هەواڵ

سیزیف له شارێی ( سالم ) دا / رەوا زەیدان

رەوا زەیدان

سیزیف لە شارێی ( سالم ) دا

رەوا زەیدان

بە ئەستەم دەتوانم بجوڵێم قەت هێندە لەشم قورس نەبووە جار جار لە ژێر بەتانییەکەوە سەیرێکی پەنجەرەی ژوورەکەم دەکەم و دەڵێم ئای خودایە دیسان خۆر لەودیو پەنجەرەکانی تەنیاییەوە هەڵهاتەوە ، بە ئەستەم لەسەر جێگاکەم هەڵدەستم و لەسەر هەردوو قاچم دەوەستم قاچەکانم بەئەستەم دەجوڵێن پێش ئەوەی وەک هەموو بەیانییەک برۆم نانی بەیانی لەگەڵ نەنکم بخۆم لە پەنجەرەکەوە سەیرێکی خۆم دەکەم و دەڵێم وەک سیزیفی رەنج بەخەسار خەمی دونیا وا بەکۆڵمەوە نەنکم هەردەم بە سیزیف بانگم دەکات ئەو دەڵێت هیچ ئومێدێک لە ژیانی مندا نابێنێت وەک خۆی دەڵێت شارێک کە ئومێدی تێدا نەمابێت ئەستمە گەنجێکی بێ باوکی وەک من ئومێد و هیوایەکی هەبێت تیایدا هەبێ ، بەلەز بەرەو سەموونخانەکەی شارێی سالم دەچم تا سەموون بکرم و نانی بەیانی لەگەڵ نەنکم بخۆم ، تا دەگەمەوە ماڵەوە نەنکیشم لە گۆرستانی سەیوانەوە دەگەرێتەوە بۆ ماڵەوە وەک هەمیشە بە چاوی پر فرمێسکەوە دێتەوە من هەمیشە پێێ دەڵێم خوگرتن بە چوون بۆ گۆرستانەوە بەرەو مردنت دەبات جار جاریش بە پێکەنیەوە پێی دەڵێم دەڵێی رۆژێک ئیزرائیل نەبینیت ئۆقرە ناگریت من دەمەوێت رۆژە سەختەکانی لەبیربەرمەوە بەڵام ئەو هەمیشە باسی دەکات ئاخر نەنکم زوو زوو باسی ئەو رۆژە دەکات کە باوکمی تێیدا کوژراوە یان ئەو رۆژەی لەبەرچاویدا شارێی سالم بەخوێن سور بووە هەردەم دەڵێت ئەو رۆژە باخی گشتیم بە سوری بینیوە ، باوکم لە یادەوەریەکانیدا کە رۆژێک پێش کوشتەنەکەی دێرێکی کامۆی نوسیوە کە دەڵێت ( کاتێک خۆت بریارت داوە کۆیلە بیت ، من چۆن شەری ئازادیت بۆ بکەم ؟ ) بۆ شەوی دواتر باوکم لەلایەن چەند کەسێکەوە لەبەر دەرگای ماڵی باپیرمدا لە نزیک سنور دەکوژرێت وەک نەنکم دەگێرێتەوە ئەو کات من منداڵ بووم پاش مردنی باوکم ، دایکم منی بەجێ هێشتووە و شوی کردۆتەوە ئێستا لە وڵاتی سوید دەژی ، نەنکم هەمیشە پێم دەڵێت کە من وەک سیزیف مردووم خوا منی ناردۆتەوە بۆ زەوی تا تۆڵە بکەمەوە ، هەمیشە پێم دەڵێت ترسم هەیە تۆ وەک نامۆی ناو رۆمانەکەی کامۆ رۆژێک لە شارێی سالمدا عەرەبێک بکوژیت و ژیانت دەربەدەربێت نازانم ئەوە نەنکمە کامۆیی سەیری من دەکات یان لە رۆحی مندا کامۆ دەژی دەتوانم دانی پێدا بنێم لە نێو هاوتەمەنەکانی خۆمدا لەمن کامۆیی تری تیادا نەبوو بەڵام نەنکم زیاتر لەوە لە منی دەروانی کاتێک لە گۆرستان هاتەوە و دەستمان کرد بە خواردنی نانی بەیانی لەگەڵ تێکردنی چاکەدا دەیوت سیزیف ماوەیەکە دەتبینم چیدی پەیوەندی بە پەریساوە ناکەیت چییە ئەو عەشقەی هەمیشە باستان دەکرد وا ئاسان بەباچوو، سەرێک هەڵدەبرم و دەڵێم عاشقەکان خەونێکی عاشقانە و ژیانێکی ئاسوودە بەخەیاڵ دروست دەکەن و پاشان یەکدی جێدەهێڵن تا لە دووری یەک لە خەیاڵدا بمرن عەشق لێرە جگە لە خەیاڵێکی جوان هیچی دی نییە پەریسا پێی دەگوتم باوکم دەڵێت ( کوفری ئایەتی اللە یە کچ بدەیتە کورێک خزابێتە نێو پەرەی کاغەز و کتێبەکانییەوە ئاخر منێکی زەنگین لە کوێ و بێمێشکێکی گیرفان بەتاڵ لە کوێ ) وەلێ نەمدەزانی ئەو قسەی باوکی بوو یان قسەی پەریسا خۆی بوو تا منی لە کۆڵ بێتەوە و دۆستێکی نوێ و زەنگین بۆ خۆی بگرێت چیرۆکێکی خەیاڵی نوێ بۆ خۆی دروست بکات دەم و چاوم گرژ دەکەم و دەڵێم ئیدی من نامەوێت باسی پەریسابکەم لێ لە ناخیشەوە بیری دەکەم ، سەیرێکی چاوانی نەنکم دەکەم و دەڵێم کاتی سەفەرەکەم هاتووە ئیدی لە کۆتا رۆژەکانمدام لە سلێمانی دەمەوێت ئاسوودەبژیم هەرچەندە لە ٢٠ ساڵیی تەمەنمدا رۆژێک بە شادی نەژیاوم لەم شارەدا دەمەوێت ئەمرۆ پیاسەیەکی شارێی سالم بکەم و بەردەکەی کۆڵم فرێبدەم نەنکم پێدەکەنێت و دەڵێت تۆ هەر سیزفەکەی منیت لە هەر شوێنێک بیت لەم دونیایەدا پانتۆڵێکی رەش و کراسێکی سپی لەبەر دەکەم و بەرەو سالم بەرێدەکەوم هەموو ئەو شوێنانە دەچم کە یادگاریم تیایدا هەیە ئەو شوێنەی لە سەربازەکە دەپارامەوە نەمکوژێت کاتێک لولەی تفەنگەکەی رووتێکردبووم لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا دەچمە ئەو سەموونخانەی کە یەکەم دزیم تیایدا کرد و سەموونێکم دزی لە برساندا چونکە باوکم نەبوو زەمەنێک پێم وابوو هەر کەس باوکی نەبێت دەبێتە دز بۆیە هەمیشە بەرپرسەکانم بە بێ باوکی دەبینی ، دەچمەوە سەرچنار و یادی ئەو رۆژە دەکەم کە بەپێ لە بێ پارەیدا بە پێ تا ماڵەوە گەرامەوە ، دەچم گۆیژە و سەیرێکی سلێمانی دەکەم و دەڵێم ماڵائاوا ئەو شارەی خۆشیم لێت نەدی ، بۆ شەوی دواتر سواری پاس دەبم و ماڵائاوای لە نەنکم دەکەم نەنکم وەک هەمیشە چاوانی پرفرمێسک دەبن ، لەسەر کورسی پێشەوەی ماشێنەکە دادەنیشم منداڵێک لە تەنیشمدا بە فرۆکەیەکی شکاوە دانیشتووە بەقسەی خۆی گەر فرۆکەکەی نەشکابا هەر بە فرۆکەکەی دەستی سەفەری دەکرد و ئەم نیشتیمانەی جێدەهێشت  پاش ئەوەی گەیشتمە تورکیا وامدەزانی هێشتا لە سالمم ئای خودایە ئەم هەموو کوردە چی دەکەن لێرە ئەم هەموو سیزیفە چین لەم شارەدا وا ناتوانن بەردێک هەڵبگرن و لێی هەڵدێن ئەو ماوەیەی لە تورکیادا مامەوە هەمیشە تورکەکان سوکایەتیان پێ دەکردین و دەیانوت ئەمانە لە گوندەکانیان هەڵهاتوون و لە شاخەوە هاتوون نازانن ژیانی شار چۆن هەرچەندە زۆر جار لەگەڵیان بەشەر دەهاتین زۆر جاریش ناچاردەبووین بێدەنگ بین لەبەر ئەوەی نەمانخەنە زیندانەوە دوای هەفتەیەک رۆژێک قاچاخچیەکە پەیوەندی پێوەکردین و گوتی بەیانی بەرێدەکەوین ئەو شەوخەو نەچووە چاوانم تا رۆژ بووە بۆ بەیانییەکەی بەرەو لای قاچاخچییەکە بەرێکەوتین کاتێک بینیمان بەلەمێکی بچووکەوە زیاد لە ٦٠ کەسی سەرکەوتون بۆماوەی یەک کاژێر بە سەلامەتی لە نیو دەریاکەدا بووین لە ناکاو بەلەمە کون بوو ئاو هاتە نێو بەلەمەکە هەمووان بە ترسەوە بەرەو نێو دەریاکە خۆیان هەڵدەدا من لەسەر بەلەمەکە مامەوە ئەوەی منی ئازاردەدا ئەو منداڵەبوو زوو زوو بە دایکی دەوت ( دایکە من دەمرم بەڵام تۆ نەمریت باش! ) چاوم پر لە فرمێسک دەبوو کاتێک گوێم لەو دێرانە دەبوو مردنی خۆمم لە یاد نەمابوو لەو ساتەی بەلەمەکە بەتەواوی کەوتە ژێرئاوەکە بەمەلە ماوەیەکی زۆر لە دەریاکەدا رۆشتم کاتێک بەتەواوی هیلاک بووم بەلەمێکم بینی بەرەو رووم دەهات کەسێک تێدابوو قژ ماش و برنجی کراسێکی وەنەوشەی و پانتۆڵێکی بێجی لەبەردا بوو ریشێکی تەنکی هەبوو من پێشتربینیبووم ئەو کاتەی لە خۆپیشاندانەکەی ١٧ شوبات رۆحی کورە بلوس سپییەکەی دەکێشا لەبەر خۆمەوە گوتم ها ئیزائیلی دۆست ئەمە تۆیت هاتوویت رۆحێکی دی لەگەڵ خۆت بەریت ، بزەیەکی کرد و گوتی سیزیف تۆ کە زەمەنێک لە جەهەنمدا ژیاویت ئێستا لە چوون بۆ بەهەشت رادەکەیت ! ئێوە شۆرشتان کرد و جەهەنمێکتان دروست کرد تا حەوت پشتان بە ئاواتی بینینی بەهەشتەوە لە دەریادا بمرن ، ئایی سیزیفی دۆست ئێوە چیتان کرد جگە لە کوشتنی یەکدی نەبێت ئێوە یان لە دەریادا دەخنکێن یان خۆتان یەکدی لەناو دەبن دەستی گرتم و سواری بەلەمەکەی بووم بۆ ماوەیەک خەوم لێکەوت ، کاتێک بەخەبەر هاتم لەسەر بەلەمێکی راوچییەک بووم لەبەر خۆمەوە دەمگوت ئەمجارە ئیزرائیل ژیانی بەخشی .

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>