هەواڵ

شێعرێکی زیاد رەشاد قادر

زیاد رەشید

درێشه‌

 

به‌وه‌دا دیاره‌ دونیا خراپ تێكچووه‌

سیاسه‌ت گره‌وى له‌ شیعر بردۆته‌وه‌

×××

خه‌م ئه‌و خه‌مه‌یه‌

هه‌ندێك نه‌یانبوو تا بتكێ و

پێیان بگوترێ: ئه‌وه‌ بۆ “حه‌یا ته‌ركى حه‌یاتى كرد”!

×××

بڕۆ ده‌سته‌جلێكى جوان بسه‌نه‌ بڕۆ پینه‌پۆش

زه‌مان “زه‌مانى كه‌وا بخۆیه‌”

×××

ئاو به‌ره‌و خوار خوارزاى ده‌برد

كه‌چى خاڵه‌ خاس خاس

له‌برى خوێش

ده‌روێشى فێره‌ ئاڤژه‌نى ده‌كرد

×××

ته‌ورى تیژ

ده‌توانێ به‌ چاوتروكانێ

چى دارى گه‌نده‌ڵ هه‌یه‌ وردوخاشى كا

گه‌لۆ ئه‌گه‌ر ده‌سكى ته‌ور

له‌ دارى گه‌نده‌ڵ چێكرابێ

ئه‌و چى بكا چى!

×××

جاران ده‌یانگوت: “ده‌رد بڕۆ، ده‌رمان هات”

ئێستا ده‌ڵێن: ده‌رمان وه‌ره‌ ده‌ردمان بۆ زێده‌كه‌

×××

كڵۆڵ به‌ كڵۆڵ ده‌ڵێ: “مه‌عاشه‌كه‌و جوانه‌”

به‌له‌نگاز به‌ “هه‌ى له‌برسان مردوو” تانه‌ له‌ به‌له‌نگاز ده‌دا

كرێنشین هاوار ده‌كاته‌ كرێنشین: هه‌ى بێ ماڵ و حاڵ

پێخواس به‌توانجه‌وه‌ به‌ پێخواس ده‌ڵى:

كه‌وشه‌كانت له‌به‌ر باران ته‌ڕ نه‌بن…

ئااااى سیاسه‌ت كوو دڵى هه‌موویانت كرمێ كرد!

×××

پێشان ده‌یانگوت: “حكومه‌ت گوێى هه‌یه‌، چاوى نییه‌”

نها زمانى هه‌یه‌ زمان

نها “پاڵه‌وانى قسانه‌ و كۆڵه‌وارى ده‌ستان”

×××

به‌ گوڵیان گوت بۆ وا سیس و ماتى

گوتى باخه‌وانه‌كه‌م…

ئاخ باخه‌وانه‌كه‌م…

×××

هێندێك هێنده‌یان له‌سه‌ر یه‌ك داناوه‌

هه‌م بۆ كه‌یفێ

هه‌م بۆ حه‌یفێ

چ بۆ ڕۆژى ڕه‌ش

چ بۆ شه‌وى گه‌ش

هێندێكیش نه‌ ئاگرى هه‌ڵكراو له‌ كوخه‌كه‌یان بۆنسۆى لێ دێ

نه‌ مشك له‌ كاوله‌كه‌یان كلكى به‌ ئاردى جۆ ده‌بێ

خودایه‌ ئه‌م ناهه‌قییه‌ هه‌ڵنه‌گرى

×××

چونكه‌ له‌ كنه‌ وان

قسه‌ باجى له‌سه‌ر نییه‌

بۆیه‌ ئاشیان هه‌ر به‌ درۆ ده‌گه‌ڕێ

×××

ئاممان پشیله‌ مه‌كه‌نه‌ ئاشپه‌ز

ده‌نا خواردنه‌كه‌ به‌شى كه‌س ناكا

×××

كه‌وتووینه‌ ده‌ور و زه‌مانێ

گوڵه‌گه‌نم ئاو ده‌خواته‌وه‌ به‌هۆى زیوانێ

ده‌ور و زه‌مانێ

ویژدانمردى نانى ویژدانزندى ده‌خوا

×××

به‌ ده‌ستى خۆى نا

به‌ ده‌ستى خه‌ڵكى دى مارى حه‌وتسه‌ر ده‌گرێ

وا ده‌زانێ خوێنى ئه‌و

له‌ هى خه‌ڵكى ڕه‌نگینتره‌!

×××

چه‌نده‌ سه‌خته‌

(ماف) بكه‌وێته‌ لاى (مافیا)

×××

 

پێیان گوت:

كوڕه‌كه‌ت… ئاغا كوڕه‌كه‌ت

به‌رد ده‌گرێته‌ ماڵه‌ ده‌رودراوسێ

گوتى: چاوى ڕه‌ش بێ و پێى كۆره‌ بێ!

×××

ڕه‌حمه‌ت له‌ پیرى دانا

نیو سه‌ته‌ زووتر گوتى:

“كه‌ كار كه‌وته‌ ده‌ست ته‌بیعه‌ت مردوو

فاتیحه‌ داده‌ن بۆ ڕۆحى زیندوو”

×××

هاوڕێكه‌م مانى له‌ قسه‌ گرتووه‌

تا ئه‌و كاته‌ى

كتك و مشك

ده‌بنه‌ خوشك

×××

دێیه‌كه‌ى ئه‌وبه‌ر

كاسه‌یان وشك و ده‌میان ته‌ڕه‌

دێیه‌كه‌ى ئه‌مبه‌ر

دڵیان پڕ و ده‌میان كڕه‌

×××

ئه‌و ده‌یگوت باج هه‌ر باجه‌

باجى (بێده‌نگى) و باجى (قسه‌)

باجى (به‌ڵێى سه‌رشۆڕى) و باجى (ناى ناڕه‌زایى)

باجى (شیعرى ده‌ربار) و باجى (سروودى یاخیبوون)

منیش گوتم

ڕاسته‌ باجى (قسه‌) و (نا) و (سروودى یاخیبوون)یش هه‌ر باجه‌

وه‌لێ تاجه‌

×××

 

زیاد ڕه‌شاد قادر

هه‌ولێر، ئۆكتۆبه‌رى ۲۰۱۵

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>