هەواڵ

ئه‌بولقاسم لاهووتی كرماشانی، شاعێری له‌بیركراوی كورد/ شه‌ریف فه‌للاح

شەریف فەللاح

ئەبولقاسم لاهووتی كرماشانی، شاعێری لەبیر كراوی كورد

شەریف فەلاح

ئەوبولقاسم لاهووتی كرماشانی (۱۲۶۴ – ۱۳۳۶)ی هەتاوی سیمایەكی ناسراوی ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسیی دەورەی مەشرووتەی ئێران بووە و دواتر بۆتە ئەندامی حیزبی توودە و چۆتە ناو هێزی نیزامییەوە و پلەی سەربازیی سەرگوردیی پێدراوە، لە سەردەمی رەزاشادا بەهۆی بیروباوەڕی سیاسییەوە حوكمی ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام توانیویە هەڵبێت و پەنا بەرێتە بەر یەكیەتیی سۆڤیەت. بۆ ماوەیەك پۆستی وەزیری فەرهەنگ و هونەری تاجیكستانی سەردەمی یەكیەتیی سۆڤیەتی لە ئەستۆ بووە و لەو ناوچەیە رەوتی شانۆی “ئۆپێرا”ی بنیات ناوە و لەناو كانوونی نووسەرانی یەکیەتیی سۆڤیەتدا جێگە و پێگەیەكی تایبەتی هەبووە و بۆ ماوەیەك لەناو لیژنەی بەڕێوبەریی نووسەرانی ئەو ولاتەدا جێگری ماكسیم گورگی نووسەری گەورەی رووس بووە.

 لاهووتی هەتا كۆتایی ژیانی نەگەڕایەوە ئێران و هەر ئەو خۆشەویستیەی وای لێكرد كە كاتێك لە ساڵی ۱۳۳۶ لە تەمەنی ۷۲ ساڵی لە مسكۆ كۆچی دوایی كرد بە رێز و حورمەتەوە لە گۆڕەستانی “نۆڤۆدویچی”ی مسكۆ و لە ریزی گەورە نووسەر و سیاسەتمەدارانی یەكیەتیی سۆڤیەت وەك: گوگول، خرۆشچوف، ئانتوان چوخوف، تۆپۆلۆف و… بنێژری.

لە سەردەمی لاویەتیدا لە كرماشان بە هاوكاریی چەند كەسێكی تر “رۆژنامەی بیستوون”ی چاپ و بڵاوكردۆتەوە، لاهووتی شاعێرێكی ناسراو و خاوەن دیوانی فارسییە و بە یەكێك لە گرنگ و جددیترین شاعێرانی نوێخوازی ئێران و چینی كرێكاری ئێران و تاجیكستان دێتە ئەژمار. ئەبولقاسم لاهووتی بە یەكەم پێشڕەوی نوێكردنەوەی شێعری فارسی لە ئێران دادەنرێت و یەكەم شاعێری پڕۆلیتاریای ئێرانە. لاهوونی لە ئازاد كردنی شێعری فارسی لە كۆت و بەندی كێش و سەروا لە ئاستی ئێراندا شوێن پەنجەی دیارە، هەروەک شەمس لەنگروودی لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا نووسیویە: “یەکەم شیعری نوێ لە ئێران ئەبولقاسم لاهووتی لە ساڵی ١٢٨٨ی هەتاوی نووسیویە، هەرچەند زۆر کەس ئەم پێشەنگییە دەگەڕێننەوە بۆ تەقی رەفعەت”، لاهووتی دەیتوانی لە بواری پرۆسەی نوێكردنەوەی شیعری فارسیدا بەرلە نیما یووشیج شۆڕشێك وەڕی بخات، بەڵام بەداخەوە شیعری كردە قوربانیی سیاسەت، چونكە بەهۆی تێكەڵاو بوونی بە سیاسەت و بیری چەپ كەمتر توانی لەم بارەوە خۆی دەربخات و كەمتریش لەبارەیەوە لێكۆڵینەوە کراوە و هۆی قەدەغە بوونی بەرهەمەكانی لە ئێران لەسەردەمی حكوومەتی پاشایەتیدا هۆیەكی دیكەی ئەو لەبیر كرانەیەتی. لاهووتی هاوشانی عارف قەزوینی، میرزادە عەشقی، ئیرەج میرزا، فەڕۆخی یەزدی و ئاڵاهەڵگرانی دیکەی بزووتنەوەی مەشرووتە لەگەڵ شیعری بێڕوحمی سیاسیدا گرێی خوادووە و شیعری کلاسیکیان لە چەق و کۆت و بەندی دەربار و غەزەلی عەشقێنی و پێداهەڵگوڵتن دەرباز کرد و ناسنامەکەی دیکەیان پێ بەخشی و کشاندیانە ناو خەباتی ئەندێشمەندانە کە سەرەنجام شیعری نوێ لە ئەدەبی هاوچەرخی ئێران بەناوی “نیما یۆشیج”ەوە ناوبانگی دەرکرد.

زمانی شێعریی لاهووتی زمانێكی سادە و رەوان و خەڵكی بووە و لە قاڵبی غەزەل، تەركیب بەنددا شێعری بەرزی فارسیی داناوە و ئەم بەرهەمانەی لێ‌ بەجێماوە: ۱ ـ كاوە ئاسنگەر(۱۹۴۷) ۲ ـ قەسیدەی كێرملین ( ۱۹۲۳) ۳ ـ تاج و ئاڵا (۱۹۳۵) ۴ ـ كۆمەڵە شێعر( ۱۹۶۰ ـ ۱۳۶۳).

شێعرە فارسییەكانی لاهووتی  هەرچەند چەندین جار لە ئێران و یەكیەتیی سۆڤیەت بڵاو كراونەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە دەرەبەگ، سەرمایەدار، شا، مەلا، شێخ و ئایین، جگەلە هێندێ‌ بڕگەی مێژوویی نەبێت، بە ئازادی لەناو خۆی ئێران لەبەر دەستی خوێنەراندا نەبووە.

ئەبولقاسم لاهووتی، ساڵی ١٢٦٤ی هەتاوی لە شاری كرماشان لەدایك بووە، دایكی لە هۆزی “سنجاوی” بووە و باپیرانی باوكی خەڵكی باشووری ئێران بوون، باوكی لاهووتی”میرزا ئەحمەد ئیلهامی” شاعێر بووە و دوو كۆمەڵە شێعری لە كرماشان و تاران چاپ كراون. لە بنەماڵەیەکی هەژار و ئازادیخواز جاوی بە ژین هەڵێناوە و باوکی پینەدۆز بووە، هەرچەند نەختێ خوێندەواریی هەبووە، بەلام شیعری ئایینی و مەزهەبیی داناوە. لاهووتی لە داوێنی وەها بنەماڵەیەکدا گەورە بوووە و لەس سەردەمی لاویەتیدا هۆگری شیعری ئایینی و دەروێشی بووە و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە یارمەتیی باوکی و هەڤاڵانی بۆ درێژەدانی خوێندن رۆیشتۆتە تاران و پەرەسەندنی بزووتنەوەی مەشرووتە و گۆڕنکارییە خێراکانی ناوچە و جیهان لەسەر ژیان و فکری لاهووتی کاریگەریی بەرچاوی دانا و هەر بەم بۆنەوە بیری مەزهەبیی وەلا ناو رووی کردە رەهەندی مەشرووتەخوازی و بیری چەپ.

هەرچەند هێندێ‌ بەڵگە لەبەر دەست دان كە لاهووتی تەنیا شیعری فارسی نووسیبێت، بەڵام نووسەر و لێكۆڵەری گەورەی كورد “محەممەد عەلی سوڵتانی” لە بەرگی سێیەمی كتێبی “حەدیقەی سوڵتانی”دا  نووسیویە لاهووتی لە سەرەدەمی مێرمنداڵیدا شێعری هەجو و تەنزی كوردی بۆ هاوگەڕەكەكانی لە كاتی شەڕە گەڕەكدا خوێندووە. دواتر لاسایی شیعری ئایینی ـ حەیرانعەلیشای كردۆتەوە، پاشان لە قۆناغی لاویەتیدا سەردانی سلێمانی، كەركووك و ئەستەمبۆڵی كردووە و لەوێ‌ ژیاوە و هاتوچۆی لای شێخ مەحموودی نەمری كردووە كە ئەودەم لە بەندی بریتانیاییەكاندا یەخشیر كرابوو، چۆن دەكرێت و دەگونجێت بە كوردی شیعری نەنوسیبێ.

هەتا ئێستا بە هەوڵ و تەقەلای توێژەر و دلسۆزانی ئەدەب و مێژووی كورد وەك: محەممەدی مەلا كەریم، حەسەن قازی، ئەنوەر سوڵتانی و محەممەد عەلی سوڵتانی، سێ‌ پارچە شیعری لاهووتی كە بە زمانی كوردی نووسیویەتی، دۆزراونەتەوە و لە گۆڤار و ماڵپەڕە كوردییەكاندا چاپ كراون.

۱ ـ پارچە شیعری یەكەم لە ژمارە ۲۵ی ساڵی پێنجەمی گۆڤاری “ژین”دا بڵاو كراوەتەوە، واتە هی ئەو بڕگەیەی ژیانی لاهووتیە كەلە ئەستەمبۆڵ ژیاوە كە دەكاتە دەوروبەری ساڵانی ۱۹۱۹ و ۱۹۲۰ی زایینی.

۲ ـ پارچە شێعری دووەم مامۆستا مەحەممەدعەلی سوڵتانی ساڵی لە ۲۰۰۰دا بڵاوی كردۆتەوە كە رێكەوتی نووسینی بۆ دیاری نەكراوە.

۳ ـ پارچە شیعری سێیەم لە ژمارە ۲۳ی گۆڤاری ژین چاپی ۲۸/۸/۱۹۱۹ی ئەستەمبۆڵدا بڵاو كراوەتەوە.

دیارە بەهۆی مێژووی ژیانی سیاسی و فكریی لاهووتی، لە ئەندێشە و نووسین و شیعرەكانیدا خاوەن بیرۆكەیەكی توندوتۆڵی ئێرانگەرێتی و لایەنگری پاراستنی یەكڕیزیی گەلانی ئێران بووە و هەر هەنگاوێكی گەلانی ئێرانی لەپێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی، بە پیلانی ئیمپریالزم زانیوە كە ئەو سەردەمە دروشم بووە و لاهووتی لە هەر دوو ئەو پارچە شیعرەیدا كەلە گۆڤاری ژین بڵاو كراوەتەوە، بانگی كورد دەكات لەگەڵ گەلانی دیكەی ئێران یەك بگرن و فریوی بێگانان نەخۆن. بە وتەی ئەو كە گوایە دەیانەوێ‌ لە بەژنی “وڵاتی دایك” جیایان بكەنەوە و بیری ناسیۆنالیستیی گەلانی ئێرانی بە هەوڵێكی بچووك دادەنا و هەڵبژاردنی سەردێڕی ئەم شێعرەش هەر لەو بیرۆكەوە سەرچاوە دەگرێ‌.

لەبەر رۆحی كوردە بچووكەكان *

خەڵقی كورد بۆ كەسبی شەرەف حازر جەنگە

ئەی میللەت كورد! هەڵسە، كە ئەم نوستنە نەنگە

فەرموویە نەبی: حوبی وەتەن مایەی دینە

مونكیر بە خودا، كافر و مەلعوون و مەلەنگە

هەر قەومێ‌ كە ئەسڵ و نەسەبی خۆی نەزانێت

رووی رەوشەنی ئەڵبەتە سا وەك شەوەزەنگە

هەم تەنبەڵی و هەم عیزەت و ئیقباڵ!

ئەم كارە كحاڵاتە و ئەم قافیە، لەنگە

كوردان كە هەموویان”مەدی” و ئەسڵی كیانن

لەم فكرە چلۆن غەفڵەتیان كرد، ئەمە “رەنگە”

ئەی كوردی بچووكان! هەموو تاریخ بخوانن

تا بابی خۆتان زوو بشناسن، كە درەنگە

خەسمی لەگەڵ خاكی وەتەن زیللەت و نەنگە

هەركەس كە دەڵێ‌ كورد لە ئێران لێ‌ جیابوو،

یا خائینی كوردانە، وەیا شێت و جەفەنگە

كرمانج، ئەدی ئیلحاق بە ئێران بكەی ئاخر

دەست وەقتێ‌ كە مولحەق وەتەن خوە بوو، قەشەنگە

ئەسڵی مەد و ساسانی و، بیگانە لە ئێران!

ئەم مەسئەلە كەیفیەتی ئایینە و سەنگە

رێگەی تەرەب و مەیكەدە لاهووتی دەزانێت

ئەمما لە فیراقی وەتەنی حەوسەلە تەنگە

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • : زاڕۆكان، منداڵان: لاهووتی ئەم شێعرەی بۆ منداڵانی كورد نووسیوە

سەرچاوە:

۱ ـ وتارێكی بەڕێز ئەنوەر سوڵتانی، لێكۆڵەری كورد

۲ ـ ئینتێرنێت

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>