هەواڵ

دوور و نزیک / وولف – و : هێمن حه‌یدەری

هێمن حەیدەری
دوور و نزیک

تامس وولف

وەرگێڕان له ئینگلیسییەوە : هێمن حەیدەری

له حه ولوو حۆشی شارۆچکەیەک که به سەر بەرزاییەکەوە بوو و له دەورو پشتی ڕەیلی قەتارێکی پێدا دەهات، کولوەیەکی بچووک و پووخت که به تەخته داری سپی دروستکرابوو و پەنجێرەکانی به پەردەی سەوز ڕازابوونه وه خۆی دەنواند. له لایەکی ماڵەکه باخچەیەکی لێبوو که زۆر جوان به کوته زەوی سەوزی خوماڵی بەش بەش کرابوو، هەر وەها کەپرێکی لێبوو که ڕەزی ترێ خۆیان هاڵاندبووه دەوری و ترێکانی له نیوەڕاست مانگی خەرمانان پێ دەگەیشتن.  له پێش ماڵەکەدا سێ داری ناوقەد ‌‌ئەستووری بەڕووی لێبوو که له کاتی هاوین دا سێبەری فێنک و ساردیان گشت ماڵه کەی یەکسەر دادەپۆشی.

هەموو رۆژێک، چەن خوله کێک له سەعات دووي دوانیوەڕۆ بەولاوه، قەتارێکی خۆشرۆ لەو شوێنە دا دەگووزەرا. لەو کاتەدا قەتاره مەزنەکە که له شارۆچکەیەکی نزیکی ئەو جێگایە ڕاوەستانێکی بوو، کەم کەم خەریک بوو دەوری دەگرت بەڵام هێستا به دوایین سورعەتی خۆی نەگەیشتبوو. شەله شەل خۆی وەدەر خست، به لەرزەلەرزی ماتۆڕە بەهێزەکەی و تەقەتەقی واگۆنه قوورسەکانی کاتێک پۆلاکانی لە یەک دەدران، خۆی له پێش چاو ون کرد. له عانێک دا، بەرە و پێش چوونی قەتارەکه، تەنیا به دەنگی فیت فیتی دووکەڵێک که جارووبار لە سەرووی لێوی مێرگەلانێک دەری دەدا،  شناسایی دەکرا. ولە کۆتاییدا جودا له تەقه تەقی وشکی چەرخەکان کە له نێو خامۆشی و سوکنای دوانیوەڕۆ دا بەجێ دەمان شتێکی زیاتر به گوێ نەدەهات.

بۆ ماوەی زیاتر له بیست ساڵ، هەموو ڕوژێک،کە قەتارەکه به و ماڵه نزیک دەبوو، ئەندازیاری قەتارەکە ئاژیرێکی دەکێشاو هەرکە او خانمە گوێ لەو ئاژیرە دەبوو دەهاته پشت هەیوانی ماڵه بچووکەکەی و دەستی بۆ تەکان دەدا. لەوە پێش منداڵێکی چکۆلەی بوو که دەستی به دامەنەکەیەوه دەگرت بەڵام ئەلان ئەو منداڵه بووەته ژنێکی عازەب و ئەویش هەموو رۆژێک لەگەڵ دایکی دێته سەر هەیوانی ماڵەکەیان و دەستی تەکان دەدا.

ئەندازیارەکە له ژێر باری کار دا پیرو ڕەندۆل ببوو. ئەو قەتارەکەی که به باری ژیانی مرۆڤەکان پڕ دەبوو، هەزاران بار لەو رێگەیەدا لێخوڕیبوو. منداڵەکانی گەورەببوون، سەروسامانیان گرتبوو، و چوار جار له پێش چاوی، له رێگای قەتارەکەدا، دیتبووی که چۆن تەک خاڵی بەسامی تراژێدیا وەکوو گوولەی تۆپ لە نەهایێتی خۆفی خۆی دا له پێش قەتارەکه واگۆنێک پڕ له منداڵی به هەوا بڵاو کردەوە. منداڵانێک کە بە ڕوخسارێکی مەستوو سەرسوڕ کۆ ببونەوە. ماشێنێکی هەرزان، پڕ له ئەندامی سستو وشکی خەڵکی کە له ترس دا فەلەج ببوون، سەر رێگەی قەتارەکەی گرت. کاریگەرێکی پیر و کۆنه پۆش له پەنای ڕەیلەکەوه دەڕۆی، ئەوەنده پیر و گوێ گڕان بوو که ئاژیری مەترسی قەتارکەی نەدەبیست. و نەفرێک به قیژه و دادەوە خۆی له پەنجێرەکه فڕێ دا دەرێ. ئەندازیارەکە تەواوی ئەوانەی دەزانیو دیتبووی. ئەو بە گشت خەم و خەفەت، کەیف و حاڵ، مەترسی و زەحمەتێکی که یەک مرۆڤ دەبێ بزانێ، پەی بردبوو. له نێو ئیشەکەی دا پۆکاو و بێڕەنگ و ڕوو ببو و لەو کاتەدا کە بە ئیمان و غیرەت و فرووتەنی ئیشەکەی بەڕێوه دەبرد، پیر و رەندۆڵ ببو و هه یبەت و مەزنایەتییەکی که ئەم  جۆر خەڵکه لە خۆیان نیشانی دەدەن، ئەویش هەیبوو.

گرینگ نەبوو که چەندەی تراژێدیا و مەترسی له ژِیان دا هەزم کردبوو، وێنەی ماڵه بچووکەکەو ژنەکان که ئازایانە دەستیان بۆ تەکان دەدا وەکوو شتێکی جوان و مەندۆخ له مێشکی ئەندازیارەکەدا نەخشی گرتبوو، شتێک ئەوپه ڕی گۆڕان و وێرانی، شتێک که هەمیشه به یێک جۆر دەمێنێتەوه، و گرینگ نەبوو چ خەم و پێکهاتێکی خراپ یا هەڵەیەک بەرنامەی رۆژەکەی تێک دەدا.

زیاترین بەختەوەرییەک که دەیتوانی هەیبێت دیتنی ئەو ماڵه بچووکە و ئەو دوو ژنه پەی دەدا. ئەو پیاوه ئەوانی له هەزاران تەرح و سەدان ئەقلیم، به درێژایی تیشکی بۆری زستان، به پانایی سارده ڕچاوی کڵۆی زەوی، هەروەها ئەوانی له بەهارێک که به سیحرو جادوو لیباسی سەوزی پۆشیبوو، دیتبوو.

مرۆڤێک چەندەی هەست به منداڵەکانی خۆی هەیه ئەو پیاوەش ئەوندەی موحیببەت و دڵسۆزی بۆ ئەوان و ماڵه بچووکەکەیان هەبوو، عاقیبەت وێنەی ژیانیان ئەونده بەڕاشکاوی له دڵی دا هەڵکەندرابوو که هەستی دەکرد گشت ژیانیان، تەک تەکی سەعات و دقیقەی رۆژەکانیان، دەزانێ. ئەو قەولی به خۆی دا که کاتێک مەودای ئیشەکەی تەواو بێت، بڕوات و ئەوان پەیدا بکات و ڵەگەڵیان قسه بکا و پێیان بلێ کە چەنده ژیانیان ڵەگەڵ ژیانی ئەو تێکەڵاوە.

سه رەنجام ئەو ڕۆژە گەیشت، ؛کابرا له قەتارەکه دابەزی ولاقی لە سەر سەکۆی وێستگەی قەتاری ئەو شارۆچکەیە دانا_هەمان جیگە که ئەو دوو ژنه ژیانیان به سەر دەبرد. ئەندازیار تەمەنی لە سەر ئەو قەتاره بەسر چبوو و مەعاشی خانەنشینی له کۆمپانی وەرگرتبوو و له کارحەسابووەوه. بە ئاسپایی له نێو ئیستگەکەوه چوه نیو کۆڵانەکانی نێو شارەکەوه.  هەموو شتێک به جۆرێک سەیر و غەریب دەینواند که دەتکوت ئەسڵەن ئەو شارەی لەوه پێش نەدیبوو. هەر وەها که دەرۆیشت، هەستی به هالۆزی و سەر لێشێواوییەکی زیاتر کرد. ئایا ئەوە هەمان شارۆچکەیه که ئەو هەزاران جار لێی گوزەراوه؟ ئایا ئەمانه هەمان ماڵەکانن که بارها له پەنجێرەی کابینەکەی دەیدیت؟ تەواوی ئەو شتانه نائاشنا بوون لە پێش چاوی، به نائارامی و نائاشنایی شارێک له خه وندا، و هەر چی زیاتر دەرۆیشت ڕۆحی زیاتر پەرێشان دەبوو.

لەو کاتەدا ماڵەکان وەکوو پاسگاکانی پڕژاو و بەربڵاو بووی نێوی شاری خۆیان دەنواند و شەقامەکان وەکوو رێگەی دێهات دەهاتنە بەرچاو- همان دێهاتێک که ژنەکان لەوێدا ژیانیان به سەر دەبرد. پیاوەکه بەزە‌حمهت و ئاسپایی له ژێر گڕی بەتینی تاو و تۆزی رێگەکەدا  دەڕۆیشت. دوای ماوەیەک له پێش ئەو ماڵەی به دوایدا دەگەڕا ڕاوەستا. دەست بەجێ زانی که ئەوه هەمان ماڵە و درووست هاتووه. له پێش ماڵەکه داره قەد ئەستورەکانی بەڕوو، باخچەکان،  بێستان و مێرگ و له دوورتر شەوقی ڕەیلەکانی به چاو دەدی.

بەڵێ ئەوه هەمان ماڵ بوو، هەمان شوێن که بارها لەوێدا گوزەری کردبوو، هەمان جێگە که بە وەها شەوقێکەوه ئاواته خوازی بوو. بەڵام ئەلان که پەیدای کردبوو، ئەلان کە بەوێ گەیشتبوو، بۆچی کاتێک دستی له سەر دەروازەکه دادەنا دەستی ده لەرزا، بۆچی شارۆچکەکه، رێگەکه، زەویەکه و حەتا دەرگەی ماڵەکه که ئەوی شێت و شەیدا کردبوو وەکوو نیگاری خەونێکی ناحەز نەناسراو بوو؟ بۆچی ئەو پیاوه لەم کاتەدا هەستی به هالۆزی و گومان و ناهومێدی دەکرد؟ عاقیبەت له دەروازەی ماڵەکە چووه ژورێ, به حاستەم به شوێنی خۆیدا ڕۆیشتە سەرێ و سێ پلیکانی مابوو بۆ هەیوانی ماڵەکه ڕاوەستا و تەق تەق له دەرگای دا. دەنگی لاقی بیست که له نێو هاڵه که وه دهات، لە ناکاو ژنێک دەرگای کردەوەو بەرەو ڕوی ڕاوەستا.

بە خێرایی، کابرا به حاڵه تێکی په رۆشو مەینه تبار پەشیمان بوو لەوەی که هاتبووە ئەوێ. وەک ڕۆژ لێی ڕوون بوو که ئەو ژنەی که به دڵ کرمنی  بەرانبەری ڕاوەستابوو و چاوی لێدەکرد هەمان ژن بوو که هەزاران جار دەستی بو ئەو تەکان دا بوو. بەڵام ژنەکه دەموچاو تاڵ و زەرد و بێڕەنگ بوو و پێستی ئەونده گنج ببوو که شۆڕ ببووەوە خۆارێ و به چاوانێکی چکۆلە و به ترس و شکێکی شەویقەوه له پیاوەکه ورد ببووەوە. گشت ئەو هەمووه سەربەخۆیی، خۆشەویستی و موحیببەتەی که پیاوەکە له دۆخی ژنەکه دا دیتبووی، له عانێکدا که گوێ لە زمانی توند و تیژی ئەو ژنە بوو لەبەین چوو.

لەو کاتەدا که دەیویست خۆی بناسێنێ, که پێی بڵێ ئەو کێیە و بۆچی هاتووه، دەنگی خۆی بەلایدا دوور لە باوەڕ و سامناک دەهات. بەڵام دەمی تێکڵ بوو، به لاساری لەگەڵ ترسی پەشیمانی، هالۆزی و ناباوەریک که ڕۆحی داگیر کردبوو شه ڕی دەکرد. تەواوی ئەو خۆشیانەی که لەوه پێش هەستی پێدەکرد له نێو خۆیدا کوشت و سەرشۆڕ بوو لەو هەمووه هومێد و موحیببەتەی که له خۆی پیشانی دابوو.

عاقیبەت ژنەکه به دوودڵی و بێمەیلی کابرای دەعوەت کرده نێو ماڵەکەی و به دەنگێکی بلیند و زیق کچەکەی بانگ کرد.دوایی, بۆ ماوەیەکی کورت و ناخۆش، پیاوه که له هاڵیکی بچووک دانیشت و له حالێکدا که ئەو دوو ژنه وەکوو دوژمن چاویان لێسوور کردبوو، ویستی دم بە قسە بێنێ.

و لە کۆتایی دا به ترس و لەرزەوه ماڵاوایی کرد و لەوێ ڕۆیشت.  بە رێگەکەدا بەرەو شارۆچکەکه چووه خۆارێ و کتوپڕ زانی که پیاوێکی پیرو بەتەمەنه. ئەو دڵەی که لەوه پێش بەهێز و پڕمۆن بوو کاتێک که له دوورەوه چاوی له شوێنی رەیلی قەتارەکه دەکرد، ئەلان پڕ له شک و ترس ببوو وەقتێک که ڕەنگوروی غەریب و هەژەندی زەوی دەدی_ئەو زەویەی که هەمیشه له یەک قەدەمی ئەو بووه و قەت نەیدیتبوو و نیشناسیبوو. و ئەو دەیزانی که تەواوی ئەو رێگەی له ناوچووه، سیمای ئەو شوێنه شەوقداره و گۆشەی ئەو جیهانی خەیاڵی و بچووکەی ئاواته خوازی هومێد، هەرگیز بەدەست نایێتەوه.

وەرگێڕ: هێمن حهیدەری

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>