هەواڵ

خوێندنه‌وەی کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی “ئه‌و نامانه‌ی هه‌رگیز نه‌خوێندرانه‌وە”

عەزیز مە

خوێندنەوەی کۆمەڵه چیرۆکی “ئەو نامانەی هەرگیز نەخوێندرانەوە”

لە نووسینی شەپۆل مەجیدپوور

عەزیز مەحموودپوور

ئێشکلۆفسکی پێیوایە‌ هونە‌ر ڕاگوێزتنی ئیحساسە‌ هە‌ر بە‌و جۆرە‌ی کە‌ هە‌ستی پێ‌دە‌کری، نە‌ک بە‌و شێوە‌یە‌ی کە‌ ناسراوە‌. تکنیکی هونە‌ر”نامۆکردن” و سڕینە‌وە‌ی ناسیاوییە‌ لە‌ شتە‌کان. هە‌روەها دژوارکردنی فۆرم و ئە‌و ماوە‌یە‌یە‌ کە‌ دە‌بێ هە‌ست بە‌ شتێک بکردرێ. چونکوو ڕە‌وتی هە‌ست پێ‌کردن لە‌ ناخی خۆیدا ئاکامێکی جوانی‌ناسانە‌ی هە‌یە‌ و دە‌بێ مە‌وداکە‌ی درێژ بکرێتە‌وە‌.

هە‌روە‌ها بۆ وە‌ی دیاردە‌یە‌ک لە‌ ڕوانگە‌ی خوێنە‌ردا کارکردێکی هونە‌ری و جوانی‌ناسانە بە‌ خۆوە‌ بگرێ پێویستە‌ غە‌وری ناسیاوی لێ بسڕدرێتە‌وە‌.

چیرۆک وە‌ک فۆرمێکی هونە‌ری ئە‌م قاعیدە‌یە‌ دە‌یگرێتە‌وە‌ و بۆ ڕزگاربوون لە‌ ئۆتۆماتیزە‌ بوون هانا دە‌باتە‌ بە‌ر هێندێک تکنیک و تە‌مهیدی ڕیوایی.

‌ چیرۆک بە‌ هۆی ئە‌و پێکهاتە‌ ڕیواییە‌ی کە‌ هە‌یە‌تی ئە‌و هەلە‌ بۆ چیرۆک‌نووس دە‌ڕە‌خسێنێ کە‌ زوو‌ زوو غە‌وری ناسیاوی لە‌ فۆرم و گێڕانە‌وە‌ بسڕێتەوە و لە‌ فۆرمی ڕیوایی نوێ و جیاوازدا بی‌ئافرێنێتەوە. كورتە چیرۆك بە پێچەوانەی ڕۆمان ژانرێكە كە لەوێدا پتر دەرفەت دراوە بە نووسەر هەتا فۆڕمە جیاوازەكان بەتاقی بكاتەوە. هەرچەند ڕەنگە سەیر بێت بەڵام ئەو هەرێمە فۆرمیانەی ژانری چیرۆك سەری بەسەرداگرتوون و بەتاقی كردووونەوە یەگجار پڕ ڕەنگامەترن لە ژانری ڕۆمان. ئەو ساختارشكێنیانەی لەم ژانرەدا كراوە و دەكرێ گەلێك پترن لە ژانری ڕۆمان و ئەوەش بە هۆی ماهییەتی چیرۆكەوەیە كە وەك بوونێكی دینامیك بۆ گێڕانەوە ئەو هەلە بۆ ڕاوی یان چیرۆك‌نووس دەڕەخسێنێ كە موهەندسی لەسەر ئەنجام بدا و فۆڕمی ڕیوایی نوێ بەدی بێنێ. ئەو تەیفە ڕیواییەتییەی كە لە گێڕانەوەی چیرۆكدا بەدی دەكرێ زۆر بەربڵاوە و ئەم شتە لە نێو ڕۆماندا بەدی ناكرێ و دەكرێ بڵێین لەم بارەوە فۆڕمی ڕۆمان بڕێك محافزەكارترە. لە گێڕانەوەی كوردیش‌دا ئەم شتە بە ڕوونی دەبیندرێ و ئەو تاقیكاریانەی لەسەر فۆڕمی چیرۆك و كورتەچیرۆك ئەنجام دراون زۆر كەمتر لەسەر ڕۆمان بەتاقی كراونەوە. لەسەرجەمدا چیرۆكی كوردی لەم بارەوە پڕ دەسكەوت‌تربووە.

بەم بەراییە كورتەوە دێینە سەر تەوەری باسی ئەوڕۆمان كە خوێندنەوەی كتێبی «ئەو نامانەی هەرگیز نەخوێندرانەوە»یە. ئەم كتێبە لە دووبەش پێكهاتووە بەشی یەكەم ئەو چیرۆكە درێژەیە كە دوو لە سێی حەجمی كتێبەكەی پێك هێناوە و بەشی دوو هەمیش نۆ كورتە چیرۆكی مینیماڵی لە خۆ گرتووە. لەم كۆمەڵەچیرۆكەدا تەنیا سێ چیرۆك لە ڕوانگەی یەكەم كەسی تاكەوە نەگێڕدراونەوە و سەرجەمیان بۆ دەربڕین كەڵكیان لەم گۆشە نیگایە وەرگرتووە كە ڕوانگەیەكی مۆدێڕنە.

بۆ باسی ئەمڕۆ ئاماژە بە هەردوو بەشەكە دەكرێ و هەم چیرۆكی «ئەو نامەنەی هەرگیز نەخوێندرانەوە» لێك دەدرێتەوە هەمیش وەك نموونە یەكێك لەو كورتە چیرۆكانەی بەشی دووهەم لێك دەدرێتەوە و ڕاڤە دەكرێ. بەم ڕوون كردنەوەیە كە ئەم وتارە پێشنیاری خوێنەرێكی چالاكە لە حاند دەقێكی ئەدەبیدا و تەنیا تەفسیرێكە لە كۆی ئەو هەموو تەفسیر و تەئویلانەی بۆیان هەیە لەسەر ئەم چیرۆكانە بكرێن. ئێستاش دێینە سەر بابەتی سەرەكی باسەكەمان لەسەر دەقی چیرۆكەكان.

هەر دەقێكی ڕیوایی وتوێژ و دیالۆگێكی دوولایەنەیە لە نێوان دەق و خوێنەردا و هەرچەندێكی پتانسیەلی دەقێك بۆ پەرەپێدان و گەرمتر كردنی ئەم دیالۆگە بە بڕشت‌تر بێ هەر بەو پێیە دەقەكە دەقێكی سەركەوتووترە. دەقێك كە دەرفەتی وتووێژ لەگەڵ خوێنەردا نەڕەخسێنێ و نەتوانێ پردێك بێت بۆ سازكردنی دیالۆگ، ناكرێ وەك دەقێكی سەركەوتوو لێی بڕوانین. دەق وەك بوونێكی خۆبژیو دەبێ لە ناخی خۆیدا هەڵگری ئەم هێزە بێت كە خوێنەر لە بوونێكی خەساو و مونفەعیلەوە بكاتە كاراكتێرێكی چالاك بۆ ژیانەوە و بەدەوامی‌دان بە بوونی خۆی. ئەم فاكتۆرە لە چیرۆکی “ئەو نامانەی هەرگیز نەخوێندرانەوە”دا بە‌ باشی كەڵكی لێوەرگیراوە و شێوازی گێڕانە‌وە‌ بە‌ بە‌ شێوە‌یە‌کە‌ کە‌ دە‌رفە‌تی بۆ خوێنە‌ر ڕە‌خساندووە‌ کە‌ لە‌ سووچێکی دیکە‌وە‌ بڕوانێتە‌ هە‌ست و ئیحساسی کە‌سایە‌تییە‌کان سە‌بارە‌ت بە‌ ژیان و دە‌ور و بە‌ر و بەشدار بێت لە پرۆسەی سەرلەنوێ بنیات نانەوەی دەق لە سۆنگەی كۆدە مانایی و زمانییەكانەوە. هە‌ر وە‌ک دە‌زانین لە‌ ژیانی ئاساییدا ئینسان لە‌ بار و دۆخێکی دیاریکراودا، لە‌ کۆی ئە‌و ڕووداوانە‌ی کە‌ لە‌ دە‌وروبە‌ریدا ڕوو دە‌دە‌ن تە‌نیا سە‌رنجی خۆی دە‌داتە‌ دانە‌یە‌ک لە‌و ڕووداوانە‌ کە‌ پێوە‌ندی ڕاستە‌وخۆی بە‌و هە‌ل‌و‌مە‌رجە‌ی ئە‌وە‌وە‌ هە‌یە‌ و خۆی لە‌و شتانە‌ی کە‌ لە‌ دە‌وروبە‌ریدا ڕوو دە‌دە‌ن دە‌بوێرێ. بۆ وێنە‌ شۆفیرێک کە‌ لە‌ پشت چرای سوور ڕاوە‌ستاوە‌ تە‌واوی فکر و زکری سە‌وز بوونی چراکە‌یە‌ و ئە‌و ڕووداوانە‌ی کە‌ لە‌ شە‌قام یان پێڕە‌و یان لە‌ دووکانە‌کان ڕوو دە‌دە‌ن چ گرینگییە‌کیان بۆ ئە‌و نییە‌، گرینگ سە‌وز بوونی چرایە‌ و ڕۆیشتنی ئە‌و. بە‌ڵام هونە‌ر مل ناداتە‌ ئە‌م قاعیدە‌یە‌ی ژیانی. هونە‌ر هاوکات دەپەرژێتە‌ سە‌ر چە‌ندین ڕووداو و هە‌ل‌و‌مە‌رجی تاقانە‌. ئە‌و کارە‌ی کە‌ لە‌ چیرۆکی “ئەو نامانەی هەرگیز نەخوێندرانەوە”دا کراوە‌. بۆ وێنە كەسایەتی كەیوان لەبەر پەنجەرەكەی خۆیان هاوكات هەم بیر لە باب وەك بوونێكی غایب و هەم پیرێژنی جیرانیان و هەم ئەو گەڵا چنارانەی با بە كۆڵاندا بڵاوی كردوونەوە و هەم لە دایكی و ئەوەی كە ئێستا لەگەڵ پیاوان چ دەكا و هەمیش دەفتەری نەققاشییەكەی دەكاتەوە.

چیرۆک بە گێڕانەوەی پێرسۆناژی سەرەکی یانی کەیوان دەست پێدەکا و لەگەڵ بەرەو پێش چوونی گێڕانەوە بەرە بە بەرە هەیكەل و پێکهاتەی گشتی چیرۆک دەگوورێت و شكڵ دەگرێ. ساختاری چیرۆک لە چەندین پاژ کە هەر پاژەی هەڵگری نامە یان بیرەوەرییەکی کەیوانن ساز بووە. کۆی ئەو نامانە و درێژەدار بوونیان فۆڕمی گێڕانەوە و فۆڕمی ژیانی کەیوان و دایکی ساغ دەکەنەوە. هیچ کام لەو نامانە بە تەنیا هەڵگری واتایەکی یەکجارەکی لە ژیانی ئەو کەسایەتییانە نین کە لە چیرۆکەکەدا دەور دەگێڕن، بەڵکوو مانا لە کۆی ئەو نامە بە ڕواڵەت دووپاتانە بیچم دەگرێ کە خاڵی یەگجار بچووک لێکیان جیا دەکاتەوە و ئەگەر واش نەبایە کەمایەسییەک بوو بۆ چیرۆکەکە، چونکوو چیرۆک دەیهەوێ سارد و سڕی و دووپاتە بوونی ژیانی ئەو بنەماڵەیە بنوێنێ. سارد و سڕی و تەنیایی وەک تەمێکی خەست بە فەزای چیرۆکەکەدا بڵاو بۆتەوە و تایبەتمەندییەکی بێ‌وێنەی پێبەخشیوە. تەواوی ئەو کەسایەتیانەی لە نێو چیرۆكەكەدا دەور دەگێڕن بە جۆرێک تەنیان و بە تەمای ئەوەن پێوەندییەک لەگەڵ بەرامبەر یان ئەو بەرامبەرەی غایبە ساز كەن و زۆربەی کاتەکانیش لەم حەولەدا شکست دەخۆن و هیچ پێوەندییەکی ئینسانی درێژخایەن شکڵ ناگرێ کە ببێتە هۆی ئەوە ئەو کەسایەتیانە لەو تەنیاییە سامناکەی تێی کەوتوون ڕزگار ببن. کەیوان قارەمانی سەرەکی چیرۆک کە ناتوانێ پێوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ دایکیدا ساز کا، بە نووسینی نامە لەگەڵ شەودێز و سێبەری دایکی دەکەوێتە ڕاواندن و تەنانەت کەسایەتییەکی خایاڵی بە نێوی باوک ساز دەکا و تەنیاییەکانی خۆی بۆ ئەویش دەگێڕێتەوە. دایک بە شێوەیەکی دڵتەزێن تەنیایە و چاوەڕوان. بۆ دابین کردنی تەنیایی خۆی، چنگ لە هەموو شتێک گیر دەکا و دایم وەک کاراکتێرێکی شکست خواردوو چارەنووسی پڕ لە خەم و تەنیایی خۆی دووپات و دووپات دەکاتەوە. تەنانەت ئەو پیاوانەی کە لەگەڵ دایکی کەیوان پێوەندی ساز دەکەن، لە ژیانی ئاسایی و بنەماڵەیی خۆیاندا تووشی قەیران و لێک حاڵی نەبوونێکی خەست هاتوون و ئەوانیش بەدوای دەرەتان و دەروویەکدا دەگەڕێن و هیچ کات بە ئاواتی خۆیان ناگەن. بازنەی تەنیایی ئەوانیش هیچ کات ناپسێ و بەردەوام دووپات دەبێتەوە. تەنانەت پیرێژنی بەرامبەر ماڵی کەیوانیش کەسێکی تەنیا و چاوەڕوانە. تەنیایی بە شێوەیەکی سامناک لەودا ڕەنگی داوەتەوە. تێمی چاوەڕوانی كە چاوگەیەكی ئایینی هەیە و فەزای گشتی چیرۆكەكە و تەواوەتی كەسایەتییەكانی داگیركردووە لەم پیرێژنەدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم پیرێژنە وەك نموونەیەكی ئەزەلی لە چاوەڕوانی ئینسان بە باشی داڕێژراوە. هەموو ئێوارەیەك دێتە بەر درگا و چاوەڕوانی هاتنی كەسێكی نادیارە. ئەم تێمە نەك لەم كەسایەتییەدا بەڵكوو لە سەرلەبەری كەسایەتییەكانی نێو چیرۆكدا بەدی دەكرێ. كەیوان چاوەڕێی گەڕانەوەی بابێكە كە چارەنووسی لە نێو تەم و مژدایە. دایك چاوەڕوانی هاتنی پیاوە، پیاوێك كە دەستی بگرێ  و لە زەلكاوی تەنیایی و بێ‌پشت و پەنایی بیخەڵەسێنێ. پیاوەكانی نێو چیرۆك چاوەڕێی ژنێكی تازەن، ژنێك كە دنیایەكی دیكەیە. پیرێژن چاوەنواڕی هاتنی كەسێكی بزر و نامەعلوومە.   هەرچەند ئەم پیرێژنە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە چیرۆکدا دەور ناگێڕێ و تەنیا لە دەلاقەی پەنجەرەکەی کەیوانەوە بە خوێنەر دەناسێندرێ بەڵام دەورێکی سەرەکی لە پێکهاتەی چیرۆک و سازمانی گێڕانەوەدا دەگێڕێ. ئەم پیرێژنە هێما و پەیکەرەی چاوەڕوانی و ئەو تەنیایی و لێک دابڕانەیە کە چیرۆک دەیگێڕێتەوە.

ئەو فەزا ڕەش و مردووەی نێو ماڵ و ئەو شپەرزەیەی بە نێو ماڵدا بڵاو بۆتەوە، لەگەڵ ئەو بارودۆخەی کەسایەتییەکانی تێدایە بە باشی یەک دەگرنەوە. هەلومەرجی نێوماڵ تەنیا ئەو وەختانە ئۆقرە دەگرێ و نەزم پەیدا دەکا کە کەسایەتی دایک لە سازدانی پێوەندییەکی تازە لەگەڵ پیاوێکدا سەر دەکەوێ و هەر کاتێکی ئەم پێوەندییە دەپچڕێ نەزمی نێو ماڵیش دەشێوێ و دەچێتەوە دۆخی جارانی خۆی. یانی بە تێك‌ڕووخانی پێوەندییەكی عاتفی باڵانسی ئۆقرەیی و تەكووزی نێوماڵ تێك‌دەڕمێ و ژیانی ئاسایی لاسەنگ دەبێ هەتا ئەو دەمەی پێوەندییەكی نوێ وەك پارسەنگێك ئەو باڵانسە دابین دەكاتەوە. ئەم نەوەسان و هات و چۆیە بەردەوام دووپات دەبێتەوە و تەنانەت وەختایەك چیرۆكیش بە ئاكام دەگا ئەم كایە فۆڕمی و ڕیوایەتییە بە تەعادول ناگا و هەر بەردەوامە. هێمایەكی وەك ئاوێنە زۆرجار كایەی تكنیكی پێكراوە، بە شێوەیەك كە هەركاتێكی پڕیشكەی وێدەكەوێ ئیشارەیە بۆ حەمام كردن و دڵشادی دایك و ئەوەی كە دەیهەوێ لەگەڵ پیاوێك بچێتە دەرێ و قەرارێكی عاتفی لەگۆڕێدایە. تەنانەت ئەو بۆنانەی بە نێو چیرۆكدا بڵاو دەبنەوە پێوەندییان بە وەوە هەیە كە كاراكتێری دایك چەندە لە پێوەندییە عاتفییەكانی لەگەڵ پیاواندا سەركەوتووە و هەركاتێكی ئەم پێوەندییە سەردەكەوێ بۆنی خۆش بە نێوماڵدا بڵاو دەبێتەوە و هەر كاتێكی ئەم پێوەندییە دەپچڕێ بۆنێكی ناخۆش بە وڵاتدا دەشنێتەوە.

ئەو فشارە ڕووحییەی لەسەر كەسایەتی سەرەكی داستان هەیە و ئەوی خستۆتە تەنگژەوە بە جۆرێك لەسەر كەرەستە و ئامێر و تەنانەت ناو ماڵیش بەدی دەكرێ، یانی وێكچوونێكی دوولایەنە لە نێو فەزای ڕووحی كەسایەتییەكان و ئەو فەزا مەكانییەی ئەو كەسایەتیانەی تێدا دەژین بەدی دەكرێ. گوشار و تەنگەبەری بە سەرلەبەری فەزای فیزیكی داستاندا دەشنێتەوە.«چێشتخانەكەشمان چكۆلە و شپپرزەیە و كاشی و كابینێتەكانی هەموو چڵكن و چەورن.» «دیوەكەی خۆشم چكۆلەیە و كومێدەكانی خۆشت لێ داناوە. نوێنەكانیش هێندەی دیكەیان چكۆلە كردۆتەوە.»«دەزانم ئەگەر بێیەوە ماڵەكەمان بۆ گەورە دەكەیەوە.»«چوومە دیوەكەی، دیوەكەی وەك دیوی من چكۆلە نەبوو»

 یانی ئەو گوشارەی لە نەزەر ڕووحییەوە لەسەر كەسایەتییەكانە لەسەر فەزای فیزیكیش هەر لە چاو دەدا و بوونی هەیە.

زمانێك  كە بۆ گێڕانەوەی ئەم فەزا رووحی و فیزیكییە كەڵكی لێوەرگیراوە یەگجار سادە و ساکارە و دەربڕی ئەو دنیایەیە کە کەیوان دەیهەوێ بیگێڕێتەوە. زمانێکی سادە و ڕوون و بێگرێ و گۆڵ و لە عەینی حاڵدا قووڵ و بە بڕشت بۆ دەربڕینی واتاکان. ئەو كەسایەتییانەی لەم زمانەدا شكڵیان گرتووە بەرهەمی هەڵسوكەوتی مەنتقی نووسەرە لەگەڵ ئەم زمانە ساكار و مورسەلە. لەسەرجەمدا زمانی ئەم كۆمەڵەیە جگە لە یەك دوو جێ كە ئەویش بەرچاو نییە دەروەستی دەربڕینی واتاكان هاتووە و گرفتێكی وای تێدا بەدی ناكرێ.

بەڵام لە باری تكنیكی گێڕانەوە چیرۆكی «ئەو نامانەی هەرگیز نەخوێندرانەوە» گرفتی هەیە و ئەویش پێشگۆیی كەسایەتی سەرەكی چیرۆكە. كە وەك پێشبینیكارێك بەدەم داهاتووی گێڕانەوە و سیستمی گێڕانەوەوە دەچێ و ڕوونی دەكاتەوە كە لە داهاتوودا چی ڕوودەدا. بۆ وێنە كەیوان وەختایەك لەگەڵ دایكی دەچێ بۆ ماڵی دۆستەكەی دایكی و لەگەڵ كوڕی كابرا دەدوێ چارەنووسی دایكی لەم پێوەندییەدا ڕوون دەكاتەوە و ئەو لەززەت و چێژەی كە دەبێ خوێنەر لە كەشفی لایەنەشاراوەكانی چیرۆك بیبینێ لێ دەستێنێ و بە خوێنەر دەڵێ لە داهاتوودا چی بەسەر دایكی دێ. لە حاڵێكدا لە نامەی ئاخردا، حاڵەتی زاهیری و ڕووحی دایكی دەربڕی هەموو شتێكە و پێویست بەوەی نەدەكرد لە فەسڵی پێش لە ئاخر لەم مەسەلەیە بدوێ. چونكوو چارەنووسی دایك لە بازنە و تەسەلسول و دەورێكی باتڵدا خول دەخوا و خوێنەر هەر بە هێما زمانی و ڕیواییەكاندا پەی بە پچڕانی پێوەندی نێوان دایك و كابرا دەبا. لەسەرجەمدا ئەم چیرۆكە چیرۆكێكی سەركەوتووە لەباری ساختار و زمان و چۆنییەتی گێڕانەوەوە.

ئێستاش لە كۆی ئەو نۆ كورتە چیرۆكەی نێو كتێبەكە وەك نموونە ئاماژە بە یەكیان دەكەین و لێكی دەدەەینەوە.

بەڵام لە پێشدا دەبێ ئاماژە بەم خاڵە بكەین كە فەزای گشتی كتێبەكە فەزایەكی ڕەش و پڕ لە كارەساتە و كەمتاكورت هەموو چیرۆكەكان هەڵگری كارەساتێكی ئینسانی یان ڕووحین. زۆربەی كەسایەتییەكان یان لە ژیاندا تووشی شكست هاتوون یان لە نەزەر ڕووحی و عاتفییەوە ئینسانی شكست خواردوون. ئەم شتە بە ڕوونی لە كورتە چیرۆكی ڕەنگەكاندا دەبیندرێ. تەنانەت ئەم بێ‌هیوایی و فەزا ڕەشە لە چۆنیەتی دەستپێكردنی چیرۆكدا و هەڵبژاردنی وەرزی پاییز كە وەرزی زەردهەڵگەڕان و مەرگە بەدی دەكرێ.«ئەمڕۆ یەكەم مانگ و یەكەم ڕۆژی پاییزە و سێهەمین ڕۆژە كە من هیوام بەخۆم نەماوە.» لەم چیرۆكەدا وەك تەمهیدێكی ڕیوایەتی بە باشترین شێوە كەڵك لە ڕەنگ و ڕەوانناسی ڕەنگەكان وەرگیراوە. «یەكەم ڕەنگ ڕەنگی زەردە. وەبیر زەردەخەنەكەییم دەخاتەوە. ئەمڕۆ سێهەم ڕۆژە وا سەرخۆشی كردووم، خۆم لەبیر بردۆتەوە و ئۆقرەناگرم.» ئەم چەن ڕستەیە ئاماژەن بۆ سەرهەڵدانی پێوەندییەكی عاتفی لە نێوان ئەو كچەی تەون دەكا و ئەو كوڕ یان بەرامبەرە نادیارەی كە تەنیا لە دەلاقە و پەنجەرەیەكی بچووكەوە لەگەڵی ئاشنایە.«بە پەلە دێمەوە بەر پەنجەرەكە. لە دوورەوە دەست هەڵدێنێ و ماچێكم بۆ دەنێرێ. سەرخۆش دەبم، ڕوومەتەكانم سوور هەڵدەگەڕێ و دەستم دەلەرزێ.» ئەم تەسویرە تەنیا تەسوێرێكە كە لەم چیرۆكەدا بڕێك بۆنی هومێد بە ژیانی تێدا دەبیندرێ كە ئەویش لە ڕێوە بە شكانی لیوانی ئاو لە لایەن بابەوە مەغشووش دەبێ. ئەم كورتە چیرۆكە چوار كەسایەتی تێدایە. ڕاوی كە فەڕش دەكا و خەریكە ئیلمە لە فەرشەوە وەردەدا. باب كە بەهۆی ئەو شكستەی لە ژیانی هاوسەریدا خواردوویەتی لە ڕووی هەڵنایە بچێتە نێو خەڵك و ئێستا دەردەدار و مونفەعیل كەوتووە و نەخۆشە. دایك كە بنەماڵەی بەجێهێشتووە و لەگەڵ پیاوێكی دیكە سەری ناوەتەوە. ئەو كوڕەی كە تەنیا ئێمە یەك دوو ئیشارەی دەستی لێدەبینین و هیچی دی. ڕاوی كە هاوكات كەسایەتی سەرەكی چیرۆكیشە سەرقاڵی تەونە. «دووهەم ڕەنگ ڕەنگی ڕەشە. ڕەشایی بەنەكە وەبیر گلێنەی چاوی باكمم دەخاتەوە، كە ساڵەهایە ئازارم دەدا.» ئەم ڕەنگە ئاماژەیە بۆ تێك ڕووخان و هەرەس هێنانی باب لە ژیانی هاوبەشدا كە تووڕ هەڵدراوە و ئێستا بۆتە ڕووحێكی زەلیل و شكست خواردوو.

 «سێهەم ڕەنگ ڕەنگی سوورە. پڕی دەكەمەوە. سوورایی ڕەنگەكە وەبیر چاوەكانی خۆمم دەخاتەوە.» ئەم ڕەنگە مەینەتی ژیان و دایكی بێوەفا و درۆزنی خۆی وەبیر دێنێتەوە. دایكێك كە ئەو و باوكی جێهێشتووە و ڕەدووی پیاوێكی دی كەوتووە.

«چوارەمین ڕەنگ ڕەنگی زەردە. لە ناكاو وەبیر زەردەخەنەی دایكم دەكەومەوە…» ڕەنگی زەرد هاوكات دوو ڕۆڵ دەگێڕێ هەم نیشانەی زەردەخەنەی یار و هەم نیشانەی درۆی دایكە. پێنجەم ڕەنگ ڕەنگی ڕەشە. وەك ڕەشایی چاوی من، كە ئیدی نامهەوێ چیتر ببینم.» لێرەشدا دیسان جێگۆڕكێ بە ڕۆڵی ڕەنگەكان كراوە. ڕەنگی ڕەش كە لە وەبیرهاتنەوەی بابدا هێمای چارەڕەشی بوو، لێرەدا ئاماژەیە بۆ دابڕان لەو چارەڕەشییە. هێمایە بۆ دووپات بوونەوەی چارەنووسی دایك لە سیمای كچ‌دا و ئەوەی كە كچ نایهەوێ ئەم دنیا پڕ لە هیوایەی خۆی لەگەڵ دنیای پڕ لە بێ‌هیوایی باب لێك گرێ بدا و لەگەڵ ئەو كوڕەی ئیشارەی بۆ كردووە و ماچی بۆ فڕێداوە دەڕوا بە دووی چارەنووسی خۆیدا و باب لەگەڵ سووكایەتییەكی دیكەدا بەجێ دێڵێ. لەوانەشە هێمایەك بێ بۆ ناهومێدبوونی ڕاوی و ئەوەی كە هیچ دەرەتانێك شك نابا و دەبێ تەسلیمی چارەنووسی ڕەشی خۆی بێت.

فەڕش هێمای ژیانی بنەماڵەیە كە ڕاوی دەیتەنێ و بۆ ئێمەی دەگێڕێتەوە. چیرۆكی تاڵی و شكستە و ئەوەی كە هەر ڕەنگێك دەتوانێ نوێنەری ئازار و مەینەتێكی ئینسانی بێت. هەر ئینسانێك پەیكەرێكە لە ئازار و دەردە ڕەنگاوڕەنكەكان. ژیان فەڕشێكی ڕەنگاوڕەنگ بەڵام پڕ لە ئازارە.

لە كۆتاییدا دەسخۆشی لە شەپۆل دەكەم و وەك یەكەم هەنگاو دەبێ بڵێم ئەم کۆمەڵە چیرۆکە نەك ئەزموونێكی بێ‌وێنە بەڵكوو ئەزموونێکی باش و پڕ لە هیوایە. كارێكە لە درێژەی ئەو ڕەوتە چیرۆک نووسییەی چەندین ساڵە دەستی پێکردووە و نەپساوەتەوە. ڕەوتێک کە هەر جارە ئەزموونی تازە و چیرۆکنووسی تازە و دەنگی تازەمان پێ دەناسێنێ.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>