هەواڵ

سوارە لە نێوان “شار و شار” دا / ئەرسەلان چەڵەبی

ئەرسەلان چەڵەبی

ئەرسەلان چەڵەبی


سوارە لە نێوان “شار و شار” دا

وچانێکی کورت لە سەر شیعری “شار”ی سوارە ئیلخانیزادە

ئەرسەلان چەڵەبی

خوێندنەوە و شیکاری دەقێکی شیعری رەنگە یەک لە چەتوونترین و ئەستەمترین (بوارەکانی کاری ئەدەبی) ناوئەدەبیات بێ. لەبەر ئەوەی زمان لە شیعر دا یەگجار جیاوازتر و فرە‌رەهەندترە لە زمان لە بەشەکانی تری ئەدەبیات، هەر وشە و دەستەواژەیەک دەتوانێ هەڵگری چەندین مانا بێ. جا ئەگەر ئەو شیعرەش شیعرێکی بەهێز بێ و هەروەها خاوەنەکەشی شاعیرێکی بەهێز بێ ئیتر کارەکە هێندەی تر ئەستەمتر دەبێ.

“سوارە ئیلخانیزادە” یەک لەو شاعیرە ناوازانەی مێژووی شیعری نوێی کوردییە کە هەر خۆشی پێشەنگی راستەقینەی شیعری نوێ بوو، شیعری نوێ بە واتای نوێبوونەوەی هەموو تەوەرەکانی شیعری. چ وەک پێکهاتەی زمانی، چ وەک ئەندێشە و چ وەک دەربڕین و هتد. لەو سۆنگەیەوە لەو بابەتە دا هەوڵ دەدەم لەنگەر لە سەر شیعری “شار”ی کاک سوارە بگرم و چەند خاڵێک لە سەر ئەو شیعرە باس بکەم،

لە ناو مێژووی ئەدەبی فەڕانسە نووسراوە کە: “لاماڕتین شاعیر نییە، بەڵکوو خودی شیعرە”، دەڵێن کە کەس وەکی ئەو نەیتوانیوە یاسا و رێسای شیعری پێش خۆی وەلا بنێ و تەنیا و تەنیا رۆحی خۆی بۆ نووسینی شیعر بونیات ناوە، هەر بۆیە “سێنت بوو” نووسەری ناوداری فەڕانسەوی لە بابەت لاماڕتینەوە دەڵێ: لاماڕتین پیاوێکی جاهیلە کە جگە لە رۆحی خۆی هیچ شتیکی دی ناناسێ.

ئەو پێناسەیەی کە لێرەدا بۆ لاماڕتین کراوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ زەینی من تووڕ دەداتە ناو شیعری شاری سوارە.. لەبەر ئەوەی سوارە لە شیعری شار دا خۆیەتی و رۆحی بزۆز و ماندووی خۆی لەو شیعرەدا زەق کردووەتەوە. دەڵێێ سوارە خەریکە هەواڵێکی گرینگ بە هاوسەردەمانی خۆی دەدا و هۆشداری بە مرۆڤی ئەو سەردەم دەدا. جا لە بەر ئەوەیە لێرەدا سوارە شاعیر نییە بەڵکوو خودی شیعرە، تەنیا رۆحی خۆی لەبەرچاوە و لە دووتوێێ شیعر دا خەریکە دۆخی نالەباری ئەو کات لەقاو دەدا. جگە لە رۆحێکی راستگۆ رەنگە شیعریش ئەو تواناییەی نەبێ.

 شیعری شار یەک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی سوارەیە کە کۆمەڵێک باس و خواسی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە، هەم بە لانی باش و هەم بە لانی خراپ، باش و خراپ بە واتای شیکارییەکی دروست و نادروست. یەک لەو شیکارییە نادروستانەی کە لە سەر شیعری شار کراوە، دوورەپەرێزی سوارەیە لە شار بەو مانایەی کە سوارە دژی واتای شارە و شاعیرێک بووە بە ئەندێشەیەکی کۆن و دوور لە گەشەی فکری نوێخوازی و هەروەها گوند‌نشینی و گەڕانەوە بۆ دواوە، ئەوە زۆرتر لە جۆکێک دەچێ یانەکوو لە کاڵ‌فامییەکی تەواو ناشیانە سەرچاوە دەگرێ.

شیعری شار راسانێکە بە دژی بەرهەمە نەرێنییەکانی شار، هەم بە گژداچوونەوەی جیهانی سەرمایەدارییە کە وەکوو ئەژدیهایەک کەوتۆتە ناو مرۆڤ و خەریکە پێگە و جێگە بە جوانی و چێژ لێژ دەکا و هەروەها هەموو بایەخەکانی مرۆڤایەتی تەفر و توونا دەکا، هەمیش راسانێکە بە دژی ئەو فەتایەی کە هەتاکوو ئێستاش بەردەوام لە گەشە دایە و بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیان و ژینگە و هەموو واتاکانی پێکەوە ژیان. شیعری شار بەرگرییە لە واتای ژیانی راستەقینەی شار.

“وەرەز بوو گیانی من لە شار و هاڕە هاڕی ئەو

لە رۆژی چڵکن و نەخۆش و تاو و یاوی شەو”

بە دڵنیاییەوە سوارە زۆر باش لە هاڕەهاڕی چەرخی بێ‌بەزەیی چینی سەرمایە و تێکنۆلۆژی پڕ لە وێرانی ئەو سەردەم گەیشتووە. لێرە دا هاڕەهار دەتوانێ چەندین مژاری تر لە خۆ بگرێ لەو سەردەمە هەستیارەی ئەو کاتی ئێران، بۆ وێنە رەش‌بگیرییەکانی چالاکانی سیاسی و چەپ لە لایەن رژیمی دیکتاتۆری شاهەنشاهی کە خودی سوارە یەک لەو کەسانە بوو کە بۆ ماوەیەک دەگیرێ و دەستبەسەر دەبێ، ئەو سەردەمە قەیراناوی و نالەبارەی کە کوشتن و بڕینی دەیان نووسەر و چالاکی سیاسی چەپی لێ‌کەوتەوە. چیها رۆژی چڵکن و نەخۆشی بۆ خۆی و هاوبیران و هاوسەنگەرانی لێ لە دایک بوو.

“چلۆن بژیم لە شارەکەت

کە پڕ بە دڵ دژی گزەم؟”

ئەدەبیات و بە تایبەت شیعر یەکێک لە گرینگترین و هەروەها کاریگەرترین رێگەی بەرهەڵست بوونەوە و هەڵوێست و خەباتە بە دژی ناعەداڵەتی و کێشە چینایەتی و نەتەوەییەکانە. بە تایبەت بۆ ئەو نووسەرانەی کە لە وڵاتگەلێکی دیکتاتۆری و توتالیتەر دەژین. گرینگترین شت بەر لە هەر نووسین و نووسراوەیەک گرینگی دان بە بەردەنگ و بەکگڕاندی تێگەیشتنی کۆمەڵگاکانە.زۆرینەی کات وەها دەق‌گەلێک یان شیعرێکی وەکوو “شار” روو لە خەڵک و چینی زوڵم لێکراو و پەڕاوێز کەوتووی وڵاتێکە و تا رادەیەکی زۆر گشتگیرە و خۆی لە ناو بەردەنگ یان مژاریکی تایبەت بەرتەسک نەکردووەتەوە. لە پەنا ئەوەشدا دەبێ شاعیر لە کۆمەڵیک دەستەواژە و وشەی زەق خۆ ببویرێ و بە پارێزەوە بدوێ.

سوارەیەک کە پڕ بە دڵ دژی گزە و فرت و فێڵی شارە، سوارە روو لە کێ دەکا؟ لە گەڵ کێ دەدوێ؟ دەیهەوێ چ بڵێ و چ پەیامێک ئاراستەی شار بکا؟ ئەو شارەی بۆتە رەمزی ئاسن و دووکەڵ و هەر رۆژەی ئاوسە بە کارەساتێکی دژەگەلی! سوارە باس لە کەلەبچە و هەموو ئەو پەیکەرانە دەکا کە بە چەشنی داوەڵ لە شاردا جمەیان دێ بۆ ئەوەی مرۆڤ زەندەقی بچێ و لە لاکی تەنیایی خۆیدا تا دێ تەنیاتر و گۆشەگیرتر بێتەوە.

“لە شارەکەت کە مەندی دووکەڵە

کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند

وە تیشکی بێ‌گوناهی خۆرەتاو ئەخاتە بەند

لە هەر شەقام و کووچەیەک شەپۆڕ و شینە…!”

بۆ کەس شاراوە نییە کە کاک سوارە وەکوو ئەندێشە کەسێکی چەپ بووە. هەر لەو بەشەی شیعری شاردا بە جوانی ئەوە خۆ دەنوێنێ. بە دژی سیستمێکی بۆرژوا دەوەستێتەوە و باس لە دووکەڵی کارخانەی چینی سەرمایەدار دەکا کە شین و شەپۆڕ و هەژاری بۆ هەموو کۆڵان و کەلەبەری شار گوێستۆتەوە و چینی فەقیر و هەژاری پێ دەچەوسێنێتەوە.

ئەگەر بەرهەمەکانی “ماکسیم گۆرگی” نووسەری ناوداری رووس و هەورەها لە بونیاتنەرانی ئەدەبیاتی (رئیالیسمی سوسیالیستی)، بخوێنینەوە دەردەکەوێ کە رەخنە و روانینی ئەو لە کۆمەڵگاگەلی سەرمایەداری بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و دەقیقە لە کۆمەڵگا و چینی سەرەکی ئەو کۆمەڵگایەیە. ئەو لە بەرهەمەکانیدا نیشانمان دەدا کە چۆناوچۆن دۆخی ناسروشتی ژیان مرۆڤە زەحمەتکێشەکان وەڕەز و دڕ و وەحشی دەکا، لە کاتێکدا چینی بۆرژوای تازە بەسەرداکەوتوو لە ناخەوە و هەتا سەر ئێسقان جینایەتکار و بێ‌بەزەیی و بەتەماحتر دەبن بۆ گەیشتن بە ئامانجی چەپەڵی خۆیان کە هەمان خێر و بێری زۆرترە و  ئامادەن لەو پێناوەدا قیزەوەنترین کردەوەی سەر گۆی زەوی ئەنجام بدەن.

دیارە من لێرەدا نامهەوێ ماکیسم گورکی و سوارە بێنمە سەر یەک هێڵی فکری و ڕووانین، ئەگەرچی زۆریشیان مەودا نییە، مەبەستی من لە هێنانەوەی رووانینی گورکی لەنگەر گرتن لە سەر ئەندێشە و مانای سەرەکی شیعرەکەی کاک سوارەیە کە بە وێنا کردنی دۆخی شار بە جۆرێک لە جۆرەکان رێک باسی ئەو دۆخە دەکا کە ماکسیم گورکی باسی دەکا، واتە ئەو دۆخە ناسروشتییەی ژیان لە شار کە تەنانەت خەریکە چینی هەژار و زەحمەتکێشیش وەڕەز و وەحشی دەکا و بە تەواوی لە نۆڕمی باوی ژیان و جوانی و گەیشتن بە دۆخێکی سروشتی دوور دەکاتەوە.

کاک سوارە لە شیعری شاردا هەموو ئەو کون و کەلەبەرە پڕ لە کارەساتەی دیوە و ئاشکرای کردووە. سوارە شاعیری سەردەمی خۆی بووە. لەمەڕ هەموو کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگای خۆی بێ‌هەڵوێست نەبووە و هەموو کات خۆی لێ بە خاوەن کردووە و شیعری لە ناو کۆمەڵێک مژاری پاستۆڕاڵ و بێ‌کەڵکی ئەو سەردەمە کە زۆریش باو بووە، بەرتەسک نەکردووەتەوە. هەر نەک لە شیعری شاردا، بەڵکوو لە شیعرە ناوازەکەی “خەوە بەردینە”ش دا بە هەمان شێوە ئەندێشە و ڕوانینی خۆی و هەروەها مژارە گرینگەکانی ئەو سەردەمە باس دەکا. شیعرەکانی “خێڵی درۆ” و “دووی رێبەندان” و هتد.

“ئێریک نیۆتۆن” لەو باوەڕە دابوو کە هونەر شتیک نییە جگە لە دەربڕینی ئەزموونی مرۆڤ، هەروەها ماکسیم گورکییش لە وتاریکی خۆیدا دەنووسێ: “خەیاڵ لە واقعییەتەوە سەرچاوە دەگرێ و لەوێدا نە تەنیا وەهم بەڵکوو هۆکاری راستەقینە نەقشی سەرەکییان هەیە”، واتە هونەر و ئەدەبیات لە ئەزموون و هۆکارگەلی راستەقانی لە بەستێنی دەرەوە سەرچاوە دەگرێ و نووسەر شتیک کە دەینووسێ لە ژێر کارتێکەری بەستێنی دەرەوە و ئەوەی کە لە دەرەوە روو دەدا دەینووسێ، ئەوە هەمان دەروەست بوونی نووسەرە لە مەڕ ئەو رووداوانەی کە لە کۆمەڵگا و دەورووبەری نووسەر دا روو دەدا. سوارە وەکوو شاعیرێکی دەروەست هیچ کات خۆی لە رووداو و کێشەکانی کۆمەڵگەی خۆی بێ‌سێحەب نەکردووە. ئەو هەموو ئەو ئەزموونە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانەی کە بەرەوڕووی بۆتەوە قۆزتوویەتەوە بۆ ناو دەقەکەی. شیعری شار رێک خاوەنی ئەو کۆدانەیە و وکوو شیعرێکی دەروەست و سەرکەش دەشچێتە خانەی ئەدەبی بەرگریشەوە.

لە کۆتاییدا من پێم وایە هەتاکوو ئێستاش جیهان و دونیابینی سوارە لە ناو شیعرەکانیدا بە تەواوەتی شی نەکراوەتەوە. رێگەی ئەوە هەیە لە دەیان رەهەندی ترەوە خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کاک سوارە بکەین.

سەرچاوەکان:

۱٫گورکی و ریئالیسم سوسیالیستی، برگرفتە از وبسایت کار شمارە ۱۰، اردیبهشت ۸۵

۲٫نغمەهای شاعرانە، مجموعەای از بهترین اشعار لاماڕتین، ترجمە شجاع‌الدین شفاء

۳٫گورگی، ماکسیم، ۱۳۴۵خ، ادبیات از نظر گورکی، انتشارات صایب،

۴٫زەمزەمەی زوڵاڵ، سەرجەمی بەرهەمەکانی سوارە ئیلخانیزادە، کۆکردنەوەی خالق یەعقووبی، دەزگای ئاراس،۲۰۰۷

 

انتشار توسط 8 تم

بۆچوون بنووسە

ئیمەیلەکەتان نیشان نادرێت.خانە داواکراوەکان نیشانە کراون. *

*

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <s> <strike> <strong>