هەواڵ

غه‌زەلی نوێی کوردی / وت و وێژ له‌گه‌ڵ جه‌لال نه‌جاری

ئەرسەلان چەڵەبی - جەلال نەجاری

ئەرسەلان چەڵەبی – جەلال نەجاری

خوێنەری هێژا:

وت و وێژی بەردەستت، یەکێک لە زنجیرە وت و وێژەکانی ژووری (ڕاوێژ)ـە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٢١ و ٢٢ ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٧١٥ کورد) لەسەر مژاری (غەزەلی نوێی کوردی) بە ئامادەبوونی شاعیری لاوی غەزەل بێژی خۆرهەڵاتی کوردستان “جەلال نەجاڕی” و بە پێشکەشکاریی “ئەرسەلان چەڵەبی”، شاعیری لاوی خۆرهەڵاتی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ژوورەکە، ئەنجام دراوە و تێیدا باس لە غەزەلی نوێ و پێکهاتە و دۆخی ئەو چەشنە لە شیعر لە ئەدەبی کوردیدا دەکات.

بەشی یەکەم

ڕاوێژ:سڵاو و رێز بۆ ئەندامانی ژووری راوێژ و هەروەها سپاس بۆ کاک هەڵمەت کە بەو پێشبارە کورتە تا رادەیەک زەینی ئەندامانی ئامادەی ئەو باسە کرد

کاک جەلال نەجاڕی زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ ئەو ژوورە

جەلال نەجاڕی: سڵاو و رێزم هەیه بۆ ئەندامانی بەڕێزی ژووری راوێژ و هەروەها سپاس بۆ ئێوە و بەرێوبەرانی ئەم ژوورەش که ئەم هەلەیان رەخساند ئەمشەو لە سەر غەزەلی نوێ قسە بکرێ.

ڕاوێژ:هەر وەک ئاگادارن باسی ئەمشەو لە سەر غەزەلی نوێ لە کوردستانە و دیارە جەنابیشت لە سیما ناسراوەکانی بواری غەزەلی نوێن لە رۆژهەڵاتی کوردستان. وەک سەرەتا بۆچی غەزەڵی نوێ؟

جەلال نەجاڕی : سپاس بۆ ئێوە ، ئەوەی که من له سیما ناسراوەکانی غەزەلی نوێ  بم، جارێ زووە بڕیاری لەسەر بدرێ، لەبەر ئەوەی غەزەلی نوێ ئەزموونێکی ساوایه و شاعیرانێکی زۆریش لەم بوارەدا خەریکی ئەزموون کردنن .

بەڵام ئەوەی که بۆچی غەزەلی نوێ؟ دیارە نوێ له بەرانبەر کۆن یان بە واتایەک لە بەرانبەر شتەکانی بەر لە خۆیدا پێناسە دەکرێ. لەم ڕووەوە دەستەواژەی غەزەلی نوێ دەلالەت دەکا به سەر کۆمەڵێک تایبەتمەندیی لە غەزەلی ئەمڕۆی کوردیدا که جیاوازە لەگەڵ غەزەلەکانی بەر لە خۆی. جا ئەگەر ئیزنم بدەی به کورتی ئاماژەیەک به تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوازە غەزەله بکەم. غەزەلی نوێ سێ تایبەتمەندیی سەرەکی هەیه و کۆمەڵێک تایبەتمەندی تر که ئاماژەیان پێ دەکەم:

یەکەم:لە غەزەلی نوێدا ئێمه لەگەڵ پێکهاتەیەکی شیعری ڕووبەڕووین که پاژەکانی لە پێوەندی لەگەڵ یەکدان . لە غەزەلی کلاسیکدا بەیت لە باری واتاییەوە سەربەخۆیه و مانا(لە زۆربەی کاتەکاندا) به پێی سەروا دادەڕێژرێ.  بۆیه لە غەزەلی کلاسیکدا ئێمه (لە زۆربەی شێعرەکاندا) دەتوانین بەیتێک بکێشینه دەرێ یان جێگۆڕکێ به بەیتەکان بکەین بەبێ ئەوەی خەسارێک لە پێکهاته و مانای گشتیی شێعرەکە بکەوێ. بەڵام له غەزەلی نوێدا ئێمه هەروا به سانایی ناتوانین ئەم جێگۆڕکێیه به ڕستەکان بکەین و به پێچەوانەی غەزەلی کلاسیک ئێمه لەگەڵ گشتێتی (کلیت)ی شێعرەکه ڕووبەڕووین. واته تەواوی پاژەکانی شێعر له پێوەندییەکی پێکهاتەیی و ئۆرگانیکدان لەگەڵ یەکتر و به دەرکێشانی ڕستەیەک یان بەیتێک سەرجەم شێعرەکه خەساری لێ دەکەوێ.جا ئەم پێوەندییەی نێوان پاژەکانیش یان به هۆی پێکهاتەیەکی گێڕانەوەییه لە غەزەلدا یان به هۆی ئیرجاعاتی  نێو دەقییه (درون متنی) .

دووهەم: غەزەلی نوێ دەبێ لەباری زمانییەوە جیاواز بێ لە غەزەلی بەر لە خۆی. یانی تۆ ناتوانی به زمانی شێعریی نالی یان هێمن غەزەل بنووسی (مەگەر ئەوەی کە دەکارکردنی ئەو زمانه کارکرد و دەلالەتێکی تایبەتی لە پشت بێ) و پێشت وابێ که غەزەلی نوێت نووسیوە. که واته جیاوازیی زمانی لەگەڵ غەزەلی پێشوو یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی غەزەلی نوێیه.

سێهەم: تایبەتمەندیی سەرەکیی غەزەلی نوێ،ڕوانینی نوێ و جیهانبینییەکی ئەوڕۆیی و سەردەمیانەیه لە هەمبەر مرۆڤ و جیهانی دەورەبەردا.  هەڵەمان نەکردووە ئەگەر بڵێین غەزەلی نوێ “غەزەلی شار”ە. موتیفه سەرەکییەکانی ئەم غەزله به پێچەوانەی غەزەلی کلاسیکی کوردی پێوەندییان هەیە به شارەوە، شوێنی ڕوودانی ڕووداوەکان شارە.  باس لە کەڵکەڵەی مرۆڤی شار دەکەن.  مرۆڤی شاریی ئێمه مرۆڤێکی نە لە سەداسەد مۆدێڕنه و نە لە سەداسەد سوننەتییه، بەڵکوو تێکەڵاوێکه لە هەردووکیان، غەزەلی نوێش بەم پێیه ڕەنگدانەوە و نواندنەوەی کەڵکەڵەکانی ئەم مرۆڤە سوننەتی و مەدێڕنەیه.

لە پەنای ئەم سێ تایبەتمەندییه سەرەکییەدا غەزەلی نوێ کۆمەڵێک تایبەتمەندیی تریشی هەیه و لە کۆمەڵێک تەکنیکی تایبەتیش کەڵک وەردەگرێ وەک ئیرجاعاتی نێوان دەقی ، گەمە کردن به گوتاری هزری و ئەخلاقیی زاڵ به سەر جیهانی شێعری کلاسیکدا، جەخت کردن لەسەر وێنەی شێعری له جێی تەرکیبگەلی کلاسیکی تەشبیه سازی[وێچواندن] و خوازە سازی، دەکارکردنی زمانێکی سەمیمی و سەردەمیانه بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ خوێنەر، ئاوڕدانەوە له پرسه سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هتد…

ڕاوێژ:چەمکی ڕاسان و دەنگ هەڵبڕینی کۆمەڵایەتی چەندە دەتوانێ لە غەزەلی نوێدا شوێنی هەبێ؟ له کۆمەڵگەیەکی داخراودا به ناچاری دەبێ له سیمبول و نمادەکان و جۆرێک شاراوەوێژی کەڵک وەرگری.

جەلال نەجاری: غەزەلی نوێ فۆڕمێکی شێعرییه وەک هەموو فۆرمەکانی تری ئەدەبیات. لەو فۆرمه ئەدەبییەدا شاعیر به پێی توانا و دەسەڵاتی خۆی بە سەر زماندا دەتوانێ باس لە هەر مژارێک بکات. ئەو مژارە دەتوانێ خۆشەویستییەک بێ یان دەنگ هەڵبڕینێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ لە هەمبەر کۆمەڵگا و ڕێکخراوە سیاسییەکان و… هتد.

ڕاوێژ: ئایا فۆڕمی غەزەل که کێش و سەروا تا ڕادەیەک بەرتەسکی دەکاتەوە دەتوانێ بێ ڕووت کردنەوەی ناوەرۆکی شیعر داماڵدران له جوانیناسی ئەو ئامانجەی سەرێ بپێکێ؟

جەلال : ئەوەی که کێش و سەروا دەتوانێ ئەو مانایه بەرتەسک بکاتەوە تا ڕادەیەک ڕاسته لەبەر ئەوەی تۆ دەستت ئاوەڵا نییه، بەڵام من پێموایه ئەوەش پێوەندی هەیه به ڕادەی  دەسەڵاتی شاعیر بەسەر زمانەوە.

ڕاوێژ: ئەو غەزەلە نوێیەی باسی لێ دەکەی چەندە لە ژێر کاریگەری غەزەلی کلاسیک دایە، واتە چەندە توانیویەتی خۆی لە چوارچێوەی غەزەلی کلاسیک دەرباز بکا ؟

جەلال :لە ژێر کاریگەری غەزەلی کلاسیکدا بووە و هاوکات لە درێژەی گۆڕانکارییەکانی شێعری کلاسیکدایه و پچڕانێک نییه لە ئەدەبیاتی کلاسیک. غەزەلی کوردی به پێی هەل و مەرج و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە باری زمانیی و ناوەرۆک و فۆرمەوە ئاڵ و گۆڕی بەسەردا هاتووە و غەزەلی نوێش هەر لە درێژەی ئەو گۆڕانکارییانه بە ئەژمار دێ. ئەو تایبەتمەندییانەی لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم لێکرد وا بزانم دەتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارەش بێ.  غەزەلی نوێ هەر غەزەله بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیه کە جیاوازی دەکاتەوە لەگەڵ غەزەلی بەر لە خۆی.

ڕاوێژ :دیارە ئەدەبی فارس لە بواری غەزەلی نوێدا دەوڵەمەندە، غەزەلی نوێی کوردی چەندە لە ژێر کاریگەری غەزەلی نوێی فارسی دایە؟

جەلال :ئەدەبیاتی کوردی به گشتی لە زۆربەی بوارەکاندا لە ژێر کاریگەری ئەدەبی فارسیدا بووە و ئەوەش نە حاشای لێ دەکرێ و نە خراپیشه. کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی دیکه و گواستنەوەی ئەو ئەزموونه بۆ ناو ئەدەبی ناوخۆ بەو مەرجەی تەنیا لاسایی کردنەوەیەکی ڕووکەشیانه نەبێ و بە لەلەبەرچاوگرتنی دۆخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردی و هەروەها پتانسیەلەکانی زمانی کوردی بێ، دەبێته هۆی گەشەی ئەدەبیات.  غەزەلی نوێش هەر بەم پێیه کارتێکەری غەزەلی نوێی فارسی پێوە دیارە . بەڵام هەر وەک ئاماژەم پێکرد گرنگ ئەوەیه گواستنەوەی ئەو ئەزموونه تەنیا لاسایی کردنەوە نەبێ، چون غەزەلی نوێی فارسی که  چەندین رەوتی جیای لێ کەوتۆتەوە، هەڵقوڵاوی هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای فارسه به ناوەندێتی تاران، ئێمەش دەتوانین به لەبەرچاوگرتنی هەل و مەرجی کۆمەڵگای خۆمان لە ئەزموونی ئەوان کەڵک وەربگرین.

ڕاوێژ: بۆچی بە پێی پێویست غەزەلی نوێ لە کوردستاندا تەشەنەی نەکردووە؟ ڕوداوە سیاسییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان ڕۆژ لە دوای رۆژ  زۆرتر و بەرفراوانتر دەبێتەوە و ئەو مژارەش خۆی دەتوانێ خۆراکی غەزەلی نوێ بێ، هەڵبەت بەو پێناسانەی کە لە سەرتاوە ئاماژەت پێ دابوو. بەڵام چۆنە و بۆ تەنانەت لە ناو کۆمەڵگای ئەدەبیاتیشدا گرینگییەکی ئەوتۆی پێ نادرێ؟

جەلال: غەزەلی نوێ بەو تایبەتمەندییانەی باسم لێکرد ،ئەزموونێکی ساوایه و لەوانەیە به هەموویەوە چەند ساڵ بە سەر تەمەنیدا تێنەپەڕێ، بەڵام هەر ئەوەی که ئێوە بۆ نموونه باسێکتان تەرخان کردووە بۆ ئەم مژارە خۆی نیشاندەری ئەوەیه غەزەلی نوێ ئەگەرچی ساواشە بەڵام تەشەنەی کردووە و بەردەنگی تایبەت به خۆی هەیه.  ئەوەش که لە کۆمەڵگای ئەدەبیدا گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نادرێ نازانم لە ڕووی چ پێوەرێکەوە دەگوترێ. ئەگەریش مەبەست پێشوازی کردنی خەڵک و کەسانی ئەدیبه لەم شێوازە غەزەله من وەکوو ئەزموونی تاکەکەسیی خۆم لەناو کۆمەڵگادا بینومه پێشوازییەکی زۆر باشی لێ دەکرێ بە تایبەتی لە لایەن شاعیرانی نوێخواز و پێشەنگەوە.

ڕاوێژ: شاعیرانی کلاسیک نووسی بە ئەزموونی کورد پەیوەندییان لە گەڵ غەزەلی نوێ هەیە؟ واتە چۆن بۆ ئەو باسە دەڕوانن؟ پێیان بابەتێکی ئەرێنییە یانکوو نا هەر بەو ڕووانینە کلاسیکەی خۆیانەوە چاو لە غەزەل دەکەن و لایان وایە نابێ ئەو ئاڵ و گۆڕییەی بە سەر دابێ؟

جەلال :سەرەتا دەبێ بزانم مەبەستت لە شاعیرانی کلاسیکنووس کێیه ؟

ڕاوێژ: مەبەست شاعیرانی دوای مامۆستا هێمن و هەژارە کە ئێستاش لە ژیاندا ماون.

جەلال :لە نێو شاعیرانی بۆکان کەسانی وەک مامۆستا ئاسۆ و مامۆستا ئەمینی گەردیگلانی زۆر باش پێشوازیان لەم شێوازە غەزەله کردووە و ئاگاداری تایبەتمەندییەکانیشی هەن.  لە شارەکانی دیکەش نازانم و ئاگاداری چڕم نیە بەداخەوە.

ڕاوێژ: ئایا غهزهڵی نوێ وهک شێعری نوێ سنووری قافیه و رهدیف تێک دهشکێنێت؟ هۆکارگەلی سەرهەڵدانی غەزەلی نوێ چین؟ بۆ هاوکات لەگەڵ شێعری نوێ نههاتهئاراوە؟

جەلال: غەزەلی نوێ بنەما سەرەکییەکانی شێعری کلاسیک وەک کێش و سەروا دەپارێزێ ، ئەگەرچی لە هەندێ جێگادا و به پێی کارکردی تایبەت ئەو کێش و سەروایه دەشێوێنێ یان گەمەی پێ دەکا بەڵام به گشتی ئەو دووانه دەپارێزێ. ئەوەش که غەزەلی نوێ بۆ لەگەڵ شێعری نوێ نەهاته مەیدان چەندین هۆکاری هەیه :

یەکەم: ئەوەیه که نابێ سەرەتای غەزەلی نوێ بە ئێستا و ئەو چەند ساڵەی رابردوو بزانین و ببەستینەوە، بۆ وێنه غەزەلی مامۆستا هێمن لەچاو غەزەلی بەر لە خۆی چ لە باری ناوەرۆک و چ لە باری زمانییەوە نوێیه و وەکوو پێشەنگەکانی غەزەلی نێئۆکلاسیکی کوردی بە ئەژمار دێ. ئەم ڕەوته تا ئەم ساڵانەی رابردوو ئاڵو گۆڕی زمانیی بەسەردا هاتووە و لە شێعری کەسانی وەک مامۆستا ئاسۆ و ئەمین گەردیگلانی و شاعیرانی غەزەلنووسی تردا درێژەی بووە. غەزەلی نوێ له درێژەی ئەو گۆڕانکارییانەی غەزلدا هاتۆتە ئاراوە.

دوو: لایەنێکی تری درەنگ نوێ بوونەوەی غەزەل (بەو تایبەتمەندییانەی ئاماژەمان پێکرد) لەوانەیە بگەڕێتەوە سەر خودی غەزەلنووسان، ئەوان نەیانتوانیوە لەگەڵ گۆڕانکارییه کۆمەڵایەتی و زمانییەکان بێنه پێشێ .  هەر وەها هەر وەک ئاماژەم پێکرد غەزەلی نوێی کوردی لەژێر کاریگەری غەزەلی نوێی فارسیدا هاتۆتە ئاراوە و غەزەلی نوێی فارسیش خۆی تەمەنێکی ئەوتۆی نییه.

ڕاوێژ: چۆنهغهزهلی نوێ، وهك ڕۆمان كهوهك ژانڕێكی شاری چاوی لێ دهكرێ، شاری دهبێتهوه، واتا ناكرێ نوێش بێ و كهڵكهڵهی مرۆیهكی لادێییش تێیدا ڕهنگ بداتهوه؟

جەلال: کاتێک باس له شار دەکرێ، شار ئەو بەستێنەیه که مودێرنیتی تێیدا بیچم دەگرێ. ئەویش به هۆی پێکهاتەی جیاوازی شارە لەگەڵ دێهات.  جیهانی حاکم به سەر دێ جیهانێکی یەکدەسته و لەگەڵ ڕووحی نوێ بوونەوە و گۆڕانکاری ناکۆکه، کەوابوو کەڵکەڵەی مرۆڤی لادێ ناتوانێ کەڵکەڵەیەکی نوێ بێ.  ئەوە بەو مانایە نییه کەسێک لە دێ بژی ناتوانێ نوێخواز بێ، بەڵکوو تاکی نوێخوازی لادێ نشین پتر له ژێر کاریگەری هزری شاردایه. شار نە بە مانای جوغرافییەکەی بەڵکوو به واتای هزری و گوتارییەکەی. کاتێ دەگوترێ غەزەلی نوێ “غەزەلی شار”ە بەو مانایەیه که غەزەلی پێشوو رەنگدانەوەی جیهانی لادێیه لە دەقدا. ئەگەر غەزەلی نوێش هەر باسی ئەم جیهانه بکاتەوە دیارە ناتوانێ نوێ بێ.

ڕاوێژ: نوێ کردنەوەی شێوازێکی ئەدەبی کۆن یان کلاسیک چ پێویستییەکی هەیە؟ ئەم هەڵگەڕانەوەیە بۆ دواوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟ ئەگەر ئەم شێوە شێعرە سەربەخۆیە و تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆچی لەبری غەزەلی نوێ، ناوێکی دیکەی لێ نانێن، بۆ نموونە، شێعری شار، شێعری هار، شێعری ڕۆژ، شێعری سەردەم، شێعری؟پێت وا نییه لە کاتێکدا ئەمڕۆ باس لە ئەدەبیاتی پێشڕەو و ئاوانگارد و پۆست مۆدێرن دەکرێ ئیتر باوی غەزەل بەسەر چووە و ناتوانێ جێی خۆی بکاتەوە؟

جەلال: لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا دەبێ ئەو پرسیارە بکەین که ئەسڵەن نوێ بوونەوەی شێعر و به گشتی ئەدەبیات چ پێویستییەکی هەیه؟ جەوهەری هونەر واته نوێ بوونەوە و داهێنان. غەزەلی کوردیش ئەو فۆرمه ئەدەبییەیه که هاوکات که بەردەنگێکی زۆری هەیه پتانسیەلی نوێ بوونەوەشی هەیه،کەوابوو ئەمه خۆی نوێ بوونەوەی بەشێکه لە ئەدەبیاتی کوردی. لەمەڕ نێویش دیارە هەر نێوێک که بۆ رەوتێکی ئەدەبیی دیاری دەکرێ دەبێ وەک چەمکێک بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم رەوتە لەخۆ بگرێ و هاوکاتیش ئەوە شتێکی گرێبەستییه لە کۆمەڵگای ئەدەبیاتدا. من وەک خۆم پێموایه “غەزەلی شار” نێوێکی گونجاوە بۆ رەوتی غەزەلی نوێی کوردی.

پاشان خۆ جێ کردنەوە چۆناوچۆنه و به چ مانایەکە ؟!! لە ئەدەبیاتی فارسیشدا هەر ئەو گوتارە و ئەو ڕەوتانەی باستان لێکردووە هەیه، لە پەناشی دەیان و سەدان غەزەلنووسیش کاری غەزەل دەکەن، ساڵانەش دەیانی کتێبی غەزەل بڵاو دەکەنەوە و کتێبەکانیشیان له پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەدەبیاتی فارسییه و خەڵاتی تایبەتی ساڵانەش تەرخان کراوە بۆ ئەم رەوته! ئیدی نازانم ئەوە چۆنه له ئەدەبیاتی فارسیدا جێی خۆی کردۆتەوە و لە کوردیدا ناتوانێ؟!!

ڕاوێژ: بەرهەمی چاپکراو وەکوو کتێبێک کە غەزەلی نوێی کوردی تێدا گونجابێ تا ئێستا هاتۆتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە یان نا هەر لە ناو دونیای مەجازیدا بەرتەسک بۆتەوە؟

جەلال : هەر وەک ئاماژەم پێکرد ئەم ئەزموونه زۆر ساوایه و من بەش به حاڵی خۆم تا هێشتا کتێبێک که هەموو تایبەتمەندییەکانی غەزەلی نوێ لە خۆ بگرێ نەمبینیوە، بەڵام به خۆشحاڵییەوە لەو بوارەدا کەسانی زۆر هەن کە خەریکی نووسینن و هەر کام به شێوەیەک خەریکی ئەزموونی ئەو شێوازەن، کەسانی وەک ئاوارە وڵات، ناسر یەزادنی، فەرهاد ساڵحی فەر، م.ئاران، ئازاد سەید ئیبراهیمی و دەیان کەسی دیکه.

بەشی دوو:

راوێژ: وێڕای رێز و سڵاو بۆ هەموو ئەندامانی راوێژ، بە بەشی دووهەمی دوان لە سەر غەزەلی نوێی کوردی لە گەڵ هاوڕێ جەلال نەجاری لە خزمەتتان داین. بەڕێز نەجاری ئەو کاتەتان باش

دوێشەو بە گشتی باسمان لە سەر رەوت و پێگەی غەزەلی نوێی کوردی کرد و تا ڕادەیەک بۆمان ئاشکرا بوو کە ئەو رەوتە لە گاگۆڵکە دایە و تەمەنێکی ئەوتۆی نییە، وەک یەکەم پرسیار ئەو پێناسانەی بۆ غەزەلی نوێ کراوە بە تایبەت لە لایەن فارسەکانەوە وەکوو ئەوەی کە دەڵێن، گەمەی زمانی، شکاندنی فۆڕم و بەربەرەکانی لەگەڵ سوننەت و…..ئەوە چەندە لە ناو غەزەلی کوردیدا دیارە و رەچاو کراوە؟

نەجاڕی: سڵاو و رێزی دوبارە بۆ ئەندامانی ژووری راوێژ.

کاک ئەرسەلان سەرەتا پێویسته ئاماژە بەوە بکەم لە ناو غەزەلی نوێی فارسیدا چەندین رەوت و جەریان هەیه به چەندین ناوی جۆراوجۆر ، نامهەوێ زۆر بپەرژێمه سەر ئەو باسانه ،ئەوەی من دوێ شەو باسم لێکرد ئەو تایبەتمەندییانه بوون که من لە غەزەلی نوێی کوردیدا بینیومن و وەک نموونەش بەشێک لە کارەکانی خۆم هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانەن که پێشتر باسم کردون. ئەوەش که ئەو شتانه رەچاو کراوە یان نا دەگەڕێتەوە سەر دەق و ڕا و شرۆڤەی خوێنەر.

راوێژ: لە شیعرەکانی تۆدا ئیرجاعاتی شیعری شاعیرانی کۆن وەک نالی و هیمن زۆرە، بۆ؟

نەجاڕی: دەلالەتی مانایی لە غەزەلی نوێدا لە ئاستی دەلالەتی ئاشکرا و راستەوخۆ تێدەپەڕێ و دەگاته ئاستی دەلالەتی شاراوە و ناراستەوخۆ،ئەوەش وا دەکا خوێنەر بکەوێته گەمەیەک بۆ دۆزینەوە و کەشفی مانا،هەر ئەوەش خوێندنەوەی غەزەلی نوێ چێژبەخشتر دەکا. یەکێک لەو تەکنیکانەی دەتوانێ ئەو جەغزە ماناییه بەربڵاوتر و چەند رەهەندی بکاتەوە ئەو ئیرجاعاته نێوان دەقییەیه.

بۆ نموونه یەکێک لە دەلالەتەکانی ئەو ئیرجاعانه بۆ دەقگەلی کلاسیک دەتوانێ ئەوە بێ که مێژوو شتێک نییه ئێمه لێی ڕاکەین، مێژوو بەردەوام لەگەڵ ئێمەیه و لە دووپاتبوونەوەدایه. یان دەتوانێ خوێندنەوەیەکی ئەمڕۆیی و سەردەمیانه بێ لەو دەقانه که باڵیان کێشاوە به سەر جیهانی هزری و ئەخلاقیی ئێمەدا. ئیتر ئەوەش کە لە هەر غەزەلێکدا ئیرجاع دراوە به چ دەقێک و بۆ ئیرجاع دراوە بەو دەقه ئەو کەشفەیه که خوێنەری ئاشنا به ئەدەبی کلاسیک و نوێ ئەبێ بیکا.هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێکردووە غەزەلی نوێ ئەبێ لە درێژەی گۆڕانکارییەکانی رەوتی غەزەل لە ئەدەبیاتی کوردیدا پێناسه کرێ و ئەو ئیرجاعانه دیالۆگێکن لەگەڵ بەرەی پێش خۆمان و رەخنه گرتن و جاروبارەش گەمە کردن بەوان.

راوێژ : لە کۆی ئەو هەشت غەزەلەی جەنابت دا، دانەیەکیان نەبێ هەموویان ئەو ئیرجاعاتەی تێدایە و لە شیعری شاعیرانیک وەکوو نالی، هێمن، سوارە و…کەڵکت وەرگرتووە، خوێنەر دەتوانێ بەو بارەی کەشدا چاو لەو باسە بکا و بڵێ باشە بۆ ئەو هەموو ئیرجاعاتە؟ بۆ شیعرێک نابینین کە نەمانخاتەوە بیر فڵانە شاعیر؟ واتە شیعرێک کە ئەو ئیرجاعاتەی تێدا نەبێ و بە تەواوی سەربەخۆ بێ. پێت وا نییە لە سەر سفرەی هیمن و نالی و….خەریکی نان دەخۆی؟ تەنیا تێکهەڵکێشێکی جیاوازت کردووە؟ ئەگەر نا، هۆکار؟

نەجاڕی: من پێموانییه ئەو شته ئاستی دەق بۆ ئەوە دابەزێنێ که به قەولی جەنابت من لە سەر سفرەی ئەو شاعیرانه خەریکم نان دەخۆم، ئەوان گێڕانەوەی خۆیان له جیهان نووسیوە  و منیش گێڕانەوەی خۆم. پاشان من نازانم سەربەخۆ بوونی دەق به چ مانایەکه و جەنابت چۆنی لێ حاڵی؟ کاتێ ئێمه بەردەوام له ژێر کاریگەری دەقی ترداین ئیتر سەربەخۆ بوونی دەق مانایەکی نامێنێ. ئەوە رایەڵەیەکه لە دەقەکانی پێشوو و ئێستا که جیهانی ئێمەیان تەنیوەتەوە و هەرکەس تێیدا چیرۆکی خۆی لە جیهانی دەوروبەری دەگێڕێتەوە. ئەگەر من تەنیا قسەی ئەو شاعیرانەم دووپات کردبێتەوە و زمانەکەم زمانی شێعریی ئەوان بێ ئەوە قسەی جەنابت راستە . لە حاڵیکدا هیچکام لەوانه نییه و هەر وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێکرد ئەو شتە دەلالەتی تایبەت بە خۆی هەیه و دەبێ لە پێکهاتەی شێعرەکەدا لێک بدرێتەوە و بخوێندرێتەوە.

راوێژ: دیارە لە وەلامی پێشووتدا ئاماژەت بە خوێنەر کردووە کە دەبێ هۆکاری ئەو ئیرجاعاتە کەشف کا، دیارە نکۆڵی لەو بەشە ناکرێ و ئەوەش حوکم نییە و ئەو ئیرجاعاتە جار جار جوانن، وەک شیعری رۆحی بەدفەر،بەڵام ئەو پێناسانەی کە بۆ غەزەلی نوێت کرد شەوی پێشوو، هەست ناکەی کەمتر لە دەقەکانت دا بەرچاو دەکەون؟ هەر گەڕانەوە بۆ نۆستالۆژییەکانی شیعری شاعیران بۆ ئەوەی خوێنەر لە یەکەم دەقە دا تەنیا چێژێکی سەتحی لێ وەرگرێ، دونیایەک کێشە و دۆخی نالەبار لە کۆمەڵگا دا هەیە بۆ کەمتر رەنگ دەداتەوە لە شیعرەکانت دا؟ بەشیکی زۆر لە شیعرەکان لە سەر ماچ و مەمک و …دەور دەگێڕن؟ بەشیکی تریش گەرانەوە بۆ دواوەیە، دەقی سەربەخۆ مەبەست ئەو پێناسەیە بوو کە بۆ غەزەلی نوێ دەکرێ، شار! شار و کێشەکانی لە کوێی شیعرەکانت دا هەیە و قسە دەکەن؟ دیارە کێشەکانی کۆمەڵگا و شار لە دەقەکانتدا بەرچاو دەکەون بەلام زۆر بە کەمی.

نەجاڕی: من باسی سێ تایبەتمەندی سەرەکیم کرد و کۆمەڵێک تەکنیکی تر که له غەزەلی نوێدا بەرچاون.  یەکەم فۆرمی غەزەل وەک پێکهاتەیەکی شێعری بوو که هەموو پاژەکانی لە پێوەندی لەگەڵ یەکدان ، دووهەم زمانی جیاوازە لە غەزەلی پێشوو، سێهەمیش روانینی ئەورۆیی و سەردەمیانەیه .پێشم وایه هەر سێ تایبەتمەندییەکە لەو غەزەلانەدا (بە تایبەت غەزلەکانی ئەم دواییانەمدا) هەن.

باس کردن لە شار تەنیا کێشەکانی نییه ، بەڵکوو مەبەستی من ئەو موتیفە سەرکییانەیه که شاعیر تێیدا شار زەق دەکاتەوە. بۆ وێنە بڕوانه شێعری شاری سوارە ،ئەو شێعرە گێڕانەوەیەکه له رۆییشتن له شار که هەموو موتیفە سەرکییەکانی دەلالەت دەکەن به سەر شاردا ، وەک دووکەڵ ، منارە و ئاسن و هتد.ئەو شێعرەی مامۆستا  ئاسۆش “هێند دڵم تەنگە دەڵێم بەم شەوە لەم شارە بڕۆم” ، ئەوەش گێرانەوەیەکه لە رۆییشتن له شار که لە کۆی شێعرەکەدا لە شار تەنیا ناوەکەی هاتووە و بەس! پاشانیش خۆ شار هەر گیروگرفت و دەرد و رەنج نییه، شار حەز و خۆشەویستی و چێژیشی تێدایه.

 

راوێژ: لە رۆحی بەدفەڕدا زۆر بە جوانی کۆمەڵێک شتی جوان باس دەکەی لە سەر دوو نەوەی جیاوازی کورد لە رێگەی شیعری جەلال و هێمنەوە، نکۆڵی لەوە ناکرێ، یان کاتێک لە شەڕ گەڕامەوە، پیت وا نییە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئیرجاعات وەلاوە نێی؟ سڵاوێکی تر لە غەزەلی نوێ بکەی؟

نەجاڕی: غەزەلێ نوێ ناوەکەی بە خۆیەوەیەتی کاک ئەرسەلان ، یانی هەردەم نوێ بوونەوە و ئەزموونی نوێ ، من لە ئەزموونێکی چەند ساڵەدا ئەو دەقانەم نووسیوە و بەردەوامیش لە ئەزموون کردندام، به هیچ شێوەیەکیش پێموانییه ئەو ئیرجاعه نێوان دەقییانه کێشەیان هەبێ لە گەڵ نوێ بوونەوەی ئەو شێعرانه بەڵکوو ئەوانه خۆیان تایبەتمەندیی ئەو غەزەلانەن و لە درێژەی ئەو ئەزموونه نوێیەدا پێناسە دەکرێن.

 

راوێژ: وایە بەڵام لە غەزەلی نوێی فارسیدا دەقی باش هەیە کە ئیرجاعاتی شاعیرانی کۆنیان نییە و لەو سۆنگەیەوە سەربەخۆن، مەبەست ئەوەیە کە ئایا هەوڵی ئەوەت داوە ئەو ئەزموونە جێ بهیڵێ؟

نەجاڕی: یەکەم ئەوەی که ئەو تەکنیکه تایبەتمەندیی سەرەکیی غەزەلی نوێ نییه و له ریزی سێ تایبەتمەندییە سەرکییەکەدا نییه که ئاماژەم پێکردووە. کەوابوو حوکم نییه هەموو غەزەلێکی نوێ ئەو تەکنیکەی تێدا بێ و منیش باسی ئەوەم نەکردووە . ئەوەی خۆم زۆر کەڵکم لێ وەرگرتووە لەبەر ئەو هۆکارانەیه کە لە سەرێ ئاماژەم پێکرد.

دووهەمیش دیسان دووپاتی دەکەمەوە کەڵک وەرگرتن لەو ئیرجاعه نێوان دەقییانه پێوەندی به سەربەخۆ نەبوونی دەقەوە نییه و من هەر باوەڕم به دەقی سەربەخۆ نییه ، بەڵکوو ئەوە دەقێکی ترە به گێڕانەوەیەکی تر.

راوێژ: دوێ شەو لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا گوتت: دوو لە شاعیرانی کلاسیک بێژی بۆکان لەگەڵ غەزەلی نوێ باش بەرەو ڕوو بوونەتەوە و بەڵام گوتیشت ئاگات لە شارەکانی دیکە نییە، ئەم بێ ئاگاییە، بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی تۆیەک کە کەسێکی جیددی دەبێ ئاگات لە شارەکانی تر نەبێ؟ تۆ بڵێی ئەم بێ ئاگاییە، بۆ دەماربەرزی شاعیران نەگەڕێتەوە کە هیچیان ئامادە نین شێعری شاعیرانی هاوچەرخی خۆیان بخوێننەوە؟!

نەجاڕی: ئەمن عەرزم کردی نازانم روانگەیان سەبارەت به غەزەلی نوێ چۆنه، دەنا نەمکوتووە کارەکانیانم نەخوێندۆتەوە.

راوێژ: بەڕای جەنابت ئەم شێوە شێعرە، کە خۆی بە شێعری شار پێناسە دەکات، تۆ بڵێی ناوچەیی نەبێتەوە و کۆدەکان و هێماکان تەنیا بۆ خەڵکی ناوچەیەکی دیاریکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتادار بێ؟ واتە بڵێی ئەگەر بکرێن بە کرمانجی خەڵکی باکووری کوردستان هەست بە نزیکی بکات لەگەڵیان؟ چ بگا بەوەی کە ترجمە بنەوە بە زمانی بیانی وەکوو فارسی؟

نەجاڕی: لە غەزەلی نوێدا ئەزموونەکان تاکەکەسیتر و دەروونیتر دەبنەوە،ئیر ئەو جیهانە پان و بەرینە نییه که هەموو شتەکان له ژێر چەتریدا کۆ بێتەوە، من لە غەزەلێکدا ئاماژه به  بۆکان دەکەم، ئەوە “من” نووسیومه و رەنگدانەوەی ئەزموونی ژیانی منه لەو دەقەدا، ئیدی نازانم چەندە ناوچەییه  !

ئەو شێعرانه پتانسیەلی تەرجەمە کردنەوەیان نییه بۆ سەر زمانێکی دیکه، لەبەر ئەو چەند تایبەتمەندییەی که باسم کرد و هەر وەها ئەو دەلالەتە فەرهەنگیانەی دەق ئاماژەیان پێ دەکا.

راوێژ: دەتوانی بە ڕاشکاوانە بڵێی کە کێ داهێنەری شێوازی عەزەلی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؟! واتە کێ بۆ یەکەم جار ئەم ئەزموونەی بە چاولێکەری لە ئەدەبی فارس یان بە خۆماڵی کردنی لەڕووی ئەدەبی فارسەوە  تاقی کردەوە؟

نەجاڕی: نازانم.

راوێژ: ئەو ئەزموونە لە باشووری کوردستان بە چ شێوازێکە؟ ئایا هەیە؟ لە چ ئاستێک دایە؟ ئەگەر کەسانێک هەن تکایە ناویان بەرە.

نەجاڕی: نا له باشووری کوردستان شێعرێک که لەسەر کێشی عەرووزی بنووسرێ من تا ئێستا نەمدیتووە، کۆمەڵیک دەقم دیوە که لە سەر کێشی برگەیی دەنوسرێن و سەروایان هەیه زیاتر وەک “ترانه” دەچن . دەنا ئەوەی بڵێی لەوێش رەوتێکی غەزەلنووسی هەیه من شتی وام نەبینیوە.

راوێژ: ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ وڵاتانی ڕۆژئاواش به‌ تایبه‌ت فه‌ڕانسه‌ به‌ره‌یه‌ك ئایدیای نوێ ساز بووه‌ كه‌ هه‌ر به‌ وشه‌ی  نوێش خۆیان ناودێر ده‌كه‌ن، وه‌ك چه‌پی نوێ، شێعری نوێ، ته‌نانه‌ت ئاشپه‌زی نوێ. سه‌ره‌كیترین هۆكار له‌وێیه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌ده‌بیات و ته‌فه‌كوری غه‌رب له‌و چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو به‌لاڕێدا ڕۆییشتووه‌ و هه‌ر بۆیه‌ خوێنه‌ر و به‌رده‌نگی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ری مۆدێڕن نزم بۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ژێرخانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی سه‌ده‌ی بیست و به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ نۆژه‌نی بكه‌ینه‌وه‌. تۆش پێت وایه‌ غه‌زه‌لی نوێش هه‌ر به‌و بیرۆكه‌یه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌؟

نەجاڕی: لە غەزەلی فارسیدا که هەندێکیان وا دەڵێن ، لە کوردیشدا من پێموایه ئەو شته گۆڕانکاری مەنتقیی رەوتی غەزەله و گەڕانەوە یان ترازان و پچڕان نییه. تۆ رەوتێکی غەزەلنووسیت هەیه و شاعیرە بەرچاوەکانیشی دیارن ، ئەم رەوته تا بە ئەمڕۆ به ئێرە گەیشتووە و ئەو شته له دڵی هاتۆته دەرێ. من خۆم وەک کەسێک که کاری غەزەل دەکەم به هیچ شێوەیەک دژی شێعری نوێ نیم که پێموابێ دەبێ بگەرێینەوە بۆ سەرەتاکان. به پێچەوانەوه پێموایه ئەو غەزەله خۆی بەشێکه لە نوێ بوونەوەی شێعری کوردی به گشتی و رەوتێکی هاوتەریبە لەگەڵ شێعرێ نوێ.

راوێژ: با بڕێک بگەڕیینەوە دواوە، ئەگەر ئەو سوننەتەمان شکاندبێ کە شاعیر باس لە خۆی و لە داهێنانەکانی نەکات؛ دەتوانی بڕێک لە داهێنانە تاکەکەسییەکانی خۆتمان بۆ باس بکەی؟! مەبەستم ئەوەیە ئەگەر حەزدەکەی قسەیەک لەدڵت دا ماوەتەوە لەم پێوەندییەدا و لە پرسیارەکاندا نەبوون، سەربەخۆ باسیان بکەی؟!

نەجاڕی: دەقەکانم ئەگەر داهێنانیان تێدا بێ ئەوە بەرگری لە خۆیان دەکەن، پێویستیان به من نییه.

راوێژ: بۆچی نەک تۆ بەڵکوو چەند کەسێکی تریش کە لەو بوارە دا کار دەکەن تا ئێستا هەوڵی چاپی کتێبتان نەداوە تا وەکوو ناسنامە بچیتە بەر دیدی خوێنەر و هەمیش لەو سۆنگەیەوە ببێتە هەوێنێک بۆ کارەکانی داهاتوو؟ هۆکار؟

نەجاڕی: چاپی کتێب گێرە و کێشەی زۆرە، هەڵبەت جارێ زووە ، لە ساڵانی داهاتوودا چاوی خوێنەرانی کورد به کتێب گەلێک که لەسەر شێوازی غەزەلی نوێ نوسرابن روون دەبێتەوە.

راوێژ: بەو هیوایە، ئەو رەوتە مەند و هێمنەی غەزەلی نوێ چ لە رووی نووسینەوە و چ لە رووی چاپەوە چەندە لە قازانجی ئەو رەوتەیە و چەندە زەرەرمەندە بۆ ئەو رەوتە؟

نەجاڕی: نازانم رەوتەکەی هێمن و مەندە یان نا ! من بەش بە حاڵی خۆم لەگەڵ به لێشاو نووسین نیم ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فەزای ئەدەبیاتیان زۆر شپرزە کردووە و رەوتی خێرای گۆڕانکارییەکان وای کردووە شاعیر و نووسەر وا هەست دەکا ئەگەر هەموو رۆژێ بەرهەمێک لە خۆی بڵاو نەکاتەوە لە کاروان جێ دەمێنێ . دواجار خوێنەران لە سەر چۆنییەتی دەق بریار دەدەن نە لەسەر چەندییەتی و قەبارەی دەقەکان !

راوێژ: وەکوو دوایین پرسیار بۆخۆت ئەگەر شتیکت لە مێشک دایە لەو پەیوەندییە دا بیفەرموون؟

نەجاڕی: زۆر سپاسی ئێوە و ئەو کەسانه دەکەم که تا ئێستا لەگەڵمان بوون و باسەکانیان خوێندەوە ، دەستی هەموو لایەکتان خۆش بێ.

سەرچاوە : ماڵپەڕی رۆژی کورد و ماڵپەڕی ناوەندی نووسەرانی رۆژهەڵات

بابەتی پێوەندیدار:
نوێبوونه‌وه‌ی غه‌زه‌ل و کێشه‌ی به‌رده‌وامی تازه‌کردنه‌وه‌ی فۆڕم/ یوونس رەزایی

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>