هەواڵ

پشیله‌شۆرخانه‌ی وەستا عه‌وڵا / کۆمار باخه‌بان

کۆمار باخەبان

پشیلەشۆرخانەی وەستا عەوڵا

کۆمار باخەبان

_ تۆ قەت نەتزانی پشیلە شوتن چۆنە و قەتیش فێر نابی…

دا ئەو کاسەیەم دەیە… رۆڵە ئاوا دەبێ ملی بگری و تا ئەو جێگەیەی توانیت بینووشتێنییه وه بەرە و دواوە و پێش ئەوەی پشیلەکە بمیاوێنێ ئاوە شیلاو گەرمەکە ی پێدا بکە ی جۆرێک ئاوە کە خۆش خۆش بڕوا هەتا لە قەڵەشدی قوونییەوە چۆڕچۆڕ بچۆڕێتەوە …پێت نەڵێمەوە ئێدی ئەلانیش بڕۆ چۆنم پێ کوتی ئاوا ئەو پشیلە سپییەی خاتوو ئەوین بشۆ

هیوا دوو سێ ساڵێک دە بێ لای وەستا عەوڵا کار دەکا بەڵام ئەو ساڵەی دوایی وەستا هیچ بە کاری قاییل نییە و نە ئەوەیە دەریکا و نە ئەوەشە لەگەڵ یەکتری بحاوێنەوە.

وەستا عەوڵا دەڵێ دەستەکە زۆر بوون و ئیدی پشیلەشوتن وەکوو ساڵان قازانجی نییە هەر بۆیە زۆر لە سەر کاری خۆی بە کاوەخۆیە و هەوڵ دەدا زۆر بە وردی خاوێنیان کاتەوە کە نەوەکوو سێحەبی پشیلە کان لووتیان لێ بادن و پشیلەکانیان بەرنە شوێنێکی دی بەڵام لەو باروودۆخە دا هیوا ئە و ساڵ هەر دەڵێی لای ئە و کابرایە کاری نە کردووە و شوتن لای ئەو فێر نەبووە کە ئەگەر بە دڵی وەستا جوولاباوە دەبوو بۆ پشیلە یەک چوار ساعەت کاتی تەرخان کردبایە کەچی هەر چڵکاو شۆرییان دەکا فڕێیان دەداتە دیوی ویشک کردنەوە .

هیوا دوا ئەوە ی کە لە مەدرەسە هەڵات بە دوای کارێکی پڕ لە پووڵ بوو هەتا خۆی و دایکی بەخێو بکا و لەوە زیاتر چاویان لە دەستی خەڵکی نەبێ کە دوای گەڕان و کۆرەوەرییەکی زۆر وای لێهات لای وەستا عەوڵا دابمزرێ و خەریکی شوتن بێ. هەوەڵەکانی بە کارەکەی زۆر دڵخۆش بوو و وای هەست دەکرد چۆن لە دەرس و کتێب و قوتابخانە دوورە و پوولێک دێتە دەستییەوە بۆ خۆی شانازییەکە و چ لەوە خۆشتریش کە دەتوانێ بە بۆنەی ئەو پشیلانە سێحەب پشیلەکان ببینێ و دەردی دڵیان بۆ هەڵڕێژێ و باسی بێ بابی و دایکە بێوەژنەکەی و ماڵ و حاڵیان بکا تا وەکوو سواڵ پووڵێکیان لێ وەرگرێ و بڕێک زیارتر پشیلەکه یان خاوێن کاتەوە . ئەوە کارێک بوو کە کەم کەس لەو شارەدا بۆی دەدۆزراوە کە چی ئێستا چێژ لە کارەکەی نابا و رقی دونیای هەم لە پشیلەیە هەم لە سێحەبی پشیلە هەم لە پووڵی سێحەبی پشیلە لەوە ڕەشتریش قسە ناخۆش و نێونیتکەکانی وەستا عەوڵا ئەوەندەی دی بێزار کردووە .

_ لە بەر ئەو دایکە بێوەژنە قوڕبەسەرەت نەبێ شەپێکم تێ هەڵدەدای و وەدیوی دەرێم دەنای ….دەنا من چۆن پووڵ دەدەم بە تۆی چاوزە‌قی دەست و پەل گواوی

هیوا بە قەرای چاڵاوێکی پڕ لە خوێن بێزار بوو لەو چەند رستەیەی وەستا عەوڵا ئەو سەر نا ئەو سەر دەیکوتەوە . تەواوی مێشکی پر دەبوو لە : دایکت…دایکت… بێوە ژن…بێوە ….ژن….ژن

وەکوو چۆن مرۆڤ دەیهەوێ ژومارە تەلەیفوونێک لە بەر کا هەر دەیڵێتەوە ئەویش ئاوا مێشکی وەکوو خەرمانکووب هەر لێی دەدا بەڵام نە چرکەیەک و خولێک بە دەیان سه عات و بە دەیان رۆژ.

ئەلانیش کە خەریکی شوتنی پشیلە سپی و ناسکەکەی خاتوو ئەوینە هەر دەڵێ لە سەر دونیا نییە هەڵبەت نابێ بڵێین خەریکی شوتنی پشیلە کەم وێنە و گرانەکەی خاتوو ئەوینە بەڵکوو باشتر وایە بڵێین خەریکی ئەشکەنجە و ئازاری بوونەوەرێکی تاوان بارە. خستوویەتە نێو تەشتێکی گەورەی پڕلە کەفاو و ئەو بەدبەختەی بە ملەو لە نێو تەشتەکە دەخا و بە ئەوەی هێز و قەوەتێتی وەکوو خولخوولە هەڵیدەسووڕێنێ و دوای ماوەیەک دەیهێنێتە دەرێ و پشیلەکە کۆخە کۆخ ئاوەکەی نێو گەرووی هێنا دەرێ دیسان تێی دەخاتەوە.

لە گەرمەی شکەنجە دان بوو وەستا عەوڵا بە گژی دا هات و دوای ئەوەی پشیلەکەی نیوە گیان لە دەستی فڕاند شەپێکی لە تەشتە ئاوەکە دا و سەرووگوێلاکی کرد بە کەفاو و لە پاشان وە ک ئەوەی زنجیرێکی زێڕی لە دە ستی دزێک هێنابێتەوە دەرێ بە هەناسە بڕکە وە و زۆر بە تووڕە یی پێی کووت: دەتهەوێ ماڵ وێرانمان کە ی …هاوار من لە داخی تۆ چی بکە م…وەڵاهی لەبەر ئەو دایکە بێوەژنە قوڕبەسەرەت نەبێ…..

کە دیسان کوتییەوە هیوا شێت بوو و ئە و جار هەر بێ دەنگ سوور هەڵنەگڕا و تفی قووت نە دا هەستا سەرپێ ئەوەی ئەو یەک سالە لە دڵی رایگرتبوو درکاندی: وەستا عەوڵای بێ شەرەف وە دەزانی نازانم بۆ منت لێرە راگرتووە وەدەزانی ناتبینم هەر من لە ماڵێوە دێمە دەرێ تۆ خۆت بە ماڵی ئێمە دا دەکەی …چۆن ئێمە بەدبەخت و سیاچارین دەبێ هەموو کارێکمان لەگەڵ بکەی..هەی بێ شەڕەفی سەگباب..لە و نانە بم واتۆ دەماندەیە ی  و من دەیبەمەوە ماڵێ…هەی..

وەستا عەوڵا دمی دەگرێ و دەیخاتە باوەشی خۆیەوە و هیوا کە خەریکی باڵەفڕکەیە دەست دەکا بە نووکە نووک و چاوی پڕ دەبێ لە ئاو .

وەستا عەوڵا کە وەکوو پشتوێنێک بەدەوری هیوا دا هاتووە ئەو برۆ قەویانەی بڕێک خستۆتە سەرێ و نێوچاوانی پێ گنج کردووە ئاوی زاری دوو جارقووت دەدا و چاوی وە پرتە پرت دەکە وێ و ماوەتەوە چۆن قسە بکا چی پێ بڵێ؟! لە باوشی جیای دەکاتەوە و چاو دەبڕێتە چاوییەوە و پێی دەڵێ:

_ ئەستەغفرووڵڵا تۆبە…ئەوە بۆ شەیتان چۆتە نێوتەوە …ئەو قسانە چییە دەیکه ی ئەو خەیاڵە پیسانە چییە لە مێشکت دایە..کوڕم دایکی تۆ وەک خوشکی خۆم وایە..ئەو قسانە نەکەی ..هەموو ئەو قۆڕیاتانە لە مێشکت بێنە دەرێ.. هەستە بڕۆ ئەو جلانەت بگۆڕە..هەستە دەی هیوا دەڵێی لە خەو دا پارچێک سەهۆڵاویان پێ دا کرد. نووکه نووک بە کجار بڕایەوە و لە حەواوە خۆی بەرداوە سەر عەرزی

_ ئەرێ ئەوە چیم کوت؟!..ئابڕووم چوو یانی هەمووی خەون و خەیاڵ بوو و ئەو لا چاوەی من درۆ دەکا …

تاساوە و هەر لە بن خۆیەوە دەلوورێنێ :

_ هەر ئەو ‌قسانە و هەر ئەو وڵامانە ..من پێشتر ئەلانم بینیوە ..وەستا وەدووی پشیلەکە دەکەوێ و دەیگرێ و دەچێتە حەمامەکە….

هەر ئاواش بوو..ئێستا وەستا خەریکە ئاوە شیلاوگەرمەکە بە ملی پشیلەکە دا دەکا

هیوا هەر لەو ساڵەی وا دڵی لە سەر کارەکە ی لابردووە و خەیاڵی پیس دێتە نێو مێشکییەوە ، رووداوەکانیش پێشتر دەبینێ…

دوو سێ زلە لە زەین و بیر و روومەتی خۆی دەدا و وەبیری دێتەوە دەبێ بچێ  لیباسەکانی بگۆڕێ هەر لە بەر ئەوەی بێتەوە سە ر دونیای ئاسایی مرۆڤەکانی دەورووبەری بە ناچاری هەموو شتێک هەر لێره لە بیر دەباتەوە و بە رەو شوێنی جل گۆڕێن هەنگاو هەڵدێنێتەوە.. ئەوە سروشتی ئێمەیە تاکێک بۆ ئەوەی لە مرۆڤاکانی دی دانەبڕدرێ دەبێ زۆر کەم لەگەڵ خۆێ بدوێ و بە زووترین کات بچێتەوە نێو چوارچێوە دیاری کراوەکان.

مونشی پشێلە شۆرخانەکە : هیوا …کاک هیوا…دایکت !! دایکت نه هاری بۆ هێناوی دەیهەوێ بتبینێ…

هەر کە گوێی لێ دەبێ لە پڕتاو لە دیوەکە دەر دەکەوێ

_ بەڵێ خاتوون….ئەی ئەوە کوا؟؟ چی لێهات؟!

 مونشی پشیلە شۆرخانەکە :  خاتوو ئەوین هاتووە بۆ پشیلەکەی بڕۆ بزانە تەواو بووە کارەکانی بۆمانی بێنی بە پەلە یە دەڕوا

_ بەڵام خاتوون تۆ کوتت …..هیچ هیچ….پێم وابێ دەردەکەیە…دیسان وام لێ هاتۆتەوە

هیوا کە کەلەی بۆتە گێژە نگی رووداو و خەیاڵ بە ناچار دەچێ پشیلەکە بێنێ. پشیلەکە دەنگی گیراوە و میاو میاوەکانی لە ریزێک دانین و کورت و درێژ دەبن و دێ و نایە. ناشی بڕێتەوە و دەڵێی شتێک لە گەرووی گیری کردووە و دەیهەوێ بە دەنگی بیهێنێتە دەرێ. هیوا کە دەنگەکە وەڕەزی کردووە زوووتر هەنگاو هەڵدەهێنێتەوە هەتا زووتر ئەو خێر و بەرەکەتە فڕێ داتە دەڕێ و نەجاتی بێ کە لەناکاو دا لە کەلێنی دەرکەکه ی وەتاغی وەستا عەوڵا پرچە رەشەکانی دایکی وەبەر چاوی دێ . بە سەری یەکسەر لەشی رادگرێ و تەخت رادەوستێ بە جۆرێک کە تەنیا چاوی کاردەکا . دوای ماوەیەک لە گەڵ ئەوەی چاوی لێ خۆردەکاتەوە بڕێکیش بۆ لای دەرگاکە دەچێ و ئەو جار بە قەرای پێشتمه نییه ک لەچکە کەسکە گوڵ دار تازەکەی دایکیشی دەبینێ لێوێ لە سەر موبڵەکە فڕێ دراوە هەر بۆیە ئیدی ئەرخەیان دەبێ کە ئەوە خەیاڵێکی پیس نییە و دەبێ بڕواتە پێشێ و درگەکە ته واو بکاتەوە و هەموو شتێک روون بێتەوە. درکەکە تەق پێوە دەدرێ . ئەوەندەی دی سوور هەڵدەگەڕێ و تەزوویەکی دەرزی ئاسا بە تەواوی گیانی دادێ و دەبێتە هۆی ئەوەی چەقۆکەی وا لە بابییەوە پێ گەیشتبوو لە گیرفانی دەربێنێ.

_ هەر دووکیان دەکووژم…وەستا عەوڵای سەگباب و دایکم کە خیانەتی بە باوکم کردووە … بڵێی خەیال نە بێ و دەرکە بکەمەوە و دیسان ئابڕووم بچێ؟!…ئەو جار ئیدی وەستا بە یەکجاری دەرم دەکا..یانی شەیتان دیسان هاتۆتەوە نێو لەشم..خوایه چی بکەم؟!

پشیلەکە هەر بەدەنگە ناخۆشەکەی  وەک ئەوەی سیگناڵی ماشێن یەکسەرە ی کا دەمیاوێنێ و تەنیا دەنگێکە لە و ژێرزەمینە دا دێ. هیوا خۆی لەو شتەی وا دیوێتی مات داوە هەر دەیهەوێ بچێتە ژوورێ و دەستی دواجار دەگەرێنێتەوە. تکە تکە عارەقەی نێوچاوانی بە سەر بڕکە بڕکی هه ناسەکانی دا دەتکێ و بۆ ماوەیەکە هەر ئاوا دەستی بە دەستگیرە ی دەرکەکەیە و ماوەتەوە چی بکا .دیسان دەنگی خۆڵاوی و ناخۆشی پشیلەکە وەکوو پێکەنینێکی شەیتانی گەیشتەوە گۆیی هیوا و وای لێ کرد لە جێی خۆیەوە بڕێک لە عەرزی جیابێتەوە لەوەتی هیوا بووە ئەوەندە نەترساوە و ئەوندە هەڵنەبەزیوەتەوە.

_ ئەی جندۆکەی سەگباب…دایکم هەمیشە دەیکووت ئەو پشیلانە جندۆکەن دەبێ وریای خۆت بی کە چی من پێی پێدەکەنیم …ئەوە ئەو جندۆکە دەنگ ناخۆشە دەیهەوێ تۆلە لە دایکم بکاتەوە و بە و کارەی من بەدبەختمان کا….تەواوی کاری ئەو پشیلە سەگبابانە بووە من وام لێ هاتووە…بەڵام ئێستا بزانە چیتان لێ ئەکەم.

هەر بە چەقۆکەی دەستی بەرەو ویشکەخانە هەنگاو هەڵدەهێنێتەوە . درگاکە سێ قفڵ دەکا و سێشوارە گەورەکان هەڵدەکا و لەگەڵ هاڕە ‌هاڕەکەی دەڵێ ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە تەواوی ئەو خەیاڵە پیسانە بە یەک جاری دەرباز بم. گەیشتۆتە بەر دمی پشیلەکە و چاوی تێ بڕیوە ئەویش کە دەنگی بڕێک تیژتر بووە هەر دەمیاوێنێ و دوای چەند چرکەیەک بێ دەنگ دەبێ.

یه کاو چەقٶ لە تەپڵی سەری دەدا و خوێن فیچقە دەکا و پێش ئەوەی خاتوو ئەوین گوێ لە دوایین میاوەکانی پشیلە به نرخه که ی بێ دەرجا گیان دەدا. سێ جاری دی تێی هەڵدەچەقێنێتەوە و زگی لە بن ملییەوە هەتا بن کلکی هەڵدەدڕێنێ و ئەوە ی ریخۆڵە و دڵ و جەرگی بوو بە دەستی دەردێنێ. زۆر زیاتر لە خوێنی پشیلەیەک لەسەر عەرزە کاشیەکە خوێن کۆبۆتەوە. نەمانی وزە دوای کوشتنی بوونەوەرێک و هاڕە هاڕ و گەرمای سێشوارەکە هیوای شین و رەش هەڵگەڕاندووە. دەستبەرداری نییە و ئەو چەقۆیەی پێیە و خەریکە پێستی شیتاڵ شیتاڵ دەکا و دەیچە‌قێنێ و دەریدێنێتەوە…. دەیچە‌قێنێ و دەریدێنێتەوە….

چەند ساتێکیش دەبێ نەفەرێک هەر لە دەرکەی ویشکەخانەکە دەدا و دەڵێ :                                                                                                 هیوا….هیوا…ئەو پشیلەیە بوو بە چی ؟! ویشک نەبووە؟ زوو وەرە دەرێ خاتوو ئەوین دەڵێ بەپەلەم دەڕۆم…دایکیشت رۆیی.

انتشار توسط 8 تم

یەک بۆچوون

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>