سەرەتایەک بۆ پێناسەکردنی زانستی فنوون و ڕەوانبێژی ئەدەبی لە ئەدەبیاتی کوردی
جەعفەر قەهرەمانی
ماستەری زمان و ئەدەبی فارسی
کورتە
زانایانی ئه‌ده‌بی به کۆی سێ زانستی: مه‌عانی، به‌یان و به‌دیع فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی ده‌ڵێن. مه‌به‌ستی له داهێنانی فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی له کۆمه‌ڵگای موسڵماناندا سەرەتا لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌مزی ئێعجازی ئایه‌ته‌کانی قورئانی پیرۆز بووه. ورده ورده فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی وه‌ک زانستێکی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ و ڕوانینێکی نوێ له گۆره‌پانی ئه‌ده‌بیدا خاوه‌نی شۆن و پێگه‌ی تایبه‌ت به خۆی بوو. لەم وتارە بەشی یەکمی ئەو زانست(بەدیع) لێکدانەوەی لەسەر کراوە. بابه‌تی ئەم وتارە باسێک لەسەر مێژووی فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی و بە تایبەت زانستی بەدیعە.
مه‌به‌ست له‌و لێکۆلینه‌وه‌یه ته‌نیا ئه‌وه نییه که بسه‌لمێنین شێعری کلاسیکی کوردی به‌هره‌ی جوانناسی هه‌یه‌و به‌س؛ به‌ڵکوو سه‌لماندنی ئه‌و بابەتەیە که شاعیرانی کورد، شاره‌زای کاریگه‌ری فنوون و ڕه‌وانبێژی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر ڕواڵه‌ت و ناخی وته‌ی ئه‌ده‌بی بوون. هه‌ر بۆیه به‌و په‌ڕی تێگه‌یشتوویی به‌هره‌یان له‌و زانسته(فنوونی ڕه‌وانبێژی ئه‌ده‌بی) بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی شێعر و ئەدەبی کوردی وه‌رگرتووه. شرۆڤه کردنی ئەو زانستە له شێعری کلاسیکی کوردی، به‌ڵگه‌یه‌که بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه. لەم وتارە تەنیا بابەتە سەرەکیەکان تاوتوێ دەکرێن. ڕه‌وتی به‌کارهاتوو له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه، ڕه‌وشتی ئێسنادی و کتێبخانهیییه؛ که له فیشنووسی له‌سه‌ر بابەتەکان پێکهاتووه.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان: به‌دیع، فنوون و ڕه‌وانبێژی ئه‌ده‌بی ، به‌دیعی وێژه‌یی
سەرەتا
یه‌کێک له تایبه‌تمندییه‌کانی شێعری کلاسیکی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ندی له بواری فنوون و ڕه‌وانبێژی ئه‌ده‌بییه. بەڵام تاکوو ئێستا له ئه‌ده‌بیاتی هاوچه‌رخی کوری وه‌ک زانستێکی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ نه‌ناسراوه و گه‌شه‌یه‌کی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه؛ یان هه‌ر له زۆر توێژینه‌وه‌دا ته‌نیا قه‌ناعه‌ت به چه‌ن زاراوه‌ی به ههڵهناسراو کراوه و به‌س. ئه‌وه له حاڵێک دایه که شێعر و په‌خشانی کوردی، خاوه‌نی گه‌نجینه‌یه‌کی گه‌وره‌ی فنوون و ڕه‌وانبێژی ئه‌ده‌بییه. فنوون و ڕه‌وانبێژی ئه‌ده‌بی به ته‌رازووی هه‌ڵسه‌نگاندنی بایه‌خی ئه‌ده‌بی شێعر و په‌خشان ناسراوه.
فێردینان برۆنتیر[۱]( ۱۸۴۹- ۱۹۰۶) ، مامۆستای ئه‌ده‌بیاتی فه‌ڕانسه وته‌یه‌کی به نرخی هه‌یه” ئێمه هیچ کات خۆمان ناناسین، ئه‌گه‌ر ته‌نیا هه‌ر خۆمان بناسین“. هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئه‌زموونه، کاتێک ئه‌ده‌بیاتی کوردی ده‌ناسرێ که له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی جیهان و یان ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بیاتی دراوسێکانی به‌راوه‌رد بکرێ. بۆ نه‌موونه به به‌راوه‌ردی ئهدهبیاتیفارسی و ئه‌ده‌بیاتی کوردی به‌و ڕاستییه ئه‌گه‌ین که ئه‌ده‌بیاتی کوردیش وه‌ک ئه‌ده‌بیاتی فارسی خاوه‌نی هه‌زاران به‌رهه‌می جیهانی و ئه‌دیب و زانای خاوه‌ن بیره. به‌ڵام هۆکاری سه‌ره‌کی به ناوبانگ بوونی بیرمه‌ندان و نووسه‌ران و شاعیرانی ئه‌ده‌بی فارسی له چی دایه؟
له وه‌ها رۆژگارێک که ئه‌ده‌بیات، گه‌وره‌ترین و بەهێزترین فاکتۆر بۆ پێناسه‌کردنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که، ئێمه‌ی کورد خۆمان تا ئه‌وڕۆ زۆری ناوه‌رۆک و تێمی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی کوردیمان به شێوازێکی زانستی نه‌ناسیوه و لێکۆڵینه‌وه‌مان له‌سه‌ر نه‌کردوون؛ ئه‌ی چۆن دونیای ئه‌ده‌بی، نووسه‌رانی خاوه‌نبیری ئه‌ده‌بیاتی کوردی و به‌رهه‌مه‌کانیان بناسێ؟ ئه‌وه‌ش هه‌مووی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر که‌مته‌رخه‌می خۆمان که حه‌ولمان نه‌داوه به گشتی ناوه‌ڕۆکی ئه‌ده‌بی کوردی، نه ته‌نیا به دونیای ده‌ره‌وه، به‌ڵکوو به‌و که‌سانه‌ی که باوه‌ڕیان به کزی ئه‌ده‌بیاتی کوردی و لاوازبوونی بیرۆکه‌ی شاعیران و نووسه‌رانی کورد هه‌یه، شرۆڤه بکه‌ین.
له ئه‌ده‌بیاتی فارسی بۆ نه‌موونه حافزێکی شیرازی هه‌یه و سه‌دان حافزناسی پسپۆڕ که حافز و بیری حافزیان به جیهان ناساندووه. به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا زۆر شاعیری هاوشانی حافزمان هه‌یه که به‌داخه‌وه نه ته‌نیا نه‌ناسراون، به‌ڵکوو تۆزی فه‌رامۆشییان له سه‌ر نیشتووه.
له ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا ئێستاش زۆر بابه‌ت و زانستی ئه‌ده‌بی وه‌ک: ئه‌ده‌بیاتی به‌راوه‌رد، داستانی، حه‌ماسی، نه‌مایشی، فنوونی ڕه‌وانبێژی ئه‌ده‌بی(فنوون و به‌ڵاغه‌تی ئه‌ده‌بی)، ژانری ئه‌ده‌بی(Theory of literature) هه‌تد، هه‌یه که یان نه‌ناسراون یان لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی تێر و ته‌سه‌لیان له‌سه‌ر نه‌کراوه. ئه‌وه له حاڵێک دایه که له رۆژگاری به جیهانیبووندا گه‌وره‌ترین ناسنامه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌ده‌بیاته.
به بڕوای زۆربه‌ی بیرمه‌ندان، چه‌ن هۆکار وکۆسپ نه‌یهێشتووه ئه‌و جۆره‌ی که ئه‌ده‌بیاتی کوردی شیاوێتی، خۆی بنوێنێ و بوونی خۆی له زۆر بواری ئه‌ده‌بیدا بسه‌لمێنێ. بۆ نه‌موونه: نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌ده‌بی ئه‌وتۆ، پشتگری نه‌کردن له زمان و ئه‌ده‌بی کوردی، نه‌بوونی شوێن یا بنکه‌یه‌کی تۆێژینهوهیی، که‌مته‌رخه‌می خۆمان و هه‌زاران هۆکاری تر بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که زۆر بابه‌تی ئه‌ده‌بی کز یان له گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بیدا نه‌ناسراو بن. سەرەڕای ئەو هەموو کۆسپ و گرفتانە ئەدەبی کوردی نەتەنیا نەفەوتاوە و لەبیر نەچۆتەوە بەڵکوو بە شانازیەوە لە زۆر گۆڕەپانی ئەدەبیدا بوونی خۆی سەلماندوە. ئەرکی سەر شانی هەمووانە کە هەر کام بە هەڵدانەوەی لاپەڕێکی نوێ لەڕووی ئەو ئەدەبە هەوڵ و تێکۆشانمان بێ.
فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی
زانایانی ئه‌ده‌بی به کۆی سێ زانستی مه‌عانی، به‌یان و به‌دیع فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی ده‌ڵێن. ناوه‌ندی سەرهەڵدانی
ئەو زانستە وه‌ک زۆربه‌ی زانسته‌کان، وڵاتی یونانه. “ئه‌ره‌ستوو” به نووسینی دوو کتێبی “الخطابه و فن شعر” بناغه‌ی زانستی فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی داڕشت و سه‌لماندی نه ته‌نیا له فه‌لسه‌فه به‌ڵکوو له داهێنانی زانستی ڕه‌وانبێژیش پێشهنگاوه. دوو کتێبی” الخطابه و فن شعر ” که له زمانی سوریانی وه‌رگێڕدراونه‌ته‌وه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، سه‌ره‌تای پێناسه‌کردنی فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی به ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بیات فارسیش بووه.
له ئه‌ده‌بیات عه‌ره‌بیدا به قه‌ڵه‌می نووسه‌رانێکی وه‌ک بێشرێبن موعته‌ز، قازی جورجانی، عهبدولقاهێری جورجانی و هتد، فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی وه‌ک زانستێکی سەربەخۆ ناسرا.
یه‌کم جار سهکاکی له کتێبی(مفتاح والعلوم)فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی به سێ زانستی مه‌عانی، به‌یان و به‌دیع دابه‌ش کرد. نووسه‌رانێکی وه‌ک:موحهممهدێبن عومه‌ر رادویانی(ترجمان البلاغه)، شهمس قه‌یس رازی(المعجم فی معاییر الاشعار العجم)و ره‌شید وهتوات(حدائق السحر فی دقائق الشعر)و هتد، فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبییان به زمان و ئه‌ده‌بیاتی فارسی پێناسه‌کرد.
زانایان و شاعیرانی کورد هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕەکانی ئه‌ده‌بی جیهانی، زۆر زوو هه‌ستیان به پڕبایخ بوونی فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئه‌ده‌بیاتی کوردی کرد. لێکۆلینه‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌تای له دیوانی شاعیرانی وه‌ک: نالی، مه‌حوی، هێمن، ئەدەب و هتد، ده‌وڵه‌مه‌ندی شێعر کوردی له بابەت فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی ده‌سه‌لمێنێ.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له داهێنانی فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی له کۆمه‌ڵگای موسڵماناندا سەرەتا لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌مزی ئێعجازی ئایه‌ته‌کانی قورئانی پیرۆز بووه. بۆ نه‌موونه: له ئایه‌تی” واعتصموا بحبل الله جمیعا“[۲] ئه‌گه‌ر نه‌زانین که “حبل الله” له‌و ئایه‌ته‌دا ڕازه‌ی خوازه‌یه، ڕه‌نگه تووشی هه‌ڵه بین و واتای سه‌ره‌کیمان بۆ روون نه‌بێته‌وه.
وره‌ده ورده فنوون و ڕه‌وانبێژی ئەدەبی وه‌ک زانستێکی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ و به مه‌به‌ستی جیاواز و ڕوانینێکی نوێ له گۆره‌پانی ئه‌ده‌بیدا خاوه‌نی پێگه‌ی تایبه‌ت به خۆی بوو.
زانستی به‌یان
زانستی “به‌یان ” رێگای هاتنه ژۆر به دونیای ته‌ماوی ئه‌ده‌بیات و پێناسه‌کردنی ڕه‌مزی زمانی ئه‌ده‌بییه. هه‌ر زانستێک بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن، پێوه‌ر، شێواز و یاسای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. بۆ نه‌موونه: ڕاستی و دروستی بابه‌ته‌کانی زانستی کیمیا له ئه‌زموونگه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ و به تاقیکردنه‌وه ئهسهلمێندرێن یان ڕه‌ت ده‌کرێنه‌وه. زمان وه‌کوو گشت زانستەکان پێویستی به ئه‌زموونگه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. زانستێ که ڕاستی و دروستی وته لێکئه‌داته‌وه “رێزمانه”ه. ڕێزمان، ئه‌زموونگه‌ی زمانه. دوای ئه‌وه که وته مه‌رجی ڕاست بوونی خۆی وه‌رگرت، ئه‌وکات ده‌بێ له قۆناغی پاراوی و ڕه‌وانیشی مه‌رجی ڕاست بوونی هه‌بێ. زانستی”به‌یان”په‌یوه‌ندی به واتاوه هه‌یه؛ هه‌ر بۆیه پوختی و ناپوختی و پله‌ی داهێنه‌ری به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ.
زانستی”به‌یان”زانستێکی جیهانییه و تایبه‌ت به زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاری کراو نییه؛ لێکچوویی و خوازه چۆن لە شێعری شاعیرێکی فارس یان عەرب واتای هه‌یه؛ هه‌ر به‌و جۆره‌ش له شێعری شاعیرانی کورد واتای هه‌یه. هونه‌رمه‌ند مرۆڤێکه خه‌یاڵی، ته‌سویری و عاتفی بیر ده‌کاته‌وه، ده‌بینێ و ده‌نووسێ. دەتوانین بڵێین که به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بی به گشتی له یه‌ک رێزمانی جیهانی په‌یڕه‌وی ده‌کن و شاعیر فیتره‌تێکی جیهانی هه‌یه.
زمانی ئه‌ده‌بی، زمانێکه خه‌یاڵاوی و تهسهویری یانی تێکه‌ڵاو له چواندن و خوازه و مه‌جاز و کینایه. به که‌سێک شاعیر و هونه‌رمه‌ند ده‌لێن که زه‌ینێکی وێنه‌ساز و خوڵقێنه‌ری بێ. شاعیر به شێوه‌ی لێکچوویی و خوازه‌یی بیر ده‌کاته‌وه؛ زمانیشی هه‌ر خوازه‌یی و لێکچوویییه. له ئه‌ده‌بی کۆن و نوێی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی دونیا زانستی به‌یان بایخێکی زۆری ئه‌ده‌بی پێبه‌خشراوه.
زانستی”به‌یان “ده‌ربڕینی واتایه‌کی تاک به شێوازی جۆراوجۆر و جیاوازه، به‌و مه‌رجه‌ی که جیاوازی ئه‌و شێوازانه له ته‌سویری ته‌خه‌ییولی(خیاڵاوی) بووندا بێ. یانی وته و ساڕسته له بابه‌ت و ڕوانگه‌ی ته‌خه‌ییولی جیاواز بن. بۆ وێنه له ڕستهیە:” باران ده‌بارێ” له ڕوانگه‌ی “زانستی به‌یان” ده‌کرێ به چه‌ن جوری جیاواز ئه‌و ڕسته‌یه بوتریکه له بابه‌ت دیار بوون و نادیار بوون یان ڕوونی و ناڕوونی مه‌به‌ست جیاواز بن. وەک:” چاوی هه‌ور ده‌گری” هه‌ر ئه‌و واتایه‌ی پێشوو به‌که‌ڵکوه‌رگرتن له خوازه وتراوه. له ڕسته‌ی “مرواری باران له چاوی هه‌ور ده‌تکێ“ئه‌و واتایه به که‌ڵکوه‌رگرتن له لێکچوویی و خوازه وتراوه. یان به جێی ئه‌وه‌ی بڵێین” شێوه‌ی ئه‌و زۆر جوانه” دەتوانین بڵێین”شێوه‌ی ئه‌و وه‌ک مانگ“ه یان “وه‌ک گوڵه”. له نیگای تهخهییوڵهوه له به‌ینی واتای سه‌ره‌کی ئه‌و دوو ڕسته‌یه جیاوازی نییه، چون هەر دوو ڕستەکە واتایەک دەگەیەنن. (علوی مقدم و اشرف زادە، ١٣٨٦: ٨٥)
لێکدانه‌وه‌ی پاراوی و ڕه‌وانی وته، بابه‌تی زانستی”مه‌عانی“یه. بابه‌تی زانستی “به‌یان” شێوه‌گه‌لی خه‌یاڵییه. له‌کتێبه مێژوویەکانی فنوون و ڕەوانبێژی ئه‌ده‌بیدا، زانستی به‌یان بەو جۆرە پێناسەکراوە: زانستی به‌یان ئەو بابەتە لێکدەداتەوە که چۆن ده‌کرێ واتایەک به چەن شێوه‌ی جیاواز بوترێ که له بابه‌ت دیاربوون و نادیاربوون، له گه‌ڵ یه‌ک جیاوازییان هه‌بێ.
واتایه‌کی تاک ده‌کرێ به شێوەی جیاواز به‌یان بکرێ. ئه‌و شێوه جیاوازانه بریتین له: ئیجاز، ئێتناب و ته‌ئکید. ئه‌وه‌ی که تایبه‌ت به شێوازی ئه‌ده‌بییه، سووهری خه‌یاڵه یانی: لێکچوویی، خوازه، کینایه، سه‌مبوول و هتد، که له هه‌موان گرینگتر به‌شی لێکچوویی و خوازه‌یه. بۆ نموونه له سروشتدا مانگ به هۆی جوانی و ڕووناکییه که دڵخوازی بیری خیاڵاوی مرۆڤه. به‌ڵام وێنه‌ی تابڵۆیه‌کی سروشت به هۆی کامه تایبه‌تمه‌ندی بایخی هه‌یه و زه‌ینی مرۆڤ بو لای خۆی ڕاده‌کێشێ؟وه‌ڵامی پرسیاره‌که ڕوونه، به هۆی لێکچووییەکی کە له گه‌ڵ وێنەی سروشتی راسته‌قینه هه‌یه‌تی. (شمیسا، ١٣٨٥: ٢٨،٢٩،٣٠)
زانستی مه‌عانی
زانستی مه‌عانی باس لە واتای دووهەمی(ثانوی) وتە دەکا. یانی مەبەست لە واتا، واتای هەوڵی ڕستە یان ڕوالەتی وتە نییە؛ بەڵکوو واتای دووهەمی یانی مەجازییەکە وێژەر بە کەڵوەرگرتن لەو واتایە ئامانجی لە دەربڕینی وتە بە خوێنەر دەگەیەنێ. بەواتایەکیکە، ڕستەیەک دەکرێ دوو یان چەند واتای هەبێ کە یەکیان سەرەکی و ئەوانیتر ناسەرکی بن، بەڵام مەبەستی وێژەر ئەو واتایەیە کە شیاوی بارودۆخی ویستەکەیەتی.
وێژەر بە کەڵوەرگرتن لەو زانستە(مەعانی)ئەوی لە ناخیدایە بەرانبەر بە بارودۆخی بیسەر دەریدەبڕێ و مانایەکی دووهەمی کە لە پێکهێنانی ڕستە پێکدێ باس دەکات. کەڵکی سەرەکی زانستی مەعانی ناسیاو کردنی ئێمە لەگەڵ هێزی زمانە بەو هۆیە کە بتوانین لە بارودۆخی جۆراوجۆر و گونجاو‌دا کەڵک لەو هێزە وەرگرین بۆ ئەوەی وتەی گاریگەر بلێین.(شمیسا، ١٣٨٥: ٣١)
زانستی به‌دیع
وشه‌ی به‌دیع[۳] به واتایی “نوێ و تازه”یه. له زاراوه‌ی ئه‌ده‌بیدا به ئارایشی وته‌ی پاراو(فه‌سیح) و ڕه‌وان( به‌لیغ) له شێعر و په‌خشاندا، به‌دیع ده‌ڵێن. زانستی به‌دیع یه‌کێک له به‌شه هه‌ر به‌نرخه‌کانی فنوون و ڕه‌وانبێژی ئه‌ده‌بییه. زانستی به‌دیع له دوو به‌شی سه‌ره‌کی: به‌دیعی وێژه‌یی و به‌دیعی واتایی پێکهاتووه. به‌دیع، باسی ته‌سویری جوانی وته ده‌کا. بهواتایهکیکه، زانستی به‌دیع کۆمه‌ڵه فه‌ن وفووتێکه که وته‌ی ئاسایی که‌م و زۆر ده‌کاته وته‌ی ئه‌ده‌بی یان وته‌ی ئه‌ده‌بی به ڕووکارێکی به‌رزتری ئه‌ده‌بی ده‌گه‌یه‌نێ.(همایی، ١٣٦٣: ۸)
بۆ نموونه: هۆیه‌کی که به‌و دێڕه‌ی حاجی قادر بایه‌خی ئه‌ده‌بی ئه‌به‌خشێ که‌ڵکوه‌رگرتن له وشه‌ی”خه‌تا” به دوو واتای جیاواز له یه‌که(هاوشێوەی ته‌واو).
ئه‌گه‌ر خاڵت بڵێم میشکی خه‌تایه عه‌زیزی من ئه‌مه‌م عه‌ینی خه‌تایه
حاجی قادری کۆیی
خه‌تا(ی یه‌کم): ناوچه‌یه‌که له وڵاتی چین به جۆره مامزێک ناوداره که میشک، تۆرهیهکی چکۆله‌ی به‌قه‌د هێلکه‌یه‌که له بن سینگ و له حاستی ناوكی ئه‌و مامزانه دایه که بۆن خۆشێکی ره‌نگ ڕه‌شه. خه‌تا(ی دووه‌م): لێردا به واتای هه‌ڵه و خه‌تا کردن دێ. ئه‌گه‌ر به جێی خه‌تای دووهه‌م “هه‌ڵه” دانێین ئیتر وته‌که بایخی ئه‌ده‌بی نامێنێ. له‌و دێڕه‌ی خواره‌وه‌شدا هۆکاری ئه‌ده‌بی بوونی وته‌که ”ئیهام” له وشه‌ی “دینه” و هاوشێوەی موڕه‌که‌ب له به‌ینی دوو وشه‌ی “مه‌دینه، مه دینه” (هاوشێوەی موڕهکهبی جیا)یه.
روحم به فیدات ئه‌ی گوڵی گوڵزاری مه‌دینه
لوتفت هه‌بێ روو وابکه مه‌قسوودی مه، دینه
وەفایی
له به‌ینی دوو وشه‌ی”مه‌دینه، مه دینه”هاوشێوەی موڕهکهبی جیا(دابڕاو)هه‌یه، هه‌ر وه‌ها له وشه‌ی” دیندا” ئیهام هه‌یه؛ هه‌م به واتای دیتن و هه‌م به واتای ئیمانه.
ئه‌و وردبوونه‌وه‌یه که بوونی ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندێ هونه‌ریانه‌ی به‌ینی وشه‌کان گه‌وره ده‌کاته‌وه و له ڕۆحی خوێنه‌ر سۆزی خۆشی به‌دی دێنێ. به‌کورتی به‌دیع، باسی جوانی واتایی و جوانی وێژه‌یی وشه‌کان ده‌کا.
ڕازه‌ی بەدیعی چییه؟
واته زمانی ئه‌ده‌بی، زمانێکه که له ڕوانگه‌ی واتا و مۆسیقاوه له زمانی شێوازه‌کانی که‌ی وه‌ک: زمانی هه‌ر رۆژ یان پێوه‌ر(زانستی،مێژووی…) جیاوازه. هه‌ر جۆره لادان و گۆڕان به شێوازی هونه‌ری له زمانی ئاسایی(چ له واتا و چ له ڕواله‌تی وشه) خاڵ یان ڕازه‌ی به‌دیعی پێده‌لێن.
به‌دیعی وێژه‌یی
ڕازه‌کانی وێژه‌یی یان وێژه ئارا به‌و ڕازانه ده‌ڵێن که به‌دیهێنه‌ری جوانی و ڕازێنه‌ره‌وه‌ی دیمه‌ن و ڕواڵه‌تی وته‌ن. زۆر جار به که‌ڵکوه‌رگرتن له ڕازه‌کانی وێژه‌یی وته‌یه‌کی ئاسایی به پله‌ی ئه‌ده‌بی ده‌گا و زۆر جار بایخی وته‌ی ئه‌ده‌بی بەهێزتر ده‌بێ.
جوانی وێژه‌یی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به وێژه‌وه هه‌یه؛ بەڵام جوانی واتایی به شێوه‌یه‌کی ناراسته‌وخۆ و به په‌یره‌ویکردن له ڕازه‌کانی وێژه‌یی کاریگه‌ری له سه‌ر ناخی وێژه هه‌یه. له به‌دیعی وێژه‌ییدا به گۆڕانی وێژه، جوانی ڕازه‌کان که‌م ده‌بێته‌وه و یان له‌به‌ین ده‌چێ؛ هه‌ر وه‌ک جل و به‌رگی جوان که به ده‌رهێنان و دانانی، له‌ش له جوانی ئه‌و به‌رگانه بێبه‌ش ده‌بێ. به واتایهکیکه، له ڕازه‌کانی وێژهئاڕا ته‌واوی جوانی وته راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به وێژه‌وه هه‌یه. به گۆڕانی وێژه و پاراستنی واتا ئه‌و جوانێش له به‌ین ده‌چێ. بۆ نموونه له‌و ڕسته‌یه‌دا:
پیاو لاشه‌ی له ناوگۆڕ بێ، نه‌ک بمێنێ و سه‌ر شۆر بێ.(هەژار)
ئه‌وه‌ی که به‌و ڕستەیه بایخی ئه‌ده‌بی ئه‌به‌خشێ، بوونی سه‌جع له به‌ینی دوو وشه‌ی”ناوگۆر و سه‌ر شۆر“ه، ئه‌گه‌ر به جێی سه‌ر شۆر”ڕوو ڕه‌ش ” که له‌و ڕسته‌یه‌دا هاو واتان بێنین هه‌ر چه‌ن که وته‌که هه‌ر ئه‌و واتایه‌ی پێشوی هه‌یه به‌ڵام بایخی ئەدەبی کەم ده‌بێتەوە و وەک وته‌یەکی ئاسایی هەڵدەسەنگێندرێ.
هه‌ر جۆره وشه‌یه‌ک که لایه‌نی وێژه‌یی هه‌بێ و مۆسیقای وته له ڕوانگه‌ی فۆنێتیکی به‌دیبێنێ یان بەهێزتری کا به‌دیعی وێژه‌یی پێده‌لێن. له به‌دیعی وێژه‌یی مه‌به‌ست ئه‌ویه که بزانین بڕێ جار رێک‌وپێکی وته‌ی ئه‌ده‌بی به هۆی په‌یوه‌ندی زۆری فۆنێتیکی و مۆسیقایی به‌ینی وشه‌کانه. یانی ئه‌و تاڵ و زنجیره نهدیتراوهیکه وشه‌کان پێکگرێئهدا و پێکهاته‌ی ئه‌ده‌بی به‌دی دێنێ، ماهییه‌تی فۆنێتیکی و مۆسیقایی هه‌یه.
رۆڵی به‌دیعی وێژه‌یی، سه‌رجه‌م له‌کن یه‌ک دانانی ئه‌و وشانه‌یه که ده‌نگدار و بێده‌نگه‌کانیان به ته‌واوی وه‌ک یه‌کن یان په‌یوه‌ندی ڕێژه‌یییان هه‌یه. به‌دیعی وێژه‌یی مۆسیقای به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی شێعر و په‌خشان زۆرتر دەکا. پێگەی به‌دیهاتنی ڕازه‌ی وێژه‌یی یان ڕسته‌یه(هه‌ر میسراعێکی شێعر یه‌ک رسته‌یه)یان وته‌یه.
به‌شی زۆری ڕازه‌ی وێژه‌یی له دوو وشه‌دا توێژینه‌وه‌ی له سه‌ر ده‌کرێ؛ به‌ڵام ده‌بێ له بیرمان بێ که وشه‌کان له ڕسته‌دا رۆڵی سەرەکی وکه‌ڵکیان هەیە. جاری وایه ڕۆڵی ڕازه‌ی وێژه‌یی له مه‌رزی یه‌ک ڕسته تێپه‌ڕ ده‌بێ و به‌چه‌ن ڕسته ده‌گا، یان له دوو ڕسته زۆرتر دەبێ.
به‌دیعی واتایی(مه‌عنه‌وی)
به‌دیعی واتایی باس له فووت و فهننێکه که مۆسیقای واتایی وته زۆرتر ده‌کا. به زانستی جوانکاری واتایی،که ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری له سه‌ر ناوه‌رۆک و ڕۆحی وته هه‌یه و وێژه به ڕووکارێکی به‌رزی واتایی ده‌گه‌یه‌نێ، به‌دیعی واتایی ده‌ڵێن. به‌دیعی واتایی، جیا له ڕازاننهوهی ناخی وێژه تا ڕاده‌یه‌ک له سه‌ر ڕواڵه‌تی وته‌ش کاریگه‌ری هه‌یه و نهموودی وته‌ش ده‌ڕازێنێته‌وه و په‌یوه‌ندی واتایی تایبه‌ت له به‌ینی وشه‌کان پێکدێنێ. لە به‌دیعی واتایی، یه‌کگری واتایی له به‌ینی دوو یان چه‌ن وشه زه‌ق ده‌بێته‌وه.
به‌شێک له‌و فه‌ن و فووتانه له گه‌ڵ زاتی شێوازی ئه‌ده‌بی په‌یوه‌ندییان هه‌یه. وه‌ک: شوبهاندن، مه‌جاز، خۆازه، کینایه، موبالیغه، ئیهام و ئیهامی ته‌ناسوب و هتد، یانی هیچ به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی نییه که ئه‌و ڕازانه‌ی تێدا به‌دی نه‌کرێ. ئه‌و فه‌ن وفووتانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه که وته خه‌یاڵی و ته‌سویری بێ و له زمانی ئاسایی دوور که‌وێته‌وه. زنجیرێک که وشه‌کان به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری پێکگرێئهدا ته‌ناسوبی واتایییه.
سەرەنجام
شاعیری شێوه‌کار بۆ ڕه‌نگکردنی وێنه‌کانی خه‌یاڵی بە قهڵهمووی وشه و به ڕه‌نگه‌کانی جۆراوجۆر، تابڵۆکانی زه‌ینی و خه‌یاڵی له ناو دێڕه‌ی شێعره‌کاندا ده‌خولقێنێ. لەو وتارە تەنیا قەناعەت بە لێکدانەوەیەکی گشتی لەسەر زانستی فنوون و ڕەوانبێژی ئەدەبی کراو. له لێکدانەوەی بابەتی ئەو زانستە بەو سەرنجامە دەگەین کە شاعیرانی کورد بە شێوازێکی زانستی فنوون و ڕەوانبێژی ئەدەبیان ناسیوه.
بۆمان ده‌رکه‌وت شاعیرانی کورد زۆر پسپۆڕانە و بە مەبەستی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی شێعر کوردی و ڕازاننهوهی ڕواڵه‌ت و ناخی وته‌ی ئه‌ده‌بی(شێعر و په‌خشان) که‌ڵکیان له و زانستە وهرگرتو وه.
ڕه‌نگه ئه‌و توێژینه‌وه‌یه نه‌یتوانیبێ زۆر به‌باشی و له چوارچێوه‌ی بنه‌ماکانی زانستی فنوون و ڕەوانبێژی زۆر بابەت پەیوەندیدار بەو زانستە شیکاته‌وه؛ به‌ڵام هیوادارم ئه‌و چه‌ن لاپه‌ڕه ببێته هۆی به‌دیهاتنی هه‌زاران به‌رهه‌م و نووسراوه‌ی پڕبایه‌ختر له سه‌ر زانستی فنوون و ڕەوانبێژی ئەدەبی. به‌و ئاواته که ئەدەبیاتی کوردی، به شێوه‌ی ئاکادێمیک له ته‌واوی بابه‌ت و زانستە ئەدەبێکاندا هه‌زاران نووسراوه و به‌رهه‌می نوێی لێ بکه‌وێته‌وه. بەو هیوایەی کە ئەو دەرفەتە بڕەخسێ کە لە وتارەکانی کەدا بەوردی هەر کام لە بەشەکانی زانستی فنوون و ڕەوانبێژی ئەدەبی و بە تایبەت زانستی بەدیع و ڕازەکانی بەدیعی شیکرێنەوە و بە هێنانەوەی نەموونەی شێعری، بە شێوازێکی زانستی ئاراستە بکرێن.
سه‌رچاوه‌کانی فارسی
۱٫آریان پور، عباس و من‌و چهر(۱۹۹۵)، فرهنگ انگلیسی به فارسی، انتشارات امیرکبیر
۲٫آهنی، غلام‌حسین(۱۳۵۷)، معانی و بیان، نشر مدرسه عالی ادبیات و زبانهای خارجی، چاپ اول
۳٫جرجانی، عبدالقاهر(۱۳۷۰)، اسرار البلاغه،ترجمه دکتر جلیل تجلیل، انتشارات دانشگاه تهران، چاپ سوم
۴٫خانمحمدی، محمد حسین(۱۳۸۴)،علم بدیع(آشنایی با آرایههای سخن) ق‌م، انتشارات امیرالمومنین
۵٫ذکایی، نعمت الله(۱۳۶۴)، نقد الشعر، نشر عرفان، چاپ اول
۶٫رادویانی، محمد بن عمر(۱۳۳۹)، ترجمان البلاغه، تهران، انتشارات بینا
۷٫رازی، شمس قیس، المعجم فی معاییر الاشعار العجم(۱۳۷۳)، انتشارات فردوس، چاپ اول
۸٫رجایی شیرازی، محمد خلیل(۱۳۵۹)، معالم البلاغه، چاپ شیراز
۹٫شفیعی کدکنی، دکترمحمد رضا(۱۳۶۶)، صور خیال درشعر فارسی، نشرآگاه
۱۰٫شمیسا، دکترسیروس(۱۳۷۸)، نگاهی تازه به بدیع، انتشارات فردوس
۱۱٫شمیسا،دکتر سیروس(۱۳۸۵)، بیان، انتشارات میترا، تهران
۱۲٫علوی مقدم، مهیار( ۱۳۷۷)، نظریه نقد ادبی معاصر،تهران، انتشارات سمت
۱۳٫علوی مقدم، محمد و دکتر اشرف زاده( ۱۳۸۶)،معانی و بیان، تهران، انتشارات سمت
۱۴٫فضیلت، محمود( ۱۳۷۱)، آرایههای ادبی در زبان فارسی، نشر دانشگاه رازی، چاپ اول
۱۵٫قریب گرگانی، شمس العلما( ۱۳۷۷)، ابدع البدایع، انتشارات احرار، چاپ اول
۱۶٫کزازی، جلال ا‌لدین(۱۳۸۹)، زیباشناسی سخن پارسی ۳(بدیع)، نشرمرکز
۱۷٫واعظ کاشفی، کمال ا‌لدین(۱۳۶۹)، بدایع الافکار فی صنایع الاشعار، نشر مرکز، چاپ اول،
۱۸٫وحیدیان کامیار، تقی(۱۳۸۳)، بدیع از دیدگاه زیباشناسی، انتشارات سمت، تهران
۱۹٫همایی، جلال ا‌لدین(۱۳۶۳)، فنون و بلاغت و صناعات ادبی، تهران نشرهما
[۱] Ferdinand Brunetière
- جارێک له سووڕه‌ی به‌قهره ئایه‌تی ۱۱۷ که ده‌فرمێ: «بدیعالسموات و والارض و اذ قضی امراً فانما یقولُ لَهُ کن فیکون و جارێکی که له سووڕه‌ی ئه‌نعام ئایهتی۱۰۱دهفرمێ:بدیعالسموات و الارض انی یکون له ولد و لم تکن له صاحبه وخلق کل شیءٍ و هو بکل شیءٍ علیم»
سپاس بۆ وتارە بەنرخەکان مامۆستای هێژە، بەردەوایتان بۆ ئاواتەخوازم و بەو هیوایەی پێنووستان هەروا لە ڕێی روونکردنەوەی بابەتە نوێەکانی ئەدەبیاتی کوردی زێڕین بێ . چاوەڕوانی وتارە بەنرخاکانتان لەسەر ئەو بابەتەین. هەر بژین
براتان رێبوار – زانکۆی سلێمانی
سپاس کاک ڕێبوار هیوادارم ئەم وتارە کردنەوەی دەلاقەیەکی چکۆلە لە ڕووی ئەو زانستە بێ. بەو هیوایە
زور جوان و به هیز بوو ماموستا. هیوادارم دیسان و زیاتر له وتاره به نرخانه له جه نابتان ببینین…
خۆشحاڵم کە توانیبێم تەنیا وەڵامدەرەوەی پرسیارێکی بەرێزتان بوبێم. سپاس بۆ ئێوەش
ده ستت خۆش بێ و ماندوو نه بی.زۆر جوان بوو.
دەست خۆش
سپاس بۆ بەرێزتان کاک ناسر.
سپاس بۆ وتارە بەکەڵکەکەتان ، هەر بژین
سپاس کاک بەهمەن . بژین