هەواڵ

چیرۆکێک بۆ ئه‌وانه‌ی … / جه‌لال نه‌جاری

427559_392958740760154_310720201_n

چیرۆکێک بۆ ئه‌وانه‌ی وا ئه‌زانن دنیا فشه نییه !!

جەلال نەجاری

تێبینی : نووسراوه‌ی خواره‌وه به‌شێکه له ده‌سنووسه‌کانی ج.ن . ناوبراو خوێندکاری کۆمه‌ڵناسی بوو له تاران ، له گه‌ڕه‌کی ده‌روازه‌ده‌وڵه‌ت وه‌تاغێکی بچکۆلانه‌ی بەکرێ گرتبوو . ئێستا له تیمارستانی ورمێ به‌ستە‌رییه !!

………..

سێ ساڵیش ده‌بێ ژه‌مێک بەته‌واوی تێرم نه‌خواردووه، هه‌میشه‌ی خوا برسیمه ! شه‌و و رۆژ قۆڕه‌ی زگم دێ !! سه‌ره‌تا زۆر خه‌جاله‌تیم ئه‌کێشا به‌ڵام ئێستا بۆم شتێکی ئاساییه، ته‌نانه‌ت هاوکه‌لاسییه‌کانیشم ئێستا پێکه‌نینیان پێی نایه !!

*

عیشای خوا شک نابه‌م ! حه‌فته‌ی پێشوو له تاکسیدا کیفه‌که‌م لێ به‌جێ ما . سجیل و کارتی خوێندکاری و عابێر بانک و موبایل و ئه‌وه‌ی هه‌مبوو و نه‌مبوو له‌وێ دابوو !!

دوو سێ جار زه‌نگم لێدا بۆ شوماره‌که‌ی خۆم به‌ڵام کابرا هه‌ڵینه‌‌گرت، جاری ئاخریش که زه‌نگم لێدا کووژاندییه‌وه و ئێستا و ئێستاش هه‌ڵینه‌کرده‌وه !!

*

ته‌نیایی، بێ پووڵی، برسییه‌تی و غوربه‌ت ده‌وریان داوم ! پیسم لێ قه‌وماوه! یه‌ک فلس شک نابه‌م !! تاق و لۆق له‌م و له‌و جگه‌ره وه‌رده‌گرم ! ده‌ڵێم ده‌مهه‌وێ ته‌رکی که‌م ! ئه‌وانیش ده‌زانن بەراستم نییه !

نازانم ئاخرین جار که‌ی چوومه حه‌مام ! سابوونم نییه و ئه‌وه‌م کردۆته به‌هانه ! پێموا بۆنم گرتووه ، له سه‌ر که‌لاس هاوکه‌لاسییه‌کانم لێم دوور ده‌که‌ونه‌وه !! ئه‌و رۆژه‌ش له تاکسیدا ئه‌وه‌ی له پاڵمه‌وه دانیشتبوو، ده‌ستی گرتبوو به لووتییه‌وه !!

خۆم زۆر هه‌ستی پێناکه‌م !

*

جاران به تاکسی هاتوچۆم ئه‌کرد !ئێستا ته‌نانه‌ت پووڵی تاکسیشم نیه ! ۱۰۰ تمه‌ن و ۵۰ تمه‌ن له ره‌فیقه‌کانم وه‌رده‌گرم به ئوتووبووس دێم و ده‌ڕۆم !

به ناشوکری نه‌بێ نێو ئوتوبووسیش قه‌ت جێ نییه بۆ دانیشتن!!‌ به پێوه‌ش راده‌وه‌ستی له پاش و له پێش خۆت پێوه‌ ده‌نێن !!‌ ئه‌خر نازانم له سه‌ر شه‌ڕواڵه‌وه چ تامێکی هه‌یه ئه‌و خه‌ڵکه بۆ وا ئه‌که‌ن ؟!! ئه‌مڕۆ ده‌ستم به مێڵه‌که‌وه گرتبوو و که‌وتبوومه فکره‌وه، پیاوێک وا لێی جووت کردبووم ته‌واو هه‌ستم به هینه‌که‌ی ئه‌کرد !!

پێم عه‌یب نه‌بوایه هۆڕ هۆڕ ده‌گریام !!‌

*

ماوه‌یه‌که له به‌ر ده‌رکه‌ی زانکۆش گیرم پێ‌ ئه‌ده‌ن !! بۆ چوونەژووره‌وه داوای کارتی خوێندکاریم لێ‌ ئه‌که‌ن !! هه‌رچی ئه‌ڵێم ونم کردووه ئه‌ڵێن ئه‌مانه به گوێماندا ناچێ بڕۆ یه‌کی دیکه وه‌رگره ! وه‌رگرتنی کارتێکی نوێش لانیکه‌م ۲۰ هه‌زارتمه‌نی ده‌وێ !! زۆر جاران به دزییه‌وه ده‌چمه ژوورێ !!

کوره وه‌ڵلا حه‌وسه‌له‌ی زانکۆشم نه‌ماوه !! ئه‌چییه سه‌ر که‌لاس مامۆستا ده‌ست پێ ئه‌کا : تێئۆری مارکس ئه‌وه‌یه و وێبێر ئه‌وه ده‌ڵێ و پارسۆنز ئه‌وه ناڵێ و … هه‌یهوووووو ! هه‌ر که‌س له‌ولاوه هاتووه قسه‌یه‌کی کوتووه !!‌ باپیرم ده‌یکوت زۆر کوتن قورئان خۆشه !!

له زانکۆش ئه‌وه‌ی باسی لێ ناکرێ ده‌رسه !! یا باسی سێکسە یا باسی سیاسه‌ت !! بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری و دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و … ! عوسمان چه‌په، ره‌حمان راسته، سوعدا فێمینیسته، غه‌فوور ناسیۆنالیسته، ئه‌نوه‌ر پان ئێرانیسته، خدر پان تەڕه‌ماشیسته ،هە‌ی هە‌ی !! ئه‌و به‌زمه کوا بۆ من ده‌بێ ؟!

*

به‌ینێکه سه‌رم دێشێ !!به خۆم ئه‌ڵێم خۆم بکوژم و نه‌جاتم بێ !! به‌ڵام زات ناکه‌م !!

هاتوومه‌ته‌وه ژووره‌که‌ی خۆم و ده‌رگام له خۆم داخستووه !! په‌نجێره‌که‌شم به په‌توو داپۆشیوه !!‌ ئه‌مهه‌وێ له‌مه‌ بەدوا له‌م ژووره‌دا بمێنمه‌وه !! ئاوا باشتره ! چا نییه که‌س خۆت پێوه نانێ ! یان که‌س به قووڕه‌ی زگت پێ ناکه‌نێ!! ‌یان که‌س لەبه‌ر بۆگه‌نی له‌شت ده‌ست به لووتییه‌وه ناگرێ !! پاشانیش له قسه‌ی زل و دروشمی قۆڕ و سیاسه‌ت و ته‌ڕه‌ماشیش خه‌به‌رێک نیه !!

له‌م ژوورەدا هه‌ر خۆمم !!

*

برسییه‌تی مته‌قی لێ ‌بڕیوم ، ده‌ستم کردووه به خواردنی شت و مه‌کی وه‌تاغ ، سه‌ره‌تا له کتێبه‌کانمه‌وه ده‌ستم پێکرد ، رۆژێ ۱۰۰ ، ۱۵۰ لاپه‌ڕه‌م ده‌خوارد ، ئه‌ووه‌ڵێ مێعده‌م هه‌ڵینه‌ده‌گرت ، پێی قه‌بز ده‌بووم ، به‌ڵام ئێستا به که‌وچک و ده‌ورییه‌کانیش قه‌بز نابم، هه‌موو جله‌کانمم یه‌ک له دوای یه‌ک خواردووه، شۆرت و گۆره‌وی و شه‌لوار و کاپشێن  و ئه‌وه‌ی هه‌مه و نیمه!!

سووچێکی وه‌تاغم داناوه بۆ گوو کردن، رۆژ به رۆژ  وه‌کوو ته‌پۆڵکه‌یه‌ک که خۆڵی وه‌سه‌ر که‌ن باڵا ئه‌کا !!

*

ئه‌مڕو ئاخرین له‌تی فه‌رشه‌که‌شمم خوارد!! ‌هیچی ترم نه‌ماوه !! رووت و قووت که‌وتووم و برسییه‌تی مته‌قی لێ بڕیوم !!

*

دوو سێ رۆژه هیچم نه‌ماوه و ده‌ستم کردووه به گوو خواردن !! سه‌ره‌تا بێزم هه‌ڵده‌ستا ، ته‌نانه‌ت یه‌ک دوو جاریش رشامه‌وه ، به‌ڵام ئێستا زۆر فه‌رقی پێ ناکه‌م !!

ده‌مهه‌وێ زیندوو بمێنمه‌وه !!

:::بەهاری ۱۳۸۸:::

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>