هەواڵ

دوو شێعری سەلام ئیبڕاهیم زادە (هۆگر)

IMG_20160709_111821

۱٫بەستەڵەک

 

زستان بەڕێوەیە باڤان

کزەبایەکی سارد، کڕێوەیەکی بێپسانەوە

نیشتمانێکی سپی پۆش

بارینە بەفرێکی نەرم….

ئاسمان و ڕەنگێکی تۆخ…

پەنجەرەیەک بچووک…

شووشەیەک نوقمی هەڵم و

 لەمبەری پەنجەرەکەش…

بەفرماڵێ بەدەستەوە

کڕەکڕی بێڵ و هانکەهانکی من و

چرکەچرکی زنجیری ماشێنێکی ڕێبوار…

تۆش بە دوو چایی زۆر داغەوە…

زەردەخەنە لەسەر لێوت

لە دیوی ژووری پەنجەرە…

چاوت لە چاوم بڕیوە

ترپەی دڵت هاوار هاوار

تینی لەشت ئاگر ئاگر

ئامێزی تۆ…

خۆرنشینی دوا پێخەفی

هەموو ماندووییەکانی من

۲٫خۆرێکی ون

ساماڵێکم شین

شینتر لە ڕۆبار و زەریا و

کاڵتر لە سپێنەی چاوی ماسی

منی یاخی!!!

خۆرەتاوم لە شەڕێکی مێژوویی دا،

جێهێشتووە و ساڵەهایە

لە قاقڕی بەستەڵەکێکی بێ بڕانەوەدا

لەشم داگیرگەی بۆرانە

باڵندەی دەم پاییزە بام

تەمەنێکە

گوورگی برسی ددان لە گۆشتم گیر دەکا

ساڵەهایە

هەر پەلێکم لە زەریایەک بەجێماوە

لەشێکی مۆمیا کراوم

زۆر لەمێژە پەیکەرتراش

کەللەی سەری سەربازانی دوایین شەڕی سەدەکانی  مێژووم دادەبێژێ

بە پرچی هۆنراوی درەخت،

ملپێچی سەوزم بۆ دەچنێ

“شەوە” زەریای داگرتووە

ترسی ڕەشی خەون و خولیا

 چەشنی زەروو لە خوێن تینوو

من فرمێسکی قەتیس‌ماوی چاوی کچێ

تازیەبارم بۆ کچێنی

ئەو نامۆیە

 نگریس ترین دۆستی خەمە و

نزیکترین هاوئامێزی مۆتەیەکی جگەرکڵۆڵ

ئەو بێ کۆتایی‌ترین ڕەشەبای پاییزە و

 پێنجەمین وەرزی درێژی ساڵ

ئەو کارەساتێکە لە ئاگر

، هەور و تریشقەیە و

 کوێستانێکی پڕ‌‌‌چەڵەمووت…

ڕۆژمێری دوایین وادەکانی خۆشەویستیە

  و منیش…

شاگەشکەی فڕینی خۆم و

لێوانلێوی خولیایەکی تا بڵەی دوور

وەک لێوێکی تازە گەستوو

نوقمی چێژ و

وەک قەرەچی بە بێ وڵات

 ڕەش‌هەڵگەڕاو،کوڵمە هەر سوور

من

لە هەزاران کۆچی نابەدڵ گەڕاوموە

شەکەتی سەفەرێکی دوور

من کۆڵەدارێکی ویشکم

 تونیەتیم نە بە ئاو دەشکێ

نە بە تامی سوورە لێوی

خواژنێکی ئەولای سنوور

زامی قووڵی خەنجەرێکم

بۆنی سمێڵم لێوەدێ

چەقەدووکەڵی نەورۆزم

 شین دەمبەوە

ڕیشەم لە خاکدا و

پەنجەمۆرم لەسەر دیواری ئەشکەوتی دووری دنیا

داکوتاوە

کۆلارەی دەست مناڵانم

هەر بایەو بۆ لایەک دەمبا

سەردەکەوم

لە چیاکان بڵیندتر و

هەورەکانیش جێدەهێڵم

کۆلکەزێڕینەی بارانم

هەور نیم و دەبارێنم

خۆم دەر دەخەم

له ئاسمانێک تابڵەی شـــــــــــیــن

 سووراوی سەر ڕۆژ ئەڕێژم

تێکەڵاوی خۆرەتاوم و

تا دۆزەخێکی دووبارە

لە مردنیش جێ‌دەمێنم

من نامرم

تا مەرگی مانگ و ئەستێران

تاهەتایە

هەرمان

هــــــــەرمان

سەلام ئیبڕاهیم زادە (هۆگر)

انتشار توسط 8 تم

یەک بۆچوون

  1. بژي و دست خوشيت لي دكه م بو ئه و شيعره جوانانه. هه ميشه به رده وام بن

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>