هەواڵ

شێعرێکی رەزا سوله‌یمانیان

رەزا سولەیمانیان

خانم

لە دڵی خوێنینی هەنار

ڕاسپاردەیەك

 بۆ

هەنارستانی باڵات و

باڵوێزێكی شەكەت

بۆ هەرێمی ئاوەدانی دڵت

وەفدێكی ماندوو

لە بۆ بەهارە هەواری كۆشكت.

ڕۆژباش خانم.

لە ئیمپڕاتۆریەتی جەنابت

سپییە كۆترێك

خوێناوی باڵی

بە سەر شان و شكۆی جەنابت دەپڕژێنێ.

سوور بنوێنێ خانم.

سوور بوونت تاوانە

ئاڵقەیە

بە سەر هەرچی تەرمی ئەم دەڤەرەیە.

ئەوین

خۆی بە پرچی زەردەپەڕ

لە تەنیشت چەند شیعرێك

شاعیرانە هەڵواسییوە

گەڕانەوە بۆ لای ئەوە

گەڕانەوە واتا دۆڕاندن.

ژیان باش خانم

لە ئیمپڕاتۆریەتی جەنابت

ماسی

لە نووقمایی خنكان

بە شوێن ئاودا

عارفانە سەما دەكات

هەرچی ویشكاییە

خیت خیتە بە زەریا دەكەن.

خۆرەتاو لە كازیوەدا

تازییە پۆشە و

ترسەنۆكانە شرم دەكات.

ئێوارە باش خانم

لە ئێمپڕاتۆریەتی جەنابت

شەقام

پیاسە فریو دەداو

پیاسە

سیخوڕمەیی زمان و هزر دەكات.

لە كۆڵانە بەر تەسكەكانی شارەكەت

سێبەر

هەرچی ژوان و بن سیلەیە

ڕوو ڕەشانە حەشار دەدات

هەرچی باسی دڵدارییە قەدەغەیە.

شەوباش خانم

لە ئیمپڕاتۆریەتی جەنابت

هەموو شەوێك یەڵدایە

تەواو بوونی بۆ نییە.

خانم…

لە دیكتاتۆڕیەتی جەنابت

شەو بە درێژایی تاریكی

بە دیمۆكراسیت دەنگ ئەدات و

قااااا…..قاااااا……ااااا

لێت ڕازییە.

خانم….

سكاڵایەك

لە نووسەری

ئەم چەند لاپەرەیە

ئاراستەی دادگای بەزەییت

شیوەن….شیوەن

لە زوڵم و زۆرداری

خۆمم دەربێنا و

وڵاتی غەدری دڵم

بە شۆڕشێك

فاتحانە فەتح كە و

 زاڵمانە

چوار دەورم بگرە و عاشقم كە.

سەرشێتانە، شیتم كەو

شاعیرانە، شاعیر.

ژیانت باش خانم

ئیمپڕاتۆریت باش گوڵم

بێبەزەییت باش دڵم

پێرۆزت بێ خاتوونەكەم

ئەوە ئەم شیعرەش

لە دیلستانی چاوانت

پڕاوپڕبوو لە ئازادی و

شەقەی باڵی

مووسیقای ڕزگارییە.

خانم گەورەییت باش

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>