هەواڵ

کۆڕی رەخنه و لێکدانه‌وەی دوو چیرۆکنووسی لاو به‌ڕێوە چوو

41

چنار بوداغی-شاناز جەوانشیر

ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە درێژەی زنجیرە دانیشتنەکانی زستانی ٩٤دا رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی رەشەمه کاتژمێر ٤ی ئێوارێ لە ژووری تایبەتی ئەنجومەن هەڵکەوتوو لە بینای ئیدارەی ئیرشاد(هۆڵی سیمۆرغ) کۆڕێکی بۆ رەخنە و لێکدانەوەی بەرهەمەکانی دوو چیرۆکنووسی لاو بەڕێزان شاناز جەوانشیر و چنار بوداغی بەڕێوە برد.لەم دانیشتنەدا بەڕێزان رەحیم عەبدولڕەحیم‌زادە و پەروین شێخی وەک رەخنەگر بەشدار بوون.

سەرەتا رێزدار “کەماڵ کەریمی” پێشکەشکاری بەرنامەکه وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان ئاماژەی به کۆرتەیەک لە چاکاکییەکانی ئێستا و داهاتووی ئەنجومەن کرد و پاشان درێژی کۆڕەکەی به خۆشەویستانی چیرۆکنووس سپارد بۆ خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان و دواتر لە لایەن ەخنەگرانی بەرنامەکەوە تاوتوێ کران.

خاتوو پەروین شێخی وەک یەکەم وتاربێژی کۆڕەکه دوای پێشکەشکردنی مێژوویەکی کورت سەبارەت به چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی داستانی لە نێو ژنان و دەستنیشان کردنی پێشەنگانی ئەم ڕەوته پەرژایه سەر ئەو چیرۆکانەی کە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.شێخی لە مەڕ چیرۆکەکانی چنار بوداغییەوە کوتی کە ئەم نووسەرە زمانێکی رەوان و بێ خەوش لە کارەکانیدا بەدی دەکرێ و لە تکنیکگەلی چیرۆکنووسی بۆ وێنه “دیالۆگنووسی” بە باشی کەڵکی وەرگرتووە به جۆرێک کە لە خزمەتی چیرۆکدایه.لە بابەت چیرکەکانی شاناز جەوانشیرەوە کوتی ئەگەرچی نووسەر شووژه و بابەتی جوان و تازەی بۆ نووسین هەڵبژاردووە بەڵام ئاڵۆزی و پچڕپچڕ بوونی پاژە جۆراوجۆرەکانی نێو چیرۆکەکه کەشێکی ساز کردووە کە رادەی باوەڕپەزیری روودا و وێنەکانی هێناوەته خوارێ و بەردەنگ به ئاستەمی پەیوەندی لەگەڵ دەگرێ.شێخی هەروەها بە کارهێنانی لە رادە بەدەری زاراوە و بن زاراوەکانی لە چیرۆکی شاناز جەوانشیردا به خاڵێکی نەرێنی وەسف کرد.

لە درێژەی دانیشتنەکەدا رەحیم عەبدولڕەحیم‌زادە چیرۆکنووس و دەرهێنەری شانۆ،وتەکانی خۆی سەبارەت به بەرهەمی ئەو چیرۆکنووسانه پێشکەش کرد.وتاربێژی دووهەمی کۆڕەکه لە مەڕ چیرۆکرکانی شاناز جەوانشیرەوە کوتی لە یەکێک لە چیرۆکەکانی ئەم نووسەرەدا ” تەرح یا پلات ” بە باشی کاری لەسەر نەکراوە و هەر بۆیه رەوتی مەنتقی بوونی رووداوەکان تا رادەیەک تووشی کێشه دەبێ و ئاڵۆزی به گشتییەتی چیرۆک دەبەخشێ بەڵام لە چیرۆکی دووهەم واتە ” چەتێ بۆ رۆژانی پێکەوە بوون” نووسەر به کەڵک وەرگرتن لە تەرحی موزائیکی توانیویەتی رەوتی رووداوەکان پێکەوە بلکێنێ و ئەوە خاڵێکی پۆزێتیڤه.عەبدولرەحیم‌زاده لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی به شێوەی دیالۆگنووسی لە کارەکانی شاناز جەوانشیر کرد کە سەرکەوتوو نییه چون راوێژی کەسایەتییەکان جیاواز نین و ئەساسەن دیالۆگێک ساز نابێ.بەڕێزیان ئەو دۆخەی وەک خەسارێک لە زۆربەی دەقگەلی ئەدەبی داستانی کوردیدا دەستنیشان کرد.عەبدولڕەحیم‌زاده کوتیشی باشترین سەرچاوە لە ئەدەبیاتی کوردیدا بۆ راوێژی “محاورەای” کە بۆ دیالۆگنووسی کەڵکی دەبێ “چێشتی مجێور”ی مامۆستا هەژار و “رشتەی مرواری” مامۆستا عەلائەدین سەجادییه. وتاربێژی دووهەمی کۆڕەکه کوتی قەڵەمی شاناز قەڵەمێکی داهاتوودارە و گەر هەوڵ بدا چیرۆکنووسێکی باش دەبێ.ئەو دەرهێنەری شانۆیه لە مەڕ چیرۆکەکانی چنار بوداغییەوە کوتی کە ئەو نووسەرە لە عونسوری دیالۆگ سەرکەوتوانەتر کەڵکی وەرگرتووە و توانیویەتی راوێژی کەسایەتییەکان لێک جیا بکاتەوە بەڵام رەوتی هێڵیی و ئاسایی ناوئاخنی چیرۆک دەبێته هۆی ئەوەی که کۆتاییەکەی زۆر زوو خۆ به دەستەوە بدا و رادەی سەرنجڕاکێشی چیرۆک دابەزێ.بەشێک لە چیرۆکەکانی خاتوو چنار کە لەو کۆڕەدا خوێندرانەوە بەرهەمی کارێکی کارگاهی بوون کە ئەویش بە کارێکی شاز وەسف کرا.

دوایین پاژی ئەم دانیشتنه پرسیار و تیبینی ئامادەبووان بوو کە ئاراستەی وتاربێژانی کۆڕەکه کرا و هەر کامەیان به گوێرەی پێویست لە لایەن ئەو خۆشەویستانەوە وەڵام درانەوە.

ئەم دانیشتنه کاتژمێر ٦ی ئێوارێ لە کەشێکی گەرم و دۆستانەدا کۆتایی پێهات.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>