هەواڵ

کۆڕی خوێندنەوە و لێکدانەوەی رۆمانەکانی “سەیدقادرهیدایەتی” بەڕێوە چوو

photo_2015-11-26_21-31-19

ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ٩٤ دوایین دانیشتن لە زنجیرەدانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە پاییزی ٩٤دا کە تەرخان کرابوو بە خوێندنەوە و لێکدانەوەی بەرهەمەکانی رۆمان نووسی بۆکانی سەیدقادرهیدایەتی،بە بەشداری بەرچاوی هۆگرانی وێژە و ئەدەبی کوردی وتاربێژانی ئەم دانیشته بریتی بوون لە: بەڕێزان فەتاح ئەمیری،سولەیمان عەبدولڕەحیم‌زاده،عەزیز مەحموودپوور و عەلی غوڵامعەلی.

سەرەتا پێشکەشکاری کۆڕەکە جەلال نەجاری وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان باسێکی کورتی سەبارەت به چالاکییەکانی ئەنجومەن هێنا ئاراوە و راشیگەیاند کە لێژنەی بەڕێوەبەری هەر لە ئێستاوە خەریکی ئامادەکاری بۆ دانیشتنەکانی  وەرزی زستانە و بەو شێوەیه ئەنجومەن لە چالاکییەکانی خۆیدا بەردەوام دەبێ.دواتر سەیدقادر هیدایەتی چەند وتەیەکی سەبارەت به پەیوەندی نێوان بەرەی رابردوو و ئێستای ئەدەبیات هێنا ئاراوە و جەختی کردەوە کە نەبوونی ئەو پردی پەیوەندییه کاریگەری خراپی لەسەر رەوتی ئەدەبیات هەیه و دەبێ هەموو توانستەکانی خۆمان لە مەڕ چڕ کردنەوەی ئەو پەیوەندییه بخەینه گەڕ.لە درێژەی بەرنامەکەدا وتاربێژانی کۆڕەکه بابەتەکانی خۆیان ئاراستەی ئامادەبووان کرد.

فەتاح ئەمیری،رۆمان نووس،باسەکانی لەسەر پێکهاتەی زمانیی رۆمانەکانی سەیدقادر چڕ کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم نووسەرە زۆر به باشی لە زەرفییەتەکانی زمان بۆ نووسین کەڵکی وەرگرتووە.ئەمیری هەروەها باسی لە جۆریک سادەنووسی لە کارەکانی هیدایەتیدا کرد و جەختی کردەوە کە سادەنووسی خاڵێکی پۆزێتیڤه و ئەگەر نووسەر به ئاگاهییەوە ئەو خاڵە ڕەچاو بکا به دڵنیاییەوە دەقی سەرکەوتوو بەرهەم دێنێ.بەڕێزیان وەک نموونەی بەرچاوی ئەو شێوازه نووسینه ئاماژەی به نووسراوەکانی سادق هیدایەت کرد.

سولەیمان عەبدولڕەحیم‌زاده،چیرۆکنووس،دوای پێناسەیەکی کورتی بەرهەمەکانی سەیدقادرهیدایەتی بەرژایه سەر دوایین رۆمانی ئەو نووسەرە واته گابۆڕ.عەبدولڕەحیم‌زاده لە بەشی یەکەمی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەرهەمه دەکەوێته خانەی ئەدەبیاتی مێرمنداڵان و لەو سۆنگەیەوەیه کە دنیای رۆمان بۆمان دەدوێ.بەڕێزیان لە درێژەی وتەکانیاندا ئاماژەی به خاڵه بەهێزەکانی ئەو رۆمانه کرد و بۆ وێنه بوونی چەند دەنگی،خولقانی کەسایەتی سەربەخۆ و هەروەها سەمیمییەتی فەزا و جۆری گێڕانەوە.عەبدولڕەحیم‌زاده لە کۆتایی باسەکانیدائاماژەی به چەن خاڵی لاوازی ئەو بەرهەمه کرد بۆ وێنه کەلک وەرگرتنی نابەجێ لە تکنیکی مۆنتاژ موازی.

عەزیز مەحموودپوور،چیرۆکنووس،تێبینی و سەرنجی خۆی لەسەر رۆمانی تۆقی عەزازیل لە دووتوێی وتارێکی نووسراوەیی دا پێشکەشی ئامادە بووان کرد.مەحموودپوور لەو وتارەدا دوای شەن و کەو کردنی بەشە جیاجیاکانی ئەو رۆمانه باسی لە دەسەڵاتی زمانیی ئەو بەرهەمه کرد.سەرجەمی ئەو وتارە لە رۆژانی داهاتوودا و هەر لێرەوە ئاراستەی خوێنەرانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان دەکرێ.

عەلی غوڵامعەلی،چیرۆکنووس،وەک دوایین وتاربێژ سەرەتا باسی پێکهاتەی زمانیی رۆمانی گابۆڕی کرد کە دەروەستی زمانێکی پەتی و پاراو نییه و زۆر به جوانی لە ئیدیۆم و دەستەواژەگەلی فۆلک کەڵکی وەرگرتووە و هەر ئەوەشە کە بۆته هۆی ئەوەی کەسایەتییەکان هەر یەکه و به راوێژی خۆی لەو رۆمانەدا دەور بگێڕن.غوڵامعەلی هەروەها به پێچەوانەی حەبدولڕەحیم‌زادە پێی وابوو کەڵک وەرگرتنی نووسەر لە تکنیکی مۆنتاژ موازی یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەو رۆمانەیه.

بۆ دیتنی وێنەکان لە قەبارەی گەورەدا لەسەریان کرتە بکەن

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>