هەواڵ

شیکردنه‌‌وه‌‌ی پێکهاته‌ی شێعری”هه‌ڵۆ”ی سوارە / جه‌عفه‌ر قه‌هرەمانی

جەعفەر قارەمانی

شیکردنه‌‌وه‌‌ی پێکهاتەی شێعری”هەڵۆ”ی سوارە ئێلخانی‌‌زادە

 لە روانگەی پێکهاتەخوازی

جەعفەر قەهرەمانی‌‌

ماستەری زمان و ئەدەبی ‌‌فارسی

کورتە

 گێڕانەوە، شێوازێکی شیاوە بۆ راپۆڕت لەسەر ڕیزبەندی ڕاستەقینەی رووداوەکانە.کارایی گێڕانەوە لە زمانی شێعردا لە کۆنەوە باو بووە و گێڕانەوە تەنیا تایبەت بە چێرۆک نییە، هەر ئەو بابەتە گرینگێکی تایبەتی بە ڕەخنەی شێعری گێڕانەوەیی ئەبخشێ. گێڕانەوە ساکارترین دەقێکە کە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە و چیرۆک‌‌بێژی هەیە. لە تاوتوێ‌‌کردنی گێڕانەوەی شێعری هەڵۆ بە هۆی ئەوەی کە بنەمای چیرۆکی هەیە؛ دوو توخمی سەرەکی چیرۆک)دەقی گێڕانەوە و چیرۆک‌‌بێژ)بوونیان هەیە. لە گێڕانەوەی ئەو شێعرە ئەو دوو فاکتۆڕە یانی پێکهاتەی گێڕانەوە و چۆنێتی دەربڕین لێکدانەوەیان لەسەر دەکرێ.

 لەو تۆێژینەوەیەدا گەڵاڵەی شێعری هەڵۆی سوارە ئێلخانی‌‌زادە بە هۆی بوونی مۆتیڤ و بنەماکانی چیرۆکی‌‌ لە روانگەی پێکهاتەخوازی ناسراوی ئەو ڕێبازە،گێرماس لێکدانەوەی لە سەرکراوە. توخمەکانی چیرۆک‌‌ بریتین لە: گەڵاڵەی گێڕانەوە، روانگە و وەسف‌‌کردن کە ئەو سێ خاڵە پەیکەرەی چیرۆک پێکدێنن. لە ڕێبازە ئەدەبێکان، پێکهاتەخوازی زورتر گرێدراو بە گێڕانەوە بووە و پێکهاتەخوازەکان تۆێژینەوەی زۆر بەربڵاویان لە بواری گێڕانەوە بە ئەنجام گەیاندو وە.

  بە پێی روانگەی گێرماس ، لە شێعری گێرانەوەیی سەرەتا بارودۆخی بەرابەر دەسنیشان‌‌دەکرێ. پاشان رووداو سەر ئەداو و ئەو بارودۆخە سەرەتاییە تووشی گۆڕان دەبێ و بارودۆخی نابەرابەر پێکدێ‌‌. دوای گەیشتنی قارەمان بە ئامانج(یان نەگەیشتن)بارودۆخێکی بەرابەر و ڕێک‌‌وپێک وێنا دەکرێ. شێعری هەڵۆ بریتییە لە دیمەن و روانگەی پرسیاری یان ئامۆژگاری کە لە ڕاستیدا تیشک دەخاتە سەر پانتایەکی بەرز و ئاڕمانی لە تایبەتمندیەکانی مرۆڤ و ئەو بابەتە وەک بایەخ بەرز دەنرخێنێ. وێکەوتنی هەڵۆ و قەلەڕەش و ئاکار و سروشت و ڕەوشی جیاواز و دژ بە یەک، بابەتی ئەو شێعرە لە خۆ دەگرێ. ڕەوتی گێڕانەوە ناراستەوخۆ زەینی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و دەیخاتە بیر کردنەوە. دیالۆگ لەم هۆنراوەیەدا لەبەرچاوترین و روونترین تایبەتمەندی چیرۆک دەژمێردرێ کە بە شێوازکی ئەدەبی بەڕێوەچووە و ڕۆل، شوێن و پێگەی کەسایەتی هەڵۆ و قەلەڕەشی نواندووە و خوێنەر لە دژایەتی هزر و تێرامانی هەر دوو کەسایەتی چێرۆک ئاگادار دەکاتەوە. لایەنی کۆمەڵایەتی قارەمانی چیرۆک ئەرێنی و بە شێوازێکی هونەری وێناکراوە. ژانری ‌‌ئەدەبی ‌‌شێعری ‌‌هەڵۆ، ئەدەبیاتی‌‌فێرکاری) (Didactic Literatureلە جۆری‌‌تەمسیل(Allegory )ە.

وشە سەرەکییەکان: پێکهاتەخواز، شێعری هەڵۆ، پێکهاتەخوازی، شێعری گێڕانەوەیی.

سەرەتا

 لەکۆنەوە کەڵک‌‌وەرگرتن و بەکارهێنانی شێوازی گێڕانەوە لە شێعردا باو بووە و گێڕانەوە تەنیا تایبەت بە ئەدەبیاتی چیرۆکی نییە؛ هەر ئەو چەمکە ڕەخنەی شێعری گێڕانەوە بەرز دەنرخێنێ. بوونی توخمی دەقی گێرانەوە و بەهرە‌‌وەرگرتن لە توخم و شێوازەکانی چیرۆکی بە ئەو جۆرە شێعرانە لە ڕووی ڕەخنەی پێکهاتەی گرینگی ئەبەخشێ. کەوابوو بوونی بنەمای چیرۆکی لەو جۆرە شێعرانە ئەو ئیزن و دەرفەتە بە شاعیر ئەبەخشێ تا بیرۆکەی تێڕامان، باوەڕ و هزر و ئێش و ژانەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەقی گێڕانەوە بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە. لە ئەدەبیاتی کوردیدا شێعری شاعیرانێکی وەک: مامۆستا هەژار، سوارە، زاری، ڕاوچی، هێدی و هتد، کەم و زۆر سرنجیان داوەتە سەر لایەنی گێڕانەوەیی شێعر و شێعری(گێڕانەوەیی)یان لە ئەدەبی کوردیدا پێناسەکردووە.

 دووپات کردنەوەی واتا لەمێژینەکان، بەو مەرجەی کە بە شێوەیەکی هونەری-ئەدەبی و نوێ بێ، تەنیا توزێکیش لە بایخی بەرهەمی ئەدەبی دووپات‌‌بووە کەم ناکاتەوە. نموونەی ئەوجۆرە دووپات بوونەوە لە ئەدەبیات جیهانی و بە تایبەت ئەدەبیاتی کوردی زۆرن. یەکێک لەو بەرهەمانە کە لە ژێر کاریگەری بەرهەمەکانی پێشوو جارێکی تر دووپات بۆتەوە شێعری چیرۆکی هەڵۆیە. سەرەتای داهێنان و پێناسەکردنی ئەو شێعرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەدەبیاتی رووسی و چیرۆکی”دەفتەری سەروان “نووسراوەی پوشکین. خانلەری مامۆستای توانای ئەدەبی فارسی لە سالی(١٣١٨ش) شێعرەی(عقاب)ی لە ژێر کاریگەری ئەو چیرۆکە هۆندۆتەوە. لە رەوایەتێکی کەدا ئاماژە کراوە کە خانلەری ئەو شێعرەی بە لاسایی کردنەوەی شێعری “قەلەڕەشە و بازی سپی” هۆنراوەی شاعیری ناوداری ئەدەبیاتی فارسی(عنصری)کە لە سەدەی پێنجی کۆچیدا ژیاوە نووسیوەتەوە.(یوسفی، ١٣٧١: ٦٨٧)

 هاودەنگ لە گەڵ ئەدەبیاتی فارسی لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەژاری موکوریانی وەک یەکەم  شاعیر لە ژێر کاریگەری ئەو هۆنراوەیە (عقاب خانلری)شێعری بەناوبانگ و پڕ واتای هەڵۆی بە دونیای شێعر و ئەدەبی کوردی پێناسە کرد. شێعری هەڵۆ یەکێک لە شاکارە ئەدەبێکانی سەدەی هاوچەرخ ناسراوە. هۆنراوەیەکەی سەمبۆلیک، لە سەر بنەمای وتووێژی قەلەڕەش و هەڵۆ پێکهاتووە. لە خوێندنەوەی بەرهەم و شێعرەکانی مامۆستا هەژار ئەوەی زۆر زەقە ئەوەیە کە خوێنەر رووبەڕووی شاعیرێکە کە شێوازی بۆچوون و هەست و بیری سەربەخۆی هەیە. مامۆستا هەژار لەو تاقمە شاعیرانەیە کە بە لایەنی گێڕانەوەی شێعر سرنج ئەداو گێڕانەوە و چیرۆک‌‌بێژی لە شێعرە گێڕانەوەیەکانیدا بە شێوەیەکە کە بە کەڵک‌‌وەرگرتن لە پێکهاتەی گێڕانەوە، وتوووێژ، روانگە و ناساندن تەسویرێکی جیاواز بەدی‌‌دێنێ.

 لە ئەدەبیاتی کوردی جارێکی تر بە بیری ناسک و پێنووسی خوڵقێنەری شاعیری نوێخوازی موکوریانی سوارە ئێلخانی‌‌زادە شێعری “هەڵۆ” نوێ‌‌بوونەوەیەکی دووبارەی بەخۆوە دیت. سوارە بە چاولێکەری و کاریگەری شاعیرانی هاوچەرخ، زۆر پسپۆڕانە دەقی مەسنەوی “عقاب” مامۆستا خانلەری بە زمانی کوردی داڕشتەوە. ئەوەی کە لە بەراوەردی دەقی سەرکی شێعری “عقاب” خانلەری و “هەڵۆ” ی سوارە شیاوی سرنجەدانە، ئەویە کە سوراە لە زۆر جێ بۆ جەخت کێشان لە سەر بابەتێک چەن دێڕێکی بە دەقی سەرەکی هۆنراوەکە لکاندووە. لەو شێعرەدا شیکردنەوە و ئاڵ‌‌وگۆڕ بە هۆی شیاو و لەباربوونی دەقی گێڕانەوە بەکارهاتووە کە لە کاتی وەرگێڕانی دەقێک بە زمانێکی جیاواز لە زمانی سەرەکی ئەوەی بە پێویست بزانن بە دەقی سەرەکی بۆ پڕ واتاکردنی بابەتێک دەلکێندرێ. بۆ نەموونە لە سەرەتای ئەو هۆنراوەیە بابەتی پێوەلکاو بە دەقی سەرەکی شێعری(عقاب)زۆر زوو هەست-پێدەکرێ. ئەو چەن دێڕە زیادکراوەی سەرەتای هۆنراوەکە لە زانستی بەدیع بە ڕازەی(براعت استهلال) پێناسەدەکرێ. خوێنەر تەنیا بە خوێندنەوەی ئەو چەن دێڕە ناوەڕۆکی گشتی و پەیامی سەرەکی هۆنراوەکەی بۆ روون دەبێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەو چەند دێڕە زیادکراوەی سەرەتای هۆنراوە بریتییە لە وەسفی وەرزی سارد و ڕەنگ‌‌زەردی پاییزە کە سەمبوولی لە ناوچوون و سەرەتای مردنی بێدەنگی سروشت، وەسفی ترس و دڵەڕاوکەی بیرکردنەوە لە مردن و گریان بۆ تەمەنی لە دەست‌‌چوویە. لەو وەسفەدا هەتاو هاوئاهەنگ و هاودەنگ لە گەڵ مردنی سروشت، کز و سەرسووڕماو وکروشەمەکردوو، پەیکەری لەش‌‌بەباری بۆ سووچێکی پانتای بێ‌‌سنووری ئاسمان، لەرزۆک لەرزۆک دەکێشێ و تەسویرێکی لپاولپ لە بێ‌‌هێزی دەنوێنێ و وێنادەکا.

پاییزه دار و ده‌‌ون بێ بــــــەرگه          دل په‌‌شۆکاوی خــه‌‌یاڵی مه‌‌رگه

هه‌‌رگه‌‌ڵایێ‌‌که لــه‌‌دارێ ده‌‌وه‌‌رێ         نووسراوێه‌‌که بـه ناخۆش خه‌‌وەرێ

تاو هه‌‌ناوی نیه وا مات وپه‌‌شێو         لــــه‌‌شی زامــاری ده‌‌کێشێته ‌‌نشێو

ڕۆژپه‌‌ڕه، سارده‌‌کزه‌‌ی بای‌‌زریان         کــاته بۆژینی له‌‌دست چووگریان

 جارێکی تر لەکۆتایی ئەو هۆنراوەیەدا دێڕێکی لکێندراو دەسنیشان دەکەین کە دونیایەک واتای پڕواتای لە خۆدا حەشارداوە و وەک شابەیتێک بۆ ئامۆژگاری، هۆنراوەی پێ کۆتایی هاتووە. دەتوانین بلێین ئەو دێڕە لە دەقی فارسی هۆنراوەی “عقاب” خانلەری نەهاتووە و هەڵقوڵاوی زەینی خولقێنەری سوارە یە. بە پێی زانستی بەیع ئەو دێڕە ڕازەی حوسنی مەقتەعی هەیە.

لای هه‌‌ڵۆی به‌‌رزەفڕی بەرزه مژی     چۆن بژی شەرته نه‌‌وه‌‌ک چه‌‌نده بژی

پێکهاتە‌‌خەوازی و روانگە پێکهاتە‌‌خوازەکان

 لە دەقە ڕەخنەیەکانی ئەم سەردەمەدا کەمتر ڕەخنەیەک هەیە کە کاریگەری وکاردانەوەی بیروڕای پێکهاتەخوازەکانی تێدا بەدی نەکرێ. لێکدانەوەی پێکهاتەیی بە تایبەت لە بواری بەرهەمەکانی گێڕانەوەیی، یەکێک لە سەرسووڕێنترین دەستکەوتەکانی ڕەخنەی ئەدەبی هاوچەرخە. زاراوەی «گێڕانەوەناسی» یەکەم جار تێزڤیتان تۆدۆرف  بەکاری هێنا و لە ڕاستیدا دەبی ئەو بە داهێنەری ئەو زاراوەیە بناسرێ. تۆدۆرف ئەو زاراوەیەی لە کتێبی بوتیقا، بەرهم و نووسراوەی خۆی، پێشنیار کرد و ژرارژنت  لە سالی ١٩٨٣ لە وتاری«وتەی نوێی گێڕانەوەی چیرۆکی»ئەو زاراوەیەی لەسەر دێڕی”خوێندنەوە و موراعاتی پێکهاتەکانی گێڕانەوەی چیرۆکی” پێناسەکرد.(سیدحسینی،۱۳۸۷: ۱۱۵۹).

 پێکهاتەخوازی، بیر و ڕایەکە کە بە ناسین و لێکدانەوەی دیاردەکان لە سەر بنەمای دەستوور و نەریت و نەموونەگەلێک کە پێکهاتەی بنەڕەتیانی خولقاندووە؛ سرنج‌‌ ئەدا. ئەو شێوازە، بابەت و لکە جۆراوجۆرەکانی زانستی و دیاردەکانی هەبوو لەواندا وەک کۆمەڵێکی پێکهاتوو لە توخمەکانی پێک‌‌گرێدراو دەزانێ. تایبەتمەندی ئەو رەوتە لەوەدایە کە توێژەران دیاردەکانی جۆراوجۆری زانستی خویان بە شێوەی سەربەخۆ و جیاواز لە یەکتر لێک‌‌نادەنەوە، بەڵکوو هەردەم تێدەکۆشن دیاردەیەک لە پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵێک لە دیاردەکان کە بەشێک لە پەیکەرەی ئەوانە، شڕۆڤەبکەن.»(بالایی‌‌وکویی‌‌پرس،۱۳۷۸: ۲۶۷) لە واقیعدا پێکهاتەخوازەکان بە شۆن دیتنەوەی پێکهاتەگەلێکی یەکدەست لە ئاستی جیهانی بۆ جۆرەکانی جیاوازی گێڕانەوەن بە شێوەیەک کە شیاوی بەکار هێنان و کەڵک وەرگرتن و کاریگەر لە سەر جۆرەکانی جیاوازی گێڕانەوەیی هەبێ بوون.

 ڕەنگە بکرێ گێڕانەوە، ساکارترین و گشتی‌‌ترین بەیان بۆ دەربڕینی دەقێک بێ کە چیرۆکێک دەگێرێتەو و چیرۆک‌‌بێژی هەیە. ئەو توێژینەوەیە بە کەڵک‌‌وەرگرتن لە روانگە و نموونەکانی نووسەری پێکهاتەخواز، گێرماس، پێکهاتەی شێعری هەڵۆی سوارەی ئێلخانی‌‌زادە شرۆڤە‌‌دەکا. لە لێکدانەوەی گێڕانەوەی ئەو شێعرە بەهۆی ئەوەی کە بنەمای چیرۆکی هەیە و لەسەر ئەو بناغەیە هۆنراوەتەو؛ هەر دوو توخمی دەقی گێڕانەوە و چیرۆک‌‌بێژ بوونیان هەیە، کە لە بابەتی گێڕانەوەی ئەو شێعرە دەبێ ئەو دوو توخمە یانی پێکهاتەی گێڕانەوەیی و چۆنێتی‌‌دەربڕین ئەو تاوتوێ بکرێ. لە ڕێبازە ئەدەبێکانی، ڕێبازی پێکهاتەخوازی زورتر گرێدراو بە گێڕانەوە بووە و پێکهاتەخوازەکان تۆێژینەوەی زۆر بەربڵاویان لە بواری گێڕانەوە کردووە.

 یەکم جار پێکهاتەخوازەکانی رووس، دوو بەشی گێڕانەوەیان لە یەک جیاکردەوە و هەر گێڕانەوەیەک پێکهاتوو لە دوو ڕووکار دەزانن: چیرۆک و گەڵاڵە. بە بڕوای ئەوان، چیرۆک کۆمەڵێک رووداوە کە لە سەر بنەمای بەردەوامی و یەک ‌‌لەدوویەک هاتنی زەمەنی پێک‌‌گرێدەدرێن. گەڵاڵە، ئافراندنەوەی هونەری رووداوەکان لە دەقی گێڕانەوە دایە. (مکاریک،۱۳۸۴: ۲۰۱ و اخوت،۱۳۷۱: ۱۵).

 توێژینەوەی ئەو گرووپە لە بواری گێڕانەوە، ڕۆڵێکی لەبەرچاو و شیاوی لەسەر فۆرم گرتن و پێشکەوتنی بیرۆکەی گێڕانەوەناسی وەئەستۆ بووە و تاوتوێ کردنی بابەتەکانی گێڕانەوەی لە خۆگرتووە. گەڵاڵە، سەرەکیترین توخمی گێڕانەوە و گرینگترین‌‌ بەشێک لە شیکردنەوەکانی پێکهاتەخوازەکان لە بواری جۆرەکانی دەقی گێڕانەوەیی‌‌یە کە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ. چیرۆک بەردەوامی و بە دووی یەکهاتنی زەمەنی رووداوەکانە و گەڵاڵە، گێڕانەوەی رووداوەکان بە پاڵپشتی بە پەیوەندێکانی هۆ و بەرهۆ یە.(فورستر،۱۳۸۴: ۱۱۸).

بەپشت‌‌بەستن  بەو سەرەتایە،گەڵاڵە، بنەمای گێڕانەوە پێکدێنێ؛ چونکە سەبەبیەتی زەمەنی و پەیوەندی هۆ و بەرهۆ لە نێوان رووداوەکان وەک تەنافێکی نادیار، رووداوەکانی چیرۆک پێکەوە گرێ ئەەدا.(مستور، ۱۳۸۷: ۱۴ و داد، ۱۳۸۳: ۲۷۴) یەکم گێڕانەوەناس کە لە ڕیبازی پێکهاتەخوازی بە تاوتوێ‌‌کردنی تەواوی جۆرەکانی گێڕانەوە، پلانێکی گشتی ئاراستە کرد، ولادیمیر پراپ بووە. گرینگترین بەرهەمی ئەو لەو بوارەدا«مۆرفۆلۆجی چیرۆکی پەرێکان »ە. توێژینەوە و پرسیارەکانی پراپ لە بواری کۆمەڵە چیرۆکەکانی عامیانەی رووس، یەکێک لە بەنرخترین توێژینەوەکانی ‌‌پێکهاتەخوازەکان لە بواری چیرۆک دایە کە وەک مۆدێل، زۆربەی ڕێبوارانی ئەو ڕێبازە ئەدەبیە، بەتایبەت گێرماس کەڵکیان لێوەرگرتوە. (پراپ،۱۳۶۸: ۱۶۲).

 گێرماس، نیشانەناسی‌‌لیتوانیایی‌‌نێشتەجێی‌‌فەڕانسە، ناسیاوترین نیشانەناسی ئەو سەردەمەیە.گێڕانەوەناسێکی پێکهاتەخوازە کە لە بواری گێڕانەوەناسی نموونەگەلێکی ناسراو و ڕوونی بە مەبەستی شیکردنەوەی جۆرەکانی جیاوازی گێڕانەوە، تۆێژینەوەی زۆری بە  ئەنجام گەیاندوە.

گێرماس توخمەکانی گێڕانەوە کە لەسەر بنەمای پەیوەندی و دژایەتێکی لەگەڵ یەک هەیانە بە شەش خاڵ دابەش دەکا:

  1. پاڵەوان( قارەمان) ۲٫ بابەت۳ .بنێری پەیام۴٫وەرگری پەیام ۵٫ یارمەتیدەر ٦. نەیار

بنێر؛ مرۆیەک، شتێک یا هەستێکە کە بابەتی ناسراو و دەسنیشانکراو بە قارەمان دەگەیەنێ. پاڵەوان:قارەمانی دەقی گێڕانەوەییە و بابەت، ئامانجێکە بۆی تاریف دەکرێ. وەرگر زور جار قارەمانە، بابەتێک کە ئامانجی ئەو، وەر دەگرێ و بە شۆن ئەودا دەڕوا.

یارمەتیدەر، هێزێکە کە یارمەتی پاڵەوانی چیرۆک دەکا تا بە ئامانجی بگا و لە کۆتایی نەیار، هێزێکە لە گەیشتنی قارەمان بە ئامانج بەرگری دەکا. بەواتایەکی‌‌کە، کەسایەتی سەرەکی بە شۆن وەدەسهێنانی مەبەستێکی تایبەتی‌‌یە و لە گەڵ خۆڕاگری نەیار رووبەڕوو دەبێ، هێزێکی پتەو و قایم(بنێر) ئەو بۆ مەئموورییەت ڕەوانە دەکا. ئەو رەوتە و رەواڵە وەرگرێکیشی هەیە. (مکاریک،۱۳۸۴: ۱۵۲)

 یارمەتیدەر و نەیار دەکرێش مرۆڤ نبن؛ بەڵکوو یەک بیر، هەست، توانایی یا نەبوونی توانایی دەتوانێ وەک یارمەتیدەر و نەیار لە گێڕانەوەدا بوونی هەبێ و یارمەتیدەری قارەمان بێ و یا لە گەیشتنی بە ئامانجی بەربەست دروست بکا. هەروەها بنێر زۆرجار هەستێک یان تایبەتمندێکی زاتییە کە بە شێوەی سرشتی لە هەموو مرۆڤەکان بوونی هەیە و سەرچاوەی زۆر لە حەولەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە جۆراوجۆرەکانە. بە پێی بڕوای گێرماس، جاری وایە هەر شەش توخم لە دەقێکی گێڕانەوەیی هەن و جاری واشە چەندیان بوونیان هەیە.

 گێرماس، توخمەکانی گێڕانەوەی لە سەر بنەمایەکی کە هەرکام بە بابەتێکی تایبەت پەیوەندییان هەیە بە سێ گروپی گشتی دابەش دەکا:

۱٫پەیوەندی ویست و تامەزڕۆیی

 ٢.پەیوەندی کەسایەتیەکان لەگەڵ یەک

 ٣.پەیوەندی شەر(پەیکار) (احمدی،۱۳۸۰: ۱۶۳).

 هەر وەک ئاماژە پێکرا،گێرماس توخمی گێڕانەوە لە سەر بنەمای پەیوەندی و دژایەتێکی دوولای کە لەگەڵ یەک هەیانە بنیات ‌‌ناوە. ئەو پەیوەندیە دوولایەنە بریتین لە سێ جۆر: ۱٫دژیەک(متناقض) ۲٫لێکدژ(متضاد) ۳٫دژ(مخالف). لە پەیوەندی دژیەک هەرکام لە کەسایەتییەکان و زۆرجار واتاکان پێشێلکەری بوونی یەکن. پەیوەندی لێکدژ، پەیوەندییەکە، هەبوونی یەک تاک یا واتا هۆی نەبوونی تاک یا واتاکەی بەرامبەری بێ و ئەو دوولایەنە نەتوانن لەگەڵ یەک تەبا و گونجاو بن. لە پەیوەندی دژ، هەروەها هەر کام لەو کەسایەتییانە کە رووبەڕووی یەک جێیان گرتووە، بۆ دروستکردنی بەڕبەست بۆ بە ئامانج نەگەیشتنی یەکتر تێدەکۆشن.(اخوت، ۱۳۷۱: ۶۵)

 بە پێی بیرۆکەی گێرماس لە زۆربەی چیرۆک و رەوایەتەکاندا، رووبەڕووبوونەوەکانی دوولای لە جۆری دژیەک و لێکدژە، وەک مەرگ و ژیان، زانایی و نەزانی. لە سەر ئەو بنەمایە، دەقەکانی گێڕانەوەیی بە بێ بوونی ئەو ڕووبەڕووبونەوانە هیچ تاموو چێژ و گڕوتین و ورووژەیەکی بۆ خوێنەرانی خۆی لە پێنابێ. هەر چەندە ژمارەی ئەو پەیوەندیانە لە دەقی گێڕانەوەیی زۆرتر بێ، ڕادەی ڕاستەقینەبوونی ئەوان زۆرتر دەبێ؛ چونکە بوونی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە لە دەقی گێڕانەوەیی لاسایی کەردنەوەیەکە لە دونیای ڕاستەقینە؛ کەوابوو دەکرێ بوترێ کە ئەو دەرفەتە بۆئەو دەقانە(چیرۆک و دەقی گێڕانەوەیی)هەیە کە رەوتە جۆراوجۆرەکانی ژیان لە گەڵ یەک هەڵبسەنگێنێ و لە نێو یەکدا لێکیان بدا.

گێرماس بەرەودوایی(پی‌‌رفت) ( Sequence)پێکهێنەری گێڕانەوە بە سێ گروپی گشتی دابەش کردو وە کە بریتین لە:

  1. بەرەودوایی بەڕێوبەری؛ زنجیرەیەکە کە رێنوێنی لەسەر ئیشێک یان بەڕێوبردنی مەئموورییەتێک دەکا.
  2. بەرەودوایی بلێن یان پەیمان؛ لەو زنجیرەیەدا ئەرکێک دەخرێتە سەر دەقی گێڕانەوە(باروودۆخی چیرۆک بە شۆن ئامانج رێنوێنی دەکا).
  3. بەرەودوایی دابڕان یان گواستنەوەیی؛زنجیرەیەکە رێنوێنی لەسەر ئاڵ‌‌وگۆڕی بارودۆخ و یان دۆخێک دەکاکە هەڵگری گۆڕینی فۆڕمەکانی جۆراوجۆرە.(ئەرێنی، نەرێنی، یان بە پێچەوانە).(اخوت، ۱۳۷۱: ۶٦)

  لە روانگەی گێرماس هەر گێڕانەوەیەک پێکهاتوو لە چەند لێکدانەوەی جیاوازە کە کۆی ئەوان بەرەودوایەک لە چیرۆک بەدی‌‌دێنن.گێرماس ئەو لێکدانەوانەی بە سێ گروپی گشتی دابەش کرد وە کە بریتین لە:۱٫ لێکدانەوەی وەسفی؛ دۆخێک و پێگەیەک شیدەکاتەوە. ۲٫ لێکدانەوەی بارودۆخ: دۆخێک دەسنیشان دەکا. ۳٫لێکدانەوەی تێپەڕ(متعدی)؛ بە بەڕێوچوون و بەرێوبردنی ئیشێک ئاماژە دەکا. (اسکولز، ۱۳۸۳: ۱۴۷)

شیکردنەوەی پێکهاتەیی شێعری گێڕانەوەی «هەڵۆ»

 کورتەیەک لە شێعری هەڵۆ:

 هەڵۆ لەوەی کە دەوری لاوی بەسەر چووە خەمبارە و لە ناخۆشترین دۆخی ژیانی کە پیری و نزیک‌‌بوونەوە لە مردنە بەسەردەبا. بۆ ڕزگاربوون لە دۆخە و ئەو جۆرە بیرە ئاڵۆزانە کە مێشکی هاژاندووە هەڵدەفرێ و هێڵانە جێدێلێ. هەڵفرینی هەڵۆ بەرابەر لەگەڵ کاردانەوەی بوونەوەرانی سەر حەرز بوو کە هەرکام لە ترسی ڕاوبوونیان بە پەنجەی مەرگ‌‌هێنەر و بەهێزی هەڵۆ لە کوون و قوژبن خۆیان حەشار ئەدن. لە بەرامبەری هەڵۆی بەرزەفڕ، باس لە قەلەڕەش دەکرێ؛ قەلەڕەشێکی ناحەز و نارێک و پیس کە دەورووبەری ئاوایەکان شوێنی حەسانەوە و ژیان بەسەر بردنێتی. هەڵۆ کە بە شۆن دیتنەوەی ڕازی ڕزگاربوون لە تەمەنی کورتە کاتێک قەڵەڕشی هەڵنیشتوو لەسەر لقی دار دەبینێ، لە ئاسمانەوە بە توندی بەرەو قەڵەڕش دێو و چارە لێبڕاو پەنای بۆ دێنێ. بارودۆخی قەلەڕەش لە بەرابەری هەڵۆ و هەڵسوکەوتی شیاوی سرشتی ئەوە. قەلەڕەش دەستەونەزەر راوەستان و بەفەرمان بوونی بۆ هەڵۆ نیشان دەدا، بەڵام بەپێچەوانە لە ناخیدا بیر لە بابەتێکی کە دەکاتەوە. هەڵۆ بە هۆی پیری و ترسی بیرکردنەوە لە مردن، بە کزی و خەمناکی دێتە قسە. زۆر بە زمانێکی ساکار و بە شێوەیەکی چارەلێبڕاو ئەوەی لە بابی سەبارەت بە تەمن درێژی قەلەڕەش بیستبووی دەگێڕێتەوە و ڕازی تەمن درێژیان لێدەپرسێ. قەلەڕەش داوا لە هەڵۆ دەکا کە بلێن بدا کە قسەی ئەو وەرگرێ. پاشان بۆ شۆنێکی بۆگەنیو قەراخ ئاوایی رێنوێنی دەکا. شۆنێکی کە پڕ بوو لە کەلاکی بۆگەنیو و پەین و پاڵ. قەلەڕەش لەو کەلاکە تۆپیوانە دەخوا و داوا لە هەڵۆ دەکا دەس لە ڕاو هەڵگرێ و ئەو جۆرە خواردنە بۆ خۆی هەڵبژێرێ. هەلۆ بە دیتنی ئەو شۆنە و ئەو جۆرە خواردن و ژیان بە سەربردنە ڕق و بێزارێکی تەواو، بیری و هۆشی دەتەنێ. ئاسەوارێک لەو هەموو شان و شکۆیەی کە لە ئاسمانی بەرین بووی لەو شۆنەدا نابینێ. هەڵۆ لە سەر دوو رێی بوو کە کامیان بگرێتە بەر و کام جۆر لە ژیان هەڵبژێرێ. لەلایەک تەمنی درێژ و خواردنی کەلاکی بۆگەنیو، لەلایەکی کەوە تەمنی کورتو و ژیان بەسەر بردن لە ئاسمانی بەرز و سەربەستی؟ ئەو جۆرە بیرکردنەوانە ناخی هەڵۆی دەهاژاند. لە پڕ هەڵۆ بەرەو ئاسمان هەڵدەفرێ‌‌ و بەوکردەویە قەڵەڕەش سەرسووڕماو دەکا. هەڵۆ بە رزگاری لە پانتای ئاسمان و چارەنووسدا نوقم دەبێ.

هەڵۆ لەو هۆنراوەیەدا هێمای مرۆڤێکی سەربەست و تەمەن کورت کە بۆ تەمەنی درێژ پەنا بە هەموو جۆرە سووکێ و سەرشۆرێک نابا. بە پێچەوانە قەلەڕەش هێمای مرۆڤێکی بێ‌‌بایەخ کە تەمەنی درێژ و بێ‌‌به‌‌های هەیە. بەواتایەکی‌‌کە، لە دەقە ئەدەبێکاندا هەڵۆ بە سەمبوولی بایخی پایەدار، تەسویرێکی روو لەگەشە و زیندوو لەو تاکانەی کە گیانیان لە ڕێی بایەخە پیرۆزەکان دەبخشن و تەمەنی کورت و بە سەربەرزی بە سەر تەمەنی درێژ بەڵام بێ‌‌کەڵک و بێ‌‌بەها بەرز دەنرخێنن. هەڵۆ جۆری بە سەربردنی ژیانی لە گەنداو هەڵ‌‌نابژێرێ و بیر و باوری کەم ژیان و کەڵ ژیان وەک پەیامێک بە هۆگرانی دەسلمێنێ. هەڵۆ بەرە و ئاسمانی دەڕواتەوە و دوای مردنیش خوازیارە کە کفنی مەرگی هەوری سپی ئاسمان بێ و لە پانتای بێ سنوور بۆ هەتاهەتایە نوقم دەبێ.

 ئەو تەسویرەی کە لە خوێندنەوەی شێعری هەڵۆ لە مێشکماندا ئەخولقێ، دوو جۆرە ژیانی دژبەیەکی هەڵۆ و قەلەڕەشە کە لە ڕاستیدا هێمایەکە لە دژایەتی بەردەوامی چاکە و خراپە، جوانی‌‌ و ناحەزی، رووناکی و تاریکی و بەرزی (فەزیلەت)و نزمی(پەستی)یە. لەو شێعرەدا شاعیر، خوازیار و خاوەنانی دونیا بە تۆپیوخۆر دەشوبهێنێ. لە ڕاستیدا دوو سفەتی سەرەکی هۆگرانی دونیا(کە قەلەڕەش نەمادی ئەو تاقمە مرۆڤانەیە) گەندەخۆری و سەرشۆری یە.

 شیکردنەوەی پێکهاتەی شێعر هەڵۆ لە سەر بنەمای بیرۆکەی گێرماس

بە پێی روانگەی گێرماس، تەواو کاراکان لەو شێعرە گێڕانەوەییدا بوونیان هەیە:

  1. قارەمان:هەڵۆ: لەو شێعرە گێڕانەوەییە قارەمان، هەڵۆیە کە بۆ گەیشتن بە ئامانج یانی دیتنەوەی رێگاچارێک بۆ رزگاربوون لە مردن و تەمەنی کورت حەول دەدا و تێدەکۆشێ.
  2. بنێری پەیام : هەستی هەڵۆ: هێزێک کە هەڵۆ بە شۆن ئامانج هاندەدا، هەستی ئەوە. ئاواتی هەڵۆ دیتنەوەی رێگاچارێکە و ئەو وردبوونەوەیە لە ناخیەوە سەرچاوە دەگرێ.
  3. یارمەتیدەر: ڕاوێژ و وریایی هەڵۆ: هێزێکە کە قەلەڕەش بۆ گەیشتن بە ئامانج بە ئەو یارمەتی دەدا تا لە بەینی ژیانی بە سەربەرزی خۆی لە ئاسمان و ژینی پەست و ناحەزی قەلەڕەش، هەڵفرێن هەڵبژێرێ. بابەتی ناسین: دیتنەوەی ڕێگایەک بۆ تەمەنی درێژی و رزگاربوون لە مردنە.
  4. وەرگر: هەڵۆ؛ ئەوەی لە مەسیری رووداو دەیبینێ دەبێ پەندی لێ وەربگرێ(مردن یان ژیانی وەک قەلەڕەش) و هێزی دژبەر حەزی دەروونی هەڵۆیە(تەمن درێژی).

 ئەو شێعرە گێڕانەوەیە دوو جۆر پەیوەندی دوولایەنەی مردن و ژیان دەسنیشان دەکا. پەیوەندی لە جۆری دژیەک یانی بوونی یەکیان هۆی لەبەین چوونی ئەوی کەیانە. بە هاتنی مردن، ژیان کۆتایی پێدێ. ئەوی کەیان پەیوەندی لێکدژی ژیانی هەڵۆ بەرامبەر بە ژیانی قەلەڕەش لە جۆری پەیوەندی لێکدژە؛ چونکە ئەو دوو جۆرە ژیانە لەگەڵ یەک ناسازگارن و پێک‌‌ناخۆن. هەڵۆ بە هەڵفرێن و پشت لە بیرۆکەی قەلەڕەش وەک دواین وەسیەت بریاری دا کە کفنی تەرمەکی هەور سپی ئاسمان بێ.

هه‌‌وری ئاسمان بێ خەلاتم بـــاشه       با لــــــه‌‌شم خـــــاشه بکێشن بـــاشه

 قەلەڕيش لە دەورووبەری گوندەکان و لەسەر پەین و پالی قەراخ دێ دەژیا و خواردنیشی هەر لە گۆشتی کەرەتۆپیو و کەلاکی گۆلکی مندارەوەبوو بوو هەر بۆیەش تەمەنێکی درێژی هەیە. ئەو چەن دێڕە وەسفێکی  پڕواتا لە جۆری ژیانی بێ‌‌بایەخی قەلەڕەشە.

پین و پـــــاڵێ کــــــــه له پاڵــی دێیه      مەنــــــــــــزڵی نۆکــــه‌‌ری خــــــۆتی لێیه

کـــــه‌‌ره تۆپیو و که‌‌لاکی گــــوێلک      هه‌‌ڵمی دڵ روون که‌‌ره‌‌وه‌‌ی سه‌‌رگوێلک

بابەتی دەسنیشانکراو لەوشێعرە گێڕانەوەییە بە پێی پەیوەندی لێکدژ و دژیەک ئەرێنی و ئەخلاقی‌‌یە و لە ڕووبەڕووی مردن ڕێگای دەربازبوون نییە.

لێکدانەوەکانی گێڕانەوەیی بە سێ جۆر دابەش دەبێ:

لێکدانەوەی وەسفی: هەڵۆ باڵندەیەکی بەرزەفڕە و لە ئاسماندا دەژی.(وەسف کردنی بارودۆخی ژیانی هەڵۆ)

هاته‌‌وه بیری هــــــــه‌‌ڵـــۆ رابـوردووی      پاکـــی بــــوژانــــه‌‌وه یــــادی مــــردووی

گوڵ کرا رایه‌‌خ و پـــای ئـــەنــدازم      چــه‌‌نده ئاژوا لـــــــــه‌‌شی کێو ئــــــــاوازم

چـــه‌‌نــده روانیمه زه‌‌وی لــــــه‌‌و بانــه     کیو و ده‌‌شــــــــت له‌‌و سه‌‌ره‌‌وه چه‌‌ن جوانه

چــــه‌‌ن چکۆله‌‌ن په‌‌له‌‌وه‌‌ر له‌‌و بــه‌‌رزه      ئاخ که چه‌‌ن خــــوێڕی گره ئه‌‌م عه‌‌رزه

کۆلکه زێڕینه وه‌‌کوو تاقی زەفــەر     ئاسمان بۆ منی به‌‌ست کاتی ســـــه‌‌فەر

حه‌‌وته‌‌وانان بو میداڵی شـــه‌‌ڕی من     چه‌‌نده شۆراوه به خـــوێن شـــاپه‌‌ڕی من

چه‌‌نده ڕاوی که‌‌و کـــــه‌‌وبــارم کرد      دژمـــــنی تاقـــــــمی شمـــقاڕم کــــــــــرد

لێکدانەوەی وەجهی: هەڵۆ هەڵدەفڕێ و بۆ ئەوەی لە  تەمەنی کورت و مردن ڕزگاربێ ڕێگاچارێک بدۆزێتەوە.

هه‌‌ڵفڕی راوکەری زاڵی کەژ و کێو        له چیای به رزەوه روی کرده نەشێو…

 هاته لای قەل به کــزی و بێ‌‌وازی        قه‌‌ل کوتی مامه هه‌‌ڵــــــــۆ ناسازی؟

کــــــوتی قاڵاوه‌ ڕه‌شــــه‌ی پســپۆرم!         پیــــــــــــــرم و پێیه لــــه لیوی گــــورم

باخــــــی ژینم به خــــــه‌‌زان ژاکــاوه          کاتـــــی مـــه‌‌رگه و ئه‌‌جه‌‌لیش ناکه‌‌وه

پێم بڵێ چــۆنه که تو هـــەر لاوی          زور به ســـــــــاڵ پیری به‌‌لام چاماوی

لێکدانەوەی تێپەڕ(متعدی): هەڵۆ ڕێگای دەربازبوون لە مردن نابینێتەوە و لە بەرابەر مەرگ کۆڵدەدا.

ساکه ئەو کاره وه‌‌هـــا ســــــاکاره             مـــەرگه میــوانی گـــه‌‌دا و خونکاره

هەوری ئاسمان بێ خەڵاتم باشە              یـــــا لەشم خاشە بکێشن بــــــــاشە؟

 زنجیرەکانی گێڕانەوەیی:

 زنجیرەی پەیمانی: لەو زنجیرەیەدا پەیمانێک لە نێوان هەڵۆ و هەستی دەبسترێ کە بە پێی ئەو پەیمانە هەڵۆ ڕێگای دەربازبوون لە تەمەنی کورت و مردن ببینێتەوە.

زنجیرەی بەڕێوبەری: لەو زنجیرەیەدا هەڵۆ ئەرک و مەئمووریەتی خۆی بە دروستی بەڕێوە دەبا؛ بەڵام بە سەرنجامێک کە یارمەتیدەری زیندوو مانەوەی بێ، تەواو نابێ.

زنجیرەی لێک‌‌بڕان: لەو زنجیرەیەدا سەیری جوڵەی شێعری گێڕانەوەیی لە نەرێنیەوە بۆ ئەرێنی‌‌یە. لەو گێڕانەوەیە دۆخێک دێتەئاراوە و ئەویش ئەوە کە ئاخۆ هەڵۆ بۆ زیندوو مانەوەی زۆرتر و تەمەن درێژی و ڕزگار بوون لە مردن، ڕێگاچارێک دەبینێتەوە؟هەڵؤ بۆ چارەسەری ئەو بیرە ئاڵۆزانە پەنا بۆ قەلەڕەش دەبا. لەگەڵ قەلەڕەش وتووێژ دەکا تا ڕازی تەمن درێژی ببینێتەوە. پێشنیار و داوای قەلەڕەش لە هەڵۆ بۆ خواردنی کەلاکی تۆپیو هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە هەڵۆ جارێکی تر ڕاچڵەکێ و رێگای سەربەرزی بگرێتەبەرو و بۆ تەمەنی دڕێژ و بە پیسی ژیان پەنا بە هەموو چەشنە سەرشۆڕێک نەبا. بۆیە لە ئاکامدا ژینی کورت و مردنی پڕ سەروەری لە ئاسماندا هەڵبژارد.

کەواتە، ڕەوایەت بۆ هەڵۆ بە خۆشی کۆتایی پێدێ. لەو شێعرە گێڕانەوەیەدا هەڵۆ ڕۆڵی بلێندەری پەیمان، تاکێکی کە تاقیکراوەتەوە و بابەتی داوەری(تاقیکردنەوە)‌‌یە و قەلەڕەش ڕۆڵکانی دانەری پەیمان، تاقیکەرەوە و داوەری لەسەرشانە.

 پەیمان: هەڵۆ بە شۆن دیتنەوەی ڕێگایەک بۆ تەمەن درێژی و ڕزگاربوون لە مردنە، پەیمان دەبەستێ کە ئەو ڕێگایە ببینێتەوە.

ئەزموون: دیتنەوەی ڕێگاچارێک، ئەزموونی(هەڵۆ)ئەوە کە بە پەیمانی ئەو تاقی دەکرێتەوەو هەڵدەسەنگێندرێ و ئەگەر هەڵۆ ڕێگای ڕزگاربوون لە مردن ببینێتەوە دەتوانێ بە ژیانی درێژەبدا. درێژەدان بە ژیان(ئەگەر بوونی بێ)داوەری و جۆری بیرکردنەوە و بڕیاردانی خەڵک و دەورووبەری لە بارەی ئەو.

شرۆڤەی روانگە و تەوسیف لە شێعری هەڵۆ

  لە بابەتی شێعری گێڕانەوەیی هەڵۆ ئەوەی کە شیاوی سرنجدانە ئەوەیە کە جیا لە پێکهاتەی گێڕانەوە، بوونی بگێڕەوەکانە.(بگێڕەوەی کەسی سێیەم، بگێڕەوەی کەسی یەکم). لە گێڕانەوەی ئەو شێعرەدا سەرەتا، بگێڕەوەی کەسی سێیەم ڕۆڵی هەیە و بەسەرهات و رووداوەکان دەگێڕێتەوە و لە دەرەوەی گۆڕەپانی ڕەوایەت رووداوەکان بۆ خوێنەر باس دەکا. ئەو بگێڕەوە زۆر جار راڤەکارە و بە شێکردنەوەی بارودۆخ و هەڵسوکەوتی کەسایەتی خەریکە. سەرەتا پێگە و بارودۆخی کەسایەتی هەڵۆ بۆ خوێنەر شرۆڤەدەکا و پاشان جۆری بیر کردنەوەی ئەوان(خوێنەر) سەبارەت بە ئەوەی کە هەیە ڕوون‌‌کردنەوەی بۆ‌‌دەکا.

 لە دڕێژەدا بە کەسایەتی هەڵۆ ئیزن دەدرێ تا بە وتووێژ بیروڕای دەروونی خۆی سەبارەت بە ژیان و ئەوەی ڕووی داوە بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە. دروست لەو بەشەدایە کە بینەری گۆڕانی بگێڕەوە لە کەسی سێیەم بۆ کەسی یەکم دەبین و هەر ئەو وتووێژە هۆکاری درێژبوونەوەی فۆڕمی شێعر کە گۆڕەپانی گێڕانەوەی چیرۆکە دەبێ، بوونی کەسی سێیەم کەم دەبێتەوە و کۆتایی پێدێ.

جگە لە روانگە، توخم و بابەتێکی گرینگی دەکە، تەوسیفێکە کە لە خزمەتی دەقی گێڕانەوە دایە. تەوسیف یەکێک لە شێوەکانی پەرەپێدان رەوایەتە و بە کاریگەری ئەو دەتوانرێ بە روانین و سرنجدان بە سروشتی مادی و کەسایەتییەکان ئەو رەوتە(پەرەپێدانی رەوایەت)بە باشی بەڕێوە بچێ.(سمیعی،۱۳۸۹: ۱۱۰) شاعیر بە کەڵک‌‌وەرگرتن لە رەهەندەکانی دەرەوەی و رواڵەتی کەسایەتی، وەک لەش و جوڵە، بەستێن بۆ تەوسیف دەروونی پێکدێنی. بێگومان کارایی تەوسیفی کەسایەتی لە شێعر کەمتر لە تەوسیفی ئەو لە پێکهاتەی چیرۆکی ئەوڕۆیی‌‌یە. هەروەها شاعیر بە بەهرەگرتن لە تەوسیف باشتر دەتوانێ دۆخ و هێماکانی رواڵەتی کەسایەتی کاریگەری گێڕانەوە دەرببڕێ؛ ئەو تەوسیفە جۆراوجۆرانە لە زەینی خوێنەر لە کن یەک جێ دەگرن و رواڵەتی کەسایەتی وێنا دەکرێ و دەکێشرێتەوە.

 شاعیر سەرەڕای تەوسیفی رواڵەتی کەسایەتی قەلەڕەش، بارودۆخ و پێگەی ژیانیش وەسف دەکا و هەر ئەوەش هۆکارێکە تا هەڵۆ بۆ ڕاوێژپەنای بۆ بێنێ. بە هاتنی هەڵۆ و تەوسیفێک کە لەو بابەتە ئاراستەکراوە (وتووێژی هەڵۆ و قەلەڕەش) هەروەها تێڕوانینێک بۆ ناخی کەسایەتی دەکا و سرنج‌‌ ئەداتە ئاکارێک کە لە ناخ و دەروونی سەرچاوە دەگرێ؛ لەو بەشەدا قەلەڕەش دەرەتانی دەربڕینی کەسایەتی دەبێ. هەروەها کاتێک قەلەڕەش، هەڵۆ بۆ قەرەاخ ئاوایی بانگهێشتن دەکا و دەس بە خواردنی کەلاکی تۆپیو دەکا(تا هەڵۆ پەندی لێ بگرێ)هۆکارێکە تا ناخی هەڵۆ پێناسە بکرێ.

سەرەنجام

بە شەرح و لێکدانەوەی شێعری هەڵۆ و شرۆڤەکردنی چەن بابەتێک وەک ڕوانگە و تەوسیف بەو سەرەنجامە ئەگەین کە سوارە بە پێرەوی کردنی لە شاعیرانی پێشوو لە هۆندنەوەی ئەو شێعرەدا، لەو توخمانە کەڵکی وەرگرتووە. لە شیکردنەوەی ئەو شێعرە بەو ئەنجامە دەگەین کە شێعری هەڵۆگونجاو لەگەڵ پێکهاتەی گێڕانەوە و ڕوانگەی پێکهاتەخوازەکانی وەک گێرماسە. رەوتی چیرۆک لەو شێعرە جوڵە کردن لە ئارامی و ئۆقرەیی سەرەتایی بە لووتکە و پاشان گەڕانەوە بۆ ئارامی یە.

 ئەم چیرۆکە خاوەنی کەسایەتییەکی(character)وا دەبینین کە بە شێوەیەکی باش کارتێکەری لەسەر زەین و ڕەوانی خوێنەر جێهێشتبێ. دیالۆگ لەم هۆنراوەیەدا کە لەبەرچاوترین و روونترین تایبەتمەندی چیرۆکە بە شێوازکی ئەدەبی بەڕێوەچووە و ڕۆل، شوێن و پێگەی کەسایەتی هەڵۆ و قەلەڕەشی نواندووە و خوێنەر لە دژایەتی هزر و تێرامانی هەر دوو کەسایەتی چێرۆک ئاگادار دەکاتەوە. لایەنی کۆمەڵایەتی قارەمانی چیرۆک ئەرێنی و بە شێوازێکی هونەری دەسنیشان کراوە.

 ژانری ‌‌ئەدەبی ‌‌شێعری‌‌هەڵۆ، ئەدەبیاتی‌‌فێرکاری) (Didactic Literatureلەجۆری‌‌تەمسیل(Allegory )ە.

لە دیمەنی سەرەتایی ئەو شێعرە بارودۆخی بەرابەری سەرەتایی زاڵە کە بەستێنی رووداوە جۆراوجۆرەکانە و لە بەشەی گێڕانەوە، کەسایەتی وەسف دەکرێ. هەڵۆ لەوەی کە پیر بووە دڵبەخەمە و بە شۆن دیتنەوەی رێگاچارێک بو دەرباز بوون لە مەرگ و تەمەنی کورتە. هێزێک کە هانی دەدا بۆ ئەو مئمووریەتە  هەستی دەروونی خۆیەتی. جوڵە و رەوتی چێرۆک لە بارودۆخی بەرابەر  و یەکسان تووشی ئاڵ‌‌وگۆڕ دەبێ و چارەنووسی کەسایەتی روون دەبێتەوە. لە کۆتایی هەڵۆ تەمەنی کورتوو و مردن لە ئاسمان هەڵدەبژێڕێ.

منابع

  1. احمدی، بابک(۱۳۸۰)، ساختار و تأویل متن، چاپ یازدهم، تهران، مرکز.
  2. اخوت، احمد(۱۳۷۱)، دستور زبان داستان، اصفهان، فردا.
  3. اسکولز، رابرت(۱۳۷۷)، عناصر داستان، ترجمة فرزانه طاهری، تهران، مرکز.

۴٫_______ ،(۱۳۸۳)، درآمدی بر ساختار‌‌گرایی در ادبیات، ترجمة فرزانة طاهری، تهران، آگه.

  1. بالایی، کریستف؛ کویی‌‌پرس، میشل(۱۳۶۶)، سرچشمه‌‌های داستان کوتاه، ترجمة احمد کریمی‌‌حکاک، تهران، پاپیروس.
  2. پراپ، ولادیمیر(۱۳۸۶)، ریخت‌‌شناسی قصه‌‌های پریان، ترجمة فریدون بدره‌‌ای، تهران، مرکز.
  3. پک، جان(۱۳۶۶)، شیوة تحلیل رمان، ترجمة احمد صدراتی، چاپ دوم، تهران، آگه.
  4. تودوروف، تزوتان(۱۳۸۲)، بوطیقای ساختار‌‌گرا، ترجمة محمد نبوی، چاپ دوم، تهران، آگه.
  5. داد، سیما(۱۳۸۳)، فرهنگ اصطلاحات ادبی، چاپ دوم، تهران، آگاه.
  6. سلدن، رامان(۱۳۷۲)، راهنمای نظریة ادبی معاصر، ترجمة عباس مخبر، تهران، طرح نو.
  7. سمیعی، احمد(۱۳۸۹)، نگارش و ویرایش، چاپ دهم، تهران، سمت.
  8. سید‌‌حسینی، رضا(۱۳۸۷)، مکتب‌‌های ادبی، چاپ چهارم، تهران، نگاه.
  9. فورستر، ادوارد‌‌مورگان(۱۳۸۴)، جنبه‌‌های رمان، ترجمة ابراهیم یونسی، چاپ پنجم، تهران، نگاه.
  10. مستور، مصطفی(۱۳۸۷)، مبانی داستان کوتاه، چاپ دوم، تهران، مرکز.
  11. مکاریک، ایرناریما(۱۳۸۴)، دانش‌‌نامة نظریه ادبی معاصر، ترجمة م. مهاجر و محمد نبوی، تهران، آگه.
  12. مک‌‌کی، رابرت(۱۳۸۳)، داستان، ترجمة محمد گذر‌‌آبادی، تهران، هرمس.
  13. میر‌‌صادقی، جمال(۱۳۸۵)، عناصر داستان، چاپ چهارم، تهران، سخن.

۱۸٫______ ،(۱۳۸۶)، ادبیات داستانی، چاپ چهارم، تهران، سخن.

۱۹٫ناتل‌‌خانلری،پرویز(۱۳۸۷)،ماه‌‌درمرداب،چاپ چهارم، تهران، معین.

  1. والاس، مارتين(١٣٨٢)، نظريّه هاي روايت، ترجم محمّد شهبا، تهران، هرمس
  2. یاحقی، محمد‌‌جعفر(۱۳۸۷)، جویبار لحظه‌‌ها، چاپ دهم، تهران، فردوس.
  3. یوسفی، غلامحسین(۱۳۷۱)، چشمة روشن، چاپ چهارم، تهران، علمی.
  4. یونسی،ابراهیم(۱۳۸۸)،هنر داستان‌‌نویسی، چاپ دهم،تهران،نگاه.

سەرچاوەکانی کوردی

  1. ایلخانی زاده، سواره(١٣٨٨)، خه‌‌وه‌‌ به‌‌ردینه، چاپی یه‌‌کم،په‌‌خشانگه‌‌ی ئازادی

انتشار توسط 8 تم

یەک بۆچوون

  1. دەست و چاوت خۆش بێ کاک جەعفەر. دەستەواژەی (سەرچاوەکانی کوردی) بە گوێرەی رێزمانی فارسی داڕێژراوە. کورد دەڵێ: (سەرچاوە کوردییەکان)

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>