هەواڵ

له بۆکان پەردە لەسەر رۆمانی “هەرا و تووڕەیی” لادرا

22

رۆژی ٥شەممه رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ٩٥ کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی “هەرا و تووڕەیی” بەرهەمی ناوازەی نووسەری بەناوبانگی ئامریکایی “ویلیام فاکنێر” کە به قەڵەمه جوان و رەنگیەکەی نووسەر و وەرگێڕی بە توانای کورد مامۆستا محەمەد رەمەزانی هاتبووە سەر زمانی کوردی لە هۆڵی سیمورغ هەڵکەوتوو لە بینای ئیدارەی ئیرشادی شای بۆکان به بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە هۆگران و خۆشەویستانی ئەدەب و وێژەی کوردی بەڕێوە چوو.
ئەم کۆڕە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ به پێشکەشکاریی جەلال نەجاری دەستی پێکرد و دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و خوێندنەوەی چەند دێڕێک لە چیرۆکی مزگێنی نووسینی مامۆستا محەمەد رەمەزانی کۆڕەکەی ئەسپاردەی جەنابیان کرد.مامۆستا رەمەزانی دوای دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی بۆ ئامادەبوان باسێکی کورتی لەسەر پڕۆسەی وەرگێڕانی کتێبی “هەرا و تووڕەیی” پێشکەش کرد.رەمەزانی لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە زەرفییەتەکانی زمانی کوردی کرد کە دەکرێ شاکارێکی وەک “هەرا و تووڕەیی” لە خۆیدا بتوێنێتەوە و ئەوە دەیسەلمێنێ زمانی ئێمەش گەر بێتوو لێزانانه مامەڵەی لەگەڵ بکرێ توانستی ئافراندنی دەقی پێشکەوتوو و جیهانی هەیه.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا رومان‌نووسی بۆکانی رێزدار “سەید قادر هیدایەتی” به خوێندنەوەی یادداشتێک” بەرەوەپیری کتێبی ناوبراو چوو و لەوێدا ئاماژە بەوە درابوو کە ئەرکی وەرگێڕ وەبیرهێنانەوەی زمانی سەردەمانی لێک‌تێگەیشتن و زمانی سەردەمانی یەکیەتی و یەک‌بوونه. محەممەد ڕەمەزانی وەرگێڕێکە کە دووپات نابێتەوە و زمانەکەی لە ڕەچەڵەکی هێمن و هەژار و قزڵجییه.ئەو پێیوابوو کە وەرگێڕانی هەرا و تووڕەیی تا ڕادەیەک گرینگە کە دەکرێ وەک کارگەیەکی فێرکاری زمان و کارگەیەکی فێرکاری وەرگێڕان چاوی لێ‌بکرێ.
بەشی سێهەمی ئەم کۆڕە تایبەت بوو به پانێلی زانستی لەسەر کتێبی هەرا و تووڕەیی به بەشداری بەڕێزان:ساڵح سووزەنی(شاعیر و رەخنەگری ئەدەبی)،عەتا نەهایی(رۆمان‌نووس) و دوکتور بەختیار سەجادی(مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری ئەدەبی).سەرەتا عەتا نەهایی باسی لە گرینگی ئەم وەرگێڕانه کرد کە چەندە دەتوانێ ئاسۆکانی زمانی کوردی بەربڵاوتر بکا و رەهەندی نوێ لە دووتوێی وێژەی کوردیدا بێنێته ئاراوە و دواتر هەوڵ و تێکۆشانەکانی کاک محمەد رەمەزانی لە پێناو ئەم کارەدا بەرز نرخاند.وتاربێژی دووهەم کاک ساڵح سووزەنی وەرگێڕانی ئەم کتێبەی به هۆی نوێ بوونی فۆرم به رووداوێکی گەورە وەسف کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم کتێبە یەکێکه لە سەرچاوە مەعنەوەییەکانی بەڕێزیان بۆ خولقاندنی “شێعرەسات” و “به عینجه و فینجەوە چ شار”.دوایین وتاربێژی پانێلەکە دوکتور سەجادی لە گۆشەنیگایەکی ئاکادمیکەوە تێڕوانینی خۆی ئاراستەی ئەم کتێبه و ئەم وەرگێڕانه کرد و بەڕێزیشیان به کارێکی ناوازه و بە پێزیان وەسف کرد. سەجادی لە درێژەی باسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەدەبی مۆدێرنیستی ئەساسەن کەڵکەڵەیەکی فۆرمیکه و ئەم ئامانجه به تەواوی لە کتێبی هەرا و تووڕەییدا پێکراوە و هەر ئەو خاڵەشە کە وەرگێڕان و تەنانەت شرۆڤه و تەفسیری ئەم دەقەی ئاستەم کردووە و هەر بۆیه وەرگێڕانی ئەو کتێبه لە لایەن مامۆستا رەمەزانییەوە نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی زمانی کوردییه لە هەمبەر هزر و ئەندێشەی مۆدێرن.
لە درێژەی بەرنامەکەدا رێزدار “رەزا شەجیعی” بەرپرسی چاپەمەنی گوتار لە بابەت چۆنیەتی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێبی هەرا و تووڕەیی چەن وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.شەجیعی لە درێژەی وتەکانیدا مزگێنی چاپی چەند بەرهەمی تری لە ناوەندی گوتار راگەیاند.
بەشێکی دیکەی کۆڕەکه بریتی بوو لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی “هەرا و تووڕەیی” به بەشداری مامۆستایان:فەتاح ئەمیری،حەمەدەمین شامحەمەدی،ناسر وەحیدی و حوسێن شێربەگی.
فرۆشی کتێبەکه و واژۆی لە لایەن مامۆستا محەمەد رەمەزانی لەسەر کتێبەکان دوایین بەشی کۆبوونەوە ئەدەەبییەکه بوو کە لە کەشێکی گەرم و دۆستانەدا بەرێ کرا.ئەم کۆڕە کاتژمێر ٦:٣٠ کۆتایی پێ هات.

جێی ئاماژەیه لەو کۆڕەدا پەیامی پیرۆزبایی کەسایەتیگەلی ئەدەبی و رۆشنبیری و هەروەها ناوەندە ئەدەبییەکانی کوردستان به بۆنەی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی هەرا و تووڕەیی خوێندرایەوە کە بریتی بوون لە پەیامی د.هاشم ئەحمەدزادە(نووسەر و مامۆستای زانکۆ،دانیشتووی سوید)،یوونس رەزایی(شاعیر), عەزیز مەحموودپوور(نووسەر) و هەروەها ناوەندەبی فەرهەنگی ئەدەبیی ڤەژینی مەریوان،ناوەندی فەرهەرنگی و فێرکاریی ئەدەب(بۆکان)،بنکەی فەرهەنگی هونەری ئەدەبیی موکریانی مەهاباد(ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد)

وێنەگران : ماردین فەرەجی – موحسین مەعرووفی

انتشار توسط 8 تم

یەک بۆچوون

  1. سلاو دۆستان…
    بۆکانیانی خۆشە ویست .. وە رگێڕانی کتێبی – هه راو توڕە یی – فۆکنیر و وە رگێڕو نووسە ری گە ورە و لێهاتووی کورد مامۆستا محە مە دی ڕە مە زانی ڕووداوێکی گە ورە ی ئە دە بیە بۆ کورد . ساڵی ڕابردوو ش – کۆمیدیا – دانتی لە سە ردە ستی نووسە رو وە رگێڕی ناوداری کورد مامۆستا عە زیز گە ردی چاپ و بڵاوکرایە وە ..ئە م دوو شاکارە جیهانیە کتێبخانە ی کوردیان ئاوە دانکردە وە ، پیرۆزبایی لە گە نجان و خوێندە وارانی کورد دە کە م و هیوای تە مە نی درێژو دە روونی ئاسودە و کاری مە زن بۆ ئە م دوو لێهاتووە ی کورد دە خوازم .. هه رشادبن .
    براتان مە ولود ئیبراهیم حە سە ن
    ٧/١٠/٢٠١٦ – هه ولێر

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>