هەواڵ

شێعرێکی یوونس رەزایی

IMG_7503

 

ده‌قێک له‌ ئه‌وینی باران

 

ده‌قێک ده‌بم ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێکم ده‌یه‌ی

مانا بکرێمه‌وه‌ له‌ فه‌رامۆشیت دا

به‌ لێشاوێک له‌ وشه‌وه‌

که‌ به‌و به‌یانییه‌ وێڕای کلووه‌ به‌فره‌کان

متمانه‌ به‌ چه‌تر له‌ ناخیان دا ره‌شه‌

 

ده‌رفه‌تێک به‌ چه‌تره‌کان ده‌به‌خشی

له‌ مانام دا بکرێنه‌وه‌

وه‌ڕه‌ز  نا له‌ راوێژی ئاسمان

 

له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئوستووره‌کانی گورگ دا … به‌رده‌وام

 

ده‌قێک له‌ په‌راوێزی چاوت دا که‌ ره‌شه‌

به‌ رووناکایی ئه‌شکه‌وته‌کانی به‌ر له‌ مێژوو … شیکه‌وه‌

من مرۆڤی سه‌ره‌تاییت ده‌بم … خاتوون

که‌ نه‌خشه‌ی گا له‌ سه‌ر پێستی با به‌ بزماره‌کان ده‌ڵێ

که‌ دیمه‌نی مار له‌ واتاکانی گۆچان دا ون ده‌کا

 

له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێکم دا ئه‌گه‌ر چاوت ببارێ

مێژینه‌یه‌کی دی له‌ منداڵیی…کات

جوغڕافیایه‌کی نوێتر له‌ شێتیی…به‌ کوره‌ی زه‌مینه‌وه‌

که له جه‌نگه‌ڵه‌کانی ئیستوادا په‌ڵه‌ی داوه‌ سه‌وزایی

 

بارانه‌ش حاشا له‌ چه‌تری هه‌موو ده‌رفه‌تێک

وه‌ له‌ حه‌ڵه‌ب که‌ که‌ونارایه‌ ئه‌وین …رێژ‌نه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ ئاور

چه‌ترێکیش نا…

که‌ بکرێته‌وه‌ به‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی عازه‌بی کچان دا…که‌ هی من-بوون

 

وێڕای رووباره‌کان ته‌رمم له‌ دووکه‌ڵ دا ون

هاوڕێی کۆڵانه‌کان که‌ دڵته‌نگیی جیهانن

 

هه‌ڵوه‌دای چی بم… که جارێ به‌ ده‌م باوه‌ دێڕه‌کانم

به‌ ده‌م ده‌ریاوه‌ چاره‌نووسی…تینوێتیم

که‌ واتایه‌کی دیکه‌یه‌ له‌ برین.

 

 

هه‌نگاویک له‌و به‌ری شه‌و…چه‌ترێک له‌به‌رانبه‌ر هه‌تاو

ته‌ختێک له‌ بۆنی به‌ستێن مه‌ست

له‌شێک رووتتر له‌ کچێنی شه‌پۆل

 

له‌ کاتیی به‌ر له‌ مێژووم…ده‌نووسێ

له‌ کاتی مێژووم ده‌نووسێ

له‌ مێژووم ده‌نووسێ

 

ده‌نووسێ:  (کوڕێک که‌ چاوی کورکی بارانه‌

ده‌سته‌کانیشی شه‌ڵاڵی خوێن و حه‌یرانه‌

وه‌ نیگای خه‌مینی مێوینه‌یی جیهانه‌

و …

 

(-سێ خاڵ داده‌نێ… له‌ سه‌ر هێڵه‌کان نا… که‌ واتاکانم ببه‌ستێ

  له‌ ژێر سێ رسته‌ی سووره‌وه‌

     که‌ مێژوومه‌ و دیسان‌ دێته‌وه‌ سه‌ر هێڵی زمانم)-

 

ده‌نووسێ:(کوڕێک له‌ فه‌رامۆشی دا ده‌نووسم

له‌ بیره‌وه‌ری ره‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوین دا

که‌ به‌رده‌وام ئاسۆکانی…له‌ هه‌ڕه‌تی ئاوابوون

 

کورێک ده‌نووسم جوغڕافیای …واتای تاڵی رۆژئاوا ده‌دا

مێژووی…شێوه‌ی کچی کافرۆش…که‌ ئه‌فسانه‌ی جوانی نا

ئه‌وینێکی … به‌ ده‌م باوه‌

له‌ سه‌ر ئاوێنه‌کان به‌ مه‌ستی نه‌خشاوه‌!!!

 

         -(سێ نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان له‌و شێعره‌دا نا

           داده‌نێ له‌ درێژه‌ی من دا که‌ ده‌منووسێ

            له‌شێکی رووتتر له‌ پاریس

            سێ نیشانه‌ی چی له‌ سه‌رسوڕمانی شێعر

             من خۆم ده‌بمه‌ نیشانه‌یه‌کی سه‌رسوڕمان له‌ نیگات دا دواتر

              له‌و ده‌قه‌دا که‌ به‌ په‌روایزی نیگاتانه‌وه‌(ته‌وه‌)

                                    و !!!-

 

ده‌نووسێ:(کوڕێکی شاعیر چه‌تری هه‌ڵدابوو

له‌به‌ر ده‌رکی کازینۆیه‌کی سوور له‌ هه‌ولێر

کچێک له‌ چاوی دا … ماسیه‌کی مه‌ست بوو

شه‌قامیش نه‌هه‌نگێکی دوور و درێژ …له‌ کاتیان دا

 

له‌به‌ر ده‌رکی کازینۆیه‌کی سه‌رخۆش دا

شار له‌تری داوه‌ له‌ قسه‌ی دوو دڵداردا

شێعر به‌ کێشی ئاور به‌رده‌وام

هه‌نگاوه‌کان به‌ ریتمی شه‌پۆل …له‌ قاقڕی جیهان ده‌بارن

تا سه‌وز که‌نه‌وه‌ رسته‌یه‌کی دی له‌ کتێبی … ته‌نیایی

هه‌نگاوه‌ قاقڕه‌کانیش به‌رزتر

و؟؟؟

 

    -(سێ نیشانه‌ی پرسیار له‌ کۆتایی هه‌نگاوی قاقڕی من

        یان له‌ که‌ویری بزه‌ی تۆ

        سێ نیشانه‌ی پرسیار له‌ به‌سه‌رهاتی کازینۆ نا…که‌ خوێنه‌

          له‌ کێشی ئه‌و شێعره‌ که‌ به‌رده‌وام … ده‌شکێ

 

              به‌ ریتمی بۆمبی هێشۆیی که‌ مه‌سته‌

                ده‌بارێ ئاور و چه‌ترت مه‌به‌سته‌)-

 

له‌ مابه‌ین من و تۆدا خاتوون هێشوو هێشوو ئاور

جه‌نگه‌ڵ جه‌نگه‌ڵ نێشانه‌ی پرسیار نا… نیشانه‌یه‌کی بێ مانا

من به‌ره‌و ئه‌شکه‌وته‌کانت … که‌ رابردوو بوو

تۆ به‌ره‌و شاخه‌کانم که‌ ئێستان

 

مرۆڤی سه‌ره‌تایییت ده‌بمه‌وه‌

له‌ سه‌ر ره‌وه‌زه‌کان وێنه‌ی کیژی کافرۆش و ئاسکۆڵه‌یه‌کی ماندوو

له‌ سه‌ر به‌رده‌کان له‌وحێک به‌ خه‌تیی ئارامی

له‌ تۆ ده‌نووسمه‌وه‌-

بۆ کۆڵانه‌کانی داهاتووی جیهان

 

له‌و به‌ری شه‌و هه‌نگاوێک هه‌ڵگره‌

له‌ به‌ستێنی رۆژئاوای …شاخ

له‌ سه‌ر تابووتێک وێنه‌ی رووتی نووسه‌رێک

له‌ گه‌ڵ کتێبی مێژوویی له‌شم…

به‌ زمانێکی بیانی نووسراوه‌

 

“ده‌قێک له‌ ئه‌وینی باران…که‌ تاریکه‌ وه‌ک به‌غدا

ره‌نگێک له‌ ته‌نیایی کۆڵان…که‌ ئاوێنه‌یه‌که‌ له‌ پاریس”

 

ده‌ستت به‌ له‌شم بسپێری ئه‌گه‌ر

فه‌رامۆشیم به‌ره‌ به‌ره‌ … کۆترێکی باڵداره‌

وه‌ نیگات بسپێری به‌ ره‌شایی واتام

ده‌قێک ده‌بم

له په‌راوێزی هه‌میشه‌ت

 

سپاس که‌ ده‌مخوێنییه‌وه…به‌یانان

به‌ راڤه‌ی لێڵ و ونی ئێواره‌

 

من کتێبیکی نوێتر له‌ ته‌نیایی و غوربه‌تم

لاپه‌ڕه‌یه‌ک له‌ خوێن و کاره‌سات

 

سپاس که‌ رووداوم ده‌بینی

به‌ ده‌ماری کاته‌کانه‌وه‌ هه‌ڵوه‌دا

من کاره‌ساته‌کانی هه‌میشه‌ی وشه‌م

له‌ شه‌وانی شێعردا.

 

سپاس که‌ ده‌مخوێنییه‌وه‌

به‌ زاراوه‌ی شه‌قامه‌ ترساوه‌کانی زه‌مان

وه‌ ده‌مبینییه‌وه‌ زستانان

له‌ کۆڵانه‌کانی دوێنێ دا ده‌وه‌رم…

کلوو کلوو

 

ده‌قێکی کۆنم له‌ له‌شتدا … ئه‌ی به‌هار

به‌ره‌ به‌ره‌ گه‌ڵاکانم سه‌فه‌ری تر

هیور هێور  پاییز له‌ هه‌نگاومدا ده‌وره‌ێ

له‌ قامووسی واتا دژواره‌کانم دا.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>