هەواڵ

ئه‌نار انار / ناسر فه‌تحی

ناسر فەتحی

ئەنار انار

ناسر فەتحی

دایکم زێڕەکانی دەفرۆشێ و دەیدا بە بابم و بابیشم لە مەجبووراوای بۆکان سەت میتری زەوێ پێ دەکڕێ و، دوای شەش ـ حەوت ساڵ کرێ چێتی، هەشتەمین هاوینی پێکەوە ژیانین دەچن بۆ کوورەخانە و پارەیەک کۆ دەکەنەوە و بڕێکیش قەرزوو قۆڵە دەکەن و پاییزەکەی ئەو ساڵە زەوییەکەی دایکم دەکەن بە خانوو. خانووەکەش خانوویەکی بێ حەوشە دەبێ کە تاقە ژوورێک بووە و پێشخانە و حەمامێکی چکۆلەشی بەملەوە کراوە. چاکم لەبیر نییە، بەڵام هەمووجارێ بابم بەڕاستیی بوو یان بە فشە، دەیگوت: تا دوو ـ سێ ساڵان مستەڕامان نەبوو، میزمان لەو پانایە دەکرد و گووشمان لەوپشتە. لەبیرمە ئەو گەڕەکەی ئێمە تەنیا ماڵی حسینە چڵمن و جەسیمە کوێر و ئامە نەخۆشی لێ بوو. ئیدی پشتەوەمان مەیدانی فودباڵی خەڵکی شاری بوو و ڕووبەڕووشمان مەیدانی فودباڵی منداڵەورەکەی قەراغ شار بوو و لایەکانی دیکەشمان یان گەنم و جۆ بوو، یان زەوی و زاری ڕووتەڵە.

بڕێک خوار ماڵەوەمان خانووبەرەیەکی نیوەکارەی لێ بوو، بۆخۆم ئاوەدانم کردبووەوە، پڕ پڕم کردبوو لە تووتکە سەگ و تاژی و نەسەگنەتاژی.

ئەوساڵە چوونکە دایکم و ئەوان درێنگ لە کوورەخانە هاتبوونەوە و منیان درێنگ ناردبوو بۆ مەدرەسە و لە مەدرەسەش دەرسەکەیان گەیشتبووە “ئەنار ئەنار” و منیش لە “انار”ی فارسی حاڵی نەببووم، لەسەر ئەوە دەریانکردبووم و ئەڤەڵی ئیفتداییەکەم بە بەخێوکردنی سەگ و تووتکەسەگی بەڕەڵا تێپەڕ دەکرد.

ئەوساڵە تووتکە سەگێکم هەبوو لەبەر ئەوەی نێوقەدی زۆر درێژ بوو ناوم نابوو “قەتار قەتار”، ڕۆژێکی کە قەتار قەتارم لەباوەش کردبوو و لەسەر کۆشم هەڵم دەگڵۆفی و بە دزییەوە ماچم دەکرد، یەک تێڕی گوو کڕدە نێو کۆشمەوە. قەتار قەتارم فڕێدا ئەولا و بە هەڵاتنێکی گەڵاو گەڵەوە خۆم گەیاندەوە ماڵێ و بە گریانەوە بە دایکمم گوت: دایە ئەو سەگی سەگبابە گووی پێداکردم! هەر وام گوت لە دڵی خۆمدا گوتم: خۆ دایکم بزانێ سەگم لە باوەش کردووە و سەگ گووی پێدا کردووم چەخسێکی چاکم تێهەڵدەدا، هەر بۆیە لە وەڵامی دایکمدا کە گوتی: کێ؟ چ سەگبابێکدا گووی پێدا کردووی؟! گوتم: منداڵێکی خەڵکی شاری بوو! دایکیشم گوتی: باشە ئەو گووە بۆ گەیشتووەتە ئەوێ؟! منیش کە نەمدەزانی چۆنی وەڵام بدەمەوە بە پەلەپڕووزە گوتم: زگە شۆرەی بوو پێیدا هەڵداشتم!
کارنامه

جا هەروەک گوتم چوونکە ئەو ساڵە دایکم و ئەوان لە کوورەخانە درێنگ هاتبوونەوە و منیش درێنگ چووبوومە سەر کلاس و هاوکلاسییەکانم دەرسیان گەیشبووە ئەنار ئەنار و منیش لە اناری فارسی حاڵی نەببووم، مامۆستا قاسمەـڕاوچی کە بابمی دەناسی، بە بابمی گوتبوو: کا عومبەر ئەو کوڕەی تۆ لە حیچ حالی نابێ، جا بۆیە ئێمە یەکجاری نومرەی سوڵسی دووەم و سێومیشی بۆ دادەنێین و ڕەتی دەکەینەوە و کارنامەکەی دەدەینەوە و دەینێرینەوە ماڵێ، ئێدی دوایی پێت ناخۆش نەبێ، کوڕەکەت زۆر وەدوا کەوتووە و بەکەڵک حیچ نایە، ئەو دوومانگەش لەخۆڕا ناردووتانە، زوڵمتان لێ کردووە. پێدەچێ بابیشم لەو کاتەدا گوتبێتی: دەی باشە لەوقسانە دەگەڕێ کەی بچین بۆ ڕاوە کەروێشکێکی چاک؟! ئیتر دوای ئەوە ڕۆژێکی مامۆستا قاسم و وان بانگیان کردمە دەفتەر و پووشەیەکی سووریان خستە بن باغەڵم و گوتیان: هەتا دەگەیەوە ماڵێ با هەر لەبن باغەڵت بێ، هەرکەسیش لێی پرسی ئەوەچییە بڵێ لە مەدرەسە ڕەتیان کردمەوە. منیش کە قەتم وا بەخۆمەوە نەدیتبوو دووسێ پیاوی مل قەوی سمێڵ قەوی لە دەفتەری مەدرەسە بە پێکەنین و بە ڕووخۆشی بمدوێنن، پێموابوو بە بێ ئەوەی بۆخۆشم بەخۆم بزانم کارێکی زۆر چاکم کردووە و ئەو قاقەزە سوورەی پێشیانداوم جاییزەکەیەتی.

بە هەڵاتن و پووشە بەبن باڵەوە خۆم گەیاندەوە ماڵێ، حەوشەمان نەبوو، بۆیە لە درگادان و شتم لە کۆڵ ببووەوە، نەنکم لە پێشخانە نوێژی دەکرد، یەک بەخۆم هاوارم کرد: نەنە گیان شکوور ڕەتیان کردمەوە، نەنە گیان شکوور ڕەتیان کردمەوە، نەنە گیان… نەنکیشم کە تازە لێی تێکچوو بوو لە کوێی نوێژەکەی دایە، دوای بڕینی نوێژەکەی بە ئایەڕۆیەکی دوور و درێژ گوتی: ئەلحەملای ڕۆڵە گیان ئەلحەملای ڕەتیان کردوویەوە!

جا خۆشییەکەی لەوەدابوو نە من، نە نەنکم، ئەودەم نەماندەزانی ڕەت بوونەوە شتێکی خراپە! لە هەموو خۆشتر ئەوەیە دوای ئەوەی نەنکم زانیبووی ڕەتبوونەوە شتێکی خراپە، هەمیشە بۆ ئەوەی لەنێو کۆڕی خزم و کەس ئەو نەزانییەی پەردەپۆش بکات، بەپێکەنینەوە باسی ئەو ڕۆژەی بۆ ئامادەبوان دەگێڕاوە و، وای دەنواند کە بەڵێ ئەو لە ڕاستیدا گاڵتەی بە من کردووە کە گوتوویەتی: ئەلحەملای ڕۆڵە گیان ڕەتیان کردوویەتەوە! کەچی من ڕوخساری ئەوکاتیم جوان لەبیرە، ئەوەندە لە ڕەتبوونەوەم خۆشحاڵ بوو کە وەیدەزانی ڕەت بوونەوە یانی سەرکەوتنێکی زۆر گەورە!

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>