هەواڵ

گازی فرمێسكڕێژ / عوسمان محێدین

11885085_905499409498972_3023132074502239482_n

گازی فرمێسكڕێژ

عوسمان محێدین ــ كوردستانی عێراق

Osman.mhedin73@gmail.com

ئێواره‌ی  ده‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری دووهه‌زار و پازده‌، وه‌كو رۆژانی تر، خۆم گۆڕی  تا بچمه‌ پیاسه‌یه‌كی بازاڕ، هه‌رچه‌ند ماوه‌یه‌كه‌ كه‌م ده‌چمه‌ بازاڕ ، به‌ڵام ئێواران چه‌ند هاوڕێیه‌كم هه‌ن ده‌بێ بیانبینم، یا ده‌چمه‌ ئۆفیسی رۆژنامه‌ی چه‌رموو  له‌ ماڵپه‌ڕه‌كانی نێت ده‌گه‌ڕێم و چه‌ند كتێبێكی pdf داده‌به‌زێنم، به‌تایبه‌ت ئه‌م پایزه‌ شه‌یدای كورته‌ چیرۆكی نوێی ئه‌ده‌بی ئه‌مریكیم، ئێ .. . ئه‌م ئێواره‌یه‌، شار وه‌كو جاران نه‌بوو، خه‌ڵكیم ده‌دی هه‌نگاوه‌كانیان خێراتر و رووخسار بزڕكاو ده‌هاتنه‌ پێشچاو، كاتێ نزیكبوومه‌وه‌ له‌ چه‌قی بازاڕ چه‌ند دانه‌ مناڵیكم پێگه‌یشتن گوتیان:

” مامه‌ تۆیش دێی بۆ خۆپیشاندان؟”.

گوتم:” چی ؟”، وتیان:” لێره‌ قڵیشاوه‌ته‌وه‌”

گه‌یشتمه‌ لای ئاپۆرای خه‌ڵكه‌كه‌ و دیواربه‌ندی  هێزه‌كانی پۆلیس ..  قه‌ره‌باڵه‌غی و حه‌شامات بوو، تێگه‌یشتم كه‌ ئێره‌ جێی من نییه‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ترسێم ، نا به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌فو كوڵه‌ی خه‌ڵك به‌تایبه‌ت گه‌نجان بێ سه‌روبه‌ره‌، بڕواناكه‌م كه‌سیان به‌قه‌د من گیرفانی به‌تاڵ بێ، یا ئازاری ئه‌م دۆخه‌ی چشتبێ، دوایش من له‌ ژیانی خۆما باجی زۆری ئه‌م چه‌شنه‌ چالاكی و سه‌ركێشیانه‌م داوه‌، ئێسته‌ ته‌مه‌نم هی ئه‌وه‌ نییه‌ پۆلیسَیك بمداته‌ به‌ر شه‌ق، خۆ پۆلیسی ئێمه‌  ته‌مه‌ن و ژن و مناڵ ناخوێننه‌وه‌، ئه‌وان له‌ خۆپیشاندانی به‌ر ده‌ركی سه‌را به‌ شانازییه‌وه‌ له‌ قاوه‌خانه‌كه‌ باسی شه‌ق هه‌ڵدانی ژنانیان بۆ یه‌كتر ده‌گێڕایه‌وه‌.. له‌م وڵاته‌ بێجگه‌ له‌ ده‌ڵاڵ و سیاسیه‌كان، ناشیرینترین شت پۆلیسه‌.. خزمێكمان پله‌یه‌كی باڵای هه‌بوو له‌ پۆلیسدا، هه‌موو جار ده‌یگوت:

“ئه‌گه‌ر كوڕی پێغه‌مبه‌ر بیت هه‌ر كه‌  جلكی پۆلیسیان كرده‌ به‌رت، ئیتر خوێڕی ده‌بی”. پۆلیسه‌كانی لای ئێمه‌ ته‌نها ماستاو و ته‌حیه‌ی سه‌قه‌ت ده‌زانن بۆ گه‌وره‌كانیان.. له‌ هه‌رچی هه‌ست و مرۆڤایه‌تی هه‌یه‌ ئاوه‌ ڕووتن، وای بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستیان.

له‌ ده‌ستپێكا خۆپیشانده‌ران ده‌ستیان به‌ هوتاف لێدان كرد، دواتر دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و توند و تیژی چوو، به‌رده‌ فڕكێ له‌ نێوان خه‌ڵكی داخ له‌ دڵ و پۆلیس ڕویدا، وامئه‌زانی له‌شارێكی فه‌ڵه‌ستینم و پۆلیسه‌كانیش وه‌كو جووله‌كه‌كان مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد. هه‌موو شوێنێكی بازاڕ خرۆشاو و شپرزه‌ دیاربوو، ده‌ڕابه‌كان به‌ په‌له‌ داده‌خران، عاره‌بانه‌كان رێی یه‌كتریان نه‌ددا، تا بۆی ده‌رچن، چه‌ند هه‌نارێك كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌ویه‌كه‌، خاوه‌نی هه‌ر ئاوڕی لێندانه‌وه‌، چه‌ندین ده‌ست به‌ حه‌واوه‌ به‌ كامیرای موبایله‌كانیان گرته‌یان ده‌گرت. دۆخه‌كه‌ سات به‌ سات  ئاڵۆزتر ده‌بوو. بڕیارم دا دوور بكه‌ومه‌وه‌، هاوڕێیه‌كی شانۆكارم دیت و پێشنیازی سه‌ردانی شوێنیكی ئارامی بۆ كردم، بێ سێ ودوو قبوڵمكرد.. رۆیشتین … كاتێكم زانی له‌به‌رده‌م هۆڵی رۆشنبیریم، وتم: ” چی لێره‌ هه‌یه‌ مه‌گه‌ر ده‌كرێت له‌ رۆژێكی وادا چالاكی هونه‌ری هه‌بێ …!”.

وتی:” نا، ده‌چینه‌ ته‌ماشای پرۆڤه‌ی گروپی شانۆیی چارلی چاپڵن”.

چووین، سێ گه‌نج كه‌ دانه‌یه‌كیانم ده‌ناسی و دوانه‌كه‌ی تر نا،  ده‌وروبه‌ری نۆزده‌ بۆ بیست ساڵان ده‌بوون، یه‌كێكیان سووركه‌ڵه‌ و به‌ژن رێك وموو زه‌رد بوو، ئه‌وی تریان باڵا ناوه‌نجی و گه‌نم ڕه‌نگ و چاو ره‌شبوو. به‌ تاقی ته‌نیا هه‌ردووكمان له‌ سه‌ر كورسی هۆڵه‌كه‌ كه‌ له‌شێوه‌ی كورسی یاریگا دروستكرابوو، دانیشتین. سه‌یری پڕۆڤه‌كه‌مان ده‌كرد، شانۆگه‌ره‌ییه‌كه‌ باسی له‌  عه‌شق و نامۆبوون ودوو ڕووی مرۆڤه‌كان ده‌كرد، بڕگه‌ی سه‌گه‌ به‌وه‌فاكان  زوو  به‌دڵمه‌وه‌ نووسا، سه‌گه‌كان به‌رانبه‌ر مرۆڤه‌كان به‌وه‌فان، به‌ڵام مرۆڤه‌كان به‌رانبه‌ر خۆیان دوو ڕوو وساخته‌چین، چه‌ن راستییه‌كی تاڵه‌..

ژیان دوو له‌تبوو له‌و شانۆگه‌رییه‌، خۆر دوو له‌تبوو، مرۆڤ دوو له‌تبوو، كه‌ون دوو له‌تبوو، ئیمان دوو له‌تبوو، هه‌موو شتێك دووله‌تبوو بوو، له‌تێكیان لای كاره‌كته‌ره‌ گه‌نم ڕه‌نگه‌كه‌، به‌ فشه‌  و سه‌رپێیانه‌ سه‌یری ژیانی ده‌كرد، پێشهاته‌كانی دنیا ده‌یجوڵاند. له‌ دیوه‌كه‌ی تر، ژیان به‌ برینداری و له‌تكراویشه‌وه‌ جوانی خۆی له‌ده‌ست نه‌دابوو،  گوڵه‌گه‌نم به‌ پێوه‌ بۆنوبه‌رامه‌ی كولێره‌ی گرتبوو، روبار دراوسێیتی بۆقی لا چاتر بوو له‌ چوپبازی، سیگار به‌ دوی دوكه‌ڵی خۆییه‌وه‌ وێڵبوو،   رۆمان و گیتار له‌سه‌ر شۆسته‌كان هه‌ڕاج و هه‌ڵرژابوون.

 به‌ هه‌ر حاڵ، شتێك هه‌بوو مرۆڤی موژووڵ كردبوو، مرۆڤه‌كان له‌و پارچه‌ شكاوه‌ی دی له‌ تۆپی فوتبوڵێنیان نه‌ده‌دا، به‌ڵكو به‌دوای خڕی تۆپكه‌ی قنگه‌كانه‌وه‌ بوون .. ئیدی ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵێیانبوو .. منیش پرۆڤه‌كه‌م جێهێشت، هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ی هۆڵ، ده‌نگی ته‌قه‌م بیست، له‌سه‌ر فولكه‌ی هۆڵی رۆشنبیری ئاپۆرایه‌كی گه‌نج  گردبووبوونه‌وه‌، ئه‌وه‌شم بیرم نه‌چێ ئه‌و شاره‌ی من تێیدا ده‌ژیم به‌ شاری شه‌ربه‌تی شیرمۆز و له‌فه‌ی مریشك و به‌سبوسه‌ به‌ نێوبانگه‌،  كه‌چی ئه‌م ئێواره‌یه‌ كه‌س ئیشتیای هیچی ناكرد.

مرۆڤ كاتێك تۆِڕه‌یی ته‌واوی به‌ده‌نی ده‌تنێته‌وه‌، له‌بنی رۆحیه‌وه‌ ده‌له‌رێته‌وه‌ و مته‌قی لێنایه‌ت، وه‌كو له‌رینه‌وی ته‌له‌فۆنی بێده‌نگكراو تا له‌ قاڵبی خۆی ده‌رده‌چێت ، ئه‌وجا یه‌كپارچه‌ ده‌بێته‌ ئاگر، وه‌كو گۆمی لێڵ په‌نگ ده‌خوات، رق و بێزاری گه‌نجان، ته‌نیا له‌سه‌ر كات مابوو بته‌قێته‌وه‌، بوركانی رق و برسێتی، خوا ناناسێت، كه‌س ناناسێت، مه‌حاڵه‌ به‌ریان پێ بگیرێ‌، من له‌ نزیكه‌وه‌، هاڵاوی ئه‌و رق وبێزارییه‌م ئه‌زموونكردووه‌.

 خوتخوته‌یه‌ك له‌ ناخه‌وه‌ ده‌یهه‌ژاندم بچم به‌رد تێبگرم، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ خۆما گوتم:” خۆ ساڵی هه‌شتا وهه‌شت هه‌ر له‌م شوێنه‌ وله‌م فولكه‌یه‌ بوو، چه‌ند دانه‌ به‌ردێكم وه‌شاند، ئه‌وكات بۆ ئازادكردنی مرۆڤه‌ چاوبه‌ستراو و له‌ قه‌فسنراوه‌كان بوو”. ئه‌ی ئێسته‌ له‌ كێی بگرم .. ها .. خۆ به‌رپرسێكی كه‌رامباوگاو  لێره‌ نییه‌، دیسانه‌وه‌ گڕ گڕ ده‌بێت له‌ گه‌ڵ پولیس به‌شه‌ڕ بێم .. ناێیم… ته‌واو.

بڕێك رۆیشتین دیسان قیژه‌ و قاو به‌رزبۆوه‌، زۆری پێنه‌چوو فرمێسك به‌چاومانه‌وه‌ هاته‌ خوار، بێ ئه‌وه‌ی كه‌سمان بگرین، بینم هه‌ر كاكه‌ و ده‌ستی ناوه‌ به‌ كه‌پویه‌وه‌ و چاوه‌كانی كز كردووه‌، وتیان گازی فرمێسك ڕێژیان ڕشتووه‌ .. پۆلیسه‌كان به‌دوامانه‌وه‌ن .. خێراكه‌ن هه‌ڵێن، پیره‌ پیاوێكیش عاره‌بانه‌كه‌ی  پاڵ ده‌نا، قرخه‌ قرخی بوو، گوتی:” نه‌خۆشیی ره‌بۆم له‌گه‌ڵه‌، خه‌ریكه‌ ده‌خنكێم ، ڕه‌بی خوا  ئه‌م سه‌گبابانه‌ به‌ بێئاو بخنكێنێت”.

 بێ چاره‌ گشتمان هه‌ڵاتین و عاره‌بانه‌كه‌یش له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ غاری ده‌دا .

انتشار توسط 8 تم

یەک بۆچوون

  1. موحسین مستەفازادە

    دەس خۆش چێژم برد…هەر بژی

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>