هەواڵ

کۆڕی خوێندنه‌وە و لێکدانه‌وەی چیرۆکه‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵاپوور به‌ڕێوە چوو

رەحیم عەبدولرەحیمزادە - ئەمجەد غوڵامی

رەحیم عەبدولرەحیمزادە – ئەمجەد غوڵامی

چوارەمین دانیشتن لە زنجیرە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە پاییزی ۹۴ تەرخان کرابوو به خوێندنەوە و لێکدانەوەی چیرۆکەکانی هێمن عەبدوڵلاپوور. ئەم دانیشتنه رۆژی پێنجشەممه ۷ی خەزەڵوەری ۹۴ کاتژمێر ۴ی ئێوارە لە ژووری ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکاندا بەڕێوە چوو. لە سەرەتای کۆڕەکەدا هێمن عەبدوڵلاپوور ، چیرۆکێکی له کۆمەڵه چیرۆکی دەنگه دەنگی بێدەنگی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە. لە پاشان وتاربێژان ڕێزدار رەحیم عەبدولرەحیم زادە و ڕێزدار ئەمجەد غوڵامی باسەکانی خۆیان دەست پێکرد.

رەحیم عەبدولرەحیم زادە له سەرەتای وتەکانیدا وتی کۆمەڵه چیرۆکی دەنگه دەنگی بێدەنگی پێنج چیرۆکی لە خۆ گرتووە که  چوار چیرۆکی سەرەتای ئەم کۆمەڵه چیرۆکه له تێمێکی هاوبەش کەڵک وەردەگرن . ئەو تێمه هاوبەشه ، تێمی هاوبەشی زۆرینەی ئەو چیرۆکانەیه که له رۆژهەڵاتی کوردستان دەنووسرێن. هەرچەند هەر کام لە چیرۆکنووسان به شێوەیەک ئەم تێمەیان دەربڕێوە. ئەم تێمه هاوبەشه بریتیه له لێکدژی تاک لە بەرانبەر کۆمەڵگادا. ئێمه لە زۆربەی چیرۆکەکاندا ئەم تاکه تەریک و پەراوێزخراوەمان هەیه که زۆرتر لە قاڵبی رۆشنبیرێکدا خۆی دەردەخا و ناتوانێ خەڵک چاک بناسێ و خەڵکیش ناتوانن ئەو چاک بناسن.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆکەکانی هێمن عەبدوڵلاپوور ، ئەوەیه کاک هێمن جیا لە کەسایەتی سەرەکی ، هەوڵ دەدا کەسایەتییە دەرکەییەکان لە کەسایەتییه ئاشناکانی کۆمەڵگای کوردەواری هەڵبژێرێ ، هەر ئەوەش ئەبێته هۆی ئەوەی کەسایەتییە دەرەکییەکان کەسایەتیگەلێکی سەمیمی بن که خوێنەر پێوەندییان پێوە دەگرێ.

یەکێکی تر لە خاڵه باشەکانی چیرۆکەکانی کاک هێمن هەڵبژاردنی هەندێک شوێنه که ئەم جۆرە شوێنانه کەمتر وەک مەکانی چیرۆکی چاویان لێ کراوە لە چیرۆکی ئێمەدا. بۆ نموونه لە یەکێک لە چیرۆکەکاندا شوێنی رووداوی چیرۆکەکه کافی نێتێکه یان لە چیرۆکێکی تردا شوێنی گەورەگردنی منداڵانی بێ سەرپەرەسته.

هەر وەها خاڵێکی بەرچاوی تر لە روانگەی تەکنیکەکانی گێڕانەوە ئەوەیه کاک هێمن توانیوییەتی به شێوەیەکی باش و سەرکەوتووانه لە تەکنیەکانی گێڕانەوە کەڵک وەرگرێ. بۆ نموونه لە چیرۆکی ئاخردا به شێوەیەکی زۆر باش توانیوییەتی لە تەکنیکی مۆنتاژی موازی کەڵک وەرگرێ.

عەبدولرەحیم‌زادە لە درێژەی قسەکانیدا پەرژایه سەر لاوازییەکانی چیرۆکەکان. به وتەی کاک رەحیم ، هێمن عەبدوڵلاپوور سەرەڕای ئەوەی هەوڵی داوە چیرۆکێکی مۆدێڕن بنووسێ بەڵام له شێوە سوننەتییەکانی وەسف(توصیف) کەڵک وەردەگرێ که زێدەتر تایبەتمەندیی چیرۆکگەلی کلاسیکن و ئەوەی وەکوو خاڵێکی لاواز بە ئەژمار هێنا و چەند نموونەیەکیشی لە دەقی چیرۆکەکان هێناوە.

خاڵێکی تر که رەحیم عەبدولرەحیم زادە ئاماژەی پێدا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کورته چیرۆک بوو که به پێچەوانەی رۆمان زۆرتر لە سەر کەسایەتییەکی تایبەت فوکێس دەکا و بەشێک لە ژیانی ئەو دەگێڕێتەوە کەچی بۆ نموونه لە چیرۆکی سفر و یەک کە لە کۆمەڵه چیرۆکی دەنگه دەنگی بێدەنگیدا هاتووە ، کانوون و ناوەندی سەرەکیی داستان لە نێو کەسایەتییەکاندا دەگۆڕدرێ و ئەوەی وەک خاڵێکی لاوازی ئەو چیرۆکه وەسف کرد.

له پاشان وتاربێژی تری کۆڕەکه، رێزدار ئەمجەد غوڵامی وتەکانی خۆی ئاراستەی ئامادەبووان کرد. به باوەڕی غوڵامی، له چیرۆکی هێمندا لە گەڵ دوو فۆڕمی نێو لێنان رووبەڕوو دەبینەوە که پاشماوەی سیستەمێکی ئیدئۆلۆژیکه لە سەرەتاکانی چیرۆکی کوردیدا که دەستی پێکردووە و ئەم فۆڕمه نەک لە خزمەت چیرۆک و گێڕانەوەدا بەڵکوو لە خزمەت زەق کردنەوەی زمانی کەمینه و به جۆرێک سیستەمێکی تەعلیمیدا بووە. ئەوە بە مانای دۆخێکه که چیرۆکی کوردی خەریکه ئەزموونی دەکا. به باوەڕی ئەمجەد غوڵامی، له چیرۆکی دەنگه دەنگی بێدەنگیدا نێوی کەسایەتییەکان لەگەڵ پێکهاتە و گەڵاڵەی چیرۆک هەماهەنگی هەیه بەڵام لە چیرۆکەکانی دیکەدا هەست دەکەی که به جۆرێک پێکهاتەیەکی ئایدۆلۆژیک به خۆردی خوێنەر ئەدات.

دووهەمین خاڵ که له چیرۆکی هێمن عەبدوڵلاپووردا بەرچاوە، باسی رووداوی دەرەکییه. غوڵامی وتی سیستەمی فۆکێس چەند رەهەندییه و ئەو باسەی که پێداگری دەکا کانون و ناوەندی داستان ئەبێ لە سەر یەک کەسایەتی بێ پاشماوەی سیستەمی ئەرەستووییه. یەکێک لەو باسانەی که لە چیرۆکی مۆدێڕندا دێته ئاراوە ئەوەیه که ئایا رووداوی دەرەکی ناتوانێ به شێوەی ڕایەڵەیی (شبکەای) کاریگەری دانێ لەر سەر گشتێتی رووداو. بۆ وێنە له چیرۆکی “شەش سیفر”دا رووداوی دەرەکی ئاوڕی باشی لێ دراوەتەوە و دەورێکی باش دەگێڕی لە چیرۆکەکەدا.

غوڵامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی خاڵی سێهەم کەڵک وەرگرتن لە گۆشەنیگای دووهەم کەسه که لە چیرۆکەکانی هێمن عەبدوڵلاپووردا زۆر کاری پێ دەکرێت. ئیمه ئەم پرسیارەمان بۆ دێته پیش که ئەم گۆشە نیگایه چ ئیمکاناتێک به گێڕانەوە دەدا و چ ئیمکاناتێک له گێڕانەوە زەوت دەکا.به باوەڕی غوڵامی، ئەم گۆشه نیگایه پتانسیەلێکی گەورەی تێدایه بۆ ڕاکێش کردنی بەردەنگ ، لە بەر ئەوەی بەردەنگ دەرگیر دەکا و وا دەکا که بەردەنگ هەست بکا بەشدارە لە رووداوەکانی چیرۆکدا. لایەنێکی نەرێنیشی هەیه ئەویش لایەنی ئیدئۆلۆژیکه. چون دەرفەت به بەردەنگ نادات که بیر بکاتەوە و بەردەنگ دەرفەتی بە خۆدا هاتنەوەی نییه و ئەوە ئەبێته هۆی ئەوەی گێڕەوەڕ حەقیقەتێک به سەر خوێنەردا بسەپێنێت. غوڵامی ئاماژەی بەوە کرد که گۆشەنیگای دووهەم کەس لە چیرۆکی یەکەمی کۆمەڵه چیرۆکی دەنگە دەنگی بێدەنگیدا زۆر بە باشی کەڵکی لێ وەرگیراوە بەڵام بۆ نموونه لە چیرۆکی شەش سیفردا خوێنەر هەست دەکا که نووسەر دەیهەوێ حەقیقەتێکی بە سەردا بسەپێنێت.

له پاش وتەکانی ئەمجەد غوڵامی ، باس و مشتومڕێک له نێوان وتاربێژان و ئامادەبوواندا هاته ئاراوە و بەم شێوەیه کۆڕەکه کاتژمێر ۶ی ئێوارە کۆتایی پێ هات.

 

وتارێکی ئەمجەد غوڵامی لەسەر چیرۆکەکانی هێمن عەبدوڵلاپوور :
خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی «ده‌نگه‌ ده‌نگی بێ‌ده‌نگی»

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>