هەواڵ

ئه‌وە منم من منۆکه / خه‌بات رەسووڵی

11774545_10200761126347241_1220123929_n

ئەوە منم من منۆکە

خەبات رەسووڵی

ئەوە منی ڕابردووم کە لە گەڵ هەژاری ڕابردوو سەرینێکمان کردووەتە ئەسپێکی سوور و بە پانایی پێدەشتێک ئاوزینگ لێ دەدەین . ئەسپەکە بە سەر جۆگەلەیەکدا باز دەدا و لە بازەکەیدا منی ڕابردوو بەربوومەوە خوارێ و هەژاری ڕابردوو هەستی بە بەربوونەوەم نەکرد و بەپڕتاو لێم دوور کەوتەوە . چاوم لێیە کە لە نزیک ماڵان ئەسپەکە دێتە سەر پاشوو و هەژاری ڕابردووش بەردەداتەوە . ئێمەی ڕابردوو بەرەو ئەسپەکە هەڵدێین ودەمانەوەێ دیسان سوار بینەوە کە دەرکەی ژوورەکە دەکرێتەوە و دوو خاڵی هەژاری ڕابردوو دێنە ژوورێ و دادەنیشن . من و هەژاری ڕابردوو دەمانەوێ دیسان غار غارێن بکەین ، بەڵام منی ئێستا دەزانم خاڵەکانی هەژاری ڕابردوو نەیاندەویست ئێمەی ڕابردوو غار غارێن بکەین . خاڵە ئەمیری ڕابردوو دەڵێ منی ڕابردوو کاراتەبازە . منی ڕابردوو چاوی لێ دەکەم و پێ دەکەنم . خاڵە سمایلی ڕابردوو دەڵێ دەرەقەتی هەژار نایەت . منی ئێستا دەزانم منی ڕابردوو بە لاچاوێک سەیری هەژارم کرد و بە فرووجم بینی . خالە ئەمیری ڕابردوو گوتی هەژار چیە منی ڕابردوو دەیکاتە پاروویەک . منی ڕابردووش هاوبیری خاڵە ئەمیری ڕابردووم . هەژاری ڕابردوو ملی منی ڕابردووی گرت و منیش ملی هەژاری ڕابردووم گرت . خاڵەکان هەژاری ڕابردوویان هان دەدا و منی ڕابردوو لە دەنگیان ترسام و سەرم لێ شێوا . منی ئێستا پێی وایە هان دانی خاڵەکانی هەژاری ڕابردوو ورەی دا بەهەژاری ڕابردوو و منی ڕابردوو شکستی قبوڵ کرد ، بەڵام نووسەری ئەم چیرۆکە پێی وایە منی ڕابردوو دەرەقەتی هەژاری ڕابردوو نەدەهات . منی ئێستا خەمی منی ڕابردوویەتی و نووسەری ئەم چیرۆکەش گاڵتەی بە خەمی سی ساڵ لەوە پێش دێ و پێی خەمێکی منداڵانەیە و پێی وایە کێشەی ناوەکی و گرفتی پیس بوونی ژینگە و رزگاری کوردستان و ئاڵۆز بوونی شوناسی کورد لە سەردەمی هاوچەرخ دا و گەلێک پرسی گرینگتر هەیە بۆ خەم خواردن و سەر کۆنەی منی ئیستا دەکات . منی ڕابردوو دەست دەکات بە گریانێکی بە کوڵ و بە تەواوی خاڵەکانی هەژاری ڕابردوو ژیر نابێتەوە . دایکی ڕابردووم بە پەلە دێتە ژوورێ و منی ڕابردوو لە باوەش دەکات و سەرکۆنەی خاڵەکانی هەژاری ڕابردوو دەکات کە بۆچی ئەم منداڵانەیان بە شەڕ داوە و منی ڕابردووش بە سرتە بە گوێچکەی دایکی ڕابردووم دا دەچرپێنم کە خاڵەکانی هەژاری ڕابردوو منی ڕابردوویان گرتووە و هەژاری ڕابردوو خوری شۆری کردووم . خاڵەکانی هەژاری ڕابردوو حاشا لەم قسەیەی منی ڕابردوو دەکەن و منی ئێستا دەزانم ئەو درۆیە تۆڵەی منی ڕابردوو بوو لە خالەکانی هەژاری ڕابردوو ، بە ڵام نووسەری ئەم چیرۆکە باسی شەڕی سووریە و عێراق و رووسیەی زۆر پێ خۆشترە لەم باسە کۆنەی منداڵی و منی ئێستا ناچار دەکات کای کۆن بە با نەکەم و بیر لە دەستی شاراوە لە تێکدانی باشووری کوردستان بکەمەوە و منی ئێستاش پێی وایە کورد نەتەوەیەکی خۆ خۆرە و دەست و لاقی کەس لە باشوور نییە ، پاش کەمێک منی ڕابردوو دیسان چاو بۆ سەرینەکە دەگێڕێ و لە سووچێک دەیبینێتەوە و لە گەڵ هەژاری ڕابردوو خۆمان دەخەینەوە سەر پشتی و بە نێۆ شەڕە جنێوی دایکی ڕابردووم و خالەکانی هەژاری ڕابردوودا خەریکی رمبازێن دەبینەوە .

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>