هەواڵ

یادداشتێک بۆ “کۆڕی خوێندنه‌وەی ڕۆمانه‌کانی سه‌یدقادر هیدایه‌تی”

kamran johari

یادداشتێک بۆ “کۆڕی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی سەیدقادرهیدایەتی”

کامڕان جەوهەری

بەر لە هەموو شت داوای لێبوردن لەو قەڵەمە ڕەنگینەی کاک سەیدقادرهیدایەتی خۆشەویست دەکەم کە تا سەر هێسقان لەزەتی بە من بەخشی، بەڵام داخم منی دەستەوستانی لاڵی خەو دیتوو ناتوانم بیگێڕمەوە، کە گێڕانەوەی ئەم خەونە لە کەسێکی پڕچەک بە ئامراز و زانستەکانی ڕەخنە دەکاڵێتەوە؛ ئەو چەند دێڕەش هەر سەرکردنی قوڵپی خۆشەویستیی دووراودوورە نەک حەق‌دانەوەی ئەو پیاوە:

بە بڕوای من “تۆقی‌عەزازیل” و “گابۆڕ” بەر لەوەی چیرۆک و ڕۆمان بن، بەر لەوەی لەزەت‌دەر و دڵ‌گەشێن بن، بەڵگەن، سەنەدن؛ سەنەدێکی تەنراو بە تێمێکی خەفەت. بەڵگەن، بەڵگەی مێژوویی لەسەر دەلاقەیەکی کراوە بە ڕووکاری دووچەشنە ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری، لە دوو سەردەمی جیادا.

 هەرچەند حوکم لەسەر ئەوە نییە ئەدەبیات حەتمەن پێیەکی لە ناو گێژەنی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەدابێ و حەتمەن لە مەودای ڕستی تەعەههود بەولاوەتر نەچێ. بەڵام ئەگەر نووسەریش وەک تاکێکی کۆمەڵگە لەناو ئەو خەڵکەدا هەناسە دەدا و ئەگەر قەڵەمەکەی هەڵگری دەمارەکانی تەعەههود بێ بۆ ژیان، بۆ گێڕانەوە، بۆ تۆمارکردنی بەڵگەمەندیی سەربوردەی گەلەکەی، لە قالبی ئەدەبیات‌دا بێ‌گومان شۆقی چرای دوورمەوداتر هەتەر دەکا و جەوهەری قەڵەمی قووڵ‌تر ڕۆدەچێ بە ڕێچکەکانی ژیان‌دا.

 گومان لەوش‌دا نییە کە هەوێنەکانی ئەدەبیات لە هەژمار نایەن. “تۆقی عەزازیل” و “گابۆڕ” ڕاست پەنجەرەیان ڕوو بە دوو قەڵتی ژیان/مەرگی ئەو کۆمەڵگەیەدا کراوەتەوە کە پێش‌تر هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆ لەم هەوێنەیان نەمشتووە و بەرجەوەندی ئەم ڕوانگەیان نەخستۆتە ڕوو.

 بەرهەمی لە ڕەنگی “گابۆڕ” هەرچەند هەن، بەڵام بە ڕەنگێکی زۆر تۆخ‌تر و داماڵڕاو لە تیف‌تیفەدانەکانی هونەریی؛ وەک بەرهەمەکەی ڕەحیمی قازی و ڕێگای محەممەد مەولوود.

خاڵێکی زێوین کە سرنجی ڕاکێشام هەڵبژاردنی ناو بۆ ئەم ڕۆمانانەیە. ئەوەی من دیتم هەموو ناوئاخنی ڕۆمانەکان تەفسیری ناوەکانیانن. ئەوەی لە ناو تۆقی‌عەزازیل‌دا وشە بە وشە دەهۆندرێتەوە هەمان تۆقی‌عەزازیلە کە کرابووە ملی بەردراوەی ئەو کۆمەڵگەیەوە و هێشتاش قووناوەکەی هەر نەبڕاوەتەوە. هەرچەند لەسەر ئاواتی نووسەر شێخی گەڵپەرەست دوابڕاو دەبێ.

ئەوەی لە گابۆڕیش‌دا دیتم دڵۆپ دڵۆپ نەخشاندنی ئەو بازرەقەی خوێنە و گەو گەو تێکخزانی ئەو زریکە و لەدایک‌بوونی هاوارەکانی کۆمەڵگەیەکی بریندار بوو. هەرچەند سەیدەسوورەی مەست بە بۆنی خوێن، لەسەر ئاواتی نووسەر ورگی هەڵدەدڕێ، بەڵام مخابن برینەکانی کێردی ئەویش هەر ڕێگەیان پڕ ڕێبوارە.

 بۆیە لە لای من ڕۆمانی تۆقی عەزازیل و گابۆڕ دوو ئاوێنەی باڵانوێنی ئەوان سەردەمانی کۆمەڵگەیەکی بریندارن، لەو شانەوە لەسەر ڕووح و لەم شانە لەسەر جەستە.

***

بە سرتە بە گوێی ئەم نووسەرە عازیزانەم‌دا چپاندبوو( مەبەستم سەیدقادرهیدایەتی و عەزیزمەحموودپوور و عەلی‌غوڵامعەلییە) کە ئەگەر بڕیارە لەودنیا، لەسەر کردەوەکانی ئێرەمان، پەنجە و لووت و گوێچکە و یەک بە یەکی ئەندامەکانی جەستەی سڕ و پواومان لێ بە شایەت بگرن، من دڵنیام ئەم وشە و ڕستە ڕووح لە پۆلوو هەڵکشاوانەش دەنک دەنک هەڵدەستنەوە، خێزەرە دەبەستن و دێن شایەتی دەدەن و دێنە گۆ لەسەر ئەو کات و ساتە پیرۆزانەی ئەم تابلۆیانەیان تێدا نەخشێنراوە، ئەو چرکە و دەقیقانەی بۆیان تەرخان کراوە، بۆیە وەک خوێنەرەوەیەک، خوێنەرەوەیەکی هەمیشە چاوەڕوانی ئەو خەرمانە، داوایان لێ دەکەم ماندوویەتی سەنگەوبەرد نێین، واز نەهێنن لە پشکنینی مێشک و لە بزواندنی گەراکانی ناودڵ و ئەو سەرپەنجانەی بەرهەمی وا دەخەنەوە.

ئیتر ماندوو نەبن و خەرمان بەرەکەت!

***

بۆ گابۆڕ، پادشای تەنیایی، خەونی پەپوولەپاییزە

ئێوارەیە

گایەک تا هێز لە کەلەکەی‌دایە دەبۆڕێنێ،

پادشایەک

لەسەر تەختی پاییز دانیشتووە و

خەونی پەپوولەکان دەژمێرێ.

ئێوارەیە و زستان لێی خەفتاوە

زنجیرە چیاکانی لەم پاشایە دەنگ دات

مەشتی حەسەن

بە خەونی قووڵی خۆی ناوێرێ.

چ گێژەنی هەواڵێکە هەڵیکردووە؛

باویلکەیەک

لە پەنجەرەی خەونەکانەوە

ڕێگە دەدۆزێ بێتە ژوورەوە

ئێوارەیە

ساڵ

لە وەرزی تەنیایی ئاوسە

گا گاش

بۆڕەی گایەک هەر دێ لە دوورەوە!

انتشار توسط 8 تم

یەک بۆچوون

  1. سڵاو
    دەستتان خۆش بێ.
    تکایە ئەم وشەیە ڕاست کەنەوە؛ تێمیسکی خەفەت نیە، “تێمێکی خەفەت”ە.
    سپاس

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>