هەواڵ

کۆڕی پەردەلادان لەسەر دوو کتێبی کوردی له بۆکان بەڕێوە چوو

poster

رۆژی پێنجشەممه رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٥ی هەتاوی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر دوو بەرهەمی تازەی به نێوەکانی “جومعەکان” لە نووسینی شاعیری بۆکانی سەعید نەجاڕی ناسراو به ئاسۆ و کۆمەڵە چیرۆکی ” مەرگەژین” لە نووسینی نووسەری بۆکانی بریا کاکەسووی لە هۆڵی سیمۆرغ هەڵکەوتوو لە بینای ئیدارەی ئیرشاد بەڕێوە برد.

سەرەتا پێشکەشکاری کۆڕەکه جەلال نەجاری پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان و کورتەباسێک لەسەر چالاکییەکانی ئەنجومەن و ئامانجی بەرێوەبردنی ئەم کۆڕانه و و هەر وەها ناساندنی بەرهەمی نووسەران، کۆڕەکەی ئەسپاردەی سەعید نەجاڕی کرد.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ئەمین گەردیگلانی شاعیری بۆکانی لە دووتوێی وتارێکدا بەرەوپیری ئەزموونی شێعری ئاسۆ چوو.گەردیگلانی  لە وتارەکەیدا ئاماژەی به قالبه کلاسیکەکان کرد و ناسین و ناساندنی ئەو بوارەی به گرینگ وەسف کرد.

لە درێژەی کۆڕەکەدا پەنێلێکی زانستی به بەشداری حوسێن شێربەگی نووسەری بۆکانی و هەروەها یوونس رەزایی شاعیری نوێخوازی بۆکانی،لەسەر کتێبی “جومعەکان” بەڕێوە چوو.سەرەتا حوسێن شێربەگی ژیانی هونەری ئاسۆی دایه بەرباس و شێلگیری و لێبڕاوی ئەوی بەرز نرخاند.شێربەگی لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەمووان کرد به پشتگیری لە نووسەران یاریدەدەری بەرز بوونەوەی ئاستی فەرهەنگی وڵاتەکەمان بن.وتاربێژی دووهەم یوونس رەزایی سەرەتا مێژوویەکی کورتی لە شاعیرانی قوتابخانای موکریانی هێنایه ئاراوە و لەسەر هەندێک لە شاعیرانی ئەو بەرەیە وەکوو حەقیقی و نووری و هێدی دوا کە لە کارەکانی ئاسۆدا رەنگدانەوەیان بووە.رەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە شێعری ئاسۆ وێڕای ئافراندنی فەزا و وێنه و زمانی تایبەت،میراتگری بەرەی پێش خۆیەتی و دەکرێ بڵێین درێژەی ئەو رەوتەیه.لە کۆتاییدا یوونس رەزایی رێژەیی بوونێک کە لە بیری ئاسۆدا هەیه و لە پێشەکی دوایین بەرهەمەکەیدا ئاماژەی پێکردووە،به گرینگ وەسف کرد.

لە بەشی دووهەمی کۆڕەکەدا سەرەتا بریا کاکەسووری وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان دەسخۆشی لە سەرجەم پێکهێنەرانی ئەم کۆڕەکه کرد و هیوای خواست ئەم هەوڵانه هەروا شێلگیرانه درێژه بدرێ.کاکەسووری لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا تیشکی خسته سەر هەڵسوکەوتی لایەنه پەیوەندیدارەکان و سرک و سڕ بوونی ئەوانی لە حاند رووداوە فەرهەنگییەکان دایه بەر رەخنه و وتیشی ئەم کەشە بە تایبەتی لە شاری بۆکان کە شاری نووسەران و شاعیرانی رەوتسازه،چڕ بۆتەوە و بەختەوەرانه لە شارەکانی دەوروبەر دۆخەکە بۆ چالاکی فەرهەنگی کراوەترە.کاکەسووری هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئێستای شاری بۆکان ئەگەرچی زۆربەیان خەڵکی ئەو شارەن بەڵام زۆر کەم ئاوڕ لە ویست و داخوازییەکانی نووسەران و هونەرمەندان دەدەنەوە و ئەوە جێی گلەییه.

له درێژەی بەرنامەکەدا، محەمەد یەزدانپەنا بەخشداری بەشی مەرکەزی بۆکان پەیامی پیرۆزبایی فەرمانداری بۆکانی به بۆنەی چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو دوو کتێبه راگەیاند و هەروەها ئاماژەی به ئەزموونی ئەدەبی ئاسۆ و بریا کاکەسووری کرد.

پەنێلی زانستی بۆ لێکدانەوەی کتێبی “مەرگەژین” به بەشداری حەمەدەمین شامحەمەدی چیرۆکنووس،رەحیم عەبدەلڕەحیم‌زادە نووسەر و دەرهێنەری شانۆ و دوکتور مێهدی رەزایی کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ بەڕێوە چوو.شامحەمەدی رۆڵی ژن و ئاوردانەوە لە پرسی ژنانی لەو کۆمەڵە چیرۆکەدا دایه بەر باس لێکۆڵینەوە.عەبدولڕەحیم‌زادە دوای ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بریا کاکەسووری جەختی لە هەوڵەکانی کاکەسووری بۆ مەبەستی پەیوەندی کۆمەڵگا به کاری نوێخوازانەوە کرد و وتیشی کەسایەتی و تێمی چیرۆکەکانی ئەو چیرۆکنووسه بۆکانییه زۆر لە کۆمەڵگاوە دوور نین و هەر بۆیه کەشێکی سەمیمی بەسەر فەزای گشتی چیرۆکەکاندا زاڵه.دوایین وتاربێژی کۆڕەکه د.رەزایی تیشکی خسته سەر چۆنیەتی بەڕیوە چوونی رێوڕەسمی پەردەلادان لە کتێب و وتی لە پەنا وەها کۆڕگەلێک دەبێ کۆڕی رەخنە و شیکاریش بۆ ئەو کتێبانه بەڕێوە بچن دەنا ئاکامەکەی تەنیا لێشوای چاپی کتێبه بێ ئەوەی کاریگەری دەسکەوتێکی ئەوتۆ دەستەبەر بکەن.

لە درێژەدا ئازاد حەسەنی بەرپرسی چاپ و بڵاوکردنەوەی هونەر و ئەندیشە پەیامی ئەو ناوەندەی به بۆنەی بڵاو بوونەوەی نوێترین بەرهەمەکانی ئاسۆ و کاکەسووری پێشکەش کرد

لە کۆتایی بەرنامەکەدا بەرێزان فەتاح ئەمیری و مستەفا ئیلخانیزادە و بریا کاکەسووری پەردەیان لەسەر کتێبی “جومعەکان” و “مەرگەژین” لادا.

وێنەگر: موحسین مەعرووفی

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>