هەواڵ

کۆڕی خوێندنه‌وە و لێکدانه‌وەی به‌رهه‌مه‌کانی سوله‌یمان عه‌بدولرەحیمزادە به‌ڕێوە چوو

رەحیم عەبدولرەحیم زادە - محەمەدئەمین شامحەمەدی

رەحیم عەبدولرەحیم زادە – محەمەدئەمین شامحەمەدی

دانیشتنی دووهەم لە زنجیرە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە پاییزی ۹٤دا رۆژی پێنجشەممه ۲۳ی رەزبەر لە ژووری ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بەڕێوە چوو.

کۆڕەکە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی کۆمەڵه چیرۆکی “چارەنووسی تاپۆکان‌” بەرهەمی سولەیمان عەبدولرەحیم‌زادە بە وتاربێژی بەڕێزان محەمدئەمین شامحەمەدی و رەحیم عەبدولرەحیم‌زادە.

دانیشتنەکە بە خوێندنەوەی دوو کورتە چیرۆک لە کتێبی چارەنووسی تاپۆکان لە لایەن نووسەرەکەیەوە دەستی پێکرد.

لە پاشان رێزدار محەمەدئەمین شامحەمەدی وتارەکەی خۆی پێشکەشی ئامادەبووان کرد، ڕێزدار شامحەمەدی سەرەتای باسەکەی ئاماژەی بەوە کرد که رەخنەکەی ئەو پتر رەخنەیەکی عاتفی و تەئسیرییە، واته خوێندنەوەی ئەو لە کۆمەڵە چیرۆکی چارەنووسی تاپۆکان لەم رووەوەیه که ئەم کۆمەڵه چیرۆکە چ کاریگەرییەکیان لە باری عاتفییەوە لە سەر ئەو داناوە. بە باوەڕی ڕێزدار شامحەمەدی، له کۆمەڵه چیرۆکی چارەنووسی تاپۆکاندا ، هەر لە هەوەڵ چیرۆکەوە تا ئاخر چیرۆک  هەر کامەو به شێوەیەک ویستوویەتی خۆ لە قەرەی کایە زمانییەکان بدا یا وێنە دەگمەنەکان بخوڵقێنێ که بوونەته لەمپەری ئەو سەرە داوەی خوێنەر وەک کاکڵەیەکی مانایی بۆی دەگەڕێ که هەڵبەت پێویست ناکا هەموو خوێنەرێک بیدۆزێتەوە.

لە دوای باسەکانی کاک محەمەدئەمین، ڕێزدار رەحیم عەبدولرەحیم‌زادە خوێندنەوەی خۆی لە سەر کتێبی چارەنووسی تاپۆکان پێشکەش کرد.

کاک رەحیم سەرەتا باسی له تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی کاک سولەیمان کرد،بە بڕوای ئەو چیرۆکەکان دەچنە خانەی چیرۆکی ئێگزۆتیکەوە”بە مانای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ جیهانێکی نامۆ” و ئەم چیرۆکانه فەزایەکی سوررێئالیان هەیە،دووهەم تایبەتمەندی چیرۆکەکان ،ڵێڵ بوون و تارمایی بوونی ئەوانه کە زۆرجار وا لە خوێنەر دەکات بۆ دۆزینەوەی مانا کەمێک تووشی سەرەگێژە ببێ و تەنانەت جاری وایه وا دەکا خوێنەر سەرەداوی رووداوەکان ون کا، سێهەمین تایبەتمەندیی چیرۆکەکانی کۆمەڵه چیرۆکی چارەنووسی تاپۆکان لە روانگەی رەحیم عەبدولڕەحیم زادەوە ئەوە بوو که ئەم چیرۆکانه “چیرۆکی شاری”ن و ئەو تایبەتمەندییەی وەکوو خاڵێکی ئەرێنی ئەم چیرۆکانه وەسف کرد.

لە دڕێژەدا،کاک رەحیم باسی له سەرەکیترین موتیڤەکانی کۆمەڵەچیرۆکی چارەنووسی تاپۆکان کرد و هەر وەها ئاماژەی بەوەدا که ئەم چیرۆکانه و هەر وەها کۆمەڵێک له نووسەرانی بۆکانی وەک گرووپی خۆر له دەیەی  حەفتا له ژێر کاریگەری دوو نووسەری گەورەی جیهانی وەک کافکا و سادق هیدایەتدا بوون و نکۆڵی لەو شتە ناکرێ. لە کۆتاییشدا ڕێزدار رەحیم عەبدولرەحیم زادە ئاوڕێکی لە ئەدەبیاتی نمایشی داوە و ئاماژەی بەوە کرد که به داخەوە نووسەرانی کورد خۆ لە قەرەی ئەدەبیاتی نمایشی نادەن و لەم بوارەدا خوێندنەوەیان زۆر کەمه و چەندین نموونەشی لە نووسەرانی گەورەی جیهان هێناوە که که لە ڕێزی گەورەترین نمایشنامه نووسەکانی جیهان به ئەژمار دێن. هەر وەها کوتی که سولەیمان عەبدولرەحیم زادە لەو دەگمەن چیرۆکنووسانەیه که به باشی توانیوییەتی لە تەکنیکەکانی نمایشنامه نووسی لە چیرۆکەکانیدا کەڵک وەرگرێ.

کۆبوونەوەکە دوای تێبینی و بٶچوونی بەشدار بووان لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆتایی پێ‌هات.

ئا : مەحسین مستەفازادە

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>