هەواڵ

کۆڕی خوێندنه‌وە و لێکدانه‌وەی شێعرەکانی یوونس رەزایی به‌ڕێوە چوو

د.رەهبەر مەحموودزادە، د.محەمەد رەحیمیان، ئەحمەد چاک

د.رەهبەر مەحموودزادە، د.محەمەد رەحیمیان، ئەحمەد چاک

ئەمڕۆ بەرواری ١٤ی خەزەڵوەری ٩٤ لە درێژەی زنجیرە دانیشتنەکانی پاییزی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان،کۆڕی خوێندنەوە و لێکدانەوەی بەرهەمەکانی شاعیری بۆکانی “یوونس رەزایی” لە ژووری ئەنجومەن و بە بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە شاعیران و نووسەرانی بۆکان و شارەکانی دەوروبەر بەڕێوە چوو.ئەم دانیشتنە کاتژمێر ٤ی ئێوارێ به پێشکەشکاری “جەلال نەجاری” دەستی پێکرد و دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان داوی لە کاک یوونس رەزایی کرد کە چەند نموونە لە شێعرەکانی بخوێنێتەوە.

دواتر داوا لە وتاربێژانی کۆڕەکە بەڕێزان:”د.رەهبەر مەحموودزادە-د.محەمەد رەحیمیان و ئەحمەد چاک کرا کە وتاری خۆیان ئاراستەی ئامادەبووان بکەن.

د.مەحمودزادە،مامۆستای زانکۆ و رەخنەگر،وەک وتاربێژی یەکەم،باسەکانی خۆی لەسەر یەکێک لە شێعرەکانی یوونس رەزایی بە نێوی “نەشتەر بە رەنگێکی دیکەی ترەوە”،پراکتیزە کرد.مەحموودزادە سەرەتا باسێکی گشتی لە مەڕ رەوتی شێعری شێت ئاراسته کرد و پاشان پەرژایه سەر شێعری باس کراو و تایبەتمەندییەکانی ئەو رەوتەی لەو شێعرەدا دەستنیشان کرد.مەحموودزادە جەختی کردەوە کە رەزایی لە نێوان ماناسڕینەوە و ماناسازی به یارمەتی وێنه،بژاردەی دووهەمی هەڵبژاردووه و بەم شێوەیه درێژەی به نووسینەکانی خۆی داوە.هەروەها باسی لەوە کرد کە وێنەگەلی شێعری شێت وینەگەلێکی دینامیک و نەوەستان و بەم چەشنە  رووبەڕووی وێنەی بارستا و حەجمیمان دەکاتەوە.زیادیشی کرد کە ئەم حەجمگەراییه ئەگەرچی لە هەندیک بارەوە وێکچوونی لەگەڵ ئەزموونی حەجمگەرایی شێعری فارسی هەیه.لە هەمان کاتدا جیاوازی جەوهەریشیان پێکەوە هەیه.بۆ وێنه حەجم لە شێعری فارسیدا لە دەرەوەی دەق دایه و لە شێعری شێتدا لە ژوورەی دەقدا جێگیر دەبێ.(بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی د.رەهبەر مەحموودزادە له سەر ئێرە کرته بکەن).

وتاربێژی دووهەم د.رەحیمیان،مامۆستای زانکۆ و رەخنەگر،چەمکی کارەساتی لە شێعرەکانی یوونس رەزاییدا خسته بەر باس کە چۆناوچۆن شاعیر وێڕای پاراستنی جوانیناسی دەق کارەساتی وەک ئەمرێکی مێژوویی زەق کردۆتەوە به شێوەیەک کە بتوانێ زمانحاڵی تڕاژێدیا و مەینەتییەکانی یەک نەتەوە بێ.بەڕێزیشیان ئەو تایبەتمەندییەی لە شێعری “به پێنووسی وێرانەوە…”دا دەستنیشان کرد.رەحیمیان هەرەوەها لە روانگەی چەندین بیرمەندی رۆژاواییەوە وەک ئەفلاتوون و ئەرەستوو و ریکۆر … چەمکی کارەسات و رەنگدانەوەی لە دەقی ئەدەبیدا تاوتوێ کرد.

ئەحمەد چاک،رەخنەگر و توێژەری ئەدەبی و دوایین وتاربێژی کۆڕەکە،سەرەتا باسی لە ئاڵ و گۆڕەکانی شێعری شێت کرد کە لە ماوەی پێکهاتنیەوە بە خۆیەوە بینیوە.ئەحمەد چاک باسی لەوە کرد کە شێعری شێت به فۆڕمیکی قورس و زمانیکی پتەو و چەن توێژی و لە دووتوێی کۆمەڵە شێعری “شین ترین بەتاڵ” هاتە گۆڕەپانی شێعری هاوچەرخی کوردییەوە.بەڵام لەو چەن ساڵەی دواییدا زمان وێڕای پاراستنی چوارچێوەی گشتی شێعری شێت زمان بەرەو جۆرێک سەمیمیەت هەنگاوی ناوە.بەڕیزیشیان تایبەتمەندییەکانی ئەو رەوتە شێعرییەی کە بەشێکیان بریتین لە ئاشنایی سڕینەوە و خولقاندنی وێنەی تازە و نایاب،به خوێندنەوەی شێعری “دەفی بێدەنگی” دەست نیشان کرد.

پرسیار و تێبینی ئامادەبووان بەشی کۆتایی کۆڕەکەی پێک هێنا.پرسیاری یەکێک لە بەشدارانی کۆرەکە کە لە مەڕ جیاوازییەکان و وێکچوونەکانی ئەزموونی حەجمگەرایی لە شێعری فارسی و کوردی رووبەڕووی د.مەحموودزادە کرایەوە کە جەنابیان به گوێرەی پێویست لەسەر ئەم بابەته دوان.

جێێ ئاماژەیه کە کۆمەڵیک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد لەو دانیشتنەدا بەشدار بوون کە لە کۆتایی بەرنامەکەدا وتاری خۆیان لە مەڕ پشتگیری لەو رەوتەی  کە ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان گرتوویەته بەر،لە لایەن نوینەری ئەو ئەنجومەنه “شەویار گولابی ئازەر” پێشکەش کرا و جەختی کردەوە کە هاوکاری و هەرەوەزی ئەنجومەنه ئەدەبییەکان دەتوانێ دەراوێکی روون بەرەو ئەدەبی کوردی بکاتەوە.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>