هەواڵ

کۆڕی رەخنە و لێکدانەوەی شێعرەکانی سێ شاعیری لاوی بۆکانی بەڕێوە چوو

 

مەحموود محەمەدیان-حوسێن جەوانشیر-سولەیمان سۆفی ساڵحی

مەحموود محەمەدیان-حوسێن جەوانشیر-سولەیمان سۆفی ساڵحی

ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە درێژەی زنجیرە دانیشتنەکانی زستانی ٩٤دا رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٤ی رێبەندان شەشەمین دانیشتنی خۆی کە تەرخان کرابوو به رەخنە و لێکدانەوەی شێعرەکانی بەڕیزان مەحموود محەمەدیان،سولەیمان سۆفی ساڵحی و حوسێن جەوانشیر،بەڕێوە برد.لەم دانیشتنەدا بەڕێزان یوونس رەزایی و ئەمجەد غوڵامی وەک رەخنەگر بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت به بەرهەمی شێعری ئەو شاعیرانه ئاراستەی ئامادەبووان کرد.

سەرەتا ریزدار “جەلال نەجاری” پێشکەشکاری بەرنامەکە دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و هەروەها ئاماژەیەکی کورت به چالاکییەکانی ئەنجومەن داوای لەو سێ شاعیرە کرد کە شێعرەکانیان پێشکەش بکەن.لە درێژەی بەرنامەکەدا داوا لە خۆشەویستانی رەخنەگر کرا بۆ ئاراستەی تێبینی و رەخنەکانیان.

یوونس رەزایی،نووسەر و شاعیر،وەک یەکەم وتاربێژ دوای ئاماژە به هەندێک خاڵی تیئۆریک لە مەڕ پێناسە سەرەکییەکانی چەمکی شێعر پەرژایه سەر ئەو بەرهەمه شێعرییانەی کە لەو کۆڕەدا خوێندرانەوە.رەزایی لە سەرەتای لێکدانەوەی شیعرەکاندا ئاماژەی کرد کە ئەزموونی شێعری مەحموود محەمەدیان و سولەیمان سۆفی ساڵحی به هۆی بە کار هێنانی جەغزی وشەییەک کە هەندێ جار قامووسی دەنوێنن و هەروەها ئایەندەخواز بوونیان،لێک نزیکن.هەروەها وتیشی کە ئەو ئەزموونه لە باری زمانییەوە پێکهاتەمەندە و شاعیر به ئەندێشەوە پرۆسەی نووسین دەباته پێشێ و بەرهەمی ئەو هەوڵانه شێعرێکی بیرلێکراوەیه.لە مەڕ شیعرەکانی محمەمەدیانەوە وتی ئەو شاعیرە وێڕای راگرتنی سەربەخۆیی شێوەی نووسینی خۆی،لە ئەزموونەکانی دەورووبەری بێ خەبەر نەبووە و کەڵکی لێ وەرگرتوون.لە بابەت  شێعرەکانی سۆفی ساڵحییەوە وتی ئەو شاعیرە لەگەڵ ئەوەی کە زمانێکی رەوان لە شێعرەکانیدا بەدی دەکرێ هەندێ جار بۆ زەق کردنەوەی چەمکە ناحەزەکان لە وشە و ئیدیۆمگەلێک کەڵک وەردەگرێ کە لە خزمەت گشتییەتی شێعرەکەدا نین.یوونس رەزایی لە بارەی شێعرەکانی حوسێن جەوانشیرەوە وتی ئەو ئەزموونه شێعرییه لەگەڵ ئەو دوو شاعیرەی دیکە جیاوازه.زمان لەو ئەزموونه شێعرییەدا زۆر سادە و ساکار سەرقاڵی سازدانی وێنه و جوانکارییە شێعرییەکانه و هەر بۆیه پەیوەندییەکی سەمیمی لەگەڵ بەردەنگان دروست دەکا.ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەو شاعیرە به هۆی وەرگێڕانی شێعری شاعیرانێکی وەک نوسرەت رەحمانی و سەید‌عەلی ساڵحی و…لەو فەزایه نزیکه و کاریگەری لەسەر نووسینەکانی داناوە.

ئەمجەد غوڵامی،ماستەری کۆمەڵناسیی و توێژەری ئەدەبی،وەک دووهەم وتاربێژ درێژەی کۆڕەکەی وەئەستۆ گرت.بەڕێزیان دوای باسێکی تیئۆریک لەسەر چۆنیەتی بەرهەم هانتی شێعری مۆدێرن پەرژایه سەر شیعرەکان و بۆچوونی خۆی دەربڕی.غوڵامی لە بابەت شێعرەکانی مەحموود محەمەدیانەوە وتی کە ئەو شاعیرە لە ناو شێعرەکانیدا “منی شاعیرانه” لە ناوەندی کارەکەیدایە و بەردەوام لەگەڵ “ئەوی تر”ێکی نادیار و بە جۆرێک ترسەوە وت و وێژ دەکات و ئەو شته بۆته هۆی:١-درێژبوونەوەی شێعر.٢-تا رادەیەک ئالۆزبوون لە مانادا.غوڵامی ئەو دۆخەی وەک ئیمتیازێک دەستنیشان کرد بۆ بیرکرنەوەیەکی دووبارە لە چەمکی “ئەوی تر” و گەییشتن به ئاراستەیەکی مۆدێرن.ئەو ماستەری کۆمەڵناسییە لە بابەت شێعرەکانی سولەیمان سۆفی ساڵحییەوە وتی کە ئەم شاعیرە هەڵس و کەوتێکی زۆر باش و داهێنەرانەی لەگەڵ خوازه(ئیستعارە) هەیه و توانیویەتی خوازەگەلێکی جوان چێ بکا و هەر ئەوە خاڵی بەهێزی شێعرەکانییەتی.بەڵام شاعیر زۆر به باشی نەیتوانیوە (به هۆی کەڵەکە کردنی ئەو هەمووە ئیستیعارەیه) گشتییەتی مەفهوومی بۆ بەردەنگان ساز بکا و هەر بۆیه خوینەر تووشی ئاڵۆزی دێ.وتاربێژی دووهەمی کۆڕەکه دواجار هاته سەر شێعرەکانی حوسێن جەوانشیر.غوڵامی لە مەڕ شێعری جەوانشیرەوە وتی کە ئەو شاعیرە لە دۆخێکی پاستۆڕاڵی تایبەت دا دەژی.بە شێوەیەک کە فاکتەرە سروشتییەکان دەوری سەرەکی دەگێڕن و هەر ئەوە خاڵی به هێزی کارەکانیەتی.زیادیشی کرد کە ئەو شاعیرە زۆر ساکارتر لەو دوو شاعیرەی دیکه لەگەڵ خوازه هەڵس و کەوت و دەکا خوێنەرساناتر لە واتا و ناوەڕۆکی شێعر تێدەگا.

ئەم دانیشته لە کەشێکی دۆستانه و گەرمدا کاتژمێر٦ کۆتایی پێهات.

 

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>