هەواڵ

گرێ پووچکه / تاهیر حامیدی

تاهیر حامیدی

گرێ‌پووچکە

تاهیر حامیدی

ئەم تێزە بەردەیشی پێوه دەلکێنم؛ نووسا، ‌نووسا!  نەنووسا دیارە تۆیش لەگەڵم نیت و وەک هەموو ئەو کەسانەی دیکە بێ ئەوەی گوێ بۆ پاسادانەوەکانم رادێری یەک لایەنە من تۆمەتبار دەکەیت و تاک و تەنیاتر لە هەمیشه دەمکەیتە هەڵگری بەیداخی تاوانباریێکی خۆکرد! باشە بۆ هەتا دەستم دەگات بەردەکە حەوا نەدەم و چی دیکە ترس و خەفەتی ناتەبایی تۆیش نەخەمە سەر دڵەڕاوکێ و لەرزی پاش وڕینە و داچڵەکانی نیوە شەوانم؟ هەروەها دەکەم و سوورسوور لێم ئایەنە ئاوڕێکی نیانت بەو چاوه نماویە خەماڵوانەتەوە وا ئەوانیش سەریان لێ شێواوه، دەبێتە پاڵپشتی هیوای رزگار بوونم و بە پێچەوانەی خەڵکی دیکە وا تف و نەحلەتیان لێ کردم و منیش سەدهێنده رق ئەستوورتر لە جاران پشتم تێیان هەڵکرد، شەرمەزارت دەبم و پەژیوان لە خۆم. بەڵام بیکە بەخاتری ئەو شاڵ و شاقەلی کەوایەت، ئەگەر منیش بە تاوانباری رووداوەکە دادەنێی بۆم بپاڕێیتەوە و تکام بۆ بکە. هەروەهایشه و دەزانم دڵنەرمیەکەت لەوەدانیە بەبیری منیشدا بێت و ئەگەر وا نەبوایێت هەر بە نێوە بەهاریەکەی خۆت بۆی نەرم نەدەبووم و بێجگە لە‌تۆ نێوی هەر شتێکی پیرۆزی دیکەی لەلام بهێنایێت ئاوڕێکی ساردیشم لێ نەدەدایەوە. چاکت وەبیر دێت وا ئەم‌سەراوسەری درگاو بانەکەمانی دەکرد و تێی دەچریکاند:

«پیری خەزایی رێگاکەی لێژە
  حەزمان لێ‌ناکەی راسمان پێبێژە»

 

من بە بۆنەی نێوە جوانەکەی تۆوە‌دڵم بۆی نەرم بوو و تۆیش بیکە بە خاتری ئەو خزن و بارەگات لەوێ بۆم بپاڕێوە و پشتم تێ هەڵمەکە.

هەڵبەت درۆی ناوێت هەروەک چۆن هەڵوەداییم بۆ «سەما» بە شوێن‌پێی لینجی لەبارچووی سێ منداڵی ناموراد، لە دڵدا چێ بوو؛ بزەی رەزام تەنیا بە‌ شوێن هێنانی ناوی تۆ نەهاویشتە باوەشی نیگا بەتەماکانی باوکی سەما. هەر لە منداڵیەوە ناوی ئەوو بنەماڵە بەپێزەکەی لەسەر زمانی خاوو خێزانی ماڵمان ببوە بنێشتە‌ خۆشە و جار لەگەڵ جار بنجی پەلدارتری کوتایە قاری دڵە بێ‌بنەکەی منی سەرلێ‌شێواوی رەبەن و کە خۆیشی ناوە بەهاریەکەی تۆی لێ کردمه تکاکار، ئیدی وردەخاڵێکی لاوازیشی بۆ ناتەباییم نەهێشتەوە!

هێندە لە‌ هەوەڵین تێک هاڵانەکانمان رانەبوردبوو نەبات‌داغێک بوو بە پێشەنگی ئەو هەموو خوێنەی وا ترپەی دڵە لاوەکیەکەی نێو هەندرخانمی بە شوێن دڵۆپەکانیا تێکەڵاوی مەوالە توونیەکان کرد. خۆ بە دیواردا کوتان و ژان و پێچ ئۆقرەی لێ بڕیم و ساڵێک پاش ئەوە، خۆ بۆخۆت شاهێدی! نا؟ راست ساڵێک بە شوێن ئەو رووداوەدا تەنانەت نووشتەی لە شاڵی بارەگا خاوێنەکەیشت لایێکی لێم نەکردەوە و دەبێت بێبەختیەکەی خۆم بووبێتە کۆسپی سەرەڕێی هەناسە نیانەکانی ئەو ئاولەمە بێ‌ئەنوایەی وا ئەمجار گەورەتر لەجاری پێشتر، لە خوێن و لەتکە گۆشتی بێ دەست و پا لای دابوو و هەمدیسان بە پزدانێکی بێ‌هێزوپێزدا خلۆر بۆوە و وردەوردە تێی گەیاندم رەگەز چیە و خۆشەویستی بۆ دەسکەوتە کەم ئەژمارەکان چۆن تێکەڵی تاقەتاقەی خشتە وردیلەکانی ئازای ئەندامم دەبوون.

بەسەر سێهەمینیانەوه کە خۆشم نەڕۆیشتم، بەلای هەموومانەوە کارتێکردنی ئآوڕە بزاویە بەتینەکەی تۆ بوو و بە‌شوێنیدا سەما بوە جێگری هەموو ئەو بیرەوەریە رەشانەی وا شەوانە وەک شەوە و مۆتەکە لەسەر سینگی لێفەی دووکەسیمان هەڵدەنیشتن و هەر چاوەڕوانی بوو وا ببوه چاوگەی دڵخۆش کردن بە داهاتووم و بێ چاوی لەو ژەهرە چاکتر بوو.

قومێک لینجاوی ترشاو دەبێت لەچەند کەلێن و کولێنەوە دەرفرتێت، سنووری کام بڕبڕەپشت ببەزێنێت، لەچەند رهۆڵەی تاریکەوە بە کۆمەکۆم تێپەڕێت هەتا شوێن‌پێیەک بۆ خۆی خۆش بکات. چەنای چەند دەستی لەرزۆک بەهیوای گرسانی راستەقینەی ئەم جارە، بۆی بپاڕێنەوە، نەزرونیازی بۆ بکەن و دەبێ چاک بزانی گەرمای هەوەڵین زیقە و گریانەکانی چەند خەفەتبەر و هومێدهێنەرە!

گڕوگاڵەکانی چ‌ شەوچەرەیێکی رەنگاوڕەنگ و بەتام بوو بۆ شەوە ساردو سڕەکانی رابوردوو!  کام پلە لە هەڵکشان و پێگەیشتنی سەما لە‌ کامیان شیرین‌تر و جوان‌تر بوو لامان؟ دیان دەرهێنانە ئێشاویەکەی؟ گاوڵکێ کردنە عەزیەتاویەکەی یان ئەو هەوەڵین هەنگاوه بە لەنجەولارانەی وا بەسەر پایەنازی گیانماندا هەڵی دێنا؟ قەت ناتوانی قامک لەسەر یەکیان دانێیت و بیدەی بەسەر ئەوی دیکەدا. زبان هەڵپچڕینی، بوو بە قوتوویێکی سیحراوی و خۆمی بە خۆم و ناومی پێم دەناساندەوە. چ‌ سەرکەوتنێکی سەیر و سەمەرە بوو! خۆم بووم و خۆیشم نەبووم. شەڕە کەم‌خایێنەکانمان زوو تێکەڵ بە‌ئاشتی و شیرینیە چاوبەسەکەی دەبوو و هەمدیسان لەسەر ئەو بڕوایە ساغی دەکردینەوە وا لە سەدان ساڵ و وەرز لەمە پێشترەوە ببوە‌کاکڵی ئەو شریتە نەپسێنانەی نێوان دوو دڵی هەڵوەدا بۆیەک، بێ هیچ هۆیێک، هیچ چاوەدێریێک و هیچ تەمایێک بۆ‌ قەرەبووکردنەوە!

لەش چیە گیانی داوا بکردایێ لەسەر دەست دامان نابوو و تەمایار بووین چنگی تێ‌وەرداو هەڵی گوڵۆفێ  بەشکم دڵی سوکنایی بێت و ئێمەیش لەت و کوتەکانمان تێکەڵی ئەو ببێت و پێکەوە بتوانین بە شەریکی لە قومێک هەناسە هەڵاوێینە نێو سیەکانمانەوە.

سەما کام وشەی بەسەر زاردا نەدەهات و بە دروست و بە لار و وێری لێمان نەدەبوە ئایەتێکی زێڕکفت و زیاتر وشە خوار و خێچەکانیمان لەسەر تەختەی دڵمان هەڵدەواسی، شەوانە لەبەر بانیجەیێکی بەتریفەی مانگ تەزیو؛ هەڵە زبانیەکانیمان دووپاتە و چەندپاتە دەکردەوە و خۆمان بە ڕستە‌ بێ‌نەستەقەکانیدا هەڵدەواسی هەتا بەدەم وەنەوزێکی شیرینەوە دەمانی هاویشتە نێو گۆمی چڕی خەوە ئەفسووناویەکانەوە. تەنیا جگەرگۆشەم نەبوو، بیرەوەری هەموو ئەو ئێش و برک و ژانە تێپەڕ کراوانەبوو وا بە شەوگاری درێژی پاییزدا بە ئاوا بوونی خۆر دەکەوتە جووڵانەوە لە نێو لەشمدا، شەو لە کۆڵم نەدەبوەوە، هەناسەکانمی سواردەکرد، گەروومی لەبەر وشکی دەقڵەشاند و هیچ ساردی و تەڕاییێک لۆچی درز و برینە ‌نەبینراوەکانی وێک نەدەهێناوە.

پێش گرسان و هەست بە  هەبوون و دڵەکوتێی لە نێو لەشمدا، چ چاوەڕوانیێکی کپ و مات و خەفەتاویم لە نێو تاق و رەفحە و قوژبنەکانی دیوە تەریکەکەم بۆ دیاری پاشەڕۆژ و بیرەوەری بە دیوارەکانەوە هەڵنەسپارد! خۆت لە هەموو کەس باشتر ئاگاداری چەنای چەند جار هاتمە بەر دەرک و خزنەکەت و خۆم بە داروودیوارەکانتدا هەڵسپارد، فرمێسکی پاڕانەوەم هەڵڕژاند، لە‌ حەیبەتی بێ‌ئاگایی لە خۆم کەفم چەلاند، بە شنەی بای گریانی سەما کوڵم نیشتەوە و لێم ئاگاداربە! تکات لێدەکەم بە گوێی دڵ رجام لێ ببیستە وا دامرکانی کەف و کوڵی خۆشەویستی دڵی کێ نامرێنی؟ دڵی کێ ناسمێ و کام شازادەی بە ویقاری شێنەیی و لە سەرەخۆ ناخاتە پەلە‌و هەڵەداوان؟

بۆ کەس باس ناکرێت، چونکا هەتا یەکێک ئەم رێگایەی منی، هەروەکوو من، بە شوێن جێ پێی مندا تێنەپەڕاندبێ هەستیشی پێ ناکات، تێی ناگات و بە فشەی دەزانێ. بە ڵام تۆ وا هەر لە هەوەڵ رۆژەوە ئاگاداری بەش بە بەشی بازنەی تێک هاڵاوی رووداوەکان بووی تێم دەگەیت و لێم حاڵیت.

بە پێ‌گرتنی سەما، باوکیشی ملی گرت. هەر بەسیلەی نیگاو بریقەی سووچی چاوەکانیدا زۆر پێچ و پەنای شاراوەی قاری دڵیم لێ دەردەکەوت. وردە وردە بە کەلێن و کۆڵانە تەنگ و فەریعی گەڵاڵە رازاویەکانی رۆحیدا دەگەڕام و گوڵۆپی ئارخەیانی لە فرت و فێڵەکانیم لە ئەنگوستەچاوە دزێنیەکانیدا بۆ خۆم دادەگیرساند. لە بیرتە هاتم و هەوەڵ کەس لای تۆ‌درکاندم و کوتم با کەس پێنەزانێ و خۆیشی تێنەگات؟ ئاخر هەرکەس بیزانیبایێ بۆی هەبوو خۆشمی پێ سووک ببم و خۆیشی بە زانیاریەکانی منی بزانیبایێ ترسم بوو ئەمجار دزێنی بکاتە ئاشکرا و لە منیش سڵ نەکات و تەنیا ئەو کەمە ترس و لەرزەی پێ‌زانینی منیش حەواداتە ئەولاوە.

سەما هەتا پێدەگەیشت، من بێ‌تین‌تر لە‌ جاران پێی رادەگەیشتم. جاران وا وەک بەچکە کەروێشکێکی خرپن بۆ هەموو شوێنێک بە شوێنمدا زیتەی هەموو ئەو شتە بێ‌گیان و نەفامانەی بە دوای خۆیدا رادەکێشا کە چاویان لە هیچ بوونەوەرێکی دیکە‌هەڵنەدەهێنا، وردەوردە چاویان لەسەریەک ناو بێ‌خەیاڵی تمیشا کردنمان بوون. نازداری و تاقانەییەکەی وا هەر هەموو نۆ مانگی هەڵگرتنەکەی پێوەی بە هێڵنج و حێق و بۆقەوە بووم، لە تۆسقاڵە بۆنێکی ماڵی خۆمان و تەنانەت بۆنە تایبەتیەکەی نێوان دوو گوڵمە سینگی باوکیشی سڵم دەکرد؛ هێور و بە نەرمی لام کۆچی کرد. ئەمەم پێ دروستە ماوەی چەند ساڵی خایاند بەڵام ئەوەنده لە سەرەخۆ‌ بۆی ئەو میوانە تاقانه و خرپنە لە ژووری دوو کەسیمان جل و سیپاڵی حەوانەوەی پێچایەوە کە لە دەڵاندنی ئاو لە شوورەی بەڕواڵەت بێ‌کەل و کونی گۆزە نیان‌تر و بێ‌چرپەتر بوو.

هەموو ئەو کەسانەیش وا زیاتر لە‌خۆم چاوەڕوانی چاو هەڵبڕین و تریقانەوەی سەما بە گزنگی ورشەی چەپکە نیگایێکی کۆمەڵە شەونشینیێکی شەوانی درێژخایێنی پاییزان بوون، بەلامەوە کێشکی پڕلە‌وەنەوزیان داشت، کەلەکە پڕ لە پێچ و ئێشەکانمیان بەگەرمی داپێچا و فرمێسکی حەسرەت، تامەزرۆیی و دڵنیایی لە‌ داهاتوویێکی شیرینی بێ‌خەفەتیان بۆم هەڵوەراند، دڵیان لێم ساردەوە بوو و بە جێیان دەهێشتم. لە دایکمەوە بگرە‌ هەتاکوو خوشک و پوور و ئامۆزا و بنەئامۆزاکانم. پێیان سەیروسەمەرە بوو چۆن باوکی سەما لەو پێوە ترازایە ئەم پێ؟ چۆن لە ئاشقێکی بەپێز و تام و تینەوە وا کۆڵان بە کۆڵان و لێژاولێژ بە شوێنمەوە بوو و پێیدا هەڵدەکوتم و تکاکار لەپشت تکاکار خۆی و راسپاردەکانی دەکرده تنۆکە ئاوێک لەبەر پێی خۆم و بنەماڵەی باوکیم؛ بوە ئەو دەعەجانیە غەوارەیەی تۆی پێخەفە قەت بەخۆدا نەدراوو دەق‌نەشکاوەکەی رۆحم!!

تۆیش حەق بدە بە هەموو ئەو نزیکانەی وا بەرەبەرە لێم دەکشانەوە و سەرکۆنەیان دەکردم کە بۆ‌ئەو سووکایەتی و پێدا هاتنە بە هەڕەشە و گوڕەشانەی باوکی سەمام بە کۆڵ و باوەش هەڵدەگرت و پشتی کۆم دەکردم و رام دەکێشان و شوکرانە بژێریم تەواو نەدەکرد و سازام و سازام و حێقی کردەوە، دەمی داپچڕی، قەڵەشاو لافاوەکەی بردمی و دەم باو ناگیرسێمەوە!

میوانداری و شەونشینیەکانی پاییزەشەوانی ئەوساتم قەت لەبیر ناچێتەوە وا سەمای تاقانەمان تازە گوێی بە دەنگی کەسانی ناهاوماڵ و غەوارە زاخاو دەدرا. بەسەر ئەو هەموو شەڕەچەنە و ململانێی وا باوکی سەما بۆ بڕان و دابڕانی خزم و کەس و نزیکەکانی من لە گەڵم کردی، دوای منداڵ دار بوونمان رێی بۆ هامووشۆی هەموو ئەو کەسانەی کردەوە وا بەرزی دەنگیان لە نەرمانیەکەی دوو کەسی خۆم و جگەرگۆشەکەم سەرتر کەوت، دامانی دەچڵەکاند و لە ئەنگوستەچاوەکانی شەوانی درێژی پاییزدا دوانیوەشەو لە خەو هەڵمانی دەپەڕاند و سەر بە‌ سینگەوە و سینگ پێدەشتی سەر، گریانی تەریکیمان قووت دەدایەوە بۆ ناوەوە. چۆناو چۆن بوو ئەو هەموو کەسانەی لە ئێمە خۆش‌تر دەویست و رق‌ودڵپڕیە پیش‌خواردوەکەی ئێمەی نەدەدیت؟!

کام شەو بوو وا لە نێوان کۆڕ و مەجلیسێکی وەها چڕوپڕدا هاواری لێم کرد و داوای شەوچەرە کەمێک زوو جێ‌بەجێ نەبوو، جامێکی پڕ لە هەناری مێ‌خۆش چۆناوچۆن لە نێوان ئەو هەموو میوانەدا لێژ بوەوە بەرەو کۆش و، داوێنم بوە پێدەشتی ئەو هەنارە خلۆرەوە بوانە!

نەڕەنەڕ و بێ‌ئۆقرەییەکانی لە لایەن تکاو ریش گرتنی ئەو پیاوانەوە سارد دەبۆوە وا سەرەتی تازە بووکێنیم چوارچاوی ئاگاداریان بوو نیگایێکی سووک و باشتر وایە بڵێم ژەهراویم بە نەزەرەوە‌ تێ‌هەڵنەماڵن! پشت تێهەڵکردنی ئەوم دوای کۆتایی پێهاتنی کۆڕەکەو تەمایاریم بۆ ئاشتی کردنەوە پی لەو سووکایەتیانە گران‌تر بوو. پشتاوپشت خەوتنەکانی چەنای چەند شەو درێژەی دەبوو هەتا من هەمدیسان دەبوومە ئاوپژێنکەری بڵێسەی ئەو رقە وا زۆریان لە نزیکان لە ئاوەها هەل‌ومەرجێکدا بە پیرۆزترین دەسکەوتیان دەزانی و تینی دەدایە ژیان و جەرگی لەپاش دەنووک‌ئاژن دەبوو و سەریان دەسوڕما بۆ‌ ئەو جەرگ و دڵەی من وا چۆن بەرگەی ئەو هەموو ئێش و خەفەت و فێڵ‌وتەڵەکەیەی دەگرت و من لەوان سەیرتر دەمێنم وا نەیاندەدیت ئێمە چۆن بە بۆنەی سەماوە ریخۆڵەمان تێک هاڵا بوو و لە یەکمان دەمژی، لە بەربینگی یەک جاڕەهەناسە پشووی سەرخۆشی بۆ ژیانمان هەڵدەهاوی، لە تاریکە سەلاتەکاندا لێک تووڕە دەبووین،‌ ئاشت دەبووینەوە، زۆرجار و زیاتری جاران لەیەک شاد نەدەبووینەوە بەڵام هەوانەی خۆشەویستیێکی خۆڵەمێشینی نێرەمووکمان بۆ یەکتری هەڵبەستبوو هەتا جاروبار بە کارمان بێت و رەنگامەکانی ژیانمان دابشارێت.

ئەو هەموو داوو لەمپەرەم قەت لە‌بیر ناچێت وا لە‌نێوان خۆم و خۆشەویستەکانی رابووردووم رایدەخست و هەڵی دەبەست. تاوانی نەکبەتی منیش راست هەر ئەو خۆشەویستی و دڵنەرمیە شێتانە بوو وا بێ‌هۆی بۆ دەکردمە‌ هۆ، نەفرەتی لێ دەکردمە‌پەژیوانی و لێبوردن، سەرمای سەرماوەزی دەکردە گەرمێنی چاوەکانی سەما. دووچاوی زیت و نماوی سەما وا شەوانه لە‌ژێر پێخەفەکەوه‌ تەنانەت بەدزی منیشەوە‌ لە‌ ئاسۆیێکی نادیار و دووریان دەڕوانی، بەربەست و پەرژینی رق ئەستوورانەی ئەوهاوارە توندوو تیژەی من بوو وا ببوه زەریایێکی مەند و بێ‌شەپۆل و قەڵبەز. هەر دەبوایە لەمپەرەکەی لە ئان‌وساتێکدا بقەڵەشیبایێ و لرفەی خوڕرەماییەکەی ئەو هەموو قین و رقەمی بدایەتە پێش خۆی وا لە‌ باوکی سەما و ئاکارەکانی هەڵم گرتبوو و خۆم و نهێنیە پێچاوپێچەکانی دەروونمی لەگەڵ خۆی هەلبگرتبایێ، بمی کردبایەتە‌ تەختەی سەر ئەو لافاوە مەزنە و شوێن و جێگەی حەسانەوە و ئۆقرە‌گرتنی بۆم نەکێشایێ.

قەت ناتوانم رەنگی ئەو خاڵە سوورباوەی سەرسینگە بێخەوشەکەی سەما لە پێش چاوی حەسرەتاوی خۆم بتارێنم وا راست چبوە‌ سەر رەنگی ئەو هەنارە مێخۆشەی وا بێزووم پێکرد و کەم تەرخەمیەکەی باوکی بۆ سەندن و پەیدا کردنی، وەک مۆرکێکی سروشتی کوتایە سەر ئەو سینگە‌ ساکار و بەفرینە.

دە بە مۆنەوە خێسەم لێ مەکە! تۆ ببوایەتی لە‌ باتی من چۆناوچۆن و بە ئاوی کامە دڵی فەریع ئاگری ئەو رقە ‌بڵێسەسێنەت دەکوژاندەوە وا بە هۆی ئاکارە تازەکانیەوه لە دەروونم دادەگیرسا و پەرەی دەسەند و هەتا دەبوو گڕی خۆش دەبوو و نەدەکوژایەوە. بێزوو بە ترشایی بکەی، دڵت ئاور تێبەردات و فێنکی نەکەنەوە! بێ‌هێزی لە چاوانی جگەرگۆشەکەتدا ببینی و تێر بەزگی خۆت نەخۆی! لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هەڵمەتی رق و تۆمەتت بۆ بێنن. بەدڵی خۆت لە‌ ژێر میچێکی سەربەخۆدا لاقی رووت و پرچی پەرێشان بە راکشاوی ئاوێتەی یەک نەکەی. قەت‌قەت بە‌ بێ‌ترس لە تاقەچاوێکی زیت و چەتوون و دەسکیس وا لە کونی دەرکە سڕپۆشەکانەوە پێتدا هەڵدەڕوانن ماچی پڕ لە خۆزگە و بیرەوەری بە وێنە خۆشەویستەکانی رابوردووتەوە نەنووسێنی. دایمە و دەرهەمە گوێت چاوەڕوانی هەواڵێکی پڕ لە دەنگ و هاوار و زاق‌وزرووق بێت. فامە پیرەکانی پشتێک لەوەو پێش ئەو چاوە بێ سرتە‌و خورتانەی پشت دەرکە و نێوان کونی کلیلە‌ ناحەڵاڵەکانی ژووری تاک و تەریکی خۆت و سەمآ و بڕێک لە گیان و لەشی هاوسەرەکەت بێت.

چۆن لەو جەهەندەمە سامناکە رزگاریم دەهات؟ چۆن دەبوایە هەڵێم و پشت سەری خۆم تمیشا نەکەم؟ بەرەو کام حەشارگە دەربازبم و نەگەڕێمەوە؟ هەمووی ئەو پرسیارە ساویلکآنەی بوون وا شەوانی دڵتەنگی خۆمم پێیانەوە گرێ دەدا بە رۆژە بێ‌بڕانەوەکانی رۆجیاری پڕلە تەمم. بۆ‌ مەگەر ئەو جارەت وە بیر نایێت وا کەوتمە سەر رقی کەللە‌ڕەقی و بەڵێنی تۆران و ئاشت نەبوونەوەی هەمیشەییم؟ پرس‌وڕا و پشک خستنەکەم هەر لە‌پێش ئەم خزن و بارەگای خۆتدا بوو. بەڵام دووری لە جەرگ بە زمان خۆشە وا دابڕانەکەت ئەگەر بۆ‌ تۆسقاڵه نەختێکیش هیوای پێکەوە‌ نووسانی تێدا بێت، دووچاوی زیت و نماوی چاوەڕوانیت بکات، گەڕانەوەت بەدەستی خۆت بێت، گووخواردم پێ دەدرێت و بە سەرێکی شۆڕەوە دەگەڕێیتەوە! دەگەڕامەوە‌ بەڵام قەرارم هەبوو خۆم بۆ‌ هەتا هەتایی رزگار بکەم و چاوی منیش بە‌ بریقەدانەوەی فرت و فێڵ داهاتبوو و شەوو رۆژ هێزم بۆ‌ مێشکم دێنا و راوتەگبیرم لەگەڵ دەکرد. رزگاربوون لەو داوەم لێ ببوه گوڵۆڵە بەنێکی کوت و پچڕبووی هەزارسەرەوە وا هەر سەرێکیان نەرمە بۆنێکی رەشبینی پێوه هەڵواسرابێت و نەوێری توخنی بکەویت. لە هەموویان سەیرتر و پێچاوپووچ‌تر تۆمەتبارکردنی بە ناحەقی ئەو جەماوەرەی دەور و پشتمان تووشی سەرەگێژەیی دەکردم وا لە خۆم زیاتر دەبوونە دڵسۆزی سەمای بچکۆلانە و تف و نەحلەتیان ئاوقەی سێبەری دزێنی تۆرانەکانی جاربەجارم دەکرد. پێیان وا بوو لەخۆبوردن و زاڵ بوون بەسەر ژەهرە دەستکردەکانی ژیان و گرێ‌پووچکە کوێرەکانی سروشت، تەنیا لە تلسمی رۆحی قووڵ و بێ سەرووبنی ژن دەوەشێتەوە. منیش بەڵێنم دابوو رۆژگار درێژیەکەی ئەو ساڵە تێنەپەڕێنین، من بە سەر ئەو چاڵە رەش و بێ بنەدا تێپەڕێم و ئەو گوڵۆڵە هەڵوەشێنمەوە.

گەرمای مانگە ناونجیەکەی وەرزی هاوین دژبەوەی هەموو شتێک مەیلەونەرم دەکاتەوە و ئەگەر دەستی بڕوات دەیانتاوێنێتەوە؛ عەقڵ و بیریاری لە مێشکی مرۆضدا دەگرسێنێت. بە پێچەوانەی شەوە فێنک و ساردەکانی باقی وەرزەکان وا خۆم لە لێفە و پەتوەوە دەئاڵاند و بێ‌ئاگا لە‌ دەور و پشتی خۆم زیاتر بیرم نەک لای بیرەوەریەکانم بەڵکوو لای خۆم و لەشی خۆم بوو؛ ئەمجار بێبەرگ و پێخەف، رووت و پەتی و لەش و گیان ئاواڵە پشتەوقەفار لە‌ عاسمانم دەڕوانی و وردەوردە لە سەر لەتە‌ بیرەوەریەکان ساغ دەبوومەوە و وەک نووسەری رووداوێکی تاوانکارانە بۆ وردیلە هێمایێک، تۆسقاڵە شەوق و جەمسەرێک دەخولامەوە و چەواشە، تفی توونیەتیم قووت دەدا. لە نێو هەناسە‌بڕکێ و کەلێن و کولێن گەڕانەکانی ئەوشەوە پڕووکاوانەدا بۆ‌ هۆیێک، بنەمایێک،‌ سەرچاوەیێک وێڵ بووم وا ببوە ئەو‌ وەیشوومە نگریسەی سەرشانم و بڕستی هەڵاتن، دەربازبوون و رزگاری لێم چەپەرتەن کردبوو. بەهەموو کۆڵانەکانی ئەو شارە بێ‌جموجووڵەدا وەرسووڕام و گەیشتمە دوایین شەقامەکانی. بە کۆڵانە بن‌بەستراوەکانیدا پشتاوپشت گەڕامەوە و ئاوڕی بە پەلە‌ و زۆرجار بەکاوەخۆم لە پشت سەرم داوە و تاڵە شەوقە‌ بێ‌سۆما و چاوکزەکانم پێکەوە گرێ دەدا هەتا وێنەی ئەو سڕە لاک‌‌ومۆر کراوەم بۆ دەرخەن و ئاوی ئارخەیانی بکەن بە سەر دەستە تاوانباره رزگاڕی کوژەکانی خۆمدا و لە‌ هەناسەسواری بیرەڕەشەکانی نیوەشەو رزگارم کەن!

ئەم دۆزەخە چەنای چەند شەوی خایاند، بەسەر جەستە عاقڵەکەی شەوانی گەرم‌وگوڕی هاویندا تێپەڕیم و هەستە بێ‌هەوسارەکان لە قووڵایی گیانمدا لە گەڵ ئەو هەورە دوورە دڵپڕە قەڵەشاوەی وا پڕمەی گریانێکی زۆر تەماوی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو هەتا بەدەم باوە بیهێنێتە سەر شارە‌ سەربەتەمەکەی من، هاوڕێییم بکات بە دۆڵی گووپە بە قووڵدا چوەکانمدا بەسەر ئەو وێنە‌ خۆڵەمێشیەدا بیبارێنن وا لە حەیس‌وبەیسی شەوانی تێفکریندا لە‌تە لەتە وەک کایەیێکی منداڵانە هەرشەوو لەتێکیم لە پەنای یەک دانابوو و بە ئەوپەڕی متمانە و بێ‌دڵەڕاوکێ هەرهەموو چەپکە تیشکەکەم باراندبوو بە سەریدا و کردبوومە جەمسەری گوڵۆڵە‌ بەنە پچڕپچڕ بوەکەی تلسمی ون‌بوونم و بێ‌رەنگ و بۆ لە پێشمدا تاق و تەنیا پێم پێدەکەنی و ئێستاش مچۆڕکی ساردوسڕ بە گشت گیانمدا دێت؛ سەمای تاقانەی دایک و بابی.

یاپیری خەزایی تۆ ئاگادار بە،‌ هەر بە روون بوونەوەی وێنەکە لە پێشمدا بە هەردوو دەست پێش چاوی خۆمم گرت و پڕ بە‌ گەروو هاوارم لێت کرد. تۆش دەزانم قەت قەت ئەو شەوە ساردوسڕەت لە‌بیر ناچێت وا هەر هەردووکمان لە ماڵ بووین و سەمای نەرم و نیانم کردە چەشتەی رزگار بوونی خۆم و بێ‌بەزەییانە زەڕنیخم تێکەڵاوی شێوە مەیلەو گەرمەکەی کرد. لە ئاویلکەدانیشدا نەرمە بڕێیانە پەلەکوتێی جودانەبوونەوەی بۆم دەکرد. دەیەویست وەک مارماسیێک خۆیم تێوە هاڵێنێ و تێکەڵاوم بێتەوە بەڵام بڕیارەکەی من پتەوتر لەوە بوو تەنانەت بیری پاشگەز بوونەوەشم بە دڵدا بێنێ. زیاتر بەشەکانی چاوی بوو بە سپێنە و رەشایی گلێنەکانی چوە تۆی ئەو مۆریەوە وا تێمان هاڵاند، کاسیەکەی منیان بە شێتی و واق وڕماوی دایکانە لێک دایەوە و کەس بە دڵیشیدا نەهات دایکێک بتوانێ لەتکێک لە لەشە دەرپەڕیوەکەی خۆی ئاوەها لە ملی خۆی بکاتەوە و بڕوات و ئیدی وەک جاران ئاوڕی تامەزرۆیی و چاوەڕوانی لە گەڕانەوە بۆ دۆزەخی خۆڕستی خۆی و باوکی سەما نەداتەوە. هەڵبەت ئەوە بزانە ئەگەر خۆم دانم بە تاوانەکەی خۆمدا نەنایێ کەس شکیشی بۆ رووداوەکە نەدەچوو. کێ‌بوو بتوانێ سەر لە پێچ‌وپەنای کۆچە ناوادەکەی سەما دەربێنێت؟ کێ‌بوو بێجگە لە‌ خۆم، هەتا بەڕە لەسەر ئەو رازە دڵڕەقە‌ لادا؟ کێ بوو بە‌ هیوای کەمتر بوونەوەی باری تاوانەکە و سووک بوونی ئەو کۆڵە‌ رەشباوەی سەرشانم نەرمەنەرمە‌ خۆی بداتە بەر سەرەڕمبی تف‌ونەحلەت و جەزرەبەی تەریکی و جنێو؟ بەڵام بیکە بە خاتری ئەم بارەگا و خزن و قسنە دایمە سەوزەت بۆم بپاڕێوە و تاوانەکەم لەوێ بخە بریەتی ئەم نامەتیەی ژیانم وا بە دوای ئەویشدا لە پێک هێنانی بنە ماڵەیێکی دیکەیش نەحەسامەوە و هەمدیسان تێکەڵاوی جەزرەبەی دیلی و کۆت و پاوانێکی دیکە‌ بوومەوە و بە شوێنی خۆمدا رامکێشاوە و هاتووم هەتا لیزمەی گلەیی لە دەست ئەم بەخت و بێبەختیەم بێنمە بەر دیوانی دڵ فەریعیەکەت.

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>