هێنایه ئاراوە.کاک بریا لە درێژەی وتەکانیدا پەرژایه سەر دنیای چیرۆکی عەزیز مەحموودپوور و ئاماژەی به جیاوازی نێوان دوو کتێبی “حەشری رەنگەکان” و “پیاوێکی ریش خەنەیی” کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دوو کتێبه بەرهەمی دوو ئەزموونی جیاوازی نووسەرن کە یەکەمیان تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی مۆدێڕن و دووهەمیان تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی پۆست‌مۆدێڕن لە خۆ دەگرن.کاکە سووری به هێنانەوەی چەن نموونه لە دەقەکان باسەکانی پڕاکتیزه کرد.

دواتر ئەحمەد چاک وەک وتاربێژی دیکەی کۆڕەکه چیرۆکەکانی مەحموودپووری لە بواری زمانییەوە تاوتوێ کرد و جەختی لەوە کردەوە کە زمانی نووسەر سەرەڕای پەتی بوون زمانی سەرشەقامه.واته چیرۆکنووس بە راوێژێ تایبەتی شەقام و لە سۆنگەیەکی هونەرییەوە رووداوەکان دەگێڕێتەوە و ئەم کارەی به سەرکەوتوویی به ئەنجام گەیاندووە. له دڕێژەدا کاک ئەحمەد پەرژایه سەر باسی “ڕاوێژ(لەحن)” لە چیرۆکەکانی عەزیز مەحموودپووردا و باسی لەوە کرد که کەسایەتییەکان راوێژی تایبەت بە خۆیان هەیه لە چیرۆکەکاندا و ئەوە خاڵێکی بەرچاوی چیرۆکەکانی مەحموودپوورە که بە داخەوە لە بەرهەمی زۆربەی چیرۆکنووساندا ئەو تایبەتمەندییه بوونی نییه. کاک ئەحمەد لە درێژەی باسەکانیدا باسی نەخشه و گەڵاڵەی کرد لە چیرۆکەکانی عەزیز مەحموودپووردا.

لە کۆتاییدا هەندیک تێبینی و سەرنج لە لایەن ئامادەبووانەوە هاته ئاراوە و بەم شێوەیه کۆڕەکه کاتژمیر ٦ کۆتایی پێ هات.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>