هەواڵ

روئیە و روئیا، لە زمانی سیاسییدا، کامیان راسته؟/کامیار سابیر

photo_2016-03-23_22-48-49

کامیار سابیر

یەکێکم لەو نووسەرانەی بە رەخنە نەک قەڵس نابم، بەڵکو واملێدەکات بەدواداچوون بکەم و زیاتر بخوێنمەوە. رەخنە هەمیشە وا دەکات، نووسەر بە وریایی زیاترەوە بنووسێت.  دۆستێک، پێی گوتم، بەکارهێنانی روئیا هەڵەیە و روئیە دروستە. ئارگیومێنتەکانی ئەوە بوو کە تەرجەمەی روئیا بە مانای خەونبینین( ئەحلام) دێت و تەرجەمەی روئیەش بە مانای دید و جیهانبینیی! دێت. لە وەڵامدا گوتم، دەبێ لێکۆڵینەوەی لێ بکەم و بەدوایدا بگەڕێم. پاش گەڕان و خوێندنەوەیەکی بەرچاو، لەسەر جیاوازییەکانی روئیە و روئیا، بۆچوونەکانی خۆم لەم وتارەدا، دەخەمە روو.

لە زمانناسییدا، موجانەسە( هۆمۆنیمس=هۆمنیمس homonyms  ) هەیە، هەروەها دۆستانی ساختە یان برادەرانی ساختە( false friends)و هاوڕیشە ساختەکانیش( false cognates )  هەن، ئەمانە, مانا، کۆنتێکستی وشە و چەمکەکان، لەناو زمانە جیاوازەکاندا، دەستنیشان دەکەن. دۆستە درۆزنەکان، یان ساختەکان، بەو وشە و چەمکانە دەگوترێن کە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، جیاوازییان لە واتا و ناوەڕۆکدا هەیە، بەڵام ئیتیمۆڵۆژیاکەیان لەیەکەوە نزیکن. زۆرجار وا رێکدەکەوێت ئێثنۆگرافیی وشە و چەمکەکان، تەواو لەیەک بچن، یان کەمێک جیاوازییان هەبێت، بەڵام لێرەدا،زیاتر مەبەست لە جەختکردنەوەیە  لە واتا و ناوەڕۆکی چەمکەکە. هەروەها لە فۆنەتیکیشدا لەیەکەوە نزیکن، بەڵام سەرلەبەری مەغزا، مانا و کۆنتێکستەکانیان جیاوازە. لە بەرامبەریشدا،  هاوڕیشە ساختەکان، لە رووی دەنگ و ماناوە لەیەکەوە نزیکن، بەڵام سەرلەبەری ئیتمۆلۆژیاکەیان، جودایە.

  جەریمە و ئینقلاب( الجریمة و الانقلاب) لە زمانی عەرەبییدا، بەمانای تاوان و کوودەتا دێت، لە زمای فارسییدا بەمانای جینایەت ( جۆرێک لە تاوانکردن)  و شۆڕش دێت، هاوکات، لە کۆنتێکستی زمانیی، مەدلولی قانونیی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیشدا، لە نێوان دوو زمانەکەدا( عەرەبیی و فارسیی) جیاوازییان هەیە. لەم دۆخەدا، دۆستانی ساختە، لە هاوڕیشە ساختەکان، باشتر ئەم دیاردەیە، بەر باس دەدەن. ئەگەر چەند نموونەیک وەربگیردرێن، ئەم باسە رۆشنتر دەبێتەوە. لە زمانی ئینگلیزییدا ( فارت- Fart )، بە مانای “تڕ’ دێت، بەڵام لە  زۆربەی زمانە سکاندەنەیڤییەکاندا، بە مانای “خێرایی” دێت. ئەمە لەکاتێکدایە، ئێثنۆگرافیی وشەکە، هەمان شتە. هاوکات، بەرف( یان بارف) لە هیندیی، فارسیی، کوردیی کرمانجیی و ئۆردودا، بەهەمان رێنووس و مانا، دێت، بەڵام لە کوردیی ناوەڕاستدا بووە بە “بەفر”و بەهەمان ماناش دێت. هەمان ئیتۆمۆڵۆژیایشیان هەیە، بەڵام جەڕێندراوە. لێرەدا دۆخی هاوڕیشە ساختەکان، زاڵ دەبێت.

چەمک و چاووگی روئیا و روئیەت، لە یەک سەرچاوەوە هاتوونە، بەڵام لە بنەڕەتدا عەرەبیی نییە، بەڵکو نیۆئارامییە neo-Aramaic . راستە لە قورئاندا چەمکی روئیا (الرؤیا) بەکارهێنراوە، بەڵام پێش عەرەبەکان و دینی ئیسلام، دینی مەسیحیی و یەهودییەکانیش بەبەربڵاویی بەکاریان هێناوە. سەرچاوەی ئەم چەمکە بۆ زمانی ئاشوریی و نیۆئارامییەکان دەگەڕێتەوە و لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیادا، بەکارهێنراوە. لە فارسیی کۆن و ئارامیی کۆنیشدا، ئەم چەمکە بەکارهێنراوە و لە دوور و نزیکەوە، پێوەندیی بە زمانی عەرەبیی و دەرکەوتنی ئیسلامەوە نییە. لە قورئاندا، تەصدیقی ئەوە کراوە کە سێ لە پێغەمبەرەکان( ئیبراهیم، یوسف و محەمەد)، روئیاکانیان بۆ ژیان و ئاییندە دروست بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە زمانی عەرەبییدا( بە تایبەتیی لە ڤێرژنە دینییەکەی زمانی عەرەبییدا)، روئیا وەکو خەون و گەڕانەوە بۆ تەئەمولات بە خوداوە لێک دراوەتەوە. لە کاتێکدا روئیە(الرؤية= روئیەت بە فارسیی) بۆ بینینی راستەوخۆ بە چاوی رووت بەکار دەهێنرێت. بە واتایەکی تر روئیە، دید و نیگاکردنە نەک جیهانبینیی( دونیابینیی) کە بە ئینگلیزیی ڤیژن( vision) ی پێدەگوترێ.

هاوزەمان، لە ئەدەبیاتیی کلاسیکی عەرەبییدا ( دینییدا) روئیە بۆ ئەوە دەبێ کە مرۆڤ بێدار بێت بە چاوی رووت شتەکان ببینێت، بەڵام روئیا بۆ ئەوەیە کە خەون بە شتێکەوە ببینێت، یان فیکر و بەرنامەی بۆ بەدیهێنانی شتێک هەبێت. روئیا کاتێک بەمانای خەون، یان  خەون بینین دێت، تێڕامانێکی  ئایدیالیستییانە و ئێثێتیکانەیە و لە ئەنجامی بیرکردنەوەی قووڵ، ستراتیژییەتی رۆشن و جیهانبینیی وردەوە، بە روئیا دەچوێنرێت. لە زمانی سالم سەلەمییەوە ( زانکۆی بەصرە)، زمانناس و فەیلەسوفی عەرەب، عەبدوڕەحمان سوهەیلیی، پێیوایە کە روئیا لای عەرەبەکان، بینین و تەفسیری ئەندێشەکانی شەو و تاریکیی بووە. هەروەها ئەبو حەیانی زمانەوان، پێیوایە کە روئیا، ئەو روئیەیە کە بیری لێ دەکرێتەوە و لە خەیاڵی خۆیدا، نەخشەی بۆ دادەڕێژێت.(  مجلة أبحاث البصرة، العلوم الانسانية،المجلد : ۸۳ ، العدد: ۱ السنة : ۲۰۱۳ ، ص۷۷-۱۱۹).

لە زمانی کوردییدا، ئەم دیاردەیە زۆر هەیە.بۆ نموونە لە ئەدەبیاتی باودا، دەگوترێ، دەوڵەتی کوردستان خەونی هەموو تاکێکی کوردستانە. ئەم خەونە لێرەدا روئیایە و روئیە نییە. بۆ نموونە،  کۆمۆنیستەکان، لە روئیەی مارکسیزمەوە، روئیایان بۆ  دونیای ئاخیرەت”کۆمۆنیزم” هەیە. ئیسلامییەکان، بە روئیەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییانەوە روئیایان بۆ خەلافەتی ئیسلامیی هەیە.  ناسیۆنالیستەکانی کورد، لە بێ روئیایی و سەرگەردانییدا، پەنا بۆ قازانی کوردایەتیی دەبەن. هاوکات، لە زمانی کوردییدا، زۆرجار دەنگی ( ئای درێژ لەگەڵ ئەی کورتدا-ا، ه) تێکەڵ دەکرێن. ئەم تێکەڵکردنە زۆر کارناکاتە سەر ناوەڕۆکی چەمکەکە. بۆ نموونە، ئاڵمانیا و ئەڵمانیا، پارلەمان و پەرلەمان، کانەدا و کەنەدا، وێنا و وێنە، فشەکار و فشەکەر ….تاد، هەموویان بەکار دەهێنرێن. راستە مەرجەعێکی زمانیی و دامودەسگایەکی ئەکادیمیی ستاندەرد و سەربەخۆ( دوور لە هەژموونی حیزبی ئایدیۆلۆژیای سیاسیی) مان هەبووایە، ئەم کێشانە چارەسەر دەکران، بەڵام بەو مانایەش نایەت کە نەزانرێ جیاوازییەکان چیین؟

ئەکادیمیست و رەخنەگری سوریی( عەبدوڵا خەڵەف ئەلعەساف) وتارێکی وردی لەسەر خوێندنەوەی چەمکەکانی ( روئیە و روئیا)، بە ناوی(قراءة في مصطلحي الرؤية والرؤيا )  نووسیوە. ئەو پێیوایە روئیەی هونەرمەندێک لە تابلۆیەکدا، بەرهەمی واقیعی کۆمەڵگەیە، بۆ شاعیرێک، کەشفکردنی دونیای ئێثێتیکی شیعرییە. هەروەها، هەڵوێستی ئەو هونەرمەند و شاعیرە لەسەر دەوروبەرەکەی دەگەیەنێت. هاوکات پێیوایە کە روئیا، تەجرەبەیەکە لەگەڵ ئاییندەدا دەکرێ لە رێگەی کەسێکی داهێنەرەوە. سەرەنجامیش، پێیوایە کە روئیای تاکە کەسیی لەگەڵ روئیای کۆمەڵایەتییدا جیاوازە کە دەیەوێ دونیا بگۆڕێت.

جیاوازیی نێوان روئیە و روئیا باشتر دەردەکەوێ ئەگەر لە مێژوو وردببینەوە. زۆربەی پێغەمبەرەکان روئیایان هەبووە. فەیلەسوفەکان، سکۆلارە داهێنەرەکان، زانا تەجریبییەکان، بەشێک لە سیاسییە کاریزماکان وبەشێکی زۆری گەنجان، روئیایان بۆ ژیان، ئاییندە و ئێستا هەیە، لە کاتێکدا روئیەی شەخصیی و ئەوەی بە دید و چاوی خۆیان دەیبینین جیاوازە لەو خەون و خەیاڵانەی لە هزریاندا  هەیە. روئیا مەبنایەکی سیاسیی، فیکریی، کولتوورییە و مرۆڤ تەجاوزی سێکتە باوەکانی کۆمەڵگەی پێ دەکات و ئازادانە و جەریئانە بیر دەکاتەوە. ئەوانەی روئیایان هەیە، بەرژەوەندیی گشتیی لەبەرچاو دەگرن نەک بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان و ژیانی خۆیان یان ئەوەی بە چاوی خۆیان ( روئیە)دەیبینن.

 روئیا، دادەچۆڕێتە ناو جەوهەری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەفسی مرۆڤەکانەوە لەوێوە تێڕوانینی شەخصیی و فەردیی ( روئیە) بەلاوە دەنرێ و لە سکەیڵی پانوپۆڕتردا بیر دەکرێتەوە و ئەندێشەسازیی دەکرێت. بە بێ روئیا ناگەین بە ناوەڕۆکی رووداوەکان و ناتوانین ئاگایانە و عەقڵانیی ثیۆرایزی بکەین ئەگەر روئیای قووڵمان بۆیان نەبێت. بەو ئارگیومێنتانە، من پێموایە روئیا لە زمانی سیاسیی و بەکارهێنانە سیاسییەکاندا، دروستە و هیچ هەڵەیەکی تێدا نییە. ناشکرێ، زمانناسیی کولتووریی بەهەند وەرنەگیردرێ، مەغزا و مەبنای روئیا لەبەرچاو نەگیردرێ، بەڵام تەرجەمەی حەرفیی و دینیی روئیە و روئیا، ئەویش بەو شێوە کلاسیکییەکەی ئەدەبی عەرەبیی کۆن، لەبەرچاو بگیردرێ.

سەرەنجام، بە کەماڵی ئیسراحەتەوە، دەتوانرێ لەگەڵ سوهەیلییدا بگوترێ، روئیای سیاسیی بۆ گەلی کورد، تەفسیر و لێکدانەوەی ئاییندەی سیاسیی کوردە. دڕدانە بەو تاریکییە نوتەکەی هیچ روئیەیەکی تێدا نییە. لەگەڵ ئەبو حەیانییشدا بگوترێ بەبێ بیرکردنەوە وثیۆرایزکردنی روئیە، ناتوانین روئیامان بۆ هیچ نەخشەیەکی سیاسیی و پێشهاتە سیاسییەکان هەبێت. هەروەها، دەتوانرێ لەگەڵ ئەلعەسافیشدا بگوترێ، روئیا، پرۆژەیەکی ستراتیژیی و قووڵە کە هەموو رەهەندەکانی روئیە جیاوازەکان لەبەرچاو دەگرێ.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>