هەواڵ

شێعرێکی زیاد رەشاد قادر

زیاد رەشید

ده‌مه‌و عه‌سرێك شیله‌ى شیعر له‌ ڕۆحته‌وه‌ ده‌تكێ

“وه‌ره‌ ساقى حه‌تا كه‌نگێ، نه‌شۆیین دل ژ ڤێ ژه‌نگێ”

مه‌لاى جزیرى

 

ده‌مه‌وعه‌سرێك گوێ له‌ بێده‌نگیى باخچه‌ ده‌گریت و

به‌ڕكى دڵت مشت ده‌بێ له‌ نوقڵى شیعر

له‌به‌رخۆته‌وه‌ ده‌ڵێى

واى چ هێواره‌یه‌كى كه‌یفخۆشه‌!

ده‌مه‌وعه‌سرێك له‌ بنه‌بانێوه‌ تا به‌ر ده‌رگا

له‌ قڕێژ گسك ده‌ده‌یت

باڵكۆنه‌كه‌ت له‌ تۆزى كرێتى ده‌ته‌كێنیت و

بست به‌ بستى سه‌ربان

به‌ سپراى خۆشه‌ویستى عه‌ترڕێژ ده‌كه‌یت

ده‌مه‌وعه‌سرێك سه‌فه‌ر ده‌كه‌ى

بۆ كوێره‌ گوندێكى دووره‌ده‌ستى نیشتیمان

له‌ویادا چه‌ند زارۆیه‌كى قژبژى تۆزاوى ده‌بینى

كه‌ په‌ڕه‌ى ڕۆحیان له‌ منداڵیى گه‌ڵا ده‌چێ و

ئه‌و ساكه‌ده‌شته‌ ئاوڕشێن ده‌كه‌ن به‌ گۆرانیى

“دوو ڕه‌شمارى ڕه‌شكۆكه‌ هه‌ریاندا له‌ ئاقارى

دوو كیژى چارده‌ سارى به‌ جۆت حه‌وشیان ده‌مارى”

ده‌مه‌وعه‌سرێك تازه‌ ده‌بیته‌وه‌ تازه‌

ده‌مه‌وعه‌سرێك ده‌گه‌ڕیێته‌وه‌ بۆ وه‌رزى ته‌ڕى منداڵى

ده‌مه‌وعه‌سرێك دلۆڤانتر له‌ شێركۆى دلۆڤان

نابینایه‌كى نوورانى ده‌په‌ڕێنیته‌وه‌

بۆ ئه‌وبه‌رى جاده‌ى دڵنیایى و

پێى ده‌ڵێى بڕوا بفه‌رموو

تۆ له‌ من چێتر توخمى دڵ و گوڵ ده‌ناسیت

ده‌مه‌وعه‌سرێك

ده‌چیته‌ به‌رده‌م ماڵى یار

ده‌چیته‌ لاى قسه‌ خۆشه‌كانى ئه‌هلى دڵ و

پڕ به‌گه‌روو ده‌ڵێى: “خودا ئه‌م ده‌ردى عیشقه‌م لێ نه‌كا كه‌م”

ده‌مه‌وعه‌سرێك

ده‌ڕۆیته‌ نێو هه‌وارگه‌ى شیعرێكى صافى هیرانى و

به‌ شۆخییه‌وه‌ ده‌ڵێى

ئۆۆۆى نها زانیم چ شاعیرێكى دڵته‌ڕه‌ ئه‌و خۆشناوه‌!

ده‌مه‌وعه‌سرێك به‌ زمانى گۆرانى

به‌ له‌هجه‌ى ساقه‌سۆره‌

به‌ نه‌غمه‌ى پروشه‌

به‌ پیره‌ژنانى كۆڵان ده‌ڵێى

هێواره‌تان گوڵ گه‌وره‌كانم…

بۆ به‌ساڵداچوویه‌ك

كه‌ هه‌ورییه‌كه‌ى له‌ ڕه‌نگى سه‌فاى ئه‌و هێواره‌یه‌ى تۆ ده‌چێ

ده‌چه‌مێیته‌وه‌ و پێى ده‌ڵێى خاڵه‌ خاڵه‌ ژیانت شه‌كر…

ئه‌ویش به‌ ده‌نگێك كه‌ له‌ ڕه‌نگى ئاسووده‌یى ده‌چێ

پێت ده‌ڵى هى تۆ شه‌كرتر كه‌سى خاڵى!

ده‌مه‌وعه‌سرێك ده‌فته‌رى ڕه‌نگپه‌ڕیوى

توشبوویه‌كى تالاسیما

ده‌ڕه‌نگێنى به‌ ڕه‌سمى گوڵاڵه‌سووره‌ و

مه‌جلیسى كۆمه‌ڵێ منداڵى ماندووى دووگۆڵى

پڕ ده‌كه‌ى له‌ هه‌قایه‌تى به‌رشه‌ و ڕیاڵ

له‌ ئه‌فسانه‌ى میسى و ڕۆناڵدۆ

ده‌مه‌وعه‌سرێك شیله‌ى شیعر له‌ ڕۆحته‌وه‌ ده‌تكێ

ده‌مه‌وعه‌سرێك بۆ یه‌كه‌م جار ده‌چیته‌ كۆڕى زاهیدان

به‌ سه‌دایه‌كى خه‌مڕه‌وێن ده‌ڵێى

ئۆى خه‌ڵكى ئه‌م ئاواییه‌ چه‌ند جوانن!

خه‌ڵكى ئه‌م ئاواییه‌ تا دڵ حه‌زكا میهره‌بانن!

خه‌ڵكى ئه‌م ئاواییه‌ تا سه‌ر ئێسقان نوورانیین نوورانى!

ده‌مه‌وعه‌سرێك جارێكى دى له‌ دایك ده‌بیته‌وه‌

چیدى به‌ كه‌نارى ناڵێى خۆشگله‌یى

چیدى به‌ تاوس ناڵیى ئه‌ى كێ نازى من هه‌ڵبگرێ

چیدى كوكوختییه‌كه‌ خه‌تخۆشه‌كه‌ تۆمه‌تبار ناكه‌ى به‌ هاروهاج

ده‌مه‌وعه‌سرێك

ئیره‌یى له‌ باخى ئه‌وین بژار ده‌كه‌یت و

له‌ قوڵایى دڵته‌وه‌ ده‌ڵێى

ته‌نانه‌ت ڕكم له‌ چقڵیش نابێته‌وه‌

چون ئه‌و نه‌بووبا

له‌كوێ له‌ هه‌قایه‌تى نیانیى گوڵ ده‌گه‌شتین…

له‌ قوڵایى دڵته‌وه‌ ده‌ڵێى

ناحه‌زى مه‌رگه‌وه‌ڕیش نیم

چون به‌ بێ ئه‌و

ئێمه‌ چۆن له‌ سه‌فه‌رى مه‌م و زین حاڵى ده‌بووین!

له‌كوێ سه‌ربورده‌ى فڕینى ئه‌وانمان ده‌زانى!

 

زیاد ڕه‌شاد قادر

هه‌ولێر

ئادارى ۲۰۱۴

 

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>