هەواڵ

کۆڕی ” هێمن و تازەگه‌ری له شێعری کوردیدا” به‌ڕێوە چوو

ئاسۆ

رۆژی چوارشەممه رێکەوتی ١ی گوڵانی ١٣٩٥ی هەتاوی کاتژمێر ٥ی ئێوارێ،ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان یەکەم دانیشتن لە زنجیرە دانیشتنەکانی بەهاری ٩٥ی لە ژووری تایبەتی ئەنجومەن هەڵکەوتوو لە بینای ئیدارەی ئیرشاد(هۆڵی سیمۆرغ) به بەشداری ئەدیبان و لایەنگرانی وێژە و ئەدەبیاتی کوردی بەڕێوە برد.ئەم دانیشتنه کە تەرخان کرابوو به لێکدانەوەی رەوتی شێعری شاعیری پایەبەرز و جەریانسازی کورد “مامۆستا هێمن” لە لایەن شاعیری هێژا سەعید نەجاری(ئاسۆ)وە لە ژێر ناوی “هێمن و تازەگەری لە شێعری کوردیدا” بەڕێوە چوو.

سەرەتا پێشکەشکاری کۆڕەکه بەڕێز “مەحموود محەمەدیان” دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان کورته باسێکی لە بابەت چالاکییەکانی ساڵی رابردووی ئەنجومەن هێنا ئاراوە کە لەوێدا ئاماژەی به بەڕیوە چوونی پتر لە ٣٠ بەرنامەی گشتی و زانستی و هەروەها بەڕێوە بردنی ٣ کارگەی تایبەتی لە بوارەکانی شێعر و چیرۆک و رەخنەی ئەدەبی،کرد.هەروەها دامەزراندنی ماڵپەڕی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکانی وەکوو خاڵی وەرچەرخانی مێژووی چالاکییەکانی ئەنجومەن دەستنیشان کرد.دواتر کۆڕەکه ئەسپاردەی وتاربێژی دانیشتنەکە کرا.

سەعید نەجاری(ئاسۆ)،به خوێندنەوەی چەند کۆپلە لە شێعری “ناڵەی جودایی” قسەکانی دەست پێ کرد و پاشان کورته مێژوویەکی لە ژیانی هێمن هێنایه بەر باس.ئاسۆ لە درێژەی باسەکەیدا به هێنانەوەی چەند شێعری هێمن کە لە تەمەنه جیاجیاکاندا نووسراون پوخته بوونی ئەو شاعیرەی لە ماوەی ژیانی هونەریدا دەرخست.وتیشی کە هێمن سەرەڕای پابەند بوون به شێعری پێش لە باری زمان و ناوەرۆکەوە تازەگەری کردووە و هەر وەها هەوڵی داوە هەموو قاڵبەکانی شێعری کلاسیک تاقی کاتەوە،ئاسۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێمن وێڕای نەتەوەیی بوونی هاوکات کەسایەتییەکی مڕۆڤدۆست بووە و توانیویەتی ئەو هزرە لە ناوئاخنی شێعرەکانیدا به باشترین و مامۆستایانەترین شێوە بگۆنجێنێ.لە پاژێکی دیکه لە بەرنامەکەدا ئاسۆ جەختی کردەوە کە شاعیرانێک وەک وەفایی و حاجی قادر کۆیی و سەیفولقوزات کاریگەرییان لەسەر هێمن بووە و هەوێنی شێعری ئەو شاعیرانە و بیری تازه و زەینی داهێنەرانەی ئەو لە ئاکامدا رێچکەیەکی دیکەی لە شێعری کوردی کردەوە که دواتر بوو به چرای رێگەی شاعیرانی دوای خۆی.سەعید نەجاری لە پاش وتەکانی وەرگێڕانی شێعری به ناوبانگی “ئێوارەی پاییز”ی هێمنی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە به گوێرەی بەشداربووان وەرگێڕانێکی زۆر بە هێز بوو.

دوایین بەشی بەرنامەکە وەک نەریتی هەمیشەیی دانیشتنەکانی ئەنجومەن تایبەت بوو به تێبینی و سەرنجی ئامادەبووان کە هەر کامەیان به گوێرەی پێویست لە لایەن ئاسۆوە وەڵام درایەوە.

ئەم کۆڕە کاتژمێر ٧ له کەشێکی گەرم و دۆستانەدا کۆتایی پێهات.

بۆ بیستنی وتەکانی رێزدار سەعید نەجاری (ئاسۆ) لەسەر ئێرە کرته بکەن.

انتشار توسط 8 تم

2 بۆچوون

  1. ئه نجومه نی ئه ده بیی بوکان چی لی هات ؟؟؟؟؟؟؟؟
    بو ئیدی دانیشتنی نبوو؟؟؟؟

    • ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان
      ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان

      بەڕێز ئەسرین خانم
      ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان ماوەیەک بە هۆی هەندێک گرفتەوە چالاکییەکانی راگرتبوو بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا چالاکیەکانی دەست پێ دەکاتەوە،سپاس بۆ بەسەر کردنەوەتان

وڵامێک بنووسە بۆ ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان هەڵوەشاندنەوەی وڵام

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>