هەواڵ

کۆڕی خوێندنه‌وە و لێکدانه‌وەی چیرۆکه‌کانی “بریا کاکه‌سووری” به‌ڕێوە چوو

IMG_20151121_000932

رۆژی پێنجشەممە بەرواری ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٤ حەوتەمین دانیشتنی پاییزەی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان کە تەرخان کرابوو به لێکدانەوەی چیرۆکەکانی “بریا کاکەسووری” لە کەش و هەوایەکی گەرم و به بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە هۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی بەڕێوە چوو.کاتژمێر ٤ی ئێوارێ به پێشکەشکاری “رووبار بوداغی” کۆڕەکه دەستی پێکرد و دوای بەخێرهاتنی ئامەدەبووان داوای لە وتاربێژانی دانیشتنەکه کرد کە وتارەکانیان لە مەڕ بەرهەمەکانی کاک بریا ئاراسه بکەن.

 بەڕێز کاک ئەحمەد عەزیزی وەک وتاربێژی یەکەم باسەکانی لەسەر ژیان و چالاکییەکانی کاکەسووری چڕ کردەوە و بۆی شی کردینەوە کە ئەو چیرۆکنووسە چۆناوچۆن لە قۆناغە جیاجاکاندا ژانری چیرۆکی بەسەر کردۆتەوە و هەوڵی پەڕەپێدانی ئەو بوارەی هەمیشە لە زەیندا بووە.

وتاربیژی دووهەم بەڕێز رەحیم عەبدولرەحیم‌زاده،شانۆگەر و مامۆستای زانکۆ،دوای پێناسەیەکی کورت لە کارەکانی کاک بریا،باسی موتیڤە سەرەکییەکانی چیرۆکی ئەو بەڕێزەی هێنا ئاراوە.عەبدولرەحیم‌زاده ئاماژەی کرد کە سێ موتیڤی گۆڕ و مەرگ و خەیانەت کردن جەوهەرەی بەرهەمەکانی کاکەسووری پێک دێنن و هەر بۆیه کاتێک خوێنەر ئەم دەقانە دەخوێنێتەوە لەگەڵ کەشێکی تەماوی رووبەروویه کە وەک خودی نووسەر ئاماژەی پێکردووه ئەوە تاڵی و ئازارەکانی کۆمەڵگایه که ئاودیوی چیرۆکەکانی من بووە و کەشێکی ئاوەهای پێ بەخشیون.کاک رەحیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا جەختی لەوە کردەوە کە قارەمانی چیرۆک لەو بەرهەمانەی کە لە ساڵەکانی دەیەی حەفتا بەملاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان نووسراون،کە وەک چیرۆکی مۆدێرن و ئاوانگارد پێناسە دەکرێن،بە گشتی کاراکتێرێکی رۆشنبیرە کە لە کۆمەڵگا تەریک کەوتووە و هەست به تەنیاییەکی لە رادە بەدەر دەکا.ئەم شته ئەگەر چی به شێوەک لە چیرۆکەکانی کاکەسووریشدا خۆی وەدەر دەخا بەڵام لە هەمان کاتدا جۆراوجۆری کەسایەتیش دەکرێ لەو چیرۆکانەدا دەستنیشان بکەین که به جۆرێک زاڵ بوونه بەسەر ئەو کەشە گشتییەدا که چیرۆکی مۆدێرنی کوردی تووشی هاتووە.عەبدولرەحیم‌زادە وەک خاڵی سێهەم باسی لەوە کرد کە چیرۆکی بریا کاکەسووری لە هەندێک شوێندا تووشی کەشی ئابسترە و ئینتزاعی دێن کە لە جێیەی ئەوەی مەنتق و  پەیوەندی نێوان رووداوەکان سەلمێنەری ئەو ئینتزاعە بێت،مەنتقێکی ئیستعاریک و نمادین لە دەرەوەی جیهانی داستانی دێته هانامان و ئەو پرسیارانەمان وەڵام دەداتەوە.کێشەکە لێرەدا چڕ دەبێتەوە کە هێڵێکی ریئالیستی دەسپێکی چیرۆکەکەیە و دواتر ئەم کەشە وەهماوییەی بەسەردا دەکشێ.

دوا وتاربێژی کۆڕەکه بەڕێز کاوە محەمەدزادە،ماستەری کۆمەڵناسیی،لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسانەوە پەرژایه سەر کاریگەرییەکانی  ئەمری سیاسی لەسەر زمان.محەمەدزادە هەروەها باسی لایەنه پۆزێتیڤ و نێگەتیڤەکانی ئەو پەیوەندییەی کرد و دواتر شی کردەوە که دۆخی ئەم پەیوەندییه لە ئەدەبیاتی کوردیدا به چ شێوەیەک بووە.محەمەدزادە جەختی لەوە کردەوە کە کارتێکەری راستەوخۆی ئەمری سیاسی کە لە کوردستاندا پتر گوتاری نەتەوەیی و شوناسخواز بووە لە هەندێک رووەوە دەتوانین وەک خەسار چاوی لێ بکەین.یەکیکی تر لەباسەکانی ئەو ماستەری کۆمەڵناسییە ئەوە بوو کە زمانی کوردی لە هەموو بەشەکاندا لە لایەن زمانی ناوەندەوە لە پەڕاوێز خراوە و هەر بۆیه دەرەتانی گەشە کردنی ئەوتۆی نەبووە.دواجار به تاوتوێ کردنی یەکێک لە چیرۆکەکانی کتێبی “دەنگدانەوە” لە نووسینی بریا کاکەسووری باسەکانی خۆی پڕاکتیزه کرد.کۆی باسەکانی ئەم بەڕێزه بڕیارە لە دووتوێی وتارێکدا و هەر لەم ماڵپەڕەوە ئاراستەی بەردەنگانی هێژامان بکرێ.

دوایی پاژی بەرنامەکه به پێی نەریتی هەمیشەیی دانیشتنەکانی ئەنجومەن پرسیار و تێبینی ئامادەبووان  بوو لە وتاربێژان کە هەر پرسیار و تێبینییەک به گوێرەی پێویست لە لایەن ئەو خۆشەویستانەوە وەڵام درایەوە.

جێی ئاماژەیه کە لەم کۆڕەدا خەڵاتی تایبەتی کتێبفرۆشی موکریان به بەرپرسیاریەتی رەحمان حوسێن‌زاده ئاراستەی وتاربێژان و هەروەها کاک بریا  کاکەسووری کرا.

ئەم کۆڕە کاتژمێر ٦:٣٠ی ئێوارێ لە کەشێکی دۆستانەدا کۆتایی پێهات

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>