هەواڵ

خڕۆکه / عه‌لی سۆهرابی

عەلی سۆهرابی

خڕۆکه‌

عەلی سۆهرابی/شنۆ

ره‌هبه‌ر ده‌یگوت وا نابێ،ئاوات لێ قه‌بووڵ ناکه‌ین.

حه‌سه‌ن ده‌یگوت هه‌ر هیچ نه‌بێ جار و باره‌….

مامه‌ند ده‌یگوت خۆ تۆ جاران وا نه‌بووی ، ئه‌وه‌ بۆ وات لێ هاتووه‌؟

فه‌تاح ده‌یگوت شیرنبار بوویه‌…

من ده‌مگوت گرفتم هه‌یه‌.

ره‌هبه‌ر وه‌ک بزانێ گرفته‌که‌م چیه‌ گوتی هه‌ر هه‌موومان ئه‌و گرفته‌مان هه‌یه‌.به‌ جۆرێک ده‌بێ له‌ گه‌ڵی رابێین.

حه‌زم نه‌ده‌کرد هیچ که‌س له‌ گرفته‌که‌م بگا.ترسم هه‌بوو حه‌سه‌ن گرفته‌که‌می بۆ باس کردبێ.من که‌نگێ بۆ حه‌سه‌ن له‌و گرفته‌م دوابووم؟

گه‌مارۆی ئه‌و گرفته‌م هه‌ر ده‌هات و زیاتر داوێنی ژیانی پێ هه‌ڵده‌چنیم.زۆر رۆژان نه‌مده‌زانی خۆم به‌ چیه‌وه‌ خه‌ریک که‌م به‌شکوو ئه‌و گرفته‌ له‌ بیره‌ خۆم به‌رمه‌وه‌.گرفته‌که‌م چاره‌سه‌ری هه‌بوو یان نه‌یبوو؟

به‌یانه‌ بوو.بریارم دا سه‌رێک له‌ مووچه‌که‌م ده‌م.له‌ ئاوه‌دانی وه‌ده‌ر که‌وتم..بیرم هه‌ر له‌سه‌ر گرفته‌که‌م بوو.حه‌زم ده‌کرد چاره‌سه‌ریێکی بۆ بدۆزمه‌وه‌.ئه‌وه‌ کاری هه‌موو رۆژێم بوو.به‌ڵام هه‌ر هه‌موو رۆژێ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌قڵم بۆ هیچ کوێ بڕ بکا،خۆم به‌ شتێکیتر ده‌غافڵاند.حه‌زم ده‌کرد بیر له‌ رابردووم بکه‌مه‌وه‌،له‌ سه‌رده‌می منداڵیم…..بۆ نه‌نکمم بیر که‌وته‌وه‌؟ چه‌ند به‌ زه‌لی بیره‌وه‌ریم دا رۆچووبووم؟…..

“وێردی زمانی نه‌نکم جندوکه‌ بوو.له‌ ئاخاوتنی دا،له‌ هه‌قایه‌ته‌کانی دا و ته‌نانه‌ت له‌ بیره‌وه‌ریه‌کانیشیداجندوکه‌ رۆڵی سه‌ره‌کیان هه‌بوو. من له‌ هه‌موو منداڵه‌کان زیاتر گوێم له‌ قسه‌کانی نه‌نکم ده‌گرت.حه‌زم ده‌کرد ئه‌و به‌خته‌م هه‌بوایه‌ جارێک جندوکه‌م دیتبا.هه‌ر هه‌موو رۆژێ پرسیاری جندوکه‌م له‌ نه‌نکم ده‌کرد.

-نه‌نه‌ جندوکه‌ چۆنن؟

-ئه‌وه‌ی نازانم، من جندوکه‌م قه‌ت نه‌دیتووه‌.به‌ڵام سۆفی حه‌مه‌دێکی جیرانمان هه‌بوو،جندوکه‌ی دیتبوون.سۆفی حه‌مه‌د پشیله‌یێکی ره‌شی هه‌بوو.گورپه‌نه‌ڕڕه‌یێکی ره‌شی قه‌یته‌رانی.ته‌نانه‌ت خاڵێکی سپیشی تێدا نه‌بوو.شه‌وانه‌ هه‌ر چاوی زه‌ق ده‌چوون.قه‌ده‌رێک بوو سۆفی حه‌مه‌د هه‌ستی کردبوو که‌ شه‌وانه‌ پشیله‌که‌ی ده‌چێته‌ ده‌ر و تا به‌ری به‌یانی ناگه‌ڕێته‌وه‌.به‌یانانیش که‌ هاته‌وه‌ ماڵ وه‌ک شه‌که‌ت و ماندوو بێ ،هه‌ر پاڵ ده‌که‌وێ.شه‌وێک سۆفی حه‌مه‌د خۆی لێ ده‌گرێ و هه‌ر که‌ پشیله‌که‌ وه‌ده‌ر ده‌که‌وێ ،ده‌که‌وێته‌ شوێنی.ئه‌و شه‌وه‌ ،تاریکه‌ شه‌وێکی ئه‌نگوسته‌ چاو ده‌بێ.پشیله‌که‌ له‌ ئاوه‌دانی وه‌ده‌ر ده‌که‌وێ و روو له‌ قه‌برستان ده‌کا.سۆفی حه‌مه‌د به‌ پارێزه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو وه‌دوای ده‌که‌وێ.له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ی پشت قه‌برستان،له‌ بن پۆله‌ داره‌ بیه‌کان،گوێی له‌ ده‌نگی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌بێ.ده‌چێته‌ پێشتر.ده‌عبای وردیله‌ و ناشیرین له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ ببوونه‌وه‌.هه‌ر که‌ پشیله‌که‌ گه‌یشتێ،پێکه‌وه‌ هاواریان کرد:ئه‌وه‌ له‌ کوێی یاقووب…بۆ وا دره‌نگ هاتی؟پشیله‌که‌ وه‌زمان هات:خاوه‌نه‌که‌م لێم وه‌شک که‌وتووه‌…نازانن به‌ چ چه‌رمه‌سه‌ریێک له‌ ماڵ وه‌ده‌ر که‌وتم.سۆفی حه‌مه‌د له‌ په‌نا پۆله‌ توودڕکێک خۆ مات ده‌کا و زۆر به‌ وردی سه‌یریان ده‌کا.ئیتر پشیله‌که‌ بێ سێ و دوو زۆڕنا یێکی هه‌ڵده‌گرێ و له‌ سه‌ر پاشوان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و ده‌ست ده‌کا به‌ زۆڕنا لێدان . جندوکه‌کانیش ده‌ستی یه‌ک ده‌گرن و ده‌ست ده‌که‌ن به‌ هه‌ڵپه‌ڕین.هه‌تا به‌ره‌به‌ری به‌یان ئه‌و به‌زمه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و سۆفی حه‌مه‌دیش به‌ حه‌په‌ساوی تا به‌ری به‌یان چاوان چڕ داده‌گرێ. کازیوه‌ی به‌یانی داوه‌ت به‌رده‌بێ.هه‌موویان چه‌پڵه‌ لێده‌ده‌ن و هاوار ده‌که‌ن:هه‌ر بژی یاقووبی زوڕناچی…هه‌ر خۆش بی یاقووبی زوڕناچی…به‌یانی که‌ سۆفی حه‌مه‌د به‌ر له‌ پشیله‌که‌ گه‌یشتبۆوه‌ ماڵ،ده‌بینێ پشیله‌که‌ ماندوو و شه‌که‌ت ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و ماڵ دێته‌وه‌. له‌ داڵانی ماڵه‌که‌ ده‌چێته‌ پێشی و ده‌ڵێ:ها یاقووبی زوڕناچی….ئه‌وه‌ له‌ کوێ دێیه‌وه‌؟..به‌ خێر بێیه‌وه‌.پشیله‌که‌ مۆڕه‌یێکی لێ ده‌کا وخۆ به‌ چڕ و چاوی داده‌دا.سۆفی حه‌مه‌د له‌ سه‌ر پشت به‌ر ده‌بێته‌وه‌ و پێچ و کڵاوی به‌ گۆڕێ وه‌رده‌بن.که‌ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ ده‌بینێ پشیله‌که‌ خه‌ریکه‌ له‌ کووچه‌ ئاوابێ.ئیتر هه‌رگیز پشیله‌که‌ رووی له‌و ماڵه‌ نه‌کرده‌وه‌.ئه‌دی رۆڵه‌ گیان جندوکه‌ ئاوانه‌…

-عه‌لی…عه‌لی…

ئاوڕم داوه‌ که‌س له‌ دوامه‌وه‌ نه‌بوو.دیسان بانگی کردم”عه‌لی..”دیسان ئاوڕم له‌ دواوه‌ داوه‌،به‌ده‌وری خۆمدا سووڕام.له‌ هیچ لایێک که‌س دیار نه‌بوو.وامزانی گوێم زرینگاوه‌ته‌وه‌.نه‌نکم ده‌یگوت ئه‌گه‌ر گوێت زرینگانه‌وه‌،ئه‌وه‌ مه‌لایکه‌تن له‌ گوێت دا ده‌خوێنن، زووزوو بڵێ “مردنم له‌ بیره‌…”بۆ جارێکیتر گوێم له‌ ده‌نگه‌که‌ بوو:عه‌لی له‌ گه‌ڵ تۆمه‌..

_به‌ڵێ…تۆ کێی؟…له‌ کوێی؟…مه‌لاییکه‌ی ؟..جندوکه‌ی؟چی؟…

بێ ده‌نگ بوو.ترسێک هه‌موو له‌شی داگرتم.به‌ هه‌موو هێزمه‌وه‌ ده‌خۆم نووسام.بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ مووچه‌ بکه‌مه‌وه‌،به‌ره‌و ئاوه‌دانی وه‌ڕێ که‌وتم.له‌ به‌ر ده‌رگا ئاوڕم وه‌دواوه‌ داوه‌.که‌س به‌ دوامه‌وه‌ نه‌بوو.ده‌نگه‌که‌ش نه‌ده‌هات.به‌ هه‌ناسه‌بڕکێ خۆم له‌ ماڵه‌که‌مان هاویشته‌وه‌. ژنه‌که‌م به‌ سه‌رسوڕماوی و حه‌په‌ساویه‌وه‌ پرسی : چ بووه‌؟ چ قه‌وماوه‌؟ بۆ ره‌نگت هه‌ڵبزرکاوه‌؟ به‌ بێ وازی ،بێ ئه‌وه‌ی چاو له‌ چاوانی که‌م،گوتم هیچ نه‌بووه‌.هه‌روا شڵه‌ژاو چوومه‌ هاڵه‌که‌.ژنه‌که‌م به‌ دڵه‌راوکێوه‌،وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێکم لێ شاردبێته‌وه‌ ، به‌دوامه‌وه‌ بوو.”عه‌لی..”گوتم به‌ڵێ…ژنه‌که‌م گوتی ئه‌ی بیسمیللا…کێ بانگی کردووی؟ئاوڕێکم وێداوه‌….ورده‌ورده‌ خه‌ریک بوو تووڕه‌ ده‌بووم. چوومه‌ هۆده‌که‌ی خۆم.ده‌رگام پێوه‌دا.دیسان ده‌نگه‌که‌ ده‌هات:”عه‌لی..”به‌ هه‌موو هێزمه‌وه‌ نه‌ڕڕاندم:تۆ کێی؟له‌ کوێی؟ بۆ خۆم پێشان ناده‌ی؟ژنه‌که‌م خۆی به‌ ده‌رگا دادا.

-ئه‌و هات هاواره‌ت له‌ چیه‌.بۆ ده‌قیژێنی؟

روخساری پڕ بوو له‌ نیگه‌رانی.له‌ دڵی خۆمدا گوتم هه‌بێ و نه‌بێ جندوکه‌یه‌.له‌وانه‌یه‌ ئه‌ورۆ یان سبه‌ی شێت بم.ته‌سبیحه‌که‌م ده‌رهێنا.سه‌د و یه‌ک جار گوتم بیسمیللا…سه‌د و یه‌ک جار بانگی کردم “عه‌لی..”نه‌نکمم بیر که‌وته‌وه‌.ده‌یگوت جندوکه‌ تخوون مزگه‌وت ناکه‌ون.ده‌رپه‌ڕیمه‌ ده‌ر.ده‌رگای حه‌سارم پێوه‌دا.”عه‌لی بۆ کوێ ده‌چی؟”ده‌نگی ژنه‌که‌م بوو یان دیسان گوێم زرینگاوه‌؟ ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو به‌ زه‌قه‌زه‌قی چاوان شێت بم.بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ هه‌ر ئه‌مرۆ و سبه‌یه‌ نێوی “عه‌لیه‌شێت”م به‌ سه‌ر داببڕێ.

-دایه‌ ده‌مهه‌وێ جندوکه‌یێکی ببینمه‌وه‌.

-جندوکه‌ت بۆ چیه‌ تێر عه‌مر نه‌بوو…

-ده‌مهه‌وێ له‌ گه‌ڵی ببمه‌ دۆست.جا که‌ری ده‌که‌م زێڕی پێ ده‌بینمه‌وه‌…

-سه‌ڵا له‌ عه‌قڵت رۆڵه‌..

خۆم له‌ مزگه‌وت کوتا.به‌ بێ ده‌سنوێژ،نوێژم دابه‌ست.به‌رده‌وام ده‌نگه‌که‌ له‌ بن گوێم ده‌هات.دڵم جۆللانه‌ی ده‌کرد.نه‌مده‌زانی چ ده‌خوێنم.به‌ نیوه‌چڵی نوێژه‌که‌م بڕی.ده‌یگوت به‌ خۆڕایی هه‌ڵمه‌یه‌.بچیه‌ هه‌ر کوێ له‌ گه‌ڵت دام.له‌ ده‌ره‌وه‌ لێم مه‌گه‌ڕێ،من له‌ ناو خوێنی تۆ دام.له‌ ده‌روونی تۆ دام.ناتوانی له‌ خۆتم هه‌ڵبڕی.پێکه‌وه‌ ده‌ژین و پێکه‌وه‌ ده‌مرین.

به‌ ته‌واو مانا تێک رووخابووم.له‌ شێت بوونی خۆم ته‌واو دڵنیا بووم.گوتی بیری لێ مه‌که‌وه‌ تۆ شێت نی.

-تۆ چی؟ بۆ له‌ ناو خوێنی من دای؟به‌ چی را ده‌زانی بیر له‌ چی ده‌که‌مه‌وه‌؟

-من خڕۆکه‌م.خڕۆکه‌یێکی وردیلانه‌ی سوور که‌ له‌ هه‌موو له‌شت دا ده‌گه‌ڕێم.

کاسه‌کاسم له‌ سه‌ری ده‌هات.بۆم نه‌ده‌چۆوه‌ سه‌ریه‌ک.دڵم زۆر به‌ توندی ده‌یکوتا.بزه‌یێکی تاڵم هاتێ:گرفتم که‌م بوون،خڕۆکه‌ش له‌ زیادی…به‌ پرته‌ پرت و بۆڵه‌بۆڵ به‌ره‌و ماڵ بوومه‌وه‌.له‌ رێگادا هه‌ر شه‌ڕمان بوو.من ده‌مگوت درویه‌.ده‌مگوت شتی وا له‌ هیچ جێگایێکی دونیا نه‌بووه‌.ئه‌و ده‌یگوت له‌وه‌ گه‌ڕێ.ئه‌و شته‌ نه‌هێنیه‌ و نابێ هیچ که‌س لێت ببیسێ.ده‌یگوت ته‌نیا تۆ گوێت له‌ ده‌نگی من ده‌بێ  و منیش ته‌نیا ده‌نگی تۆ ده‌بیسم.ده‌یگوت ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و نه‌هێنیه‌ بدرکێنی،که‌س باوه‌ڕت پێ ناکا.هه‌موو به‌ شێتت ده‌زانن. گوتم ده‌یدرکێنم،ده‌نا پێم ده‌ڵێن شێت.گوتی چ بیدرکێنی و چ نه‌یدرکێنی،هه‌ر پێت ده‌ڵێن شێت.گوتم پیاوه‌تی بکه‌ و جۆرێک له‌ له‌شم بچۆ ده‌ر.له‌ قاقای پێکه‌نینی دا.

– کوڕه‌ تۆ هه‌ر به‌راستی شێتی ها…بچمه‌ کوێ؟هه‌ر له‌ له‌شی تۆ بێمه‌ ده‌ر ده‌مرم.

-ده‌باشه‌ که‌وایه‌ ده‌مت داخه‌ و چیتر له‌ گه‌ڵ من مه‌دوێ.

دیسان پێکه‌نی.

-کوڕه‌ تۆ به‌ راست له‌ که‌لله‌ی داوی ها…من ناڵێم له‌ تۆ زیاتر که‌س ده‌نگی من نابیسێ؟له‌ گه‌ڵ کێ بدوێم؟چۆن؟

دووهه‌فته‌ به‌سه‌ر چوو.خڕۆکه‌ جار بۆ جارێ زۆربڵه‌تر ده‌بوو و منیش جار بۆ جارێ شێت و هارتر ده‌بووم و جنێوم به‌ دار و به‌رد ده‌دا.که‌ من ده‌هری ده‌بووم و ده‌منه‌ڕڕاند،ژن و منداڵه‌کانم له‌ ترسان ده‌چوونه‌ حه‌سار و له‌ بن داره‌مێوه‌که‌ی حه‌ساره‌که‌مان،ژنه‌که‌م منداڵه‌کانی له‌ باوه‌ش ده‌کرد و به‌ بێ ده‌نگی ده‌گریا.زۆر جار له‌ ودیو په‌نجه‌ره‌وه‌ په‌رۆشم ده‌بوون.گوێم نه‌ده‌دا بۆڵه‌بۆڵی خڕۆکه‌ و ده‌چووم دڵم ده‌دانه‌وه‌ و منداڵه‌کانم ماچ ده‌کردن و ده‌مهێنانه‌وه‌ ژوور.منداڵه‌کانم به‌ دڕدۆنگی چاویان لێده‌کردم،ده‌تگوت لێم نه‌بانن. به‌ڵام خڕۆکه‌ ده‌ستی لێ هه‌ڵنه‌ده‌گرتم.به‌رده‌وام قسه‌ی ده‌کرد و وای لێ ده‌کردم بقیژێنم.دیسان هات و هاواری من و دیسان هه‌ڵات هه‌ڵاتی ژن و منداڵه‌کانم…..

ده‌یگوت یه‌ک تاقه‌ رێگات هه‌یه‌،ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵم رێک که‌وی.ماڵه‌که‌ی لێ شێواندبووم.نه‌مده‌زانی چ بکه‌م.جار و بار ده‌مگوت سه‌ری خۆم هه‌ڵده‌گرم و ده‌ڕۆم،لانی که‌م ژن و منداڵه‌کانم له‌ چنگانم رزگار ده‌بن….که‌چی دواتر ده‌مدیت ته‌نیا جێگایێک که‌ ده‌متوانی په‌نای بۆ به‌رم ماڵه‌که‌ی خۆم بوو.چووبامه‌ کوێ؟کوێ خڕۆکه‌ی لێ نه‌بوو؟

دایک و باوکی گوتبوویان:چ ده‌که‌ی له‌ لای ئه‌و شێت و په‌تیاره‌یه‌.ده‌ستی منداڵه‌کانت بگره‌ وه‌ره‌وه‌ ماڵی ئێمه‌.بۆ نه‌چووبۆوه‌؟ پڕ و پیرێژن پێیان گوتبوو نووشته‌ی بۆ بنووسه‌.سه‌رده‌رگا،بن باڵنج،بن فه‌ڕش و ته‌نانه‌ت ناو کتێبه‌کانیشم پڕ ببوون له‌نووشته‌.به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ پێم ده‌گوت به‌ڕاست تۆ پێت وایه‌ من شێتم!!!ئه‌و نووشتانه‌ چین؟به‌ ترس و غه‌مباریه‌وه‌ چاوی لێ ده‌کردم.په‌رۆشم بوو. خوشکم گوتبووی با بیبه‌نه‌ “زه‌مبیل”…برایه‌کانم رایان وابوو بمبه‌نه‌ “باوه‌له‌”.ئامۆزایه‌کم که‌ له‌ هه‌موان خوێنده‌وارتر بوو ده‌یگوت بیبه‌ینه‌ لای ده‌روونناسێک باشتره‌.

دیتم کار له‌ کارێ ترازاوه‌.پاش ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نیا ماینه‌وه‌،گوتم چش له‌ هه‌موو شت.هه‌موو شتیان راسته‌وراست پێ ده‌ڵێم.خڕۆکه‌ ده‌یگوت نه‌یڵێی….

-دایه‌ له‌ قوتابخانه‌ منداڵان پێم ده‌ڵێن کچی عه‌لیه‌شێت.

-گوێیان مه‌ده‌یه‌ کچی خۆم…

به‌ هه‌موو هێزمه‌وه‌ نه‌ڕڕاندم:ده‌یڵێم سه‌گی سه‌گباب ده‌یڵێم….

ژن و منداڵه‌کانم خه‌ریک بوون هه‌ڵێن،لای ده‌رگام لێ گرتن….هه‌ر هه‌موویان زه‌نده‌قیان چووبوو.ره‌نگیان هه‌ڵبزرکابوو.منداڵه‌کان خۆیان له‌ پشت دایکیان هاویشت.دایکیشیان به‌ هه‌ناسه‌ بڕکێوه‌ چاوی له‌ په‌نجه‌ره‌بڕیبوو.گوتم هه‌ڵمه‌یه‌ن ،مه‌ترسن ،ده‌مهه‌وێ شتێکتان پێ بڵێم….خڕۆکه‌ له‌ به‌رم ده‌پاڕاوه‌: نه‌که‌ی مه‌حزی ره‌زای خودا نه‌که‌ی،من ده‌زانم ئاکامه‌که‌ی باش نابێ،نه‌یڵێی….گوێم نه‌دا بۆڵه‌بۆڵی.گوتم من شێت نیم.جندوکه‌شم له‌ قالبی دا نیه‌.قه‌ده‌رێکه‌ یه‌کێک له‌ خڕۆکه‌کانی ناو خوێنم وه‌قسه‌ هاتووه‌،له‌ من زیاتر که‌س ده‌نگی نابیسێ،له‌ ده‌نگی منیش زیاتر ده‌نگی که‌سی گوێ لێنابێ.گرفتی من ئه‌وه‌یه‌.ناشزانم چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێ.کوره‌که‌م هه‌ڵیدایه‌ من ده‌زانم خڕۆکه‌ چیه‌،له‌ قوتابخانه‌ خوێندوومانه‌….له‌ ناو خوێن دان.دوو جۆرن سوور و سپی…ژنه‌که‌م به‌ بێ بڕوایی و به‌ بێ هیوایی چاوێکی لێکرد.زۆرم هه‌وڵ دا حاڵیان که‌م،که‌چی شه‌پۆلی ترس و نائومێدی به‌ روخساری هه‌موویانه‌وه‌ دیار بوو.له‌ کۆتایی دا،بڕیارم دا له‌ گه‌ڵیان بچمه‌ لای ده‌روونناسێکی پسپۆڕ.خڕۆکه‌ حیت حیت پێده‌که‌نی….نه‌مگوت مه‌یڵێ…نه‌مگوت باوه‌ڕت پێناکه‌ن؟

-عه‌لی وانابێ.ئه‌وه‌یان کورتی تێدایه‌.ئه‌و پاڕاگڕافه‌ بسڕه‌وه‌.ئه‌وه‌یان ناحه‌زه‌.له‌ گه‌ڵ چیڕۆکه‌که‌ت رێک ناکه‌وێ.

-ژنه‌که‌ من نازانم تۆ له‌ که‌نگیه‌وه‌ بوویه‌ته‌ چیڕۆک ناس؟

–من حه‌ز ده‌که‌م شته‌کانت جوان بن،ده‌نا که‌یفی خۆته‌.

-باشه‌ چه‌مکی “جندوکه‌”ت پێ باشتره‌ یان”خڕۆکه‌”؟

-هه‌ردووکیان.با هه‌ردووکیانی تێدابێ.به‌ڵام ئه‌و پاڕاگڕافه‌ی بگۆڕه‌.

که‌ له‌ خه‌و هه‌ستام،ده‌مێک بیرم له‌ حاڵی خۆم کرده‌وه‌.”به‌یانیت باش”.بێ ئه‌وه‌ی بزانم خاوه‌نی ده‌نگه‌که‌ خڕۆکه‌ بوو یان ژنه‌که‌م، سه‌رم هه‌ڵێنا و گوتم به‌یانیت باش.ژنه‌که‌م بزه‌یێکی هاتێ،راست وه‌ک ئه‌و رۆژه‌ی بۆ یه‌که‌م جار له‌ رێگای زانستگا تێک هه‌ڵئه‌نگووتین و پێم گوت به‌یانیت باش.

دکتۆره‌ پسپۆڕه‌که‌ ده‌یگوت شتی وا زۆر ده‌گمه‌نه‌،هه‌ر له‌ پێنسه‌دمیلیۆن که‌س ،له‌ که‌سێک دا ده‌بیندرێ.چاره‌سه‌ریه‌که‌شی له‌ خۆی ده‌گمه‌نتره‌….هیچ تاقی کردنه‌وه‌یێکیش نیشانی نادا.به‌ بێ هیوایی هاتینه‌وه‌.

کاتێک له‌ کووچه‌ و کۆڵان منداڵان له‌ به‌رم هه‌ڵده‌هاتن،یا گه‌نجه‌قوشمه‌کان گه‌مه‌یان پی ده‌کردم،یان ئه‌گه‌ر دووکه‌س پێکه‌وه‌ دوابان و پێکه‌نیبان،شێت و هار ده‌بووم.ژنه‌که‌م ده‌یگوت له‌ ماڵ نه‌چیه‌ ده‌ر باشتره‌.ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی که‌ ته‌نیا له‌ هۆده‌که‌م بووم،جگه‌ له‌ خڕۆکه‌ که‌سیتر نه‌بوو له‌ گه‌ڵی بدوێم.بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵی ده‌دوام.له‌ هه‌مووشتم ده‌کۆڵیه‌وه‌.هه‌مووشتم لێ ده‌پرسی.ورده‌ورده‌ بوو بو به‌ ئاواڵی ته‌نیاییم.گوتم خڕۆکه‌،ده‌نگت زۆر ناسکه‌،نێری یان مێ؟گوتی”مێ”م.نازانم بۆ؟به‌ڵام ختووکه‌یێک که‌وته‌ دڵم.وه‌ک له‌ گه‌ڵ کچێکی نه‌سماو ته‌نیا له‌ دیوێک دا بم،هه‌ستیکی سه‌یر هه‌موو له‌شی داگرتم.هه‌ر له‌ خۆڕا دڵم پێی خۆش بوو.حه‌زم ده‌کرد هه‌موو شتی لێ بپرسم.ئاخۆ خڕۆکه‌ شه‌رم ده‌یگرێ یان هه‌موو شتێکم راستگۆیانه‌ پێ ده‌ڵێ؟

– خڕۆکه‌ پێم خۆشه‌ زیاترت لێ بزانم، ئه‌ندامت چۆنه‌؟

– وه‌ک مرۆڤه‌کان…ده‌ست و لاق و سه‌ر و چاو….به‌ڵام ئێمه‌ له‌ بوڵقێک داین که‌ ئه‌گه‌ر له‌و بوڵقه‌ بێینه‌ ده‌ر ده‌مرین.

-خڕۆکه‌،ئێوه‌ش خۆشه‌ویستیتان له‌ به‌ین دایه‌؟

– ئه‌رێ،خۆشه‌ویستی هه‌وێن و ماکه‌ی ژیانه‌.

-له‌ گه‌ڵ یه‌ک تێکه‌ڵیش ده‌بن؟یانی چۆن بڵێم…له‌ گه‌ڵ یه‌ک جووتیش ده‌بن؟

بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بکا وڵامی داوه‌:

-به‌ڵێ به‌ڵێ..جووت ده‌بن،ئاوس ده‌بن و خڕۆکه‌یتریان ده‌بێ.ژیان ئاوا ده‌گه‌ڕێ.

کرمێک له‌ مێشکم دا ده‌جووڵاوه‌:ئاخۆ ئه‌و خڕۆکه‌یه‌ش له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌یتر پێوه‌ندی هه‌بووه‌؟پیم خۆش نه‌بوو ته‌نانه‌ت بیریشی لێ بکه‌مه‌وه‌. ئه‌و خڕۆکه‌یه‌ پاک و بێ گه‌رده‌ و هیچ خڕۆکه‌یێک به‌ ته‌نیشتیشی دا تێنه‌په‌ڕیوه‌.هه‌ستێک هانی ده‌دام زیاتری له‌ گه‌ڵ بدوێم و له‌ هه‌موو ئه‌ندامانی له‌شی بکۆڵمه‌وه‌.به‌ڵام ژنه‌که‌م له‌ پڕ هاته‌ ژوور و هه‌موو شتی تێکدا:

-ئه‌وه‌ تۆ عه‌یب ناکه‌ی…شه‌رم ناکه‌ی…له‌م ژووره‌ دا شه‌و و رۆژ ورته‌ ورتته‌.له‌ جیاتی کار و کاسبیێکی…هه‌ر حاڵیم که‌ بزانم له‌ گه‌ڵ کێته‌ و چ ده‌ڵێی؟

نه‌موێرا دیسان بشاتێنم و پێی بسه‌لمێنم که‌ بۆ به‌دبه‌ختیان من له‌ گه‌ڵ مرۆڤه‌کانیتر جیاوازیم هه‌یه‌.جندوکه‌یێک به‌ ناوی خڕۆکه‌ له‌ ناو خوێنم دا ده‌گه‌ڕێ،که‌ شوێنه‌واری له‌ سه‌ر هه‌موو ژیانم داناوه‌.ترسام دندووکه‌که‌ ببێته‌ سێ قۆڵی.ئه‌و کات نه‌ ژنه‌که‌مم پێ حاڵی ده‌کرێ و نه‌ خڕۆکه‌.ئه‌وده‌م هه‌ردووکیان دیسان دڵیان ده‌شکا.هه‌روه‌ک تا ئێستا چه‌ندین جار دڵیان شکابوو.

جار بۆ جار و رۆژ بۆ رۆژێ به‌ینم له‌گه‌ڵ خڕۆکه‌ خۆشتر ده‌بوو و زیاتر هۆگری ده‌بووم.باسه‌ دڵداریه‌کانی من و خڕۆکه‌ هه‌رده‌هات و گه‌رم و گوڕتر ده‌بوو.له‌ هه‌موو شتێکی یه‌کترمان ده‌پرسی و هه‌ردووکمانیش به‌ ئه‌و په‌ڕی راستگۆیی وڵامی پرسیاری یه‌کترمان ده‌داوه‌.ئه‌و ئاواته‌ خوازی ئه‌وه‌ بوو که‌ من خرۆکه‌ بوایه‌م و منیش پڕبه‌ دڵ حه‌زم ده‌کرد ئه‌و مرۆڤ بایه‌ و توانیبام له‌ گه‌ڵی بام بۆ هه‌تاهه‌تایێ.ژنه‌که‌م ده‌گریا:بی وه‌فابووی….وه‌فات هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو؟

زۆر له‌ دڵم گران هات.بۆ ساتێک له‌م دوورێیانه‌ مامه‌وه‌.کامه‌یان هه‌ڵبژێرم؟

-عه‌لی ئه‌وه‌ چ ده‌که‌ی.پاڕاگڕافه‌که‌ت لا نه‌بردووه‌،هیچ،….ئه‌و قۆڕیاته‌ چیه‌ ڵێت زیاد کردووه‌؟

-کام قۆڕیات؟

-ئه‌و دڵه‌ڕاوکێیه‌.چیڕۆکه‌که‌تی شه‌ل کردووه‌.

هه‌ستم کرد دڵه‌ڕاوکێیه‌که‌م گواستۆته‌وه‌ بۆ ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی.چ ژنێک ئه‌وه‌ له‌ مێرده‌که‌ی قه‌بووڵ ده‌کا؟

-ده‌ی باشه‌ ژنه‌که‌ با ئه‌وه‌یان به‌ دڵی تۆ بێ…

که‌ له‌ خه‌و هه‌ستام،گێژ و مه‌نگ بووم.

-به‌یانیت باش.

بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر هه‌ڵێنم گوتم به‌یانیت باش.ئاخر نه‌مزانی ژنه‌که‌م بوو یان خڕۆکه‌که‌م بوو”به‌یانیت باش”ی پێ گوتم.

-گیانه‌ به‌یانیه‌که‌ت ناخۆی؟

سه‌رم هه‌ڵێنا .که‌س له‌ هۆده‌که‌ نه‌بوو.وه‌ک ده‌رفه‌تێکی زێڕینم ده‌ست که‌وتبێ گوتم:

-ده‌سه‌رسه‌رت گه‌ڕێم ئه‌وه‌تۆی؟

-ئه‌دی کێیه‌؟کێ هه‌مووده‌م له‌ گه‌ڵت دایه‌؟

-ئاخ خڕۆکه‌…حه‌یف له‌ ناو خوێنم دای و هێنده‌ت لێ دوورم.

-ئاخ عه‌لی..له‌ ناو خوێنت دام و هێنده‌م لێ دووری…

-ئه‌م دووریه‌ که‌ی ده‌بڕێته‌وه‌؟

-که‌ی ده‌بڕێته‌وه‌؟

له‌ پڕ ده‌رگاکه‌ کراوه‌.

-ئه‌وه‌ چ ده‌ڵێی؟

دڵم به‌ سه‌ریه‌ک دا.داخورپا.وه‌ک منداڵێکی که‌ خه‌تایێکی لێ ئاشکرا بووبێ،به‌ پڵته‌پڵت گوتم:له‌ گه‌ڵ…له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌..

-بێ ده‌نگ به‌.سه‌رت خوا له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌ت…کاول بێ به‌ سه‌ر خۆت و خڕۆکه‌ت دا…خڕۆکه‌ش بێ….جندوکه‌ش بێ حه‌قت نیه‌ باسی دڵداری له‌گه‌ڵ بکه‌ی.

له‌ ترسی ژنه‌که‌م،ماڵه‌که‌م و له‌ ترسی خه‌ڵکه‌که‌ ئاوه‌دانیم پێ ته‌نگ و تاڵ بوو.هه‌ر بۆیه‌ به‌یانیان که‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستام،رووم له‌ شاخه‌کانی ده‌وروبه‌ر ده‌کرد.هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مانه‌ی له‌ گه‌ڵ په‌یدابوونی خڕۆکه‌ به‌ربینگیان پێ گرتبووم،خۆم رزگار که‌م.هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تێر به‌ دڵی خۆم له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌ بدوێم.ژه‌مه‌نانێکیشم له‌ لای شوان یان گاوانێک هه‌ر ده‌ست ده‌که‌وت.له‌ ئاوه‌دانی خه‌ڵک گوتبوویان:”عه‌لیه‌شێت” وه‌کێوان که‌وتووه‌.شوانه‌کان بۆیان ده‌گێڕامه‌وه‌.پێکه‌نینم به‌ عه‌قڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌هات.

هه‌موو رۆژێ له‌ ئاوه‌دانی وه‌ده‌ر ده‌که‌وتم.نه‌ مووچه‌ و مه‌زرام له‌ بیر مابوو،نه‌ ماڵ و منداڵ.ته‌نیا ئه‌و کاته‌ دڵخۆش بووم که‌ ته‌نیا بووم و له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌ ده‌دوام.خڕۆکه‌ هه‌موو که‌سم بوو.ته‌نیا ئه‌و بوو لێم حاڵی ده‌بوو.ناڵێم هه‌میشه‌ رێک بووین،چه‌ندین شه‌ڕمان کردبوو.به‌ڵام هه‌ر هه‌موو جارێ ئاشتی ده‌کردمه‌وه‌ و دڵی ده‌دامه‌وه‌.به‌ دڵخۆشیم،دڵخۆش بوو.پێکه‌نیبام،پێده‌که‌نی.دڵته‌نگ بام، دڵته‌نگ ده‌بوو.گریا بام،ده‌گریا.ئه‌گه‌ر گوتبام سه‌رم دێشێ،وه‌ک برووسک خۆی ده‌گه‌یانده‌ سه‌رم.یان چاره‌سه‌ری ده‌کرد،یان ده‌یگوت چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێ.ئه‌گه‌ر گوتبام گه‌ده‌م دێشێ.هێنده‌ی بڵێی یه‌ک و دوو،خۆی ده‌گه‌یانده‌ گه‌ده‌م و…..

ژنه‌که‌م ده‌یگوت ئه‌وه‌ی زۆر پێبکه‌نێ،شێته‌.خڕۆکه‌ ده‌یگوت ئه‌وه‌ی زۆر پێبکه‌نێ،له‌ ناخی دڵی دا خه‌مێکی هه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام ئازاری ده‌دا…ژنه‌که‌م ده‌یگوت بۆ هه‌ر گڕ ده‌بیه‌وه‌؟به‌ چ پێده‌که‌نی له‌ خۆڕا؟خڕۆکه‌ ده‌یگوت پێبکه‌نه‌…پێبکه‌نه‌ با ئه‌و ئازاره‌ نه‌تکوژێ.

دڵخۆش بووم که‌ ته‌نیا بووم و له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌ ده‌دوام.وه‌ک کچێکی باڵابه‌رزی خوێن شیرین و ره‌ش ئه‌سمه‌رم ده‌هێنا به‌ر چاوی خۆم. کچێک که‌ تاقه‌ کوڕێکیش سه‌یری له‌ش و لاری نه‌کردووه‌ و پێی نه‌گوتووه‌ خۆشم ده‌وێی.کچێک که‌ شه‌ش دانگی هی خۆمه‌ هیچ که‌س بۆی نیه‌ ته‌نانه‌ت له‌ سێبه‌ره‌که‌شی بڕوانێ.ئه‌دی خڕۆکه‌یتر….ئه‌گه‌ر خڕۆکه‌ی نێر له‌ ده‌ور و به‌ری بن؟حه‌زم نه‌ده‌کرد بیر له‌و شته‌ بکه‌مه‌وه‌.له‌ خۆڕا پێی په‌ست ده‌بووم.بۆیه‌ هه‌ر زوو له‌ بیره‌ خۆم ده‌برده‌وه‌.حه‌زم ده‌کرد وه‌ک یه‌کێک له‌ کۆنه‌دۆسته‌کانم بچێ .وه‌ک ماریا یان خوناو؟وه‌ک ماریا پاک و شه‌رمێون…وه‌ک خوناو‌ جوان و که‌ڵه‌گه‌ت.

که‌ شه‌و ده‌هاتمه‌وه‌ ماڵ،به‌سه‌ر ماڵێکی سارد و سڕ دا ده‌که‌وتم.سامێکی سه‌یر وه‌ک مژ ماڵه‌که‌مانی داگرتبوو.ئه‌وه‌م له‌ چاوی ژن و منداڵه‌کانم دا ده‌خوێنده‌وه‌.ژنه‌که‌م گوتبووی ده‌ترسم ئه‌و شێت و په‌تیاره‌یه‌ شه‌وێک له‌ خه‌ودا منداڵه‌کانم بخنکێنی…ژنان دڵیان دابۆوه‌: خوشکێ گیان دڵ له‌ دڵێ مه‌ده‌.دونیا و عاله‌م خرا بێ،مه‌ڕ پێی به‌رخی خۆی ناشکێنێ…حه‌یف بۆ کاک عه‌لی وای به‌سه‌ر هات… مرۆڤ تا نه‌مرێ،نازانێ چی به‌سه‌ر دێ…عاقیبه‌تت خێر بێ،،،دڵ له‌ دڵێ مه‌ده‌ خودا ئه‌گه‌ر ده‌ردی داوه‌، ده‌رمانیشی داوه‌ هێنده‌ خۆت ناڕحه‌ت مه‌که‌ خۆشکۆڵێ…خودا که‌ریمه‌…

له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا نیگه‌رانی له‌ چاوانی دا شه‌پۆلی ده‌دا.هه‌تا نه‌نوستبام،نه‌ده‌نوست.له‌ سه‌ر پشت راکشابووم.بیرم لێ ده‌کرده‌وه‌. په‌رۆشم بوو…….له‌ به‌ینی خه‌و و بێداری دا.به‌ ناڵاندنه‌وه‌ گوتی عه‌لی ئه‌و پاڕاگڕافه‌ی بسڕه‌وه‌…تکات لێ ده‌که‌م عه‌لی بیسڕه‌وه‌…

-ژنه‌که‌ ئه‌و چیڕۆکه‌ به‌و پاڕاگڕافه‌وه‌ جوانه‌ چۆن بیسڕمه‌وه‌؟

-بیسڕه‌وه‌ عه‌لی ،  بیسڕه‌وه‌…..

به‌ خۆم نه‌وه‌ستام.ده‌بوایه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌ر لێ بکه‌م.ئه‌و پرسیاره‌ مێشک و دڵمی کرمێ کردبوو.هه‌تاوی چێشته‌نگاو دونیای گه‌رم داهێنابوو.له‌و چیا گه‌رم و ویشکه‌ دا به‌ تاقی ته‌نیا و تینوو و برسی و ئاڵۆزاو بووم.سه‌رم هه‌ڵێنا.چاوم چووکه‌ کردنه‌وه‌.له‌ ئاسۆیێکی دوورم ڕوانی.دواجار وه‌ده‌نگ هاتم:

-خڕۆکه‌…

-گیانه‌…

-پرسیارێک…

-ده‌زانم چ ده‌ڵێی….بپرسه‌.

-راستگۆیانه‌ وڵامم ده‌ده‌یه‌وه‌؟

-به‌ دڵنیاییه‌وه‌.

-چۆن بڵێم…تۆ له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌یتر…..خڕۆکه‌ی نێر…قه‌ت پێوه‌ندیت هه‌بووه‌؟یانی چۆن بڵێم…قه‌ت جووت بوویه‌ له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌یتر….؟

له‌ حیته‌ی پێکه‌نینیدا.چاوه‌ڕوان بووم وه‌ک کیژێکی رووسووری کورد بڵێ چۆن قسه‌ی وا ده‌که‌ی….شتی وا چۆن ده‌بێ؟چاوه‌ڕوان بووم لێم زویر بێ که‌ ئاوام له‌ باره‌یه‌وه‌ بیر کردۆته‌وه‌.وه‌ک ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌م له‌ ماریا کردبا،یان له‌ خوناو.ره‌نگ بوو قه‌ت نه‌مدوێنێ…..

-جا ئه‌وه‌ش قسه‌یه‌ ده‌یکه‌ی.هه‌موو رۆژێ….له‌ گه‌ڵ چه‌ندین خڕۆکه‌ی نێر جووت ده‌بم……

وام زانی شۆخیم له‌ گه‌ڵ ده‌کا.

-شۆخی چی.مه‌گه‌ر پێم نه‌گوتی خۆشه‌ویستی هه‌وێنی ژیانه‌؟

-ئه‌وه‌ خۆشه‌ویستی نیه‌…..ئه‌وه‌ به‌هه‌ڵڵایه‌تیه‌.تۆ ئه‌و مافه‌ت نیه‌….

-جا به‌ تۆ چی.خۆ من ژنی تۆ نیم…من مڵکی تۆ نیم.ناتوانی حوکمم به‌ سه‌ردا بکه‌ی.هه‌ر خڕۆکه‌یێکی پێم جوان بێ،له‌ گه‌ڵی ده‌بم. ده‌هری بووم.چاوم چوونه‌ پاشکه‌ سه‌رم.به‌ هیچ جۆر چاوه‌ڕوانی ئه‌و بێ شه‌رمیه‌ی نه‌بووم.

-سه‌گی سه‌گبابخێو…چما تۆ مانگا به‌که‌ڵی؟….دێڵه‌ به‌بای؟…مانگا به‌ که‌ڵ…دێڵه‌ به‌ با….

جاران به‌ “خڕۆکه‌سوور” قه‌ڵس ده‌بوو.ئێستا له‌ هه‌موو شت زیاتر به‌ “مانگا به‌ که‌ڵ” و “دێڵه‌ به‌ با”قه‌ڵس بوو.

-دێله‌ به‌ با…..مانگا به‌که‌ڵ….

-له‌ داخی تۆ هه‌رئێستا له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌یێکیتر جووت ده‌بم….

هێنده‌یتر شێت بووم.نه‌ڕڕاندم:

-سه‌گباب خێو له‌ کوێی؟دێڵه‌ به‌با له‌ کوێی؟

-له‌ ته‌پڵی سه‌رتم..

به‌ هه‌موو هێزمه‌وه‌ مستێکم له‌ ته‌پڵی سه‌رم دا.حیت حیت پێم پێکه‌نی.

-گه‌وجه‌ من ئیستا له‌ ناو دڵت دام….

هه‌تا هیزم هه‌بوو مستێکم له‌ سه‌ر دڵم راکێشا..دیسان پێکه‌نی…

-من له‌ ده‌ماره‌کانی به‌ری پێت دام…

چه‌ندین پێله‌قه‌م به‌ به‌ردێک دادا.

-له‌ کوێی سه‌گه‌ به‌رهه‌ڵڵا…..له‌ کوێی مانگا به‌ که‌ڵ….

-کوڕه‌ تۆ ئه‌وه‌ی عه‌قڵ بێ له‌ سه‌رت دانیه‌.تۆ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ت نیه‌ هیچ له‌ من بکه‌ی.چونکه‌ هیچ کات نازانی له‌ کوێی له‌شت ڕا له‌ گه‌ڵت ده‌دوێم.به‌ڵام من هه‌ر کات پێم خۆش بێ،ده‌توانم بچمه‌ ناو مێشکت و جه‌ڵته‌ی مێشکت پێ بکه‌م….

شه‌ڵاڵی ئاره‌قه‌ بووم.هانکه‌ هانکم ده‌هات.له‌ سه‌ر به‌ردێک دانیشتم.تۆزێک بیرم کرده‌وه‌.له‌ ئاستی خڕۆکه‌ دا هه‌ستم به‌ بێ ده‌سته‌ڵاتی ده‌کرد.

-راست ده‌کا…هیچی له‌ گه‌ڵ ناکرێ.

ئێمه‌ زۆر جار شه‌ڕ و دندووکه‌مان ده‌بوو.به‌ڵام هیچ کات نه‌گه‌یشتبۆ ئه‌و جێگایه‌ی ئاوا لێک بێزار بین.بیرم ده‌کرده‌وه‌ چۆن ده‌توانم له‌ کۆڵ خۆی که‌مه‌وه‌،که‌ نه‌ڕڕاندی:بیر له‌ چی ده‌که‌یه‌وه‌؟ ئاخر ئه‌و بیری منی ده‌خوێنده‌وه‌.هه‌ستم کرد بۆمبێک له‌ پشتم به‌ستراوه‌ که‌ هه‌موو تیغه‌کانی روویان له‌ خۆم دایه‌.

-ئه‌و بۆمبه‌ی چ لێ بکه‌م؟….چۆنی له‌ کۆڵه‌ خۆ بکه‌مه‌وه‌؟

-کام بۆمب؟…کوا بۆمب؟..

له‌ په‌ستیان شه‌پم ده‌ به‌ردان هه‌ڵده‌دا.به‌ نێو ئه‌و دار و به‌رده‌دا هه‌لدا و پێدام ده‌کرد.دواتر شه‌که‌ت و هیلاک له‌ سه‌ر به‌ردێک دانیشتم.له‌به‌ر ئه‌و سووره‌تاوه‌ ئاره‌قه‌ی ره‌ش و شینم ده‌رکردبوو.تۆزێک هێور ببوومه‌وه‌.روانیمه‌ ئاوه‌دانی.دووربه‌دوور ماڵه‌که‌ی خۆمانم به‌دی کرد.ژنه‌که‌مم هاته‌ به‌ر چاو که‌ له‌بن داره‌مێوه‌که‌ی حه‌سار ، منداڵه‌کانی له‌ باوه‌ش کردبوو و به‌ بێ ده‌نگی ده‌گریا. منداڵه‌کانم زه‌رد و زه‌عیف به‌ بێ هیوایی چاویان له‌ دایکیان بڕیبوو.فرمێسکه‌کانیان ده‌سڕی و هه‌وڵیان ده‌دا هێوری که‌نه‌وه‌.دڵم پڕ بوو.فرمێسک به‌ گۆنام دا هاتنه‌ خوار.زۆرم هه‌ڵه‌ کردبوو.ده‌بوو قه‌ره‌بوویان که‌مه‌وه‌.له‌ ناو خه‌ڵک دا گول و پیس ببووم.خه‌ڵک به‌ چاوی سووک و گاڵته‌وه‌ سه‌یریان ده‌کردم.ئیتر به‌س بوو.هه‌ستام فرمێسکه‌کانم سڕین.سه‌ربه‌ره‌ژێر داگه‌ڕام.به‌ تاسه‌ بووم هه‌رچی زووتر منداڵه‌کانم له‌ ئامێز بگرم و بڵێم ئیتر ته‌واو….خڕۆکه‌ که‌ به‌و هه‌سته‌می زانی ،هه‌وڵی ده‌دا پێشم پێ بگرێ.هه‌وڵی ده‌دا نه‌هێڵێ بگه‌مه‌وه‌ ماڵه‌که‌مان.به‌ ده‌نگێکی زۆر نه‌رم وخۆش ده‌یگوت بۆ کوێ؟ ده‌یگوت ته‌نیا من به‌ تۆوه‌ ده‌مێنم.ده‌یگوت….ئه‌و ده‌نگه‌ بۆ من ئاشنا بوو…ده‌نگی کێ بوو؟..

ده‌نگی خوناو بوو یان هی ماریا؟ده‌یگوت مه‌ڕۆ….ورده‌ورده‌ ده‌نگه‌که‌ به‌لای پاڕانه‌وه‌دا ده‌شکاوه‌….مه‌ڕۆ..تکات لێ ده‌که‌م مه‌ڕۆ…سووکه‌ بایێک خۆڵه‌پۆتینه‌ی سه‌ررێگای هه‌ڵگرتبوو و ته‌ندووره‌زنه‌ی پێ ده‌کرد.هه‌ر ده‌هات و نێزیکتر ده‌بۆوه‌.له‌ ناو دڵی گێژه‌ڵووکه‌که‌دا،ماریابوو ده‌نووزاوه‌:مه‌ڕۆعه‌لی… بگه‌ڕێوه‌ به‌ دوام دا…ئه‌ژنۆم شل بوون.له‌ سه‌رووی جۆگه‌ی ژوور ئاوه‌دانی راوه‌ستام .گێژه‌ڵووکه‌که‌ ماریای به‌ره‌و لوتکه‌ی کێوه‌که‌ ده‌برد…وه‌ره‌ عه‌لی…وه‌ره‌…به‌دوای داچووم.خڕۆکه‌ به‌ نه‌رمترین وشه‌کان گه‌رمترین باسه‌کانی دڵداری وڕووژاندبوو.دیسان له‌ سه‌ر کێوه‌که‌ ڕا چاوم به‌ ماڵه‌که‌مان که‌وت.دیسان له‌ کێوه‌که‌ ڕا خلۆر بوومه‌وه‌. دیسان له‌ سه‌ر جۆگه‌که‌ ماریا به‌ربینگی پێ گرتم.دیسان گه‌ڕامه‌وه‌ لۆتکه‌ی کێوه‌که‌ و دیسان. و دیسان و دیسان…چه‌ند جار ئه‌و هات و چۆیه‌م کردبوو؟ئه‌وانه‌ی له‌ دووره‌وه‌ ئاگادار بوون دیتبوویان که‌ “عه‌لیه‌ شێت”له‌ به‌یانی را هه‌تا رۆژ گه‌یشتبۆ سه‌ر سوێیه‌، له‌م هات و چۆیه‌ دابوو.ژن و منداڵه‌کانم له‌ لوتکه‌ را هه‌تا سه‌ر جۆگه‌که‌ ده‌یانهێنامه‌ خوار،خڕۆکه‌ و ماریا و خوناو ده‌یانبردمه‌وه‌ سه‌ر لوتکه‌که‌‌.خوناو ده‌یگوت نه‌که‌ی بۆ دوا بگه‌ڕێیه‌وه‌….خڕۆکه‌ ده‌یگوت ئیتر له‌و خواره‌ جێگایێک بۆ تۆ نیه‌….ماریا ده‌یگوت له‌ داهاتوو بڕوانه‌.جغزێک له‌ ده‌وری ژیانی رابردووت بکێشه‌.

-چۆنی له‌ کۆڵ خۆم که‌مه‌وه‌؟

بیرم له‌ هه‌ر شتێک کردباوه‌،ده‌یزانی.ته‌نیا ئه‌گه‌ر هاوکات بیرم له‌ چه‌ند شت کردباوه‌ تێکه‌ڵی ده‌کرد و بۆی نه‌ده‌چۆوه‌ سه‌ریه‌ک. ته‌نیا رێگاچاره‌م ئه‌وه‌ بوو له‌و لاوازیه‌ی که‌ڵک وه‌رگرم.ئه‌و بیرۆکه‌یه‌م که‌ ساتێکیش له‌ بیر نه‌ده‌چوو،مه‌جبوور بووم به‌ چه‌ند بیرۆکه‌یتر سواغ ده‌م.

-بیر له‌ چی ده‌که‌یه‌وه‌؟

-هیچ…..بۆ زستان سووته‌مه‌نیمان ده‌وێ….زستان سارد و درێژه‌…

-ئه‌رێ ….سارد و درێژه‌.

چه‌ند رۆژ بوو ته‌ورداسه‌که‌م تیژ ده‌کرد.ژن و منداڵه‌کانم به‌ ترسه‌وه‌ له‌ بنه‌وه‌ڕا چاویان لێ ده‌کردم.خه‌ڵکیتر که‌ له‌ کووچه‌ و کۆڵان به‌ ته‌ورداسه‌وه‌ ده‌یاندیتم،رایان ده‌کرد.پێکه‌نینم پێیان ده‌هات.بڕیارم دا.ده‌بوو ئه‌وڕۆ جێبه‌جێی که‌م.ملی رێگه‌م به‌ره‌و باغ گرت.

-خڕۆکه‌…خۆزگه‌ تۆ ژنی من بای.

-من ژنی تۆم.له‌ خه‌ونت دا…له‌ خه‌یاڵت دا..

-حه‌ز ده‌که‌م هه‌موو کات له‌ گه‌ڵم دابی.

-گه‌ر تۆ بتهه‌وێ هه‌موو کات له‌ گه‌ڵت دام ،له‌ ناو دڵت دام…

له‌ ناو باغ کۆلکه‌ دارێکم په‌یدا کردبوو،له‌ سه‌ری چرپیم بۆ زستان ورد ده‌کرد.کۆمای چرپی ورد کراو هه‌ر ده‌هات و به‌رزتر ده‌بۆوه‌.له‌ گه‌ڵ خڕۆکه‌ وه‌ک رۆژه‌ خۆشه‌کانی پێشوو دڵمان گه‌رم داهاتبوو.باسێکی ته‌ڕی دڵداری….

-خڕۆکه‌….که‌ منداڵ بووم سه‌رپه‌نجه‌ی قامکی قجلم به‌ مقه‌ست بڕی.ئێستاش که‌ وه‌شتێک ده‌که‌وێ،سڕ ده‌بێ و دڵم سست ده‌کا.ده‌زانی بۆ وای لێ دێ؟

-هه‌ر ئێستا سه‌رێکی لێده‌ده‌م.

دڵم به‌ هه‌موو هێزیه‌وه‌ ده‌یکوتا.نه‌مده‌زانی چاره‌سه‌ریه‌که‌م سه‌ر ده‌گرێ یان نا…ئه‌دی ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌که‌م پێ بزانێ و جه‌ڵته‌ی مێشکم پێ بکا؟….

-بیر له‌ چی ده‌که‌یه‌وه‌؟

-له‌وه‌ی که‌ چۆن چاره‌سه‌ری ئه‌و قامکه‌م بکه‌م…

-ئێستا من راست له‌ سه‌ری په‌نجه‌ی قجلت دام.له‌ ژێر نینۆکه‌که‌ی….

له‌ مێژ بوو قامکم له‌ سه‌ر کۆلکه‌که‌ تاق کردبۆوه‌ و چاوه‌ڕوان بووم.که‌ دڵنیا بووم خڕۆکه‌ گه‌یشتۆته‌ سه‌رپه‌نجه‌ی قجلم،به‌ هه‌موو هێزمه‌وه‌ ته‌ورداسێکم داهێنا قامکی قجلم.خڕۆکه‌ به‌ هه‌موو هێزیه‌وه‌ چریکاندی:نه‌که‌ه‌ه‌ه‌ه‌ه‌ه‌ه‌ه‌ه‌ه‌ی…..چریکه‌ی خڕۆکه‌ و زریکه‌ی ژانی قامکم هه‌موو له‌شیان هه‌ڵته‌کاندم.دوو به‌ندی قامکی قجلم له‌ سه‌ر کۆلکه‌که‌ خۆی هه‌ڵداویشت.خوێن به‌ ده‌ماره‌کانی قامکم دا فڕکه‌ی ده‌کرد.قامکه‌بڕاوه‌که‌م هه‌ڵگرت و به‌ هه‌موو هێزمه‌وه‌ فڕێمدا:

-خڕۆکه‌ گیان ماڵئاوا….

به‌ چۆڕه‌چۆڕی خوێن به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌.رێگای باغ هه‌تا ماڵ هه‌ر ده‌هات و درێژتر ده‌بۆوه‌.سه‌رم ده‌گێژه‌وه‌ ده‌هات.چاوم رێشکه‌ و پێشکه‌یان ده‌کرد.سیمای خه‌ماوی ماریا و خوناو‌ به‌ نائومێدی چاویان لێ وه‌رده‌گێڕام.چاوی منداڵه‌کانم بریسکه‌یان لێ ده‌باری.کاسه‌کاسم له‌ سه‌ری ده‌هات.ده‌یان و بگره‌ سه‌دان ده‌نگ له‌ کاسه‌ی سه‌رم دا ئاوه‌زه‌یان ده‌داوه‌.له‌ ناو هه‌مووی ئه‌و ده‌نگانه‌ دا، ده‌نگێک بۆم ئاشنا بوو.هه‌ر له‌ خۆوه‌ ئه‌و ده‌نگه‌م تاق ده‌کرده‌وه‌.ئه‌وه‌ ده‌نگی کێ بوو؟بۆم نه‌ده‌چۆوه‌ سه‌ر یه‌ک.ده‌نگی ژنه‌که‌م بوو؟هی ماریا بوو؟ هی خوناو بوو یان هی خڕۆکه‌؟هه‌ر چه‌ندی هه‌وڵم دا بۆم نه‌چۆوه‌ سه‌ر یه‌ک….ره‌هبه‌ر بزه‌ی ده‌هاتێ….. ده‌یگوت “ده‌مزانی هه‌ر ده‌گه‌ڕێیه‌وه‌.”…

                                                                                                          ۱/۱۰/۱۳۹۴

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>